مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە کۆبوونەوە. بارەگای بارزانی دەڵێت، بارزانی ئاماژەی بەوەدا، “پێویستە پرسی کورد بە شێوازێکی دیموکراسییانە و ئاشتییانە لە چوارچێوەی سووریای تازەدا چارەسەر ببێت و هەڵەکانی رابردوو چارەسەر ببن و دووبارە نەبنەوە”.
کۆبوونەوەکە لە شاری دهۆک ئەنجامدرا. بارەگای بارزانی دەڵێت، محەمەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەکەسە و عوسمان بایدەمیر سیاسەتڤانی باکووری کوردستان و چەند کەسایەتی و بەرپرسی دیکەی رۆژئاوا بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.
بارەگای بارزانی دەڵێت، بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، “خۆشحاڵی”ـی خۆی دەربڕی کە هەردوو لایەن بەیەکەوە بەشدارن لە کۆڕبەندی مێپس 2025 لە شاری دهۆک و هەردوولا “سوپاسی رۆڵی بارزانییان کرد لە بەرگری لە دۆزی رەوای گەلی کوردستان.”
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکە بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەسەر بارودۆخی سووریا و ناوچەکە و مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە “پێویستە پرسی کورد بە شێوازێکی دیموکراسییانە و ئاشتییانە لە چوارچێوەی سووریای تازەدا چارەسەر ببێت و هەڵەکانی رابردوو چارەسەر ببن و دووبارە نەبنەوە”.
لە کۆبوونەوەکەدا، بارزانی جەختی لە “پشوودرێژی، تەبایی و یەکڕیزی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کورد کردەوە” و ئاماژەی بەوەدا، “نابێت مافەکانی گەلی کورد پێشێل بکرێن.”
مەزڵووم عەبدی “سوپاس”ـی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بانگهێشتکردنی بۆ کۆڕبەندی مێپس 2025.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات باسی لە رۆڵی مەسعود بارزانی کرد “لە بەرامبەر هەوڵەکانی لەپێناو نزیکبوونەوە و بەدیهێنانی یەکڕیزی لەنێوان لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان” و “پاڵپشتییەکانی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەرگایان کراوەبوو بۆ حەواندنەوەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و پاڵپشتیەکانی هەرێمی کوردستانی لە تێکشکاندنی تیرۆر بەرز نرخاند.”
مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و پشتیوانی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
قەندیل پرێس