✍ د. ناسر باباخانی
هاوپەیمانی، ئیتلاف، سازدانی کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنگرە لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە کورد وەک نەتەوە ناناسن، خۆ ماندوو کردنە. مەرجی سەرەکی و بنەڕەتی هەر هاوکارییەک دەبێ داننان بێ بە بوونی نەتەوەی کورد و دیاری کردنی مافی چارەنووسی. ئەگەر لایەنێک حاشا لەم بوونە بکا، یان بیخاتە ژێر چەتری “یک ملت” و مافەکانی دابەزێنێ بە مافی شارۆمەندی یان مافی کولتووری، ئەوا قسەکردن لەسەر دێموکراسی و پلۆرالیزم لەگەڵیدا هیچ نرخێکی نییە.
کەسێک کە نەتەوە بوونی کورد ناسەلمێنێ، لە بنەڕەتدا باوەڕی بە یەکسانی و ئازادی نییە. دێموکراسی لە وڵاتێکی فرەنەتەوەدا واتای ئەوە نییە کە هەموو کەس دەنگ بدا و دواتر دەسەڵات لە تاران بڕیار بدا! دێموکراسی لێرەدا واتای داننانە بەوەی کە کورد خاوەنی خاک، زمان، مێژوو و ئیرادەی سیاسی خۆیەتی. ئەو لایەنەی ئەمە ڕەت دەکاتەوە، تەنیا فۆڕم و شێوەی دەسەڵات دەگۆڕێ، نەک ناوەرۆکەکەی.
ئەگەر کۆماری ئیسلامی کورد وەک هێزی دژبەر سەرکوت دەکا؛ زۆرێک لە ئۆپۆزسیۆنی ناوەندیش کورد وەک کەمینەیەک دەبینن کە دەبێ لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەی فارسدا بمێنێتەوە. جیاوازییەکە لە شێوازە، نەک لە ئامانج.
هێڵی هاوپەیمانی نابێ تەنیا لەسەر دوژمنایەتی هاوبەش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێکبێ، ئەمە پێوەرێکی ناقیس و کاتییە. هێڵەکە دەبێ لەسەر بنەمای نەتەوە بێ: ئەو لایەنەی کورد وەک نەتەوە قبووڵ دەکا و مافی دیاری کردنی چارەنووسی بۆ دادەنێ، دەتوانێ هاوبەش بێ؛ ئەوەی حاشا دەکا، هاوبەش نییە، بۆ ئەوە ڕەگەڵت کەوتووە لە پتانسییەلی گوتاری و ڕێکخراوەیی تۆ کەلک وەرگرێ بۆ قورسایی سیاسی خۆی. ئاخر هەندێ کەس و لایەن هەن تۆیان لەگەڵ نەبی وەک بڵقی سەر ئاو تێدادەچن.
بۆیە گفتوگۆ و کۆنگرە و کۆبوونەوە و بەیاننامەی هاوبەش، ئەگەر ئەم خاڵەیان تێدا ڕوون نەبێ، تەنیا کات بەسەربردن و ڕەنج بەخەسارییە. هەرگیز متمانە دروست نابێ لەگەڵ ئەو کەسەی کە بوونی تۆ وەک نەتەوە ڕەت دەکاتەوە!
قەندیل پرێس