✍ شاڕوخ حەسەنزادە
یەک:
تێڕوانین و جیهانبینی سیاسیی سەرکەوتوو بۆ کۆمەڵگەی کوردستان دەبێ لەسەر بنەمای مۆدێلێکی هاوسەنگ و زانستی دابڕێژرێت کە تێیدا سێکوچکەی مافی نەتەوایەتی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پرسی دێموکراسی بە شێوازێکی هاوتەریب و لێک دانەبڕاو چارەسەر بکرێن. بە جۆرێک کە چەمکە سیاسی و ئابوورییەکان لە قالبی دروشمی هاوردەکراو و دۆگمات ڕزگار بکرێن و بە تەواوی دەگەڵ پێکهاتەی فەرهەنگی، ئۆلی و واقیعی کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان بگونجێندرێن هەتا بۆ جەماوەر شیاوی تێگەیشتن و هەزمکردن بێت. هەر چەمکێکی سیاسی کە بۆ کۆمەڵگەی کوردستان پێشنیار دەکرێت، پێویستە ڕێک وەک ئەو ئەزموونە مێژووییەی نەمر د.قاسملوو لە هێنان و گونجاندنی سۆسیالیزمی دێموکراتیکدا کردی، دەگەڵ پێوەرە ڕەسەنەکانی فەرهەنگ، نەریت و داخوازییە نەتەوایەتییەکاندا یەک بگرێتەوە. ئەم فۆرموولە سیاسییە، پێویستە لە لایەکەوە سنووربەندی دەگەڵ ئەو چەپڕەوییە ڕادیکاڵ و دۆگماتەدا بکات کە بە ناوی دادپەروەرییەوە حاشا لە پرسی نەتەوایەتی دەکات و، لە لایەکی دیکەشەوە، سنووربەندی دەگەڵ ئەو ناسیونالیزمە بەرچاوتەنگە بکات کە کێشە ناوخۆییەکان و مافی چینە هەژار و بێبەشەکان لەبیر دەکات. ئەم شێوازە کوردییە، بە پێچەوانەی ناسیونالیزمی ڕادیکاڵ کە کێشە ناوخۆییەکان و مافی چینی هەژار و ژنان لەبەرچاو ناگرێ و، بە پێچەوانەی چەپیی وشکی ئینتەرناسیونالیستی کە مافی دەوڵەت-نەتەوە بە داگیرکار دەدا بەڵام بۆ نەتەوەکەی خۆی بە ڕەوا نازانێ، ڕێگەیەکی سێهەم و هاوسەنگ پێشکەش دەکات کە مرۆڤ و دادپەروەری دەکاتە چەقی سەرەکی بەبێ ئەوەی ناسنامەی نەتەوەیی بکاتە قوربانی، بەمەش فەزایەک بۆ جیابیری، پێداچوونەوە و ڕەخنەگرتنی ئازاد لە نێو سیستەمی سیاسی و حیزبیدا دەستەبەر دەکات.
لە ڕوانگەیەکی زانستی و مێژووییەوە، ئەزموونی وڵاتانی جیهان سەلماندوویەتی کە ڕەوتە تاک ڕەهەندەکان مەحکووم بە شکستن؛ وەک چۆن یەکێتیی سۆڤیەت بەهۆی پشتگوێخستنی مافی نەتەوەکان و نەبوونی دێموکراسی لە ناوەوە هەرەسی هێنا و ڕژێمی ئاپارتایدی ئەفریقای باشووریش بەهۆی ناسیونالیزمی نادادپەروەرانە و پێشێلکردنی مافی کۆمەڵایەتی زۆرینەی خەڵک تووشی داڕمان بوو، لە بەرامبەردا، مۆدێلە پێشکەوتووەکانی وەک سۆسیال-دێموکراسیی سکاندیناڤیا و سۆسیال-لیبرالیزمی ڕۆژاوایی وەک نموونەیەک نیشان دەدەن کە چۆن دەکرێت پاراستنی شوناسی نەتەوەیی، ئازادییەکانی تاک و گەشەی ئابووری، دەگەڵ بەرزترین ئاستی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی یەک بخرێن. کەواتە هێنانەدی ئەم هاوسەنگییە نیشتمانی و چینایەتییە لە ڕێگەی دێموکراسییەوە، تەنیا بژاردەی لۆژیکی و زانستییە کە دەتوانێت بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە گۆشەگیری و فرەکوێخایی ڕزگار بکات و مۆدێلێکی پایەدار و گشتگیر بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بخاتە ڕوو. لێرەشەوەیە کە پارادۆکسی مۆدێلی “ئەنتیگراسیۆن”ی پکک دەردەکەوێت؛ چوونکە لە لایەکەوە بە زمانێکی ئاڵۆز و نامۆ بۆ کۆمەڵگە داڕێژاوە کە دەگەڵ خواستە مێژووییەکانی کورد بۆ قەوارەیەکی نەتەوەیی سەربەخۆ یان فیدراڵ و خودموختار نایەتەوە و، لە لایەکی دیکەشەوە لە ژێر دروشمی ئەنتیگراسیۆنی دێموکراتیکدا،ناتوانێت سنووربەندییەکی ڕوون دەگەڵ دەوڵەتە ناوەندییە تۆتالیترەکان بکات و لە ناوخۆی خۆشی دا بەهۆی پێکهاتە دۆگم و کاریزماتیكە ستالینیستییەکەیەوە، فەزای جیابیری و ڕەخنەگرتن کە بنەمای سەرەکیی مۆدێلە دێموکراتی و پێشکەوتنخوازەکانە، بە تەواوی دەخزێنێتە پەراوێزەوە.
دوو:
گهورهترین پارادۆكس و ههڵهی مێتۆدۆلۆژی لە ههوڵه ئهدەبی و سیاسییەکانی پکک-دا (بۆ میناک لە نووسینی “قاسملو در قامشلو” لە لایەن شاهۆ ناوێک)، لە کەمفامکردن و شێواندنی فەلسەفەی ڕۆمانی “جەمشید خانی مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد”(بەرهەمی بەختیار عەلی) دەردەکەوێت. شاهۆ، کە پێدەچێت سەرکردەیەک لە ژێر کارتێکەریی قورسی ئایدۆلۆژیای ئاپۆییدا بێت، بە پێچەوانەی ئێمە کە بە ناسنامەی ڕاستەقینە و بە ئاشکرا دەنووسین؛ تەنیا بە مەبەستی چەواشەکردنی مێژوو و دۆزینەوەی شەرعیەت بۆ ئایدیای “ئەنتیگراسیۆن” کەرەستەی ئەدەبی دەقۆزێتەوە و، تێناگات کە کارەکتەری جەمشید خان لە چەمکە فەلسەفییەکەیدا، تەنیا باس لە کەسێکی کێشسووک ناکات، بەڵکو خوازەیەکە لە تاک یان ڕەوتێکی بێئەزموون و بێئاوەز کە لە مێژووی هاوچەرخدا (لە نێوان گۆڕانکارییەکانی شۆڕشی ١٩٧٩، شەڕی وێرانکاری ئێران و عێراق و کارەساتەکانی تردا) بەبێ ئیرادەی خۆی بە با-ی ڕووداوەکان وەک کۆلارە لە ئاسمانا دەلەرێتەوە؛ بەڵام شێوازی گەشەکردنی جەمشید خان نیشان دەدات کە چۆن تێپەڕبوون بە ناو شەڕ و ڕووداوەکان و مێژوودا، جەستە و هۆشی مرۆڤ قورس دەکات و کاتێک مێژووەکە لەسەر سینگی دەنووسرێتەوە، چیتر هیچ بایەک ناتوانێت بێئیرادەی بکا و دەهەوای بکات.
کەچی حەق وابوو، ئەو تیۆریسیەنەی پکک کە دەبێ تەمەنێکی درێژی لە کایەی سیاسی و خوێندنەوەی مێژووییان هەبێ، تێبگەن کە ناتوانرێت وەک کۆلارەیەکی سووک بە ئاسمانی دروشمە خەیاڵییەکاندا بفرن و بلەرێنەوە، بەڵکوو دەبێ بە ئاوەزمەندی و قورساییەکی مێژووییەوە بیر لە واقعی بەرژەوەندییەکانی کورد و کوردستان بکەنەوە.
قاسملوو و بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خوێندنەوەی وردی مێژوو، قورسایی خۆیان لەسەر ڕەوشی ڕاستەقینەی نیشتمان جێگیر کردبوو؛ کاتێک باسی خودموختاری یان فیدراڵیزمیان دەکرد، لە ناو چوارچێوەی قەوارەیەکی یاسایی و جوگرافیی ڕووندا دەدوان، نەک لە ناو دروشمگەلێکی بڵقاوی کە کێشەی خاک و حاکمیەتی نەتەوەیی کورد نەک هەر چارەسەر ناکات بەڵکوو لاواز و کەم دەکاتەوە بۆ ئاستی ئاوێتەبوون دەگەڵ دەوڵەتە تۆتالیترەکاندا کە دەیان ساڵە بە تێچووی پارەیەکی زۆر هەوڵی سەپاندنی ئەم سیاسەتە دەدەن. مۆدێلی ئەنتیگراسیۆن لە ڕاستیدا تەسلیمبوونە بەو “با” سیاسییە نوێیەی کە دەیەوێت بە ناوی جیهانگیری و دێموکراسیی شوراییەوە، ڕەسەنایەتی و قورسایی مێژوویی داخوازییە ڕەواکانی کورد بسڕێتەوە. ئەو لایەنانەی کە مێژووی دەیان ساڵەی خەباتی نەتەوایەتی و قوربانیدانی گەلەکەیان لەسەر سینگی خۆیان نەنووسیوەتەوە، بە ئاسانی وەک کۆلارەیەکی بێئیرادە لەگەڵ با-ی ئایدۆلۆژیای دەشەکێنەوە و لە ڕاستییەکان لادەدەن و دەیانەوێت تێکۆشەرێکی مێژوویی و ئاوەزمەندی وەک د.قاسملوو، کە هێمای قورسایی و خۆڕاگریی فیکری بوو لە بەرامبەر دوژمندا، وەک شەریک و هاوبیری فڕینە خەیاڵییەکانی خۆیان نیشان بدەن، ئەمەش نەک هەر نیشانەی کاڵفامی ئەدەبی و فکرییە، بەڵکوو هێمای مایەپووچییەکی گەورەی سیاسییە کە دەیەوێت بە ساختەکردنی ڕابردوو، ڕاکردنی ستراتیژیی خۆی لە پرسی نەتەوایەتی بشارێتەوە.
سێ:
لەم قۆناغە هەستیارە مێژوویی و ژیۆپۆلیتیکییەدا کە ناوچەکە بە گشتی و ئێران و کوردستان بە تایبەتی پێیدا تێدەپەڕن، هێنانەئارای چەمکە ناشیاو و ئاڵۆزەکان، تەنیا دەبنە هۆی پەرتبوونی ماتەوزەی خەباتگێڕانە و بەفیڕۆدانی وزەی تێکۆشەرانی کورد. ئەم چەمکە لێڵ و داتاشراوانە کە لە مێژووی هاوچەرخدا وەک بڵقی سەرئاو لە دروشمی سۆزداری “کوردستانی مەزن و چوارپارچەی کوردستان”ـەوە دەستیان پێکرد و ئینجا بە پاشەکشەیەکی قووڵی ستراتیژی گەیشتنە پێشنیارکردنی ئاوێتەبوون لە ناو دەوڵەتە ناوەندییەکاندا، ناتوانن لە بەرامبەر تاقیکردنەوەی سەختی مێژوودا خۆ ڕاگرن و مێژوویەک دەنووسنەوە کە تێیدا بێ بڕستی تیۆریی خۆیان دەسەلمێنن. لە کاتێکدا کە بەستێنی زێڕینی ڕووداوەکان پێویستی مێژوویی بە یەک گوتاری، یەکێتیی ڕێکخراوەیی و هاوپەیمانیی ستراتیژیی نێوان هێزەکانی کوردستان دەخوازێت هەتا هیوا مێژووییەکانی گەلەکەمان بپێکن، خاپاندنی فەزای سیاسی بە چەمکی نامۆ تەنیا دەبێتە هۆی دابەشبوونی وزەکان، داگژانی هێزەکان بەسەر یەکتردا و، گۆڕینی هاوکێشەی ململانێ لە بەگژداچوونەوەی داگیرکەرانەوە بۆ ناوخۆ؛ ئەمەش گەورەترین پاشەکشەی عەقڵانییە کە دەکرێت ڕەوتێکی سیاسی لە ساتەوەختی وەرچەرخانە مێژووییەکاندا تێی بکەوێت.
ئەرکی ئەخلاقی و زانستیی ئەمڕۆی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان، گەڕانەوەیەکی ئاوەزمەندانە و پێداگرییەکی پۆڵایینە لەسەر بنەما نەگۆڕەکانی مافی نەتەوایەتی، کە خۆی لە خاک، حاکمیەت و قەوارەیەکی سیاسی لۆژیکیدا دەبینێتەوە. ئەوجۆرە تیۆرییانە هەرچەندە بە ناوی نوێکاری و مۆدێرنیتەوە ڕەنگ بکرێن، دواجار دەپووکێنەوە و لەناو دەچن، بەڵام ئەوەی وەک ڕەسەنایەتی دەمێنێتەوە، وشیاریی نەتەوەیی و پاڵپشتیی هاوبەشی هێزە کوردستانییەکانە لە ناو بازنەی هاوپەیمانییەکی نیشتمانی یەکگرتوودا. ڕزگاریی کوردستان نە لە ڕێگەی چەمکە سەیروسەمەرەکانی بێ کەلک و ناو دەقەکان بەدەست دێت و، نە لە ڕێگەی کڕینی شەرعیەتی ساختە لە سیمبۆلە مێژووییەکانی وەک شەهید د.قاسملوو، بەڵکوو تەنیا لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ پێوەرە زانستییەکانی هاوسەنگیی نێوان شوناسی نەتەوەیی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مەیدانی ڕاستەقینەی خەبات و تێکۆشان وەدی دێت کە تێیدا یەکگرتوویی نیشتمانی دەبێتە قەڵغانی پاراستنی ئامانجە باڵاکان لە ناو زریانی گۆڕانکارییە ژیۆپۆلیتیکییەکان دا؛ ڕێک وەک ئەو سەنگەرە مێژووییەی کە هێزەکانی گەریلا و شەرڤان بە خوێنی ئاڵی خۆیان، بە فیداکاریی و تێکۆشانی بێوچان لە باکوور و ڕۆژاوای کوردستان، سەلماندوویانە کە مەیدانی ڕاستەقینەی کار و چالاکی و دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی ئەوان ڕێک ئەو جوگرافیایانەیە کە تێدا قارەمانانە گیان بازیان کردووە؛ لە کاتێکدا ئەرکی سەرەکیی پارچەکانی تری وەک ڕۆژهەڵاتیش، پاراستنی هەڤاڵەتی و هاوپشتیی نیشتمانییە لە پاڵ ڕاگرتنی قورسایی و ئیرادەی سەربەخۆی خەباتی تایبەت بە مەیدانی خۆی.
قەندیل پرێس