قەندیل پرێس- وتووێژ
لە چوارچێوەی گرنگیپێدان بە وەرچەرخانە جیۆپۆلەتیکی و ئەمنییەکانی ناوچەکە، ئاڵۆزبوونی قەیرانەکانی تاران و کاریگەرییان لەسەر داهاتووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئاژانسی «قەندیل پرێس» دیمانەیەکی فراوان و تێروتەسەلی لەگەڵ نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی بەڕێز مەنسوور عەزیزی ساز کردووە.
لەم دیمانەیەدا، کە تیشک خراوەتەسەر پێنج تەوەر و پرسیاری هەستیاری پەیوەست بە داهاتووی کورد لە ئێراندا، مەنسوور عەزیزی دیدگا و شیکارییە قووڵەکانی خۆی خستووەتە ڕوو و وەڵامی تێرپڕی بۆ پرسیارەکان پێشکەش کردووە.
لێرەدا پوختەیەک لەو وەڵام و تێڕوانینانە دەخەینە ڕوو کە لەم دیمانە ڤیدیۆییەدا هاتوون:
١. ئاڵنگاریی گوتاری کورد لە هاوپەیمانێتییە سەرتاسەرییەکاندا
سەبارەت بە بەشداریکردنی هێزە کوردییەکان لە ئیئتیلافە سەرتاسەرییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا و مەترسیی کشانەوەی گوتاری کورد، ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێت کورد و نەتەوە بندەستەکانیتر بکاتە سووتەمەنی بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی. لەو ڕوانگەیەوە، پێویستە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە یەکگرتوویی سیاسەت بکەن و بۆ هەر هاوپەیمانییەک مەرجی پێشوەختەیان هەبێت بۆ ئەوەی مافە نەتەوەییەکان و مافی چارەی خۆنووسین لەژێر ناو و دروشمی هاووڵاتیبوونی فردیدا پشتگوێ نەخرێن و نەپەراوێز بخرێن.
٢. گەمارۆی ئەمنی و گواستنەوەی خەبات بۆ قوڵایی مەیدانی لە ڕۆژهەڵات
لەبارەی کاریگەریی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و تاران و تەنگژەپێهەڵچنینی کەمپەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، عەزیزی ئاماژەی بەوە دا کە لە نێوان ڕۆژهەڵات و باشووردا پەیوەندییەکی مێژوویی هەیە، بەڵام هەردوو حکوومەتی ئێران و عێراق هەرێمی کوردستانیان خزاندووەتە ناو ڕێککەوتنێکی ناچارییەوە. هەر بۆیە، لەم دۆخە نوێیەدا پێویستە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات شێوازی خەباتیان بگۆڕن و قورسایی و کێشی خەبات لە سنوورەکانەوە بگوازنەوە بۆ ناو قوڵایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکان.
٣. ململانێی دەرەکیی ئێران؛ هەلێک بۆ ڕزگاری یان پەردەیەک بەسەر سەرکوتدا؟
لە شیکارکردنی سیناریۆی پێکدادانی سەربازیی نێوان ئێران و لایەنە دەرەکییەکان (وەک ئەمریکا و ئیسرائیل)، ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە شەڕی ئێران تەنها بەهانایەکە بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد و ناڕازیی ناوخۆیی و کۆماری ئیسلامی لەم قەیرانانەدا زیاتر دەستی بۆ سەرکوتکردن دەکرێتەوە، نەک ئەوەی بە ئاسانی ڕێگا بۆ کرانەوەی دەرفەتی ڕزگاری خۆش بکات.
٤. بەرکەوتنی مۆدێلە فیکرییەکان (فیدراڵیزم بەرامبەر ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک)
سەبارەت به جیاوازیی نێوان پروپاگەندەی فیدراڵیزمی نەتەوەیی و مۆدێلی «ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک»، مەنسوور عەزیزی سەرنجێکی قووڵی خستە ڕوو و ڕایگەیاند کە ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک هەمان جووڵە و هزری ئەتاتورک و ڕەزا شایە بۆ تواندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ناوەندگەرایی لە ژێر ناوێکی نوێدا.
٥. سەرمایەی شەقام و ئاڵنگاریی ڕێبەرایەتیکردنی سیاسی
لە تەوەری کۆتاییدا سەبارەت بە هێز و ورەی خەڵک و مانگرتنە سەرتاسەرییەکان، ناوبراو بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە ڕۆشنبیری و هوشیاریی شەقامی کوردی لە ڕۆژهەڵات زۆر لە پێشەوەی حزبەکانە، و کێشەی سەرەکی لەوەدایە کە ئەم وزە و سەرمایە جەماوەرییە گەورەیە چۆن لەلایەن سەرکردایەتییە سیاسییەکانەوە ڕێک دەخرێت و دەگۆڕدرێت بۆ دەستکەوتێکی پایەدار.
قەندیل پرێس