هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەراوێزی کۆڕبەندی دەوحە و لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە، وا دەردەکەوێت هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هیچ نیازێکیان بۆ چوونە ناو سوپای سووریا و ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنی 10ـی ئازار نییە، بۆیە ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئەو پابەندییانە جێبەجێ نەکەن، تورکیا هێرشی سەربازی دەکاتە سەریان.
فیدان ڕوونی کردووەتەوە کە تورکیا دژی ڕێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی ڕاگوزەری سووریا نییە، بەڵام دوو مەرجی سەرەکییان هەیە:
یەکەم: دوورخستنەوەی چەکدارە بیانییەکان (عێراقی، ئێرانی و تورکی) لە ڕیزەکانی هەسەدە.
دووەم: هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکە سەربازییانەی دژ بە تورکیا بەکارهێنراون.
بەگوێرەی قسەی فیدان، لە هیچ وڵاتێکدا ناکرێت دوو سوپا بوونیان هەبێت و پێویستە کۆنتڕۆڵ و فەرماندەیی لە یەک شوێنەوە بێت، بەڵام بۆ ئیدارەی ناوخۆیی و شێوازی بەڕێوەبردن، دەتوانرێت بگەن بە تێگەیشتنێکی جیاواز.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆڕبەندی دەوحە دانی بەوەدا نا کە هێشتا پرسی مافی کەمینەکان لە سووریا چارەسەر نەکراوە و جەختی کردەوە: “پشتیوانیی تورکیا لە حکومەتی نوێی سووریا چەکێکی سپی نییە بۆ ئەوەی هەر کەمینە و گرووپێک بچەوسێندرێتەوە”.
قەندیل پرێس