بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەکی ئەمنیی، هێزەکانی تورکیا ڕێوشوێنی ئەمنییان لەدەوروبەری بنکەی زیلکان لە ناوچەی باشیک لەباکوری نەینەوا توندترکردوەتەوە بۆ دڵنیابون لەچونە ژورەوەی کاروانێکی گەورەی سەربازیی بۆناو بنکەکە کە بەتۆپخانەی قورس تەیار کراوە.
ئەو سەرچاوەیە بەپێگەی تۆڕی هەواڵی عێراقی (ANN)ی ڕاگەیاندوە، لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا تورکیا هێنانی سەرباز و چەکو کەلوپەلی سەربازیی قورسی بۆناو بنکەکە زیادکردوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئاماژەکان بۆ بەهێزبونی هەمیشەیی بونی سەربازیی تورکیا لەهەرێمو عێراق زیادیانکردوە.
ئەوەش هاتوە، تۆپخانەکان لەشەودا هێنراون بۆ ئەوەی نەبنە جێگهی سەرنج.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو تۆپە قورسانەی دەگوازرێنەوە توانای ئەوەیان هەیە ناوچەیەکی فراوانی موسڵو ناوچەکانی دەوروبەری بکەنە ئامانج.
ڕونیشیکردوهتەوە، بنکەی زیلکان یەکێکە لەگەورەترینو گرنگترین بنکەی سەربازیی تورکیا لەعێراق کە دەکەوێتە پێگەیەکی جوگرافیی گرنگیی ئەووتۆ، کە دەتوانرێت لەوێوە هێرش بکرێتە سەرئامانجەکان لە قوڵایی خاکی عێراق.
لەساڵی 2016 تورکیا هێزێکی لەسەربازگەی زیلکان لەنزیک باشیک جێگیرکرد، کە سەدان سەرباز و تانکو زرێپۆشو چەکی قورسی تێدا جێگیرکراوە.
قەندیل پرێس