بەپێی وتەی شاخەوان عەبدوڵڵا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی بەغدا، سەرۆکی پەرلەمان پۆستی سوپاسالاری عێراقی لە کورد وەرگرتووەتەوە، ئەوەش “سەرەتایەکی زۆر خراپە”.
ڕۆژی سێشەممە شاخەوان عەبدوڵڵا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “وەرگرتنەوەی پۆستی سوپاسالاری عێراق لە کورد سەرەتایەکی زۆر خراپە و لە داهاتوو بەیاننامەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڵاودەکەینەوە و ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان کردی پێشێلی دەستوورە”.
ناوبراو وتیشی “ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان کردی پێچەوانەی دەستوورە بەگوێرەی ماددەی 36، هەروەها عورفێکی ناشیرینە بەبێ کورد کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە بیانەوێت بابەتەکان تێپەڕێنن بەبێ رەزامەندی جێگیری سەرۆکی پەرلەمانیش، هەروەها ئەمە یەکەمین حاڵەت نییە، بەڵکو پێشتریش حاڵەتی بەمشێوەیە هەبوون، دەبێت سنورێک بۆ ئەم حاڵەتانە دابنرێت”.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد، بابەتەکە پەیوەندی بە مافی کوردەوە هەیە، چونکە حەوت دامەزراوە هەن، پۆستەکانیان هاوشێوەی وەزیرە، بەڵام “هیچیان کوردنین”.
قەندیل پرێس