به‌په‌له

قەیرانی کۆڕەک تیلیکۆم دەتەقێتەوە؛ دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن تۆڕەکەی لە 14 پارێزگا کوژاندەوە

قەندیل پرێس

قەیرانی نێوان دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق  و کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم پێینایه‌ قۆناغێكی نوی و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ؛ دوای تەواوبوونی مۆڵەتە کۆتاییەکە، دەستەکە بە فەرمی دەستی بە پچڕاندنی هێڵەکان و کوژاندنەوەی بنکە و ئامێرە سەرەکییەکانی کۆمپانیاکە کرد و پەخشی هێڵەکانی لە 14 پارێزگای عێراق ڕاگرت، هاوکات کۆڕەکیش بڕیارەکان بە نادادپەروەر و دەرچوون لە سەروەری یاسا ناودێر دەکات.

جێبەجێکردنی بڕیارەکە و داخستنی بگۆڕە سەرەکییەکان

بەپێی ڕاگەیێندراوێکی فەرمیی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق کە ڕۆژی یەکشەممە (1ی تشرینی دووەمی 2026) بڵاوکرایەوە، پرۆسەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستپێکردووە. لەم چوارچێوەیەدا، تیمە تایبەتمەندەکان چوار بگۆڕی سەرەکیی کۆمپانیاکەیان داخستووە (یەکێکیان لە بابل، یەکێك لە بەسرە، و دووانیان لە بەغدا) جگە لە داخستنی ئۆفیسی سەرەکیی کۆمپانیاکە لە شاری کەرکووک، لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان لە پارێزگای نەینەواش بەردەوامن.
دەستەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە دوای کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە فراوانکراوە دێت کە لە 6ی تشرینی یەکەمی 2026، بە داوای لێژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق تاوەکو 1ی تشرینی دووەم دیاریکرابوو، بە مەبەستی ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و پاراستنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان. سەرڕای ئەمەش، دەستەکە دڵنیایی داوە کە کوژاندنەوەی تۆڕەکە بە مانای لەناوبردنی سیمکارت یان فڕێدانی هێڵەکان لەلایەن هاووڵاتییانەوە نایەت و مافی بەکارهێنەران پارێزراو دەبێت.و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەم بڕیارە بەدەر بوون و خزمەتگوزارییەکانی کۆڕەک تیایاندا بێ کێشە بەردەوامن.

وەڵامی توندی کۆڕەک تیلیکۆم:بڕیارەکان لەسەرووی دادگاوە نیین
لە بەرامبەردا، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە ڕاگەیێندراوێکی توونددا وەڵامی ئەم هەنگاوانەی دایەوە و سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی بە سووربوون لەسەر پێشێلکردنی یاسا تۆمەتبار کرد. کۆڕەک ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان بە شێوەیەکی یاسایی داکۆکیان لە مافەکانیان کردووە و ڕووبەڕووی بڕیارێکی ناڕەوا بوونەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یەکلاکردنەوە (تەسویە)، لە کاتێکدا ئەو گرێبەستە لە بنەڕەتدا بە ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق چوارچێوە بۆ کرابوو.
کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە پێشتر توانیویەتی بڕیارێکی بەپەلەی دادوەری بەدەستبهێنێت کە بڕیارەکەی سەرۆکی دەستە هەڵدەوەشێنێتەوە و گرێبەستی یەکلاکردنەوەکە بە کارا دەهێڵێتەوە، لێ بە وتەی کۆڕەک: “سەرمان سووڕماوە لەوەی کە سەرۆکی دەستەکە ملکەچی بڕیاری دادگە نەبووە و پاساوی نوێی بۆ ڕێکارە سەرکوتکەرەکانی دۆزیوەتەوە.”
هەروەها کۆڕەک بەڵگەیەکی نوێی خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو نووسراوەی ئەمڕۆ 1ی تشرینی دووەم بۆ پاساوهێنانەوەی ڕێکارەکانیان ئاراستەکراوە، مێژووی 29ی تشرینی یەکەمی 2026ی پێوەیە، ئەمەش بە “بەڵگەیەک بۆ بوونی هەڵوێستێکی پێشوەختەی دژ بە کۆمپانیاکە” ناودێر کرد. لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەیدا، کۆڕەک پرسیارێکی ئاراستەی ڕای گشتی کرد و گوتی: “ئایا لایەنی ئەقڵانی دەتوانێت پەسەندی بکات کە بڕیارەکانی بەڕێوەبەرێکی گشتی لە سەرووی بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە بن؟!” و ڕاشیگەیاند کە مافی خۆیان دەپارێزن بۆ داواکردنی قەرەبووی سەرجەم ئەو زیانانەی لە ئەنجامی ئەم هەنگاوە تاکلایەنانانە بە کۆمپانیاکە کەوتوون.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

قه‌ندیل پرێس: پلانێكی نوێی ئێران و توركیا دژی كورد ئاشكرا ده‌كات / تاران و ئه‌نقه‌ره‌ دژی هێزەکانی ڕۆژهەڵات، گەشتیاران و بنەماڵەکان دەکه‌نه‌ قەڵغانی سیخوڕی

قه‌ندیل پرێس: ڕاپۆرتی به‌دواداچوون لە جیهانی هاوچەرخدا و لەژێر سایەی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *