✍ ئاسۆ ساڵح
ساڵی ١٩٧٤، کاتێک ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ لەنێوان ڕێژیمی بەعس و بزووتنەوەی کورد بەرەو قۆناغێکی کۆتایی نزیک دەبوو، شاندێکی کوردی بە سەرۆکایەتی ئیدریس بارزانی بەرەو بەغدا بەڕێ دەکەوێت. لە سەر داوای هەردوو لا، واتە سەدام حوسێن و ئیدریس بارزانی، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە دانوستانەکانی ٨ تا ١١ی ئادار لە بەغدا بەشدار دەبێت.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، قاسملوو هەموو هەوڵی ئەوە بووە کە پرۆسەی ئاشتی لەنێوان کورد و ڕێژیمی بەعس بەردەوام بێت و شەڕ جارێکی دیکە لە کوردستان سەرهەڵنەداتەوە. دوکتور قاسملوو ڕێککەوتننامەی ١٩٧٠ی بە دەسکەوتێکی گرنگ بۆ هەموو نەتەوەی کورد دەزانی و هەوڵی دەدا ئەو دەسکەوتە بپارێزرێت و ڕێککەوتننامەکە بەردەوام بێت.
لە دوا قۆناغی دانوستانەکاندا، ڕێژیمی بەعس پێشنیاری دانپێدانان بە ئۆتۆنۆمیی کورد دەکات و لە چوارچێوەی یاسای حوکمی زاتیدا، هەولێر وەک پایتەختی دەسەڵاتێکی خۆجێیی دەناسێنێت. بەپێی ئەو پێشنیارە، خودموختاری تەنیا ئەو ناوچانە دەگرتەوە کە زۆرینەی دانیشتووانیان کورد بوون. هەروەها ناوچەی خودموختار دەیتوانی خاوەنی دامەزراوە ئیدارییەکان و بودجەی تایبەت بە خۆی بێت.
بەڵام شاندی کوردی بە سەرۆکایەتی ئیدریس بارزانی ئەم پێشنیارانە قەبووڵ ناکات. لایەنی کورد پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی ئۆتۆنۆمییەکی “ڕاستەقینە”، بەشداریی کورد لە دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا و هەروەها لکاندنی کەرکووک بە هەرێمی خودموختاری کوردستان دەکات.
قاسملوو، کە شارەزای بارودۆخە سیاسییەکە بوو و نیگەرانییەکی قووڵی لە دەستپێکردنەوەی شەڕ هەبوو، لەسەر کورسییەکەی هەڵدەستێت، خۆی لە گوێی ئیدریس بارزانی نزیک دەکاتەوە و دەڵێت: “کاک ئیدریس، باشتر وایە ئەم پێشنیارانە قەبووڵ بکەین، ئەگینا هەرچی دەسکەوتمان لە باشووری کوردستان هەیە، لە دەستی دەدەین.”
ئیدریس وەڵامی دەداتەوە: “نا، نا! بەعس داواکارییەکانمان قەبووڵ دەکات. ئەوان لە بارودۆخێکی نالەباری سیاسی و سەربازیدان.”
دوکتور قاسملوو، کە نیگەرانییەکەی زیاتر بوو، جارێکی دیکە پێداگری دەکات و دەڵێت:”با هەندێک بە بەرپرسیارەتییەوە (واتە “مەسئولانە”) بجووڵێینەوە. ئەگەر قەبووڵیان نەکرد، دۆڕاوین.”
ئیدریس بارزانی، بە نیشانەی پشتگوێخستنی قسەکانی دوکتور قاسملوو، سەری تەکان”. دوکتور سەری داخست و بە نیگەرانییەوە لەسەر کورسییەکەی دانیشت.
ڕێژیمی بەعس داواکارییەکانی ئیدریس بارزانیی قەبووڵ نەکرد و دانوستانەکان شکستیان هێنا. شەڕ لە کوردستان جارێکی دیکە دەستی پێکردەوە. ساڵێک دواتر، پەیمانی ئەلجەزایر لەنێوان سەدام و شای ئێران واژۆ کرا. بەدوای ئەو ڕێککەوتنەدا، پشتیوانیی ئێران لە بزووتنەوەی باشووری کوردستان ڕاگیرا و شۆڕشی ئەیلوول تووشی شکستێکی گەورە بوو. مەلا مستەفا بارزانی “ئاشبەتاڵ”ی ڕاگەیاند.
بەم پێیە، هەرچۆن دوکتور قاسملوو پێش بینیی کردبوو، بزوتنەوەی کورد لە باشوور نە تەنیا هیچی بە دەستنەهێنا، هەموو دەسکەوتەکانی پێشووتریشی دۆڕاند. ئاخر ئەوانە دانووستانیان دەکرد، “مەسئولانە” نەجووڵابوونەوە!
قەندیل پرێس