به‌په‌له

مەیسەم مورادی: پژاک و پەکەکە لە ئیمراڵی و ئەنقەرەوە ئاراستە دەکرێن و مەترسیی قوربانیکردنی کوردیان لێ دەکرێت/ پژاك چه‌ندین دانیشتنی له‌گه‌ڵ ڕه‌زا په‌هله‌وی هه‌بووه‌

قەندیل پرێس – وتووێژ

دیمەنی سیاسیی ناوچەکە و هاوکێشە جیوپۆلەتیکییەکانی ئێران و جیهان لە قۆناغێکی چارەنووسساز و هەستیاردا دەبنە خاڵی وەرچەرخان بۆ سەرجەم پێکهاتە و نەتەوەکانی ناوچەکە. لە کاتێکدا ململانێی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەو قووڵبوونەوە دەچێت، پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم ئاڵنگارییە ئەمنی، سیاسی و فیکرییە گەورەکاندا دەوەستێت. لە لایەکەوە ڕێککەوتنە ئەمنییەکان سنووردارکردنێکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، و لە لایەکی ترەوە گوتاری فەرمی و نافەرمی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە ئاست مافە نەتەوەییەکاندا نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە. بۆ تیشکخستنە سەر ئەم تەوەرە فراوان و ئاڵۆزانە، «قەندیل پرێس» وتووێژێکی ورد و گشتگیری لەگەڵ شرۆڤەکاری سیاسی، بەڕێز مەیسەم مورادی ئەنجام داوە کە تێیدا بە قووڵی باس لە کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیاری ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.

قەندیل پرێس: لە دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، لە زۆربەی دەستپێشخەرییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا (وەک بەیاننامەی ئۆسلۆ و کۆنگرەکانی دەرەوە)، زیاتر پێداگری لەسەر مافە تاکەکەسییەکان و چەمکی «هاووڵاتیبوون» دەکرێتەوە و کەلێنێکی ڕوون لەگەڵ داخوازیی نەتەوەکان بەدیدەکرێت. بە بۆچوونی ئێوە، ئایا سنووردارییەکانی ئەم گوتارە لە بەرامبەر واقیعی فرەنەتەوەیی ئێراندا چین؟ هێزە کوردستانییەکان دەبێت چۆن هاوسەنگی لەنێوان هاوبەشی لە ڕووخاندنی دەسەڵات و پاراستنی مافی چارەی خۆنووسیندا ڕابگرن، تاوەکو پرسی ستەمی مێژوویی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەلات لە ئاستی پرسێکی کۆمەڵایەتی یان شارۆمەندیی ڕووت لە دەوڵەتێکی ناوەندیی نوێدا کورت نەکرێتەوە؟

مەیسەم مورادی: ئەم تێڕوانینەی ئێرانییەکان تەنانەت پێش کوشتنی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا، بوونی هەبووە و بۆ داهاتووش بەردەوام دەبێت. تێڕوانینی ئێرانییەکان بۆ نەتەوەکانی دیکە، بۆ خۆبەخاوەنزانینی دەوڵەت لە ئێران دەگەڕێتەوە لە لایەن نەتەوەی فارسەوە. نەتەوەی فارس بۆ ئەوەی کە بتوانێت درێژە بە حوکمڕانی خۆی بدات، شوناسی نەتەوەیی خۆی لە ڕێگەی دەوڵەتەوە درێژکردوەتەوە بۆ ناو کۆمەڵگەی ئێران و لەژێر ناوی “زمانی هاوبەش” یان “مێژووی هاوبەش”، خۆی دەشارێتەوە. واتە جۆرێک لە شوناسی شاراوی نەتەوەی فارس بوونی هەیە، کە لە ڕێگەی هێزی دەوڵەتەوە مانەوەی خۆی مسۆگەر کردووە. لە روانگەیەی تیۆری سیاسیشەوە، دەوڵەت خاوەنی یەک شوناسە، لێرەدایە کە دەتوانین بڵێین کە دەوڵەتی ئێران خاوەن شوناسی نەتەوەی فارسە. ئەمە پێوەندی بەوە نییە کێ لەسەر دەسەڵاتە، ئەگەر ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامییە، یان پێشتر دەسەڵاتی پاشایەتی بووە، هەڵگری هەمان شوناس بوون، ئەمەیە کە “ئۆپۆزیسیۆنی” کۆماری ئیسلامیش، خۆیان بە خاوەنی ئەو دەسەڵاتە شاراوەیە دەزانن، بۆیە چ لەسەر دەسەڵات بن، یان دژبەری دەسەڵات، ئەوان پێیانوایە کە دەبێت دەوڵەت لە ئێران هەڵگری شوناسی ئەوان بێت. هۆکاری پاشەکشەنەکردنی ئۆپۆزیسیۆنی فارسی لەپێش داخوازی نەتەوەکاندا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوان پێیانوایە کە لە داهاتووشدا ئەوە هەر ئەوانن کە دەبێت دەوڵەت بەڕێوە ببەن، بۆیە ئەگەر ئێستا هەر هەنگاوێک پاشەکشە بکەن، دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەتەوەکان هەنگاوێک بچنە پێشەوە; هەنگاوی نەتەوەکان بۆ پێشەوە، لە روانگەی ئێرانییەکاندا بەواتای ئەوەیە کە زیان بەر شوناسی شاراوەی نەتەوەییان دەکەوێت، بۆیە تەنانەت کاتێکیش لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتن، پێداگرن لەوەی کە ئێران بەوجۆرەی کە دامەزراوە، بەهەمان شێوە بمێنێتەوە، چونکە خۆیان دەمێننەوە. گەورەترین سەرچاوە سرووشتیەکان، لەو جوگرافیایانەوە سەرچاوە دەگرێت کە نەتەوە غەیرە فارسەکان تێیدا دەژین، بەڵام هەمووی لە خزمەتی دەوڵەتی ئێران و نەتەوەی فارسە، بۆیە نەتەوەی فارس ترسێکی زۆری هەیە لەوەی کە کۆنترۆڵی ئەو جوگرافیایانەی لەدەست دەربچێت و دەوڵەتێک کە دروستی کردووە بکەوێتە مەترسی وجودیەوە. چاو لەم شەڕەی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران بکەن، دەوڵەت لە ئێران بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لە کەوتن بپارێزێت، لە کوردستان، بەلوچستان، عەرەبستان و هتد خەریکی بەربەرەکانێیە و تەنانەت ئەوەی کە ئێران وەک پەستانی سەرەکی زۆی لەدژی ئەمریکا بەکاری دەهێنت (تەنگەی هورمز)، خەڵکەکەی فارس نین، بۆیە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش باش لەم هاوکێشەیە تێگەیشتوون و دەزانن پاشەکشەکردن لە پێش داخوازی نەتەوەکاندا، لە هەر ئاستێکدا بێت، دەتوانێت لە داهاتوودا تاران بخاتە مەترسییەوە. بۆیە ئەوەی کە ئێمە لێیان دەبیستین، پێداگرییە لەسەر چەمکی “هاوڵاتی” بەشێوەی تاک، نەک بەشێوەی “نەتەوەی جیاواز”.
کاتێک نەتەوەیەک مافەکانی دابەزی بۆ مافی تاکەکان، واتە مافی نەتەوەیی خۆی لەدەست دەدات.

قەندیل پرێس: لە ژێر سایەی ڕێککەوتنی ئەمنیی تاران و بەغدا و گواستنەوەی کەمپەکان، سنووردارکردنێکی گەورە خرایە سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان. لە ڕوانگەی شیکاریی ستراتیژییەوە، ئەم دۆخە چۆن کاریگەری کردووەتە سەر پێگە و کارایی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات؟ ئایا ئەم فشارانە بە ناچاری هێزە کوردییەکان دەبەن بەرەو کۆتایی قۆناغی خەباتی چەکداری و چڕکردنەوەی تەواوی سەنگ لەسەر خەباتی مەدەنی و دیپلۆماسی، یان بژاردەی تر لەبەردەستیاندا ماوە؟

مەیسەم مورادی: شەڕی ١٢-ڕۆژە و دواتر ٤٠-ڕۆژە، ئێرانی گەیاند بەو درئەنجامەی کە بەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت مەترسیدارترین بەرەی زەمینی بێت. ئەمریکا و ئیسرائیل لە مەودای ئەو دوو شەڕەدا، کەڵکیان لە هێزی ئاسمانی و دەریایی خۆیان وەرگرت بۆ هێرش بۆ سەر ئێران. بوونی هێزێکی زەمینی پۆشتە و ڕێکخراو، دەیتوانی کە کۆڵەکەکانی دەوڵەتی ئێران تووشی داڕمان بکات، لانیکەم لە کوردستان دەیتوانی ئاڵنگاری زۆر گەورە بۆ ئێران دروست بکات. دوای شەڕی ٤٠-ڕۆژە، ئێران هەموو هەوڵی خۆی دا بۆ ئەوەی هەم لە رێگەی سیاسی و هەم لە ڕێگەی سەربازییەوە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە سنوور دووربکاتەوە و دواتر ڕێگریی بکات لە بوونێکی وەک کۆ لە یەک شوێنی دیاریکراودا، ئەوە بوو کە کۆمەڵەکان، دیمۆکرات، پاک و سازمان خەبات زۆرترین زیانیان بەرکەوت. کێشەی ئەم حیزبانە بەس ئێران نییە، بەڵکو تورکیاش بەشێکی دیکەی فشارەکانە. تورکیا هاوشانی ئێران فشارێکی زۆری بۆ ئەم حیزبانە دروست کرد و ڕێگریی کرد لەوەی کە پلانی چوونەوەیان بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵات سەربگرێت. ئێران و تورکیا لەسەر هەر بابەتێک پێکەوە کێشەیان هەبێت، لەسەر ئەوە هاوڕان کە ئەم حیزبانەی کە ناوم هێناون، هیچ جۆرە چالاکیەکی مه‌یدانییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبێت، بۆیە لەکاتی شەڕی ٤٠-ڕۆژەدا، دیپلۆماسی ئێرانیی بۆ ڕێگریکردن لە چوونەوەی حیزبەکان، سپێردرابوو بە تورکیا. ئەم فشارانە بێگومان کاریگەریی نەرێنی هەیە لەسەر حیزبەکان، بەڵام ئەوەی کە روونە، ئێرانیش ئەو هێزەی جارانی نەماوە بۆ ئەوەی بتوانێت لەم قۆناغەدا، بەتایبەت لە کورت-مەودا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات چەک بکات. بەڵام بۆ درێژ-مەودا، بێگومان ئەگەر ئێران خۆی بگرێتەوە و شەرێکی دیکە تووشی نەبێت، هەوڵی ئەوە دەدات کە ئەم حیزبانە لانیکەم ئەگەر لە باشووریش بمێننەوە، چەکیان بەدەستەوە نەبێت وەک جاران.

قەندیل پرێس: بەڕێزتان لە نووسینێکدا ئاماژەتان بەوە کردووە کە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە لایەن ئیسرائیلەوە لە گۆڕەپانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەراوێز خراوە، هەر بۆیە بەشداریی لە «کۆنگرەی ئازادی ئێران»دا کردووە و دژایەتیی خۆی بۆ ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەربڕیوە؛ هاوکات پێتان وایە بەشداریی باقی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەم کۆنگرەیەدا هەڵەیە. تکایە هۆکار و ڕەهەندەکانی ئەم خوێندنەوەیە بۆ بەردەنگەکانمان زیاتر ڕوون بکەنەوە؟

مەیسەم مورادی: پژاک لە چوارچێوەی پرۆژەیەکدا دەسووڕێتەوە کە ئەنقەرە و ئیمراڵی سەرپەرشتیاری دەکەن. ئەم پرۆژەیە لە ڕۆژئاوای کوردستانیش خۆی دەرخست. پرۆژەکە لە سەرەتادا په‌یوەندی بە هەژموونیخوازی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نەمانی ئێران. دواتر ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی بەریەککەوتنی تورکیا و ئیسرائیلدا خۆی دەبینێتەوە. ڕۆژئاوای کوردستان بوو بە قوربانی لە بەریەککەوتنی نێوان تورکیا ئیسرائیلدا. مەنتقی قەندیل و ئیمراڵی ئەوە بوو کە مانەوەی ڕۆژئاوای کوردستان وەک قەوارە، پوتانسیلی ئەوەی تێدایە کە بچێتە ناو پرۆژەی ئیسرائیل. هەسەدە لەبەر ژینگەی سووریا و گۆرانکارییەکانی ناوجەکە، خەریک بوو لە بنەما فیکرییەکانی عەبدۆڵا ئۆجەلان دووردەکەوتەوە. دوورکەوتنەوەی لە بنەما فیکرییەکانی ئۆجەلان، لەبەر گۆرانکاریی لە ژینگەیەک بوو کە هەسەدەی لێ پێکهاتبوو. هەسەدە بە ویستی خۆی نەیدەویست لە بنەما فیکرییەکانی ئۆجەلان دوورکەوێتەوە، بەڵکو بوونی مەترسی ناوخۆیی—دەرەکی وایکرد کە هەسەدە بەرەو ئاراستەی کۆکردنەوەی هێز و دروستکردنی ناوەندی هێز هەنگاو بنێت. ئەمە لە ئەساسدا وەک مەترسیەک بۆ بنەما فیکرییەکانی ئۆجەلان دەبینرا، واتە لە درێژەی کاتدا، ئەگەری ئەوەی کە هەسەدە بۆ ئەوەی بیەوێت کیان، هێز، ناوەند و هیرارشی دروست بکات، زۆرتر دەبوو، بۆیە هەسەدە لە کاتێکدا هەڵوەشایەوە کە دەتوانین بڵێین لەسەر لێواری وەرچەرخانی بنەڕەتی فیکریی خۆی بوو، بۆیە بۆ دواکەوتوانی فیکری ئۆجەلان، هەسەدە خەریک بوو دەبوو بە دژە-ئارگیۆمێنتێک بۆ ئارگیۆمێنی ئۆجەلان، لە دیدی ئەم کەسانەدا، هەسەدە دەبوو هەڵبوەشێتەوە، بۆ ئەوەی کە پەستانی فیکریی لە دژی بنەما فیکرییەکانی ئۆجەلان بەرهەم نەهێنێت. هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە، بابەتێک بوو کە تورکیا و قەندیل و ئیمراڵی لەسەری هاوڕابوون.
ئەم بابەتە ئەگەری لە روانگەی تیۆری سیاسییەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، درئەنجامەکەی دەبێتە ئەوەی کە هەسەدە خریکبوو دەبوو بە لیڤایتان-ێکی بچووک، کە لە کۆنترۆڵی پەکەکە–ئۆجەلاندا دەردەچوو، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە بۆ تورکیا، سووریا و پەکەکە (عەبدۆڵا ئۆجەلان) خاڵی هاوبەش بوو. ترسی ئۆجەلان و پەکەکە لە وەرچەرخانی هەسەدە لەوێوە سەرچاوەی گرت، کە هاوشانی پەیام ئاشکرا و نهێنییەکانی ئیسرائیل بۆ هاوکاری لەگەڵ کورد، لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەتایبەت لە ناو خودی هەسەدەدا، چەند بالێک درووست بوون کە باڵێکیان بەراشکاوی باسی لە هەرێمێکی فیدراڵ بۆ کورد دەکرد (دژی تێڕوانینی ئۆجەلان)، بەڵام باڵێکیش پێیوابوو کە دەبێت خاڵ بەخاڵی ئەوەی کە ئۆجەلان و قەندیل دەیڵێت دەبێت جێبەجێ بکرێت. ئەمانە ترسێکی زۆری بۆ تورکیا، ئۆجەلان و قەندیل دروست کرد کە ئیسرائیل بتوانێت پێوەندی لەگەڵ بەشێک لە هەسەدە دروست بکات، بۆیە لە کوتوپڕێکدا لە چەند ڕەهەندی ناوخۆیی ڕۆژئاوا، قەندیل و ئیمراڵی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەیان دا و ڕێگەیان نەدا دابەشبوون لە هەسەدە دروست بێت. هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە، قەت نابێت وەک شکستی پرۆژەی ئۆجەلان پێناسە بکرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە سەرکەوتنی پرۆژەی ئۆجەلان بوو، بەڵام شکستی کورد بوو. ئەم پرۆژەیە ئێستا لە لایەن پژاکیشەوە خەریکە جێبەجێ دەکرێت. ئەگەر چاو لە گوتاری بەرپرسانی پەکەکە و پژاک بکەن، چیتر تورکیا دەوڵەتی “فاشیست” یان “داگیرکەرەکەی” جاران نییە، بەڵکو تورکیا خەریکە وەک دەوڵەتێک وێنا دەکەن کە “خەریکە پرسی کورد چارەسەر دەکات”. لە تیۆرییەکانی پێوەندیدار بە دەوڵەتەوە، بەمجۆرە ویناکردنەوەی دەوڵەت، پێی دەوترێت “دەوڵەتی خزم”، واتە دەوڵەتێک کە خەمی نەتەوەکانی دیکەی دەرەوەی سنوورەکانی خۆی هەیە و هەوڵدەدات کێشەکانیان چارەسەر بکات. پژاک و پەکەکە خریکن دەوڵەتی تورکیا بەم بەرگەوە لە کوردستان پیشان دەدەن. لەم ئاراستەیەدا چەمکە زانستییەکانی تیۆری سیاسش دەشێوێنن و “ئاسمیلاسیۆن” دەکەن بە “ئینتگراسیۆنی دیمۆکراتیک”، کە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە و چەمکێکی داتاشراوە بۆ ڕەواییدان بە جووڵەکانی ئۆجەلان. گۆرانکاریی لە گوتاری پەکەکە و پژاک سەبارەت بە تورکیا، گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە باس لەوە دەکەن کە پژاک دەتوانێت لەگەڵ تورکیا هاوکاری هەبێت. ئەمە لەگەڵ ئەو پرۆژەیەی کە ئەنقەرە و ئیمراڵی دەستیانپێکردووە، دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانىش بە ئاقارێکی نادیاردا بڕوات. کێشەی من لەگەڵ ئەم پرۆژەیە ئەوەیە کە ناوەرۆکی خۆی بەوجۆرە پێناسە دەکات کە بۆ ئەوەی ئیسرائیل سەرنەکەوێت، دەبێت کورد بکرێتە قوربانی. واتە کورد دەبێت باج و تێچووی سەرکەوتنی تورکیا بدات. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ بنەما فیکرییەکانی ئۆجەلان، کە بروای بە هیچ جۆرە کیانێک، تەنانەت فیدراڵی بۆ کورد نییە و باوەڕی وایە کە کورد دەبێت لە چوارچێوەی دەوڵەتانی تورکیا، سووریا، ئێران و عێراق بتوێتەوە. ئیسرائیلییەکانیش بێگومان ئاگاداری ئەم پلان و پرۆژەی تورکیا هەن.
پژاک کە چەندین جار لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی دانیشتنی هەبووە، چ کێشەیەکی دەتوانێت هەبێت لەگەڵ ئیسرئیل، جیا لەوەی کە لە چواررچێوەی پرۆژەیەکدا بسووڕێتەوە کە ئەزموونەکەیمان لە ئۆژئاوای کوردستان بەڕوونی بینیوە؟ پژاک ناتوانێت بە سەرپۆش خستنە سەر پرسەکان، ڕێگریی بکات لە تیشکخستنە سەر ناروونییەکان. پژاک هەر لە ئێستاوە هەمان قسە دووبارە دەکاتەوە کە بۆ بەرپرسانی قەندیل و ئیمراڵی بۆ دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە بەکاریان هێنا. ئەمە پێمان دەڵێت کە پژاک ئەگەر دەسەڵاتیش لە ڕۆژهەڵات بگرێتە دەست، لە خۆشبینانەترین دۆخدا، شتێک وەک ئەوەی ڕۆژئاوای کوردستان دەخولقێنێت، واتە قوربانیکردنی کورد لە بەریەککەوتنی نێوان تورکیا و ئیسرائیل. ئەم هەڵوێستەی هەنووکەییەی پژاک، بۆ ئێرانیش قبوڵکراوە و هیچ کێشەیەکی لەگەڵیدا نییە. کۆنگرەی ئازادی ئێران ناتوانێت ببێتە پلەتفۆرمێکی سەرکەتوو بۆ داهاتووی ئێران، چونکە ئەم پلەتفۆرمە بەرهەمی دژە—کردەوەیەکە و هەمووکات چەند هەنگاو لە دوای بکرە سەرەکییەکەی گۆڕەپانی سیاسی ئێرانە. ئیسرائیل تێچووی شەڕی خۆی لەگەڵ ئێران، لە بەریەککەوتن و پێوەندی خۆی لەگەڵ بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت ئەوروپا دەدات. کاتێک تێچووی شەڕی ئێران ئەوەندە لەسەرەوەیە، ئیسرائیل قەت ڕێگە نادات چەند تاکە کەس لە توێی چەند بەیاننامەدا پلانەکانی تێکبدەن. بەشداری پژاک لەم پلەتفۆرمەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بناغەی پلەتفۆرمەکە لەگەڵ پرۆژەی ئیمراڵی—ئەنقەرە خۆی دەبینێتەوە و هاوکات ئەو بنەما فیکریەی کە پژاک باوەڕی پێیە، کورد وەک کۆیەکی خاوەن دەسەڵات پێناسە ناکات، تەنانەت دژی هەرجۆرە فۆرمێکە کە دەوڵەتی ئێران دابەش بکات. بۆ پژاک یەک ئامانج گرنگە، ئەوەیش پردەنەپێصەوەی ئەو پرۆژەیە کە باسم کرد.
بوونی حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆنگرەی ئازادی ئێران، خودی ئەو حیزبانەشی تووشی دژبەیەکی کردووە; بۆ پژاک ئەو جۆرە گۆڕەپانانە باشترین گۆڕەپانە بۆ سیاسەت کرد، بەڵام بۆ ئەو حیزبەکانی دیکە، دەرخەری تەنانەت بووە بە هۆی دروستبوونی گرفتی ناوخۆیی; بەشێک لە هەیکەلەی حیزبەکان دژی بەشداری لەو گۆنگرەیەدان، بەڵام سەرکردایەتییەکانیان هەوڵی مانەوە لەوێدا دەدەن. دروستبوونی کۆنگرەی ئازادی ئێران، لە کاتێکدا بوو کە ئەو لایەنانەی بێ هیوا بوون لە بەشداری چالاک لە گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێران، کوتوپڕ و یەکتریان بینیەوە و لە گەرمەی بەریەککەوتنی ئێران و ئیسرئیلدا دژایەتی خۆیان بۆ ئەو شەڕە دەربڕی. من هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆنگرەی ئازادی ئێران نابینم، چونکە هیچ ئەیجنسیەکی بۆ گۆرانکارییەکانی داهاتووی ئێران نییە.

قەندیل پرێس: وەک ئاگادارن، ململانێی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە قۆناغێکی هەستیاردایە؛ واشنتۆن گەمارۆ ئابوورییەکانی توندتر کردووەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ فشارەکان زێدەتر دەکات، هاوکات لە هەر ساتێکدا ئەگەری تەقینەوەی دۆخەکە و دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانی سەربازی لەئارادایە. خوێندنەوەی بەڕێزتان بۆ ئاراستەی ئەم ڕووداوانە و سیناریۆکانی بەردەم ئەم ململانێیە چییە؟

مەیسەم مورادی: خوێندنەوەی من بۆ بەریەککەوتنی نێوان ئێران و ئیسرائیل-ئەمریکا بەمجۆرەیە کە دەبێت وەک پرۆسەیەک بیبینین. ئەم پرۆسەیە کاتی زۆری ماوە بۆ ئەوەی بگاتە کۆتایی. ئەم پرۆسەیە لەوێدا هەڵکشانی بەخۆیەوە بینی، کە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئیسرائیل هەستا بە بڕینی دەستەکانی ئێران لە ناوچەکە؛ لێدان لە حەماس، ئۆپەراسیۆنی پەیجرەکان و کوشتنی حەسەن نەسرۆڵڵا، کەوتنی بەشار ئەسەد، لێدان لە سەرکردایەتی حوسیەکان و بەئامانجگرتنی توانای گرووپە عێراقییەکان. دوای ئەم قۆناغە، لە مانگی ئاپریلدا ئیسرائیل هێرشێکی بچووکی کردە سەر ئێران و ڕادار و سیستمی بەرگریی ئێرانی لەناو برد، واتە ئێران کوێر بوو، بۆیە یەکسەر کۆریدۆری ئاسمانی تەلئەڤیڤ—تاران کرایەوە و شەڕی ١٢–ڕۆژە ڕوویدا. لە شەڕی ١٢–ڕۆژەدا، ئیسرائیل پرژایە سەر لاشەی کۆماری ئیسلامی، بۆیە بینیمان پێگەی مووشەکی—درۆنی—ئەتۆمی ئێران، هاوکات لەگەڵ بەشێک لە سەرکردە سەربازییەکانی ئێران لەناوچوون، واتە ماسۆلکەکانی ئەو لاشەیە، بەئامانجگیران. دواتر کە شەڕی ٤٠–ڕۆژە ڕوویدا، ئێران هەموو هەوڵی خۆی دا بۆ ئەوەی هەم لە رێگەی سیاسی و هەم لە ڕێگەی سەربازییەوە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە سنوور دووربکاتەوە و دواتر ڕێگریی بکات لە بوونێکی وەک کۆ لە یەک شوێنی دیاریکراودا. ئەوەی کە ڕوونە، ئەم پرۆسەیە هێشتا تەواو نەبووە و قۆناغی دیکەی ماوە، کە ئەویش قۆناغی ئیفلیجکردنی دەوڵەتە، واتە لێدان لە ژێرخانی وزە و ئەو تواناییەی کە دەوڵەت بۆ دەرپەڕاندنی کاری ڕۆژانەی خۆی، پشتی پێ دەبەستێت، بۆیە ئەم پرۆسەیە هێشتا تەواو نەبووە و درێژەی هەیە؛ شەڕی داهاتوو، لێدان لە بڕبڕەی پشتی دەوڵەتی ئێرانە. من باوەڕم وایە کە کێشەی نێوان ئێران و ئیسرائیل تەنیا یەک ڕێگای چارەسەری هەیە، ئەویش شەڕە. هەم ئیسرائیل و هەم ئێران، باوەڕیان وایە کە دەبێت یەکتر بەچۆکدا بدەن. تیۆری ڕیالیسمی هێرشبەر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەوڵەتەکان تەنیا یەک ئامانجیان هەیە، ئەویش مسۆگەرکردنی مانەوەی خۆیانە. دەوڵەت بۆ ئەوەی مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات، هەوڵ دەدات خۆی بەهێز بکات و لە کاتی گونجاودا نەیارەکەی تێکبشکێنێت. دۆسیەی ئێران بۆ ئیسرائیل، جیاوازە لەگەڵ ئەمریکا. ئەمریکا دەتوانێت لە شوێنێکدا هێرش بکاتە سەر ئێران و ڕۆژەی دواتری دانوستاندنی لەگەڵ بکات و دواتر بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵیدا، بەڵام بۆ ئیسرائیل جیاوازە. ئیسرائیل بەوجۆرە چاو لە ئێران دەکات کە لە هەرێمێکدا لەگەڵی دەژی، مووشەکەکانی گەیشتووەتە تەلئەڤیڤ و زیانی مادی و گیانی هەبووە، هەوڵ بۆ دروستکردنی چەکی ناوەکی دەدات و لەسەر مووشەکەکانی دەنووسێت “ئیسرائیل دەبێت بسڕدرێتەوە”. بۆیە ئیسرائیل بەگوتەی یوسی کۆهن، سەرۆکی پێشووی مۆساد، هەوڵ بۆ هەڵتەکاندنی کۆڵەکەکانی دەوڵەتی ئێران دەکات. یوسی کۆهن لە کتێبەی خۆیدا دەڵێت: ئێران خاوەن جوگرافیایەکی زۆرر گەورەیە، ٩٠ ملیۆن کەس دانیشتوانی ئەو جوگرافیایەن، ناسیۆناڵیزمێکیان هەیە کە تێکەڵاو بە شیعەگەری بووە و باس لە لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەن. ئەمە واتە مەترسی وجودی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و دەبێت ئەو مەترسیە بنبڕ بکرێت. بۆیە من باوەڕم وایە کە بۆ ئیسرائیل تاکە ڕێگەی چارەسەرکردنی پرسی ئێران، شەڕێکی وێرانکەرە، ئەو شەڕەش دووبارە دەبینینەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. ناسر باباخانی بۆ قەندیل پرێس: هاوپەیمانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنێک کە دان بە مافی نەتەوەیی کورددا نەنێت، هیچ دەردێک لە ئێمە دەرمان ناکات

قەندیل پرێس – د. ناسر باباخانی، شرۆڤەکاری سیاسی، لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی «قەندیل …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *