به‌په‌له

لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئامەدەوە بۆ قامچیی جەلادەکان؛ مەهدی زانا چۆن باسی دۆزەخی زیندان دەکات؟

قەندیل پرێس

​ئەوەی لە زیندانی ژمارە پێنجی ئامەد بەرامبەر من و زیندانییە سیاسییەکانی کورد کرا، هیچ عەقڵ و ویژدانێکی مرۆڤایەتی تەقەبولی ناکات و لە بیری مرۆڤدا جێگەی نابێتەوە؛ کار گەیشتبووە ئەو پەڕی وەحشیگەری کاتێک جەلادەکان بە زۆرەملێ جرد و بۆقیان دەرخواردی زیندانییەکان دەدا و دەستیان لە هیچ سووکایەتی و شکاندنێکی کەرامەتی مرۆڤ نەدەپاراست.

بەم وشانە، مەهدی زانا دوای ئازادبوونی لەو تاریکستانە، پەردەی لەسەر دڕندانەترین و نامرۆڤانەترین قۆناغی ئەشکەنجەی دەوڵەتی تورکیا هەڵماڵی. جەلادەکانی زیندانی سەربازیی ئامەد بە بەرنامە کاریان لەسەر تێکشکاندنی ئیرادە و ڕۆحی زیندانییە کوردەکان دەکرد، بە شێوەیەک لەگەڵ هەر لێدان و قامچییەک لە مەهدی زانا، بە پێکەنین و گاڵتەجاڕییەوە بە دەنگی بەرز بە زیندانییەکانی دیکەیان دەگوت بڕوانن سەرۆکی شارەوانییەکەتان لە ژێر دەستی ئێمەدا چۆنە و چۆن دەیهاڕین. بەڵام زانا سەرەڕای ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجە نامرۆڤانەیە، ئەو زیندانەی کردە سەنگەری پۆڵایینی خۆڕاگری و بە ورەبەرزییەکەیەوە ببووە گەورەترین سەرچاوەی مۆڕاڵ بۆ هەموو زیندانییەکان.

​مەهدی زانا ساڵی ١٩٤٠ لە شارۆچکەی فارقینی سەر بە ئامەد لەدایک بوو. سەرەتای هۆشیاری و تێکەڵبوونی بە سیاسەت لە دوکانی بەرگدرووییەکەی مامۆستا نیازییەوە دەستی پێکرد، ئەو شوێنەی کە لە شەستەکاندا ببووە مەڵبەندی کۆبوونەوەی ڕۆشنبیران و هەڵسوڕاوانی چەپی کورد. زانا هەر زوو هاتە ناو کاری ڕێکخراوەیی و لە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی تورکیا و ناوەندە ڕۆشنبیرییە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵات چالاکانە تێکۆشا، بەهۆی ئەو چالاکییانەشەوە لە ساڵانی ١٩٦٩ و دوای کودەتای ١٩٧١ خرایە زیندانەوە. دوای لێبوردنی گشتی لە ساڵی ١٩٧٤، لەگەڵ کەمال بورقای و ژمارەیەک هاوڕێی لە ساڵی ١٩٧٥ پارتی سۆسیالیستی کوردستانی تورکیای دامەزراند تا کورد خاوەنی ڕێکخستنی سەربەخۆی خۆی بێت.

​خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی لە ژیانی سیاسی ئەودا لە ساڵی ١٩٧٧ تۆمارکرا، کاتێک وەک کاندیدی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنی شارەوانیی ئامەد سەرکەوتنی بەدەستهێنا. ئەو یەکەم سەرۆکی شارەوانی بوو کە بە بوێری زمانی کوردی بردە ناو دامودەزگای فەرمی و پێداگری لەسەر ناسنامە و پێگەی نەتەوەیی شارەکە کرد. دوای کودەتا سەربازییەکەی ١٩٨٠، ڕاپێچی زیندانی ژمارە پێنجی ئامەد کرا و بە گشتی نزیکەی ١٦ ساڵی تەمەنی لە زینداندا بەسەربرد. دوای ئازادبوونیشی، لە کتێبەکانی وەک «چاوەڕوان بە دیاربەکر» و «ڕۆژگاری دڕندەیی» تەواوی تاوان و دڕندەیی جەلادەکانی بەبەڵگە کرد. لە ساڵی ١٩٩٤ بەهۆی بەردەوامیی فشارەکان ناچار بوو ڕوو لە هەندەران بکات و ساڵانێکی زۆر لە وڵاتی سوید لە دەربەدەریدا ژیا.

مەهدی زانا هاوسەری سیاسەتمەداری ناوداری کورد لەیلا زانا و برای شوکران زانا، پاش نیو سەدە خەبات و بەرگریکردن لە شکۆی گەلەکەی، لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا و دوای ١٥ ڕۆژ مانەوە لە ژێر چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئامەد کۆچی دوایی کرد و مێژوویەکی پڕ لە سەروەری بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێهێشت.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

ڕێبەر ئەحمەد: پەکەکە و حەشدی شەعبی دیموگرافی شنگالیان گۆڕی

قەندیل پرێس ​لە وتارێکیدا لە میانی پانێڵەکانی دیداری مێری لە هەولێر، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *