به‌په‌له

لە هەر شوێنێکی ئەو جیهانە بڵەیت بەختەوەرم کە دەوڵەتم نییە لە باشترین حاڵەتەکەیدا بە گەمژەت دادەنێن

✍ د. محەممەد حسێن‌زادە

“کابرا” دەڵێت ئەها خاوەندارانی “دەوڵەت-نەتەوە”، ئێمەی “بێ بەری لە دەوڵەت-نەتەوە”یان ئەنفال و کۆمەڵکوژ کرد، کەوابوو دەوڵەت شەڕە و ئێمە بەختەورین کە دەوڵەتمان نەبووە!

ئەگەر کەسێک بڵێت ئەمە قسەیەکی گەمژانەیە، دەڵێت زۆربەی ئەوانە بە گەمژەم دەزانن “خاکفرۆش و کوردی بێ نامووسن و شایستەی وەڵام دانەوە نین و حەزیان لە شەڕە جنێو و قسەی نائەخلاقیانەیە. پەروەردەی ماڵ و حیزبیان ئەوەندەی تێدایە چاوەڕێی باشەیەکیان لێ ناکرێت”!

لەڕاستیدا، باسی حیزبایەتی و پرسی کوردستانیش وەلا بنەیت، لە هەر شوێنێکی ئەو جیهانە بڵەیت بەختەوەرم کە دەوڵەتم نییە لە باشترین حاڵەتەکەیدا بە گەمژەت دادەنێن. هەر ئەو سیاسەتی نێودەوڵەتییە کە تۆ وەک کارناسێک خۆت سەرقاڵی لێکدانەوە و شیکردنەوەی کردووە “دەوڵەت-نەتەوە”ی لێ بسڕنەوە دەبێ قاپاتی بکەن، چوونکە ئەو لقە زانستییە هیچ شتێکی بۆ وتن تێدا نامانێت. سەیرەکەی ئەوەیە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتیش بیت لە هیچ تیۆری و لێکدانەوەیەکدا حسێبی پووشێکت بۆ ناکرێت.

من تەنیا ئەوەندە دەڵێم، تۆ کاتێک باسی “بێ نامووس”ی دەکەیت ڕەنگە چاوت لە ناوگەڵ بێت، بەڵام لە ڕووە سیاسییەکەیەوە، لانیکەم ٣٧٨ ساڵە، واتە ٢٦٩ ساڵ پێش ئەو سایکس-پیکۆیەی تۆ بە خاڵی دەستپێکردنی بەختەوەری کوردی دەزانیت، دەوڵەت هەم وەک نامووسی نەتەوەیی سەیر دەکرێت و هەم وەک “ناموس”ی سیاسەتی جیهانی. لە سەردەمی سایکس پیکۆدا لە هەموو جیهاندا تەنیا ٣٢ دەوڵەت هەبوون، دە ساڵ دوای ئەوە بوونە ٤٢ دەوڵەت، دوای شەڕی جیهانی دووەم بوونە ٥٢ دەوڵەت،هەشتا ساڵ دوای سایکس-پیکۆ و لەو ساڵەدا تۆ بە هۆی بێدەوڵەتی ئەنفال دەکرایت ژمارەی دەوڵەتەکان گەیشتە ١٥٩. ئێستا کە باسی بەختەوەری کورد دەکەیت بە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتی نییە، زیاتر لە ٢٠٠ دەوڵەت ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن کە تۆی کوردی بەختەوەر چەند ساڵ جارێک لەتەچنی و دەرۆزە و سواڵی ئەوەیان لێ دەکەیت بە ناوهێنانێکیش بووە لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا بەر بە کۆمەڵکوژیت لە لایەن “دەوڵەتدارەکان”ەوە بگرن! بۆچی؟ چونکە خۆت مافی دەنگدان و دەنگ هەڵبڕینت لە هیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیدا نییە و مرۆڤ هەژمار ناکریت. هۆکار؟ چونکە دەوڵەتت نییە!

جا تۆ دەتوانی پڕۆپاگەندە بۆ هەر بیرۆکەیەکی حیزبی و ناحیزبی بکەیت، تەنانەت دەتوانی حەقیقەتی ململانێی مێژوویی گەلان سەروەنخوون بکەیت و وەک برایەتی گەلان بینوێنی و پاساویش بهێنیتەوە و کەسانێکی زۆریش لانیکەم بە حورمەتی ئەو خوێنە پاکانە کە ڕژاوە و ئەو دڵە پاکانە بە هیوای ڕزگارییەوە پەیوەست بە لایەنە خوازراوەکەت بوون، بێ دەنگ بن و بە هۆکارگەلی جیاواز تەنانەت ڕەخنەشتان لێ نەگرن، بەڵام نەک تا ئەو شوێنەی  بێ شەرمانە چاو ببڕیتە نێو چاوی خەڵک و هەموو ڕاستی و حەقیقەتەکانی سیاسەت و مێژوو قەڵپ و چەواشە بکەیت!

دووبارە هەوڵبدەرەوە

لەسەر ئینتگراسیۆن بە سێ ڕۆچنە!

✍ شاڕوخ حەسەن‌زادە یەک: تێڕوانین و جیهانبینی سیاسیی سەرکەوتوو بۆ کۆمەڵگەی کوردستان دەبێ لەسەر بنەمای …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *