ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، کاردەکەن بۆ بەهێزکردنی فرەیی لە حکومەت و وەزارەتەکان و کۆمەڵگای سووریادا و پارتە سیاسییەکان لە داهاتوودا لە سووریا بوونیان دەبێت، جەختی لەوەش کردەوە لە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵی ئایندەدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە سووریا بەڕێوەدەچێت.
هیچ پێشکەوتنێک بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەسەدە نییە
لە میانی دانیشتنێکی دیالۆگیدا لە پەیمانگەی چاتام هاوس لە لەندەن، شیبانی ئاماژەی بەوەکرد، هیچ پێشکەوتنێکی ئەرێنی و کردەیی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بەدینەهاتووە.
سێ جەنگ و بارگرژی
شەیبانی گوتیشی، توانیویانە لە ماوەی 11 مانگدا بۆشاییە سیاسییەکان لە وڵاتەکە پڕبکەنەوە، سەبارەت بە ڕووداوەکانی سوەیدا جەختی لەوەش کردەوە، ئەوەی لە کەناراوەکانی سووریا بە هاندانی لایەنگرانی دەسەڵاتی پێشوو بووە و جەختی لەوەش کردەوە، کە دەستێوەردانی ئیسرائیل بووەتە هۆی تەقاندنەوەی دۆخەکە.
هەڵە لە سوەیدا
وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، پێویستە متمانە لەنێوان خەڵکی سوەیدا و حکومەتدا دروستبکرێتەوە، دانی بەوەشدانا کە هەموو لایەک لە سوەیدا هەڵەیان کردووە.
ڕەتکردنەوەی تائیفەگەری
بەگوتەی شەیبانی، سەرکەوتنی تاقیکردنەوەی سووریا پەیوەستە بە ڕەتکردنەوەی ئەو تائیفەگەرییەی کە دەسەڵاتی ئەسەد لە وڵاتەکە چاندوویەتی.
ئاشتەوایی و دادپەروەری
هەروەها گوتیشی، “ئاشتەوایی نیشتمانی بەبێ بەدەستهێنانی دادپەروەری مەحاڵە” و دادپەروەری یەکێکە لەو بناغانەی ئەوان کاری لەسەر دەکەن.
لیستێکی فەرماندەکانی هەسەدە
ئەو قسانەی شەیبانی لە کاتێکدایە، ئەمریکا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ لێکنزیکردنەوەی حکومەتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لەم ماوەیەشدا هەسەدە لیستێک لە فەرماندە سەربازییەکانی ڕادەستی ئەمریکا کردووە، تاوەکو لە وەزارەتی بەرگریی سووریادا پێگەی بەرزی سەربازییان پێبدرێت.
قەندیل پرێس