فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات، پەیامێکی لە بارەی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بڕیارەکە “جێگەی رێزە”.
رۆژی دووشەممە 12-05-2025 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند: “بڕیارەکانی پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی رێکخستن، کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری و دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسەتی دیموکراسی، لەسەر بانگەوازی سەرۆک ئۆجەلان جێگەی رێزە.”
پارتی کرێکارانی کوردستان، کە لە رۆژانی 5- 7ی ئەم مانگە کۆنگرەی 12ی خۆی بەست، ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجامەکەی رایگەیاند و بڕیاری دا چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
فەرماندەی گشتی هەسەدە، لە بەشێکی پەیامەکەی دەڵێت: “پەکەکە لە قۆناخی رابردوودا، رۆڵێکی مێژوویی و سەرەکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گێڕاوە. ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەم هەنگاوە نوێیە رێگە خۆش دەکات بۆ پرۆسەیەکی سیاسی و ئاشتیانەی نوێ لە ناوچەکەدا.”
مەزڵووم عەبدی هیوادارە، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەنگاوی پێویست بنێن و هەموو دۆستان پشتیوانی پرۆسەکە بکەن.
قەندیل پرێس