نادیە موراد ڕووفاتی براکەی لە ئامێز دەگرێت، دوای ساڵانێک لە چاوەڕوانی برینی کۆمەڵکوژیی شەنگال هەر بە نەسڕاوەیی دەمێنێتەوە

لە گوندەواری شەنگال و لەسەر خاکی کۆچۆ ئەو خاکەی شاهیدی یەکێک لە تاریکترین کارەساتە مرۆییەکانی سەدەی21م  بوو مێژوو بە فرمێسک و بێدەنگییەکی پڕ لە ئازار خۆی دووپات دەکاتەوە.

نادیە موراد کچە چالاکوانی ئێزدی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لەگەڵ گەڕانەوەی نۆیەمین کاروانی ڕووفاتی قوربانییانی فەرمانی 3ی ئاب جارێکی تر ڕووبەڕووی دیمەنی برینە ساڕێژنەبووەکەی بووەوە و ڕووفاتی براکەی لە ئامێز گرت لە ئامێزگرتنێک کە ئازاری ساڵانێکی درێژی چاوەڕوانی و بێدەنگیی جیهانی بەرامبەر جینۆسایدی ئێزدییەکان بەرجەستە کرد.

لە مەراسیمێکی پڕ لە ئازاردا بە بەشداریی هەزاران کەس لە خەڵکی شەنگال کەسوکاری قوربانییان و نوێنەرانی لایەنە کۆمەڵایەتی و سەربازییەکان پێشوازی لە ڕووفاتی 25 قوربانی فەرمانەکەی ساڵی 2014 کرا تەرمی قوربانییان لە بەغداوە بەرەو مووسڵ و پاشان شەنگال بەڕێکران و لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی فەرمانەکە لە گوندی سۆڵە پێشوازییان لێ کرا مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی و دواتر بە ڕێوڕەسمی ئایینی لەژێر دەنگی غەمگینی دەف و شمشاڵدا بەڕێوە چوو کە تێیدا ناوی شەهیدان یەک بە یەک خوێندرانەوە و ڕادەستی کەسوکاریان کرانەوە تا لە زێدی خۆیان بەخاک بسپێردرێن.

​کۆمەڵکوژیی 3ی ئاب برینێک کە ساڕێژ نابێت
لە 3ی ئابی 2014 چەتەکانی داعش پەلاماری شەنگالیان دا و فەرمانێکی دیکەیان بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدیدا سەپاند لە چەند کاتژمێرێکی کەمدا هەزاران پیاو و گەنج بە شێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژ کران و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا زیندەبەچاڵ کران هەروەها هەزاران ژن و کچ و منداڵ بەدیل گیران و لە بازاڕەکانی کۆیلایەتیدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە کرا گوندی کۆچۆ یەکێک بوو لەو ناوچانەی کە گەورەترین زەبری ئەو کۆمەڵکوژییەی بەرکەوت و زۆرینەی خەڵکەکەی بوونە قوربانی، نادیە موراد کە خۆی شاهیدحاڵ و ڕزگاربووی ئەو فەرمانەیە و شەش برای و دایکی لەو کۆمەڵکوژییەدا لەدەست دا بووە دەنگی ئەو کۆمەڵکوژییە لە تەواوی جیهاندا بەڵام گەڕانەوەی ئێسک و پروسکی ئازیزانی دەیسەلمێنێت کە ئازاری جینۆساید بە تێپەڕبوونی ساڵەکان کەم نابێتەوە.

پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی گوندی کۆچۆ کە بە شێوەی فەرمی لە 15ی ئازاری 2019 دەستی پێکرد تەنیا بەشێکی کەمی ئەو تاوانە گەورەیەی هەڵماڵیوە لە سەرانسەری شەنگالدا بە گشتی 96 گۆڕی بەکۆمەڵ لەگەڵ دەیان گۆڕی تاکەکەسی دەستنیشان کراون هەروەها تا ئێستا تەرمی 321 قوربانی ناسێنراونەتەوە و بۆ شەنگال گەڕێنراونەتەوە و هێشتا زیاتر لە 50 ڕووفات لە بەغدان و لە قۆناغی پشکنینی دی ئێن ئەی و ناسینەوەدان.

​کەسوکاری شەهیدان و کۆمەڵگەی ئێزدی لە کاتێکدا ئازیزەکانیان بە فرمێسکەوە بە خاک دەسپێرن جەخت دەکەنەوە کە تەنیا بە گەڕانەوەی تەواوی ڕووفاتەکان و ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕفێندراوان و دادگاییکردنی تاوانباران و ناساندنی نێودەوڵەتیی فەرمانەکە وەک جینۆساید دەتوانرێت دادپەروەری بۆ شەنگال بەدی بێت.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

ڕەهەندەکانی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی دژی عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ لە دەستگیرکردنەوە تا هەلومەرجی ئێستا

قەندیل پرێس: ڕاپۆرتی شیکاری پێشەکییەکی مێژوویی و وەرچەرخانە چارەنووسسازەکان نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی 1998 وەک …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *