قالیبافی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر ئێران نەوت نەفرۆشێت، ئەوا وڵاتانی ناوچەکەش ناتوانن بیفڕۆشن و ئەگەر ئاسایشی ئێمە دابین نەکرێت، هیچ ژێرخانێک ئاسایش و سەلامەتیی نابێت.
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت و دابینکردنی ئاسایشی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی زانیاری خستەڕوو.
قالیباف ڕایگەیاند، دەبێت هەموولایەک ئەو ڕاستییە بزانن ئەگەر ئێران نەوت نەفرۆشێت، ئەوا وڵاتانی ناوچەکەش ناتوانن بیفڕۆشن، هەروەها ئەگەر ئاسایشی ئێمە دابین نەکرێت، هیچ ژێرخانێک ئاسایش و سەلامەتیی نابێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نەتەوە و گەلێکی وەکو گەلی ئێمە کە خاوەنی مێژوویەکی درەوشاوە و ڕیشەدارە، هەرگیز بە گەمارۆ و هەڕەشە هێرش ناترسێت.
وتیشی: ئەو ڕەفتارانەی کە ئەمریکا بەرامبەر ئێران دەیکات دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە تا ئێستا وەکو جاران لە ئێران بیر دەکەنەوە و نەگۆڕاون، ئەگەر هەروا بمێنن چیان لەدەست دێت با درێغی نەکەن.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە، کە ئێران و ئەمریکا لە ڕێگەی قەتەرەوە لە دانوستاندان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و دواتریش راوەستاندنی جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، بەڵام تا ئێستا هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو نییە.
قەندیل پرێس