قهندیل پرێس
دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ محەممەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، دەرکردووە. ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای سکاڵایەکی شارەوانیی پەیوەست بە زیادەڕۆیی لەسەر زەوی و موڵکی گشتی دەرچووە، دوای ئەوەی ناوبراو ئامادە نەبووە لە بەردەم دادگادا ئامادە ببێت.
کێشەکە پەیوەندیی بە دوو بارەگای پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە هەیە لە شارەدێی تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، کە لەسەر زەوی شارەوانی دروست کراون و بە زیادهڕۆ هەژمار کراون. چەندین جار بەرپرسانی حیزبەکە لە تەکیە ئاگادار کراونەتەوە کە بارەگاکان لابدەن، بەڵام ئامادە نهبوون ئەم کارە بکەن. دوو ساڵ پێش ئێستا، بەرپرسی رێکخستنی حیزبەکە لە تەکیە بەو هۆیەوە دەستگیرکرا و دواتر بە کەفالەت ئازاد کرا. پاش ئەوەی شارەوانیی تەکیە سکاڵای لەسەر محەممەدی حاجی مەحمود تۆمار کرد و چەند جارێک ئاگادارکردنەوەی بۆ چوو، ناوبراو ئامادەی بەردەم دادگا نەبوو. لەبەر ئامادەنەبوونی لەبەردەم دادوەر، دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ لە ڕێکەوتی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بەپێی مادەی ١١ لە یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٨ تایبەت بە لابردنی زیادەڕۆیی لەسەر موڵک و زەوی، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد.
ناوی تەواوی تۆمەتبار محەممەد مەحمود ئەحمەد حەسەنە و لە ساڵی ١٩٥٣ لەدایکبووە و تەمەنی ٧٣ ساڵە، نیشتەجێی گوندی گوڵەخانەیە لە پارێزگای هەڵەبجە و سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانە.
سەبارەت بە ئامادەنەبوونی لە دادگا، محەممەدی حاجی مەحمود ڕایگەیاندووە کە بۆیە نەچووە بۆ دادگاییکردنەکە، چونکە ئەو بارەگایەی لە تەکیەیە پێشتر هی حزبی بەعس بووە و دواتر بووە بە بارەگای پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، و هەرکەسێک خۆی بە واریسی بەعس دەزانێت با بێت و بارەگاکەی پێشکەش دەکات. هەروەها فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی حیزبەکە، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە بڕیاری گرتنەکەی محەمەدی حاجی مەحمود بەهۆی داواکردنی بارەگاکانیانە لەلایەن ئیدارەی تەکیە و چەمچەماڵەوە و ئەوان بە خوێن گرتوویانە و ڕادەستی حکومەتی ناکەن، و هەرکات بارەگای حیزبەکانی تریش درایەوە بە حکومەت ئەوا ئەوانیش بارەگاکانیان دەدەنەوە.

قەندیل پرێس