قەندیل پرێس پێکهاتەی سەربازگەی تورکیا له‌ زێلكان ئاشکرا دەکات/ كه‌ی و چۆن و بۆچی دامه‌زرا؟ هه‌موو شتێك له‌و باره‌یه‌وه‌ بزانه‌

قەندیل پرێس: ڕاپۆرتی تایبەت

لە بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەوانی و ئاژانسی قەندیل پرێسدا، تیشک دەخرێتە سەر یەکێک لە هەستیارترین و مشتومڕاویترین بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا کە ئەویش سەربازگەی زێلکان یان بەعشیقەیە.

قەندیل پرێس لەم ڕاپۆرتەدا زانیاری تایبەت و وردی لەسەر مێژوو و چۆنیەتی دامەزراندن و قەبارەی هێزەکان و چەکە قورسەکان و گۆڕانکاریی ئاراستەی ستراتیژیی ئەم بنکەیە لە سەرەتای دروستبوونیەوە تاوەکو ئەمڕۆ دەخاتە ڕوو.

سەبارەت بەوه‌ی کەی و چۆن و بۆچی دامەزرا بەپێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی کە قەندیل پرێس دەستی كه‌وتوون، بناغەی ئەم بنکەیە لە 15ی تشرینی یەکەمی 2014 دانرا، واتە لەو کاتە هەستیارەی کە ڕێکخراوی داعش ناوچە فراوانەکانی عێراقی کۆنتڕۆڵ کردبوو و پرۆسەی بونیادنانی سەربازگەکە بە هاوبەشی لەنێوان لایەنە ناوخۆییەکان و دەرەوەدا بەڕێوەچوو و لەسەر دەستی ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا، و بە هەماهەنگییەکی تەواو لەگەڵ ئەنقەرە دامەزرا و تێچووی سەرەتایی بونیادنانەکەی بە نزیکەی چوار ملیار دینار مەزەندە کرا، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە کارەکە لە دەرەوەی ڕەزامەندیی فەرمی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ئەنجام درابوو و دوای ئەم هەنگاوە، یەکە گەورە و قورسەکانی سوپای تورکیا ڕوویان لە ناوچەکە کرد و جێگیر بوون.

سەبارەت بە هۆکاری دامەزراندنەکەی، ئامانجی ڕاگەیەندراو و سەرەتایی بریتی بوو لە مەشقپێکردن و پڕچەککردنی هێزە ناوخۆییەکانی سوننە کە لەژێر ناوی حەشدی نیشتمانی یان پاسەوانانی نەینەوا ناسرابوون كه‌ چه‌كداری سونه‌ بوون بە مەبەستی بەشداریکردن لە شەڕی ڕزگارکردنەوەی شاری مووسڵ لە دەست داعش، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، ئاراستەی بنکەکە گۆڕا و بووە مۆڵگەیەکی هەمیشەیی سەربازی و هەواڵگریی تورکیا بۆ چاودێریکردنی وردی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان.

لە بەشێکی‌تری پێکهاتەی هێز و قەبارەی مرۆیی سەربازگەکەدا، لە سەردەمی لووتکەی چالاکییەکانیدا، سەربازگەی زێلکان لانکەی پێکهاتەیەکی تێکەڵاوی گەورەی سەربازی بوو کە دابەشکرابوو بەسەر هێزەکانی تورکیا کە زیاتر لە هەزار سەرباز و ئەفسەری تورک لەناو بنکەکەدا جێگیر بوون و پێکهاتبوون لە هێزە تایبەتەکان و کۆماندۆ و ڕاوێژکارانی سەربازیی باڵا، لەگەڵ هێزە ناوخۆییەکانی حه‌شدی سوننی کە زیاتر  لە چوار هەزار چەکدار و خۆبەخشی عێراقی لەناو هەمان سەربازگەکەدا خولی مەشق و ڕاهێنانی سەربازییان دەبینی، و بەو پێیە بنکەکە توانای لەخۆگرتن و حەوانەوەی پێنج هەزار کەسی لە یەک کاتدا هەبووە.

سەبارەت بە قه‌باره‌ی چەک و کەرەستە سەربازییەکان، سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت و نزیك له‌و بنكه‌یه‌ بۆ قه‌ندیل پرێس ئاشكرای ده‌كات كه‌وا سوپای تورکیا ئەم بنکەیەی بە پێشکەوتووترین چەکی بەرگری و هێرشبەر دامه‌زراندبو بۆ پاراستنی هێزەکانی و کۆنتڕۆڵکردنی مەودای جووگرافیی دەوروبەر، کە تانکەکانی جۆری ئێم 60 پاتۆنی تورکی لەگەڵ زرێپۆشی پێشکەوتووی گواستنەوەی سەربازان بۆ دەستەبەرکردنی ئەمنیاتی دەوروبەری بنکەکە، هەروەها تۆپهاوێژە قورسی مەودا درێژ و بەکارهێنانی تۆپی پێشکەوتووی جۆری فێرتینا تی 155هاوبیتز کە توانایەکی زۆری هەیە بۆ پێکانی ئامانجی دوور و لە چەندین بۆنەدا بۆ تۆپبارانکردنی ناوچەکانی دەوروبەر بەکارهاتووە، و هاوکات سیستەمی بەرگری و ڕادار کە دژەفڕۆکەی پێشکەوتوو و سیستەمی ڕاداری پێشکەوتوو لەخۆدەگرت کە ئاسمانی ناوچەکەیان بۆ چاودێریکردن و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە مووشەکییەکان دەخستە ژێر چاودێرییەوە.

لە کۆتاییدا سەبارەت بە ڕووبەر، نەخشە و پێکهاتەی فیزیایی بنکەکە، سەربازگەی زێلکان کە دەکەوێتە ئاراستەی جیاجیا لە دەشتی نەینەوا و ده‌وروبه‌ری چیای مه‌قلوب له‌ نێوان بەعشیقە و زێلكان نزیکەی 40 کیلۆمەتر باکووری ڕۆژهەڵاتی مووسڵ، وەک قەبارە لە ڕیزی بنکە گه‌وره‌وستراتیژییەکان هەژمار دەکرێت و ڕووبەرەکەی زیاتر له‌ 4 کیلۆمەترێکی چوارگۆشە دەبێت کە بە توندی قایمکراوە بە تەلبەند و خەندەقی ئەمنی و تاوەری چاودێری و هێڵی بەهێزی بەرگری و کۆگای تایبەت بۆ چەک و تەقەمەنی قورس و هەروەها هێڵی نیشتنەوەی تایبەت بۆ کۆپتەر.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

جێگری فەرماندەی هێزەکانی پولیسی ئێران لە پارێزگای بەلووچستان کوژرا

ئەمڕۆ، نەسرەت ئێفتیخاری، جێگری کۆمەڵایەتی فەرماندەی پولیسی پارێزگای بەلووچستان بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *