هۆگر برایم دەڵێت: “ناکرێ موراد قەرەیڵان هەڕەشە لە تورکیا بکات کە “ئەگەر پیاون بابێنە عەفرین“. دەی ئەوە هاتنە عەفرین و سەرێکانیش. موراد قەرەیڵان توانی چی بکات؟ یان هەر لە بنەمادا ئەمە کەی کاری قەرەیڵانە کە بەناوی کوردستانی سوریا گەفان لە تورکیا بکات و لێدوانی هەڕەشە ئامێز بدات؟ با قەرەیڵان بڵێ ئەگەر لە بۆتان نەکشێنەوە تورکیا وێران دەکەم. یانیش بۆ دەبێ لە کوردستانی سوریا خۆپیشاندانی جەماوەریی بە وێنەی گەورەگەورەی ئۆجالان ئاڵوواڵابکرێن؟ خۆپیشاندان لە قامیشلۆ بۆ ئازادیی ئۆجالان، بۆ ساڵڕۆژی دامەزراندنی پ ک ک یان ١٥ ی تەباخ، چ شتک لە دۆخی ئۆجالان یان قەزیەی کورد لە تورکیا دەگۆڕێت؟ یان بۆ دەبێ بۆ شەڕی زاپ و حەفتانین لە لایەن گروپە کلتورییەکانی کوردانی سوریاوە سرودی حەماسیی بگوترێن؟ مەگەر ئەو هەموو هونەرمەندانەی کوردستانی تورکیا لە ئەوروپا هەن، چی دەکەن؟ ناکرێ ئەوەی کە کوردانی تورکیا پێویستە بیکەن، کە نایکەن یان بۆیان ناکرێت، بخرێتە ئەستۆی کوردانی سوریا.”
قەندیل پرێس: سڵاو و ڕێز کاک هۆگر، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، ماوەیەکە دەوڵەتی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر خۆبەرێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوا) چڕ کردووەتەوە، هۆکاری چڕ بوونەوەی هێرشەکان لەم کاتەدا چی دەزانن؟
هۆگر برایم: زۆر سوپاس بۆ ئێوە و خوێنەرانی قەندیل پرێسیش.
لە دوای داگیرکردنی عەفرینەوە، دەتوانین بڵێین، تورکیا رێگەی بۆ تەخت بوو کە هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامیی پێبدات. تا هێرشی سەر عەفرین، تورکیا ترس و گومانی هەبوو لە هێرشکردنە سەر کوردستانی سوریا. ترس و گومانەکانی تورکیا، بە ڕای من، لەوە بوو کە بکەوێتە تەڵەیەکی عەسکەریی گەورەوە، چونکە نە ئەمریکییەکان و نە روسیاش وەڵامێکی رونی بە بەڵێ یان بە نەخێریان بەتورکیا نەدەدایەوە. کاتێک تورکیا لە هێرشی سەر عەفرین سەرکەوتوو بوو، سەیریکرد هیچ بەربەستێکی نێودەوڵەتیی لە ئارادا نییە. ئەوە بوو ئۆپەراسیۆنەکانی سەر سەرێکانیشی تەواو کرد. لە ئۆپەراسیۆنی سەر عەفرین، ئەگەری رزگارکردنی ناوچەکانی ئیدلیب و گەیشتنی قەسەدەی بۆسەر دەریا بەتەواوی لەباربرد و بە ئۆپەراسیۆنی سەرێکانیی و کۆنتڕۆڵکردنی رێگەی ئێم چواریش، کۆبانێی لە ناوچەکانی تر دابڕی. ئەو پەیوەندییەی ئێستای نێوان کۆبانێ و قامیشلو و حەسەکە بەتەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیادایە. بۆیە دەتوانم بڵێم کە لە روی ستراتیژیی عەسکەرییەوە تورکیا قەسەدەی لەسەر سنورەکانی خۆی بێ کاریگەرکردووە.
هێرشەکانی دواتری تورکیا بۆسەر ئیدارەی خۆسەریی، بەتایبەت لەم دوو ساڵانەی دواییدا، لە ئامانجی سەربازیی زیاتر، هێرشبوو بۆسەر ژێرخانی ئابوریی و دروستکردنی نائومێدیی و ترس لەناو خەڵکی ناوچەکە بۆ ئەوەی ناوچەکانیان چۆڵکەن. وەکو گوتم، تورکیا لەڕوی عەسکەرییەوە گەیشتۆتە ئامانجەکانی. بۆیە دەتوانم بڵێم کە ئامانجی ئێستای تورکیا لە کوردستانی سوریا، ئاستەنگکردنی ئیدارەی خۆسەرییە کە لە روی ئابوریی، ئیداریی، سیاسیی و ئەمنییەوە لەسەر پێی خۆ بوەستێت.
هەڵبەتا نابێ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو جیهانیش نادیدە بگریین، بەتایبەت شەڕی ئەم دواییەی حەماس-ئیسڕائیل. لەو هێرشە بێ ئامانەی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە بە دەیان هەزار کەسی سڤیل بۆنەتە قوربانیی و شارەکە بەتەواویی خاپورکراوە بەڵام ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی نییە کە سنورێک بۆ ئەو وەحشییەتە دابنێت، ئەمەش جەسارەت دەدات بە وڵاتانی تریش کە هەمان کار کە ئیسڕائیل دەیکات، ئەوانیش لەبەرامبەر هێزی بچوکی دەوروبەریان بیکەن. ئەمە بۆ تورکیا وەکو ئەوەیە نۆ مێشی لە دارێکدا دۆزیبێتەوە تا هێرشەکانی بۆسەر کوردستانی سوریا چڕتربکاتەوە. دیارە ئەو ئاوە پێشتر لەلایەن بەریتانیا و ئەمریکاوە رژا کە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای هەرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر، ئەفغانستانیان داگیرکرد و دواتریش عێڕاق. بۆیە لە ٢٠٠٨ روسیاش ناوچەکانی ئابقازیای لە رۆژهەڵەتی جۆرجیا داگیرکرد و لە ٢٠١٤ش دورگەی کریم.
قەندیل پرێس: بەو جۆرە کە دیارە، تورکیا، فەرماندەکان و ژێرخانەکانی خۆبەرێوەبەری ئامانج دەگرێت، شرۆڤەی بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟
هۆگر برایم: هەروەکو لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، لە رووی ستراتیژیی عەسکەرییەوە، تورکیا تا ئاستێکی باش گەیشتۆتە ئامانجەکانی. بۆیە هێرشەکانی ئەم دواییانەی زیاتر بۆ ئەوەیە کە کوردانی سوریا لە بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە ناسەرکەوتووبن. لەپاڵ ئەمانەشدا، هۆکارگەلی تریشی لە پشتەوەن و زۆر رەهەندی ناوخۆیی و دەرەکیشی هەیە بۆ تورکیا.
رەهەندە ناوخۆییەکانی، لەلایەک بەکارهێنانی ئەو هێرشانەیە بۆ سەرمایەگوزاریی سیاسیی ناوخۆ لەلایەن ئاکەپە و ئەردۆغانەوە تا شەپۆلی فاشیزم لە تورکیا هەرگیز ئارام نەبێتەوە، چونکە ئەو ڕێژێمە لە ناوخۆدا لە رووی ئابوریی و خزمەتگوزارییەوە تەواو شکستی هێناوە. بۆیە لەوە زیاتری بەدەستەوە نیە تا جەماوەری خۆی پێ بجوڵێنێت. مەخابن ئێمە لە تورکیا، لەگەڵ سیستەمێکی ئاوادا رووبەڕووین کە ماوەی سەدەیەکە بە دۆکترینێک حوکم دەکات کە هەمووشتێکی بەناوی کوردەوە بە هەڕەشە لەسەر دەوڵەت نیشاندەدات و زۆربەی کۆمەڵگەی تورکیشی بەشێوەیەک بارهێناوە کە هەموو شتێکی بۆتە دەوڵەت. بەشی زۆری کۆمەڵگەی تورکیی بۆی گرینگ نییە برسییە، نەخۆشە، بێکارە، منداڵەکانی بێ خوێندن و دواڕۆژن، گرینگ ئەوەیە دەوڵەت پایەداربێت. رژێم قەناعەتێکی دروستکردووە کە ئەوە دەوڵەت نییە کە دەبێ لە خزمەت خەڵک دابێت بەڵکو ئەوە خەڵکە دەبێ بێ بەرامبەر، هەمیشە لە خزمەت دەوڵەت دابێت. ئەمەشە وایکردووە کە هەموو حیزبەکان لەسەر نەتەوەپەرستیی سیاسەت بکەن. لەلایەکی تریش، تورکیا هەبوونی خۆبەڕێوەبەریی کوردانی سوریا و پ ک ک بەیەک پاکێج دەبینێت، کە دیارە گرێدانێکی دینامیکییش لە ئارادایە. زۆر فەرماندەی پێشووتری پ ک ک کە خەڵکی کوردستانی سوریا نیین لەوێ لەناو ئیدارەی مەدەنیی و عەسکەرییدا جێگە دەگرن. رۆژانە هەواڵی کوشتنی ئەو کادیرانە بە درۆن دەبیستیین. رێزان جاوید کە خەڵکی کوردستانی ئێرانە لەوێ گیانی لەدەستدا. ئەمانە بیانوون بەدەست دەوڵەتی تورکیاوە کە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا بەکاریاندێنێت.
ئێمە دەوڵەتی تورکیا دەناسیین و دەزانیین کە هیچ شتێک بەناوی کورد، لە هیچ شوێنێک قەبوڵناکات، ئینجا بیانوی هەبێت یان نا بەڵام با پێمان وا نەبێت کە هەموو جیهان ئەو راستییە دەزانێت، ماهییەتی ئایدۆلۆژیای رەسمیی دەوڵەتی تورکیا تێگەیشتووە و وەکو ئێمەش زۆر بۆی گرینگە.
تورکیا لە دیپلۆماسییەتدا شێوازێکی تایبەتیی هەیە. لەگەڵ هەر دەوڵەتێکدا دانیشێت تەنیا لەسەر ئەو پرسە قسەناکات کە بۆی دانیشتوون بەڵکو هەموو پرسەکان دەخاتە سەر مێز و قسەیان لەسەر دەکات و بەیەکترییانەوە گرێدەدات. بۆیە هەوڵدەدات زۆرترین کێشە بۆ رەقیبەکانی دروستبکات تا لەسەر مێزی گفتووگۆ بێزاریان بکات و تەعویز بستێنێت. کێشەی ئێس ٤٠٠، دیاریکردنی سنوری ئاویی لەگەڵ لیبیا، گەڕان بەدوای گاز لە کەنارەکانی قوبروس، بەربەستکردنی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ، نمونەی بەرچاون. بەشێک لەو پرسانە گرینگیەکی راستەوخۆی ئەوتۆیان بۆ خودی تورکیا نییە بەڵکو تەنیا دروستکردنی کێشەیە بۆ رەقیبەکانی. هێرشە بەردەوامەکانی بۆسەر کوردستانی سوریا بەشێکی پەیوەندی بەو دیپلۆماسیەتی تورکیاوە هەیە تا پێگەی ئەمریکا لە سوریادا لە بەرامبەر ئێران و روسیا لاوازبکات کە لە راستییدا تورکیا دەزانێت کە دەرکردنی ئەمریکا لە سوریا، کە ئامانجی ئێران و روسیایە واتا بەهێزتربوونی هەژموونی ئەم دوو وڵاتە لە ناوچەکەدا کە ئەمە لە بەرژەوەندیی تورکیادا نییە. بۆیە من وای نابینم کە تورکیا بیهەوێت ئەمریکا لە سوریا دەرکەوێت، چونکە باش دەزانێت کە ئەمریکا لە سوریدا نەمێنێت ئەوا تورکیاش ناتوانێت بمێنێتەوە.
قەندیل پرێس: خۆبەرێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئێستا لەگەڵ ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا پێوەندی هەیەو تەنانەت هێزی ئەمریکا لە ڕۆژئاوایە، بۆ تا ئێستا ئەمریکا و وڵاتە ئەورووپاییەکان بەریان بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا نەگرتووە؟
هۆگر برایم: دەستەڵاتدارانی ئەمریکا نەیانشاردۆتەوە کە هاوکاریی ئەوان لەگەڵ قەسەدە، لە چوارچێوەی شەڕ لە دژی داعش دایە. بۆیە تا ئێستا هیج هەوڵێک لە ئارادا نییە(بەلایەنی کەم بە ئاشکرا) کە ئەوەی لە ١٩٩٢ بۆ کوردستانی عێڕاق کرا، بۆ کوردستانی سوریاش بکرێت. دانوستانەکانی جنێف لە ژێر سەرپەرشتیی ئەو وڵاتانەدا بەڕێوەدەچن بەڵام ئیدارەی خۆسەریی بەشداریی پێناکرێت. ئەمە لەلایەک. لەلایەکی تریشەوە ئەو ناوچانە بەشێکن لە جوگرافیای دەوڵەتی سوریا و دەوڵەتی سوریاش لەلایەن زلهێزێکی وەکو روسیا پشتیوانیی لێدەکرێت. هاوپەیمانان لە گەڵ روسیا لە چ کێشەیەکەدان لە ئۆکرانیا پێویستیی بە باسکرد نییە. کەواتا هاوپەیمانان، ئەگەر داخوازیێکی وایشیان هەبێت کە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە رەسمی بناسن و لەدەرەوەی ئیرادەی دەوڵەتی سوریا مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، ئەوا دەبێ لە ئەبقازیا، ناوچەکانی ژێردەستەڵاتی عەفتەر لە لیبیا و رۆژهەڵات و باشوری ئۆکڕانیا هەمان شەرعییەت بە روسیاش بدەن. جگەلەمەش، تورکیا ئەندامێکی گرینگی هاوپەیمانیی ناتۆیە و سەرەڕای هەموو ئەو کێشانەی کە تورکیا بۆ ناتۆی دروستدەکات، ناتوانن دەستبەرداری بن. با پێشمان وا نەبێت کە ناکۆکییەکانی نێوان ناتۆ و تورکیا لە گرینگیی ئەو وڵاتە بۆ رێکخراوەکە کەمدەکاتەوە. تورکیا ئەندامێکی کارا و گرینگی ناتۆیە.
لە سوریا و بەتایبەت ناوچەکانی ئیدلیب، لە لیبیا و لە ئەڤغانستان تورکیا رۆڵی گرینگ لەناو ناتۆدا دەبینێت. ئەی بۆچی لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ لە ئەڤغانستان پاراستنی فڕۆکەخانەی کابوڵ بە تورکیا سپێردرا؟ بۆیە سەرمایەگوزاریی لەسەر ناکۆکیی نێوان تورکیا و ناتۆ بەتایبەت ئەمریکا و بەریتانیا مایەپوچیی بەدوادادێت. ئەوەتا لەم ڕۆژانەدا پەیماننامەیەکی بازرگانیی زۆر بەرفراوان لەنێوان بەریتانیا و تورکیا مۆرکرا.
هەڵبەتا، ئەو دەرفەتەی لە دەرئەنجامی شەڕی داعشدا بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانان دروست بوو کە لەسەر خاکی سوریا پێگەی سەربازیی دروستبکەن، گرینگیی ستراتیژیی هەیە بۆ ناتۆ. ئەمەش بەبێ پشتیوانیی قەسەدە زۆر زەحمەت بوو سەربگرێت. بۆیە هەبوونی ئەو پێگە سەربازییانە لە رویی ستراتیژییەوە لە پێگەکانی ناتۆ لە ناو خاکی تورکیا کەمترنیین. لەهەمانکاتدا تورکیاش کارتی گرینگی لە بەرامبەر هاوپەیمانان بدەستەوەیە بەتایبەت ئەندامێتی سوید لە ناتۆ. دیارە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا مەسەلەیکی ستراتیژییە کە قەدەری ئەو ئەندامێتییە، ئێستا لەدەست تورکیادایە.
لەلایەکی ترەوە تورکیای ئێستا هەمان تورکیای سەرەتای نەوەدەکان نییە کە گوێڕایەڵێکی موتڵەقی ئەمریکا بێت. ئێستا تورکیایەک هەیە کە یەکێکە لە ئابورییە گەورەکان و لە روی تەکنۆلۆژیای عەسکەرییشەوە خۆی باش پێشخستووە. ئەوەتا وڵاتانی ناتۆ درۆنی تورکیی دەکڕن و تورکیا لە هەوڵی دروستکردنی سیستەمی بەرگریی موشەکیی خۆیدایە. ئەمانە گۆڕانی نەوعیی گرینگن بۆ دەوڵەتێک. دوای ئەوەش، ئەوکات تورکیا لەبەرامبەر پ ک ک دا لە حاڵەتی بەرگرییدا بوو و پ ک ک شەڕی گەیاندبۆ کەناراوەکانی دەریای رەش و ناوچەکانی ئامانۆس بەڵام ئێستا تورکیا لە پەنجوێن و شارباژێڕ هێرش دەکاتە سەر پ ک ک.
دەتوانم بڵێم کە هاوپەیمانان و بەتایبەت ئەمریکا نایانهەوێت لە کورت مەودادا لەنێوان کوردانی سوریا و تورکیا یەکێکیان هەڵبژێرن. لە درێژمەوداشدا ئەگەر ناچاری هەڵبژاردنێک بن، ئەوە من وای دەبینم کە، بژاردەکە تورکیا دەبێت.
قەندیل پرێس: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا، هاوکاتە لەگەڵ شەڕی غەزە، بەڵام بەو جۆرە کە ڕای گشتیی جیهانی لە بارەی شەڕی غەزە ورووژاوە لە بارەی هێرشەکان لە سەر ڕۆژئاوا نەورووژاوە، ڕای ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
هۆگر برایم: پێش هەموو شتێک دەبێ ئەوە لەبەر چاوبگریین کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتییدا هەرگیز ناکرێت دوو روداو، لە سەداسەد وەکو یەکتری سەیربکرێن. هەروەکو چۆن لە کیمیا زۆر شلە هەن بەڵام هەموویان ئاو نین. ئەوەش بە حوکمی ئەوەیە کە هەموویان لە دوو هادرۆجین و یەک ئۆکسجین پێکنایەن.
دیارە فەلەستین لە رووی نێودەوڵەتییەوە چەندان بریاری گرینگی لەبارەوە دراوە و پێگەیەکی فەرمیشی وەکو ئەندامی چاودێر لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە. هەروەها بە نزیکەیی هەموو وڵاتانی موسوڵمان مەسەلەی فەلەستینیان کردۆتە بەشێک لە ئەجێندای خۆیان، ئینجا ئەمانە چەندە کاری جدیی بۆدەکان یان نا، ئەوە بابەتێکیترە. بەلایەنی کەم، لەڕووی راگەیاندنەوە دەنگۆیەکی گەورە دروستدەکەن، بەتایەبەت کە وڵاتانی وەکو تورکیا، ئێران و قەتەر دەیخەنە رۆژەڤەوە ئاستێکی تر وەردەگرێت. کورد بە گشتیی، و کوردانی سوریا بەتایبەتیی، ئەم دەرفەتەیان نییە. ئەوەی کوردانی سوریای لە ئاستی نێودەوڵەتییدا ناساند شەڕی داعش بوو. ئەمەش لەلایەن راگەیاندنی رۆژئاواییەوە کرا، بەتایبەت ئەمریکا، کە من پێموایە بەشێکی لە پێناو شاردنەوەی سکانداڵی داعش بوو کە بە ئیعترافی هیلاری کلنتن خۆیان لە پشت دروستکردنییەوەبوون.
بەکورتیی پرسی فەلەستین بۆ زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەکان تا رادەیەک ستراتیژییە. لەبەرئەوە بەردەوام لە رۆژەڤدایە بەڵام پرسی کورد بۆ هیچ وڵاتێک مەسەلەیەکی ستراتیژیی نییە. لەلایەکی ترەوە چەند دەوڵەتێکی ئەوروپیی لێدەرکەی، دەوڵەتی ئیسڕائیل بەگشتیی لەلایەن زۆربەی دەوڵەتانەوە دەوڵەتێکی بێزراوە. لەبەرامبەردا تورکیا، جگە لەوەی لەلایەن زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیی وەکو پێشەنگ و نمونە دەبینرێت، پەیوەندیی ستراتیژیی، ئابوریی و سیاسیی قوڵیی لە گەڵ زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا، ئاسیا، ئەفریقیا و ئەمریکای لاتینییدا هەیە. بۆیە ئەم دوو پرسە لەسەر ئاستیی نێودەوڵەتیی نەک هەمان سەنگ و قورساییان نییە بەڵکو بەراوردکردنیشیان زۆر زەحمەتە.
قەندیل پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، بە ڕای بەڕێزتان، خۆبەرێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چ سیاسەتێک بگرێتە پێش کە دەتوانێت بەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا بگرێت؟
هۆگر برایم: وەڵامی ئەو پرسیارە لە راستییدا زۆر زەحمەتە و نامهەوێ وەکو ئامۆژگاریکاریش هەڵوێست بنوێنم چونکە بەرپرسانی ئەو هەرێمە و ئەوانی لە پشتیشیانەوەن، خۆیان لەناو سیاسەتدان و خۆیشیان لەناو واقیعێکدان کە ئێمەمانان دەستمان ناگات بە هەندێ زانیاریی بەتایبەت نهێنیی ئیستیخباراتیی، تا بتوانیین وێنەیەکی تەواویواقیعەکەمان لەلابێت و لەوێوە شڕۆڤەیەکی دەقیقتر بکەین بەڵام دەتوانین هەندێک پرسیار بوروژێنین کە دەشێت وەڵامەکانیان بۆ تێگەیشتنێکی باشتر، هاوکارمانبن.
دیارە بۆ بەرگرتن بەو هێرشانە دوو ڕێگە هەیە. یەکەمیان رێگەی عەسکەرییە. ئەویش واتا هەبوونی هێزێکی عەسکەریی گەورەتر لەوەی کە تورکیا هەیەتیی و تەکنۆلۆژیایەکی عەسکەریی باڵاتر لەوەی تورکیا لەبەردەستیدایە. ئایا ئەمە، بۆ ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی دانپیانەنراو مومکینە؟ دیارە وەڵامی ئەو پرسیارە روونە کە نەخێرە. رێگەی دووەم رێگەی سیاسەتە.
کاری عەسکەریی و ئابوریی هەمیشە سەقفێکی دیارییکراوی هەیە کە توانای خۆت ئەمە دیارییدەکات. تۆ کە دە دۆلار لە گیرفانتدابێت، ناتوانیت شتێک بکڕیت کە بە دوازدە دۆلاربێت. لە لایەنی عەسکەریشەوە کورد دەڵێت “مست لە درێشە دەگەڕێتەوە“ بەڵام لە سیاسەتدا ئەو سەقفە ئاواڵەیە. تۆ دەتوانی بە هێزێکی کەم و ئابوریێکی کەمیشەوە سیاسەتی سەرکەوتووانەی وا بکەی، ئەگەر قازانجی گەورەش نەکەی، زیانت پێنەگات.
دەمهەوێت ئەوە بڵێم کە ئیدارەی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە تا ئێستا نمونەیەکی باشی حوکومدارییان نیشانداوە و هەموومان بە ئومێدی ئەوەین کە سەرکەوتووبێت. هەتا ئەوانەشی کە لە ڕووی فیکرییەوە لە دژی ئەو رەوتە سیاسیی و ئایدۆلۆژییەوەن کە ئەوێ بەڕێوەدەبات، خوازیاریی ئەوەن کە ئەو ستاتۆیە سەرکەوتووبێت و کەمتریین رەخنەی لێدەگرن. ئەو رەخنانەش کە دەگیرێن زۆربەی بە ئاراستەی بەرەوپێشخستنە نەک دژایەتیی. بۆیە لە سەر ئاستی ناوەخۆی سیاسەتی کوردیی، هەتا لەلایەن بنەماڵەی بارزانیشەوە، ئیدارەی خۆسەریی کێشەیەکی جدیی نییە. ئەوەی گرینگە و هەتا دەتوانم بڵێم پێویستیێکی ژیانییە، دانپیانانی نێودەوڵەتیی ئەو ئیدارەیەیە وەکو ئەوەی کە لە ١٩٩٢ بۆ کوردستانی عێڕاق فەراهەمکرا کە دواتر، لەدوای روخانی رژێمی بەعس، دانپیانانی ناوخۆی عێڕاقیشی وەرگرت و لە دەستوری عێڕاقدا، فیدڕاڵیی جێگیرکرا.
زۆرجار پ ک ک باس لەوە دەکات کە حکومەتی هەرێم لەسەر پشتی ئەوان دروستکراوە. ئارگومەنتەکەشی ئەوەیە کە لە پایزی ١٩٩٢ پارتی و یەکێتیی، هاوشانی تورکیا، بۆ رازییکردنی تورکیا کە دان بە حکومەتی هەرێمدا بنێت، شەریان لەدژی پ ک ک دەستپێکرد، کە لە راستییدا تا ئێستاش تورکیا دانی بەو حکومەتی هەرێمدا نەناوە. دیارە ئەو شەڕە لە روی ئەخلاقییەوە هیچ پاساوێکی نییە. من ماهییەتی یەکێتیی و پارتییش باش دەناسم و تەواوی ئەو بزوتنەوەیەی کە بەکوردایەتیی دەناسرێت کە لەسەر دەستی ئەو حیزبانە و نمونەکانیان لە کۆردستانەکانی تریش سەرپێخراوە، وەکو عەمالەتێکی نێودەوڵەتیی و هەرێمیی دەزانم و ئەو شەڕەی پایزی ١٩٩٢ش دژی پ ک ک وێستگەیەکی قێزەونی ئەو عەمالەتەیە بەڵام کە لەڕوی سیاسییەوە لەدەرەوەی عەتف و سۆزی کوردییەوە سەیری بکەین و دەرئەنجامەکانی بۆ هەردوولا هەڵسەنگێنین ئەوا شتێکی تر دەبینین.
سەبارەت بە کوردستانی عێڕاق وەکو ستاتۆیەکی سیاسیی جێگەی گرت. سەرەڕای ئەوەیش کە یەکێتیی و پارتیی زوو کەوتنە شەڕی ناوەخۆ بەڵام ستاتۆی هەرێم هەر وەکو خۆی مایەوە، ئەمە لەلایەک. لەلایەکیترەوە، ریسوا بوونی یەکێتیی و پارتیی لەدوای ئەو شەڕەوە دەستی پێکرد و ئەوە ئێستا دەبینیین کە ٧٠% ی خەڵک دەنگ بەو دوو حیزبە نادەن. زۆر سەرکردەی عەسکەریی ئەو کات، بەتایبەت ئەوانەی یەکێتیی، شەرمیان لەو شەڕە دەکرد کە بەرامبەر پ ک ک کردیان. یەکێک لەوانە شەهید رێبازی نوسەری کتێبی “قەندیل بەغدای هەژاند“، ئەو شەڕەی نەکرد بەڵام مخابن دواتر لە شەڕی ناوخۆ لە بادینان کوژرا. هەروەها، پکک ش بەو شەڕە نەک هەر لەناو نەچوو بەڵکو لەناو کوردانی عێڕاقدا زیاتر ناسرا و بە هەزاران گەنج بەشدارییان لە ریزەکانی گەریللاداکرد.
دیارە لە کوردستانی سوریا رەوشێکی وا لە ئارادانیە کە کوردانی سوریا ناچاری شەڕ لە دژی پ ک ک بکرێن بەڵام کوردستانی سوریا ناچارە حەساسیەتەکانی دەوڵەتی تورکیا لەبەرچاوبگرێت. ئەمە بۆ چوونی خودی عبداللە ئۆجالانیشە. لە ٢ی مای ٢٠١٩ لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە ئۆجالان پەیامێکی حەوت خاڵیی ناردە دەرەوە کە لە خاڵی چوارەمدا دەڵێت “ ئێمە پێمان وایە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا، پێویستە خۆیان لە کولتوری ململانێ بەدوور بگرن و پێویستە ئامانجێک بۆ چارەسەریی، لە سەربنەمای دیدگایەکیی دیموکراسی ناوخۆیی بەپێی گەرەنتییە دەستوورییەکان، هەبێت. لەم ڕووەوە پێویستە هەستیارییەکانی تورکیاش لەبەرچاو بگیرێن“. ئەم هەستیاریانەی تورکیا، راستن یان ناڕاست، حەقن یان نا حەق ئەمە بابەتێکی ترە بەڵام بەگوێرەی ئەو دۆکترینەی کە لە تورکیادا حاکمە، هەبوونی ئەو ستاتۆیە وەکو هەڕەشە لەسەرخۆی دەبینێت بەتایبەت کە پ ک ک تێکەڵ بە بابەتەکەببێت. ئیتر تۆ کە ناتوانی لە روی عەسکەرییەوە بەرەنگاری ببیەوە و ئەو هەرێمەی لێبپارێزی، دەبێ لەلایەنی سیاسییەوە کارێک بکەی کە وەکو هەڕەشە دەرنەکەوی.
بۆیە دەڵێم سیاسەت سەقفێکی دیارییکراوی نییە.
ناکرێ موراد قەرەیڵان هەڕەشە لە تورکیا بکات کە “ئەگەر پیاون بابێنە عەفرین“. دەی ئەوە هاتنە عەفرین و سەرێکانیش. موراد قەرەیڵان توانی چی بکات؟ یان هەر لە بنەمادا ئەمە کەی کاری قەرەیڵانە کە بەناوی کوردستانی سوریا گەفان لە تورکیا بکات و لێدوانی هەڕەشە ئامێز بدات؟ با قەرەیڵان بڵێ ئەگەر لە بۆتان نەکشێنەوە تورکیا وێران دەکەم. یانیش بۆ دەبێ لە کوردستانی سوریا خۆپیشاندانی جەماوەریی بە وێنەی گەورەگەورەی ئۆجالان ئاڵوواڵابکرێن؟ خۆپیشاندان لە قامیشلۆ بۆ ئازادیی ئۆجالان، بۆ ساڵڕۆژی دامەزراندنی پ ک ک یان ١٥ ی تەباخ، چ شتک لە دۆخی ئۆجالان یان قەزیەی کورد لە تورکیا دەگۆڕێت؟ یان بۆ دەبێ بۆ شەڕی زاپ و حەفتانین لە لایەن گروپە کلتورییەکانی کوردانی سوریاوە سرودی حەماسیی بگوترێن؟ مەگەر ئەو هەموو هونەرمەندانەی کوردستانی تورکیا لە ئەوروپا هەن، چی دەکەن؟ ناکرێ ئەوەی کە کوردانی تورکیا پێویستە بیکەن، کە نایکەن یان بۆیان ناکرێت، بخرێتە ئەستۆی کوردانی سوریا. کوردانی سوریا بەهەزاران کوڕوکچیان لە شەمزینان هەتا دێرسیم گیانی خۆیان کردە قوربانیی. ئێستا سەردەمێکە کوردانی سوریا دەبێ بەهیچ شێوەیەک لە خەبات لە دژی تورکیا بەکارنەهێنرێن. سەرکەوتنی ئەو ستاتۆیە، پێش خۆیان، گەورەتریین خزمەتە بە قەزیەی کورد لە تورکیا. دەبێ قیمەتی ئەوە بزانرێت نەوەکو ئەوە بسەلمێنی کە کوردانی سوریا چەندە دڵسۆزی پارچەکانی تری کوردستانن. لە کۆماری مەهابادەوە، ئێمە دەزانیین کە کوردانی سوریا لە پارچەکانی تری کوردستاندا، چ فیداکرییەکیان کردووە. ئەوەی تۆزقاڵێک ویژدانی هەبێت چاوەڕوانیی لەوە زیاتری لە کوردانی سوریا نییە. ئەوە کوردانی پارچەکانی ترن کە دەبێ نانێک بخۆن و دوو نان بدەن بە کوردانی سوریا.
تۆ کاتێک باس لەپرۆسەیەکی سیاسیی دەکەیت دەبێ هەستیارییەکانی بەرامبەرت لەبەرچاوبگریت. ئۆجالانیش لەو کۆنتێکستەدا باس لە هەستیارییەکانی تورکیا دەکات. بۆچی پ ک ک بە لەبەرچاوگرتنی هەستیارییەکانی ئێران ئاگربەستی جاسوسانی بە پەژاک راگەیاند؟ خۆ پەژاک گوندێکیشی لەبەردەست نەبوو تا لە پێناو پاراستنیدا ئەو هەستیاریانە لەبەرچاوبگرێت؟ بۆچی لەبەر هەستیارییەکانی عێڕاق، هێزەکانی خۆی لە چیای قەرەچوغ کشاندەوە و ناوچەکەی تەسلیمی سوپای عێڕاق کردەوە؟ بۆ لە ١٩٩٩ پ ک ک هەموو گەریللاکانی خۆی لەناو خاکی تورکیا کێشایەوە تەنیا بۆ ئەوەی بیانوی شەڕ نەهێڵێت؟ مەگەر پ ک ک ئەو کات قەناعەتی بەوە هەبوو کە تورکیا شەڕ رادەگرێت؟ نەخێر. ئەی بۆ ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رەوشە هەستیارەی کوردستانی سوریا، کادیرانی خەڵکی کوردستانەکانی تورکیا و ئێران ناکێشێتەوە؟ مەگەر لەناو کوردانی سوریا خەڵکانی وا نیین کە ئیدارەی رێکخستنەکانی خۆیان بکەن؟ خۆ من ئیدیعای ئەوە ناکەم کە ئەگەر پ ک ک ئەو کارە بکات ئەوا تورکیا یەکسەر هێرشەکانی رادەگرێت بەڵام هەنگاوێکی گرینگە کە پشتی دۆستانی ئیدارەی خۆسەریی لەبەرامبەر تورکیادا قایمتردەکات تا بتوانن لە روی دیپلۆماسییەوە پشتیوانیی لێبکەن. کاتێک تورکیا رۆژنییە کە کادیرێکی خەڵکی کوردستانی تورکیا لە کۆبانێ، قامیشلۆ و حەسەکە تیرۆر نەکات، دەمی دۆستانی ئیدارەی خۆسەر بەرامبەر تورکیا دەبەسترێت. نابینیین هیچ کاردانەوەیەک رووبدات، چونکە تورکیا پێویستیی بەو زەحەمەتییە نیە نیازەکانی خۆی بشارێتەوە بەڵکو بیانوی ئاشکرای لەبەردەستە. لەبەرئەوە گرینگە هەموو کارێکی مومکین بکرێت کە پێگەی ئیدارەی خۆسەریی لە رووی دیپلۆماسییەوە بەهێزبکات نەک لاواز تا بتوانێت قەناعەت بە دەزگا نێودەوڵەتییەکان بکات کە غەدری لێدەکرێت نەوەکو وا حیسابی بۆ بکرێت کە داڵدەی هێزێکدەدات کە تورکیا بە دوژمنی سەرەکیی خۆی دەزانێت. ئەو قسانەی من لەوانەیە وەکو تەسلیمکاریی لێکدانەوەی بۆ بکرێت بەڵام ئەوانەی کە مۆری خیانەت و تەسلیمکاریی لەخەڵک دەدەن، تا ئێستا توانیویانە کە بەهەڕەشە و گوڕەشەی سەر تەلەفزیۆن و بەیاننامە، بەر بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر کوردستانی سوریا بگرن؟ ئەوانە بە چ هێزێک ئیدیعای پاراستنی ئەو ناوچانە دەکەن؟
کاتێک ترامپ پڕیاری کشانەوەی هێزەکانی دا، هەموو دۆستانی خۆیانیان خستە سەرخەت هەتاوەکو ئەمریکا لەو بڕیارە پەشیمانبکەنەوە. تۆ کە تازە خۆت خستۆتە داوی ئەمریکاوە یان خراویە داویەوە دەبێ باشیش بزانی کە دەربازبوون لەو داوە ئاوا ئاسان نییە. وە ناچاریشی حیساب بۆ هاوپەیمانێکی گرینگی ئەمریکا لەناوچەکە بکەی. دەبێ ئەو راستییە بڵێم کە بەبێ ئیعتڕافی نێودەوڵەتیی، کوردستانی سوریا دواڕۆژێکی مسۆگەری نابێت. گرینگتریین کارێکیش بۆ بەرجەستەکردنی ئەمە، ئەوەیە کە نابێت هیچ خاڵێکی لاواز بەدەستەوەبدرێت.
کارێکی تری گرینگ کە دەستەڵاتدارانی ئەو هەرێمە بیکەن، رێزگرتنە لە قانونەکانی خۆیان. دەبێ بزانن کە کۆمەڵگەیەکی چەندان ملیۆنیی بە عەقڵیەتی رێکخستنی حیزبیی بەڕێوە ناچێت. کێشەیەکی بەرچاوی ئەو هەرێمە هەبوونی سێبەری دەستەڵاتێکی حیزبییە بەسەر دامودەزگا مەدەنییەکانەوە. کادیرانی حیزب، کە زۆر جار کوردی سوریاش نین، دەتوانن زۆر بە ئاسانی بریارەکانی دەزگا مەدەنییەکان هەڵوەشێننەوە. ئەمە بێزاریێکی زۆری لەلایەن خەڵکەوە لێکەوتۆتەوە. ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت لە داهاتووتا تەقینەوەی ناڕەزایی زۆری لێدەکەوێتەوە.
ئەو پڕۆژە دەستورەی کە ئامادەکراوە زۆر بە باشیی دەستەڵاتی خەڵک لە خوارەوە بۆسەرەوە رووندەکاتەوە. ئەگەر وەکو لەم دەستورەدا هاتووە ئاوا ئیدارەبکرێت ئەوا دەتوانرێت ئەو کێشانە چارەسەربکرێن.
لە هەموو ئەو دەوڵەتانەشدا کە دیموکراتییەکەیان بە پێشکەوتووتریین دەناسرێن، حیزب حوکم دەکات بەڵام ئەوە لە رێگەی بە قانونکردنی بەرنامەکەیەوە دەکات. ئەو کەسەی کە دەچێتە ناو دەزگایەکی فەرمیی حکومیی دەبێ بەگوێرەی قانوون و رۆتینە کارپێکراوەکان هەڵسوڕێت نەوەکو تەعلیماتی حیزب و پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزب. حیزب پڕۆگرامێکی بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت دەبێت و هەوڵدەدات لە رێگەی دەستەڵاتی یاسادانانەوە ئەو پڕۆگرامە بکاتە قانوون. لەوە بترازێت نابێت کادیری حیزب لەناو دەزگای حکومییدا وەکو ئەندامی حیزب هەڵسوڕێت. ئیتر هەر کەسێک، ئەندامی حیزبی حاکمبێت یان ئۆپۆزسیۆن یان بێلایەن بێت، لەناو دامودەزگاکاندا بەگوێرەی ئەو قانونانە کار دەکات کە لە ئارادان،
ئەو هەلومەرجە ئابوریی و ئەمنییەی کە لە کوردستانی سوریا لە ئارادایە چاوەڕوانیی، خۆشگوزەرانیی و عەدالەتێکی کۆمەڵایەتیی وەکو سوید و سویسڕا لە مندا دروستناکات بەڵام ئەوەی کە لەسەرەوە باسمکردن شتێک نین ئەو هەلومەرجانەی لە ئارادان، ئاستەنگبن بۆ جێبەجێکردنیان.
لە کۆتاییشدا سوپاس بۆ ئێوە کە ئەم دەرفەتەتان رەخساند کە بیروبۆچوونی خۆم لەسەر ئەو مژارە بخەمە روو. هەر سەرکەوتووبن. سوپاس بۆ ئەوانەش کە تاقەتی خوێندنەوەی هەموو چاوپێکەوتنەیان هەیە.
قەندیل پرێس