فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات “هەسەدە” رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناغی راگوزەری سووریا لە دیمەشق تاوتوێی چەند پرسێکیان کردووە و سەبارەت بە سیستمی سیاسیی سووریا و هەسەدە بۆچوونی جیاوازیان هەبووە.
مەزڵوم عەبدی لە دۆکیۆمێنتاریی “رێگای عەبدی”ـدا چەند نهێنییەکی لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع بۆ کەناڵ8 خستەڕوو، فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەڵێت، لە پرسە گشتییەکاندا بۆچوونمان وەکو یەک بوو، ئێمەش دەمانەوێت سووریا یەکپارچە بێت و لەگەڵ دابەشکردنی سووریادا نین، بەڵام سەبارەت بە سیستمی سیاسیی سووریا بۆچوونمان جیاواز بوو، ئێمە دەمانەوێت سووریا لامەرکەزی بێت، بەڵام ئەحمەد شەرع سووریایەکی مەرکەزیی دەوێت.
لەبارەى تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سووریا، مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، ئەحمەد شەرع دەیەوێت ئەو پرۆسەیە بە زوویی ئەنجامبدرێت، بەڵام ئێمە پێمانوایە ئەو پرۆسەیە کاتی زیاتری دەوێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا هەماهەنگی ئەمنیی لەنێوان هەردوولاماندا هەیە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی شەڕ، ئەمریکا و فەڕەنسا و چەند وڵاتێکی دیکەش نێوەندگیری لەنێوان ئێمە و دەسەڵاتی نوێی سووریادا دەکەن، هەمووان دەیانەوێت کێشەکان بە دانوستان چارەسەربکرێن.
قەندیل پرێس