قەندیل پرێس: وتووێژ
لە سایەی ئەو وەرچەرخان و گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییە خێرایانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەی گرتووەتەوە، هاوکێشە ئەمنی و سیاسییەکان پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێ و چارەنووسسازەوە. لاوازبوونی پێگەی ئیقلیمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ململانێی بەرەیی لە ئاستی نێودەوڵەتی، هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرای ئێرانی بۆ بەرتەسککردنەوەی مافە نەتەوەییەکان لە چەمکی «هاووڵاتیبوون»، و هاوکات بەرەوپێشچوونی هەوڵەکان بۆ یەکڕیزی لە ڕێگەی هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دۆخێکی
هەستیاری لەبەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵات خوڵقاندووە.
ئاژانسی «قەندیل پرێس» بە مەبەستی تاوتوێکردنی ستراتیژی نەتەوەیی، خوێندنەوە بۆ هاوپەیمانییەکان، شیکاریی پلاتفۆرمەکان، پەیامی مانگرتنی سەرتاسەری، و ئاڕاستەی دیپلۆماسیی کورد لە ڕۆژئاوا، ئەم
دیدارە ڕۆژنامەوانییە تایبەتەی لەگەڵ بەڕێز کاک شەماڵ پیران، بەرپرسی گشتیی نوێنەرایەتیی پارتی
ئازادیی کوردستان (PAK) لە دەرەوەی وڵات ساز کردووە:
ئاڵنگارییەکانی پێگەی مەیدانی، پەراوێزخستنی سەروەریی نەتەوەیی و ستراتیژی نوێی بەرگری:
قەندیل پرێس: لە کاتێکدا هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە ڕێگەی هاوپەیمانی و لێکتێگەیشتنەوە کار لەسەر هەماهەنگی دەکەن، بەڵام هاوکێشەکان لە دوو ئاراستەوە گوشاریان دروست کردووە؛ لە لایەکەوە لە کۆڕبەند و دەستپێشخەرییە سەرتاسەرییەکاندا هەوڵێکی ڕوون هەیە بۆ سڕینەوەی جەوهەری مافی نەتەوەیی و داڕشتنەوەی چارەنووسی کوردستان تەنیا لە چوارچێوەی بەرتەسکی «هاووڵاتیبوونی ناوەندی»دا، لە لایەکی تریشەوە ڕێککەوتنی ئەمنیی تاران و بەغدا، سنووردارکردن و چۆڵکردنی کەمپەکان هەوڵێک بوو بۆ گەمارۆدانی پێگەی جیۆپۆلەتیکی و سەربازیی هێزی پێشمەرگە لە باشوور. بە دیدی بەڕێزتان وەک لایەنێکی خاوەن دیدگای ڕوون لەسەر مافی چارەی خۆنووسین و پێشینەی بەهێزی بەرگریی چەکداری: ئەم گەمارۆیە جیۆپۆلەتیکی و گوتارییە چەندە کارایی مەیدانیی حیزبەکانی بەرەو قەیران بردووە؟ ئایا سەردەمی کەمپنشینی و شێوازی کلاسیکیی بەرگری لە سنوورەکان گەیشتووەتە بنبەست، و لە بەرامەر ئەو گوشارە هاوبەشەی تاران و بەغدا، بژاردەی کۆنکرێتیی ئێوە بۆ ڕاگرتنی باڵانسی هێز و بەرگری لە ڕۆژهەڵات چی دەبێت؟
شەماڵ پیران: بەر لە هەموو شتێک، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بکەم کە پرسی کورد پرسێکی حقوقییە؛ پرسێکە لە راستیدا نە پێی زیاد دەکرێت و نە لێی کەم دەکرێتەوە. پرسی کورد، پرسێکی مێژوویی و سیاسییە کە تا ئێستا بە هۆکاری جۆراوجۆر چارەسەر نەکراوە و هەر بەو شێوەیە ماوەتەوە.
لە ڕاستیدا، پرسی کورد گرێدراوی بارودۆخی شەڕ و ئاشتی نییە، بەڵکو پرسێکی بنەڕەتی و قایم بەزاتە.
شەڕ و ئاشتی کاریگەرییان لەسەر دەبێت، بەڵام تا کاتێک بە تەواوەتی چارەسەر نەکرێت، خەباتی کورد بۆ ڕزگاریی لە دۆخی داگیرکراوی زۆر و کەم هەر بەردەوام دەبێت.
ئێمە دۆخی ئێستای ناوچەکە بە دەرفەتێک بۆ کورد و پرسی نەتەوەیی کورد دەزانین، نەک وەک هەڕەشەیەک؛ هەڵبەت بە مەرجێک کورد خۆی ئەو دەرفەتە نەگۆڕێت بۆ هەڕەشە و بتوانێت بە وشیارییەوە ڕووبەڕووی دۆخەکە ببێتەوە و دەرفەتەکان بقۆزێتەوە.
لە هەموو دۆخێکدا هەنگاوی یەکەم، پاراستنی یەکڕیزیی کورد بە گشتی و هێزە سیاسییەکانییەتی بەتایبەتی. لەم چوارچێوەیەدا، هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرفەتێکی گرنگە و پێویستە کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان لەم دەسکەوتە بە درووستی کەڵک وەربگرێت.
ئەم هاوپەیمانییە دەتوانێت لەم دۆخەدا پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەوپێش ببات، بە مەرجێک لە توانایی و پۆتانسیەلی ڕاستەقینەی خۆی لە هەموو بوارەکاندا بە دروستی کەڵک وەربگرێت؛ هەم لە ئاستی سیاسەت و دیپلۆماسیی لەگەڵ ئێرانییەکان و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، هەم لە ڕێکخستن و یەکخستنی توانای کورد و پاراستنی ڕیزەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەوەندەی پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە، لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەو دەوڵەتە نە ئێستا و نە لە رابردوودا باوەڕی بە پرسی کورد نەبووە، نە کورد بە نەتەوە دەزانێ و نە پرۆژەیەکی ڕاستەقینەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد هەیە. لە پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی فارسیی تاراوگەنشینیشدا، لە شاپەرستەکانەوە تا هێزە چەپ، ڕاست و کۆماریخوازەکان، بە بۆچوونی ئێمە جیاوازییەکی ئەوتۆیان لە هەڵوێستیان بەرامبەر بە پرسی کورد لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستای ئێراندا نییە.
بابەتەکە ئەوەیە کە بە شێوەیەکی گشتی، تاکی فارس، کۆمەڵگەی سیاسیی فارس دەیانەوێت هەتا هەتایە سێبەری حاکمییەتی فارس بەسەر نەتەوەکانی تری ئێراندا بەردەوام بێت. داننان بە پرسی نەتەوەکان و مافەکانیان وەک نەتەوە بە مەترسی بۆ رووخانی حاکمییەتی دەوڵەت-نەتەوەی فارسی دەبینن.
ئێستا چارە چییە؟ لە ڕوانگەی ئێمەوە، کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێگایەکی ئەساسیی لەبەردەمە: لە بەرامبەر هەموو هەڕەشەکاندا یەکڕیزیی خۆی بپارێزێت و هاوکات لە ڕووی سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازییەوە توانای خۆی بەهێز بکات.
ئێمە وەک پارتی ئازادیی کوردستان، هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە زەرفییەتێکی گرنگ دەزانین کە دەتوانێت یارمەتیی کورد لە ڕۆژهەڵات بدات تا لەم هەلومەرجەدا و لە دۆخی رزگاریشدا، باشترین کەڵک لە دەرفەتەکان وەربگرێت.
بە واتایەکی تر، ئێمە هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کلیلی سەرکەوتنی کورد لە ڕۆژهەڵات دەزانین، بە مەرجێک ئەرکەکانی خۆی بە دروستی جێبەجێ بکات و توانای هاوبەشی حیزبەکان بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی نەتەوەیی بەکاربهێنێت.
شتێک دەبێت لای ئێمە بە گشتی وەک کورد ڕوون بێت: هیچ دەوڵەتێک، هیچ نەتەوەیەک و هیچ هێزێک لەم جیهانەدا نییە کە بێت و دەوڵەتێک بۆ کورد دروست بکات و ڕادەستی بکات. هێزە دەرەکییەکان دەتوانن دەرفەت بڕەخسێنن و بارودۆخی گونجاو دروست بکەن، بەڵام ئەوەی کورد بەرەو ڕزگاریی یەکجاری دەبات، خودی کوردە. ئەمەش تەنها بە یەکڕیزی، یەکگوتاری و پڕۆژە و بەرنامەیەکی توکمە و هاوبەشی کوردستانی جێبەجێ دەکرێت.
قەندیل پرێس:شیکارییەکان ئاماژە بە گریمانەیەکی ستراتیژیی قووڵ دەکەن، ئەویش ئەوەیە کە بەهۆی پێگەی هەرێمی و هەژموونی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانەوە، هەندێک لایەن لە ئەندازەی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ڕۆژئاوادا لە گۆڕەپانی ئێران وەلا نراون، هەر بۆیە پەنایان بۆ دژایەتیکردنی هێرشی دەرەکی و نزیکبوونەوە لە پلاتفۆرمی «کۆنگرەی ئازادیی ئێران» بردووە. لە هەمان کاتدا بەشداریکردنی بەشێکی تری لایەنەکانی ڕۆژهەڵات لەم کۆنگرەیەدا بە هەڵەیەکی ستراتیژی ناوزەد دەکرێت. بۆچی بەشداریکردنی هێزە کوردستانییەکان لەم پلاتفۆرمەدا وەک فریودان یان هەڵە دەبینن؛ ئایا پێتان وایە بەکارهێنانی قورسایی مەیدانیی ڕۆژهەڵاتە بۆ ڕەواییبەخشین بە بەرەیەکی ناوەندگەرا کە هیچ سازشێک لەسەر دۆزی نەتەوەیی ناکات؟ ڕەهەندە شاراوەکانی ئەم ئاوتکردنە جیۆپۆلەتیکییە و لێکەوتەکانی لەسەر داهاتووی کێبڕکێی نێوان لایەنەکان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات چۆن دەبینن؟
شەماڵ پیران: سەبارەت بە کۆنگرەی ئازادیی کوردستان، پێم خۆشە زۆر ڕاشکاوانە بڵێم کە لە ڕوانگەی ئێمەوە، ئەو کۆنگرەیە نە بەرنامە و نە پلانڤو نە بە نییەت هیچ سیاسەتێکی ڕوونی بۆ پرسی کورد نییە؛ نەک بە یارمەتیدەری نابینین بەڵکو ئێمە بە مەترسی و پلانی دەزانین بۆ تێکدانی ڕیزەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان.
بە بۆچوونی ئێمە، کورد نابێت لە هیچ کۆنگرە، کۆڕ، ئیتیلاف یان بەرەیەکی سیاسیدا بەشداریی بکات، ئەگەر ئەو لایەنە دان بە کورددا وەکوو نەتەوەیەک نەنێت و مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ کورد بە ڕەوا نەزانێت.
ئەمە مەرجێکی بنەڕەتیی پارتی ئازادیی کوردستانە بۆ بەشداریی لە هەر ئیتیلاف یان بەرەیەکی سیاسیی لەگەڵ هەر هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی. ئاواتەخوازین ئەم مەرجە ببێتە مەرجێکی بنەڕەتی هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بۆ بەشداری لە هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی.
هەروەک پێشتر باسم کرد، بە بۆچوونی ئێمە، هێزە فارسییەکان، چ دەسەڵاتدار بن و چ ئۆپۆزیسیۆن، پرۆژەیەکی ڕوونیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نییە. ئەگەر هێزێکیش لەو هێزانە باس لە خودموختاری یان ئۆتۆنۆمی بۆ کورد بکرێت، هیچ گەرەنتییەک لە گۆڕێدا نییە.
هەرچەندە خودموختاریش لە ڕوانگەی ئێمەوە چارەسەر نییە بۆ پرسی کورد؛ چونکە پرسی کورد، پرسی نیشتیمانێکی داگیرکراو و زەوتکرانی مافی چارەنووسی نەتەوەیەکە. لە پێش هەموو شتێکدا، پێویستە ئەو مافە بۆ کورد بگەڕێندرێتەوە.
خودموختاری و فیدراڵی جۆرێکە لە سیستەمی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی وڵات زیاتر لە نێوخۆی نەتەوەیەکدا وەک ئاڵمان کە هەموو ئاڵمانین. بۆیە پرسی کورد نابێ بخرێتە چوارچێوەی پڕۆژەیەک کە هەموو ئامانجەکەی ئیدارەکردنی ئێران بێت لە رووی کارگێرییەوە.
لەبەر ئەوە، ئێمە پێمان باشە سەرەتا نێوماڵی خۆمان بە باشی ڕێک بخەین و توانای سیاسیی خۆمان بەهێز بکەین. ئەگەر بڕیار بوو هێزەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات بەشداری لە بەرە یان ئیتیلافێک لەگەڵ ئێرانییەکاندا بکەن، باشترە ئەو بەشدارییە لە ڕێگەی هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە چوارچێوەی هەڵوێستێکی هاوبەشدا رێکبخرێت.
ئەم شێوازە دەتوانێت لە لایەکەوە دەنگ و توانای کورد لە بەرامەر ئێرانییەکاندا یەک بخات و لە لایەکی ترەوە کورد لە مەترسیی ناتەبایی و دابەشبوونی نێوخۆیی دوور بخاتەوە.
قەندیل پرێس:هەروەک ئاگادارن ململانێی ئەمریکا و ئێران لە لووتکەدایە، ئەمریکا گەمارۆی ئابووری ئێرانی داوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گوشارەکانی زێدەتر دەکات، هاوکات لەهەر ساتێکدا ئەگەریی
دەستپێکردنەوەی شەڕ لەئارادایە، خوێندنەوەی بەڕێزتان بۆ ڕەوتی گۆڕانکاریەکان چییە؟
شەماڵ پیران: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای رووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەرەوە چووەتە قۆناغێکی نوێ. لە خوێندنەوەی ئێمەدا، گۆڕانکارییەکان بە پەلاماردانی پرۆکسییەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە دەستیان پێ کرد. حیزبوڵڵا، حەماس، حەشدی شەعبی و حوسییەکان بەشێک بوون لەو پڕۆسەیەی کە دواتر گۆڕانکارییەکی فراوانتری لە هاوسەنگیی هێزی ناوچەکەدا لێکەوتەوە.
ئێمە پێمان وایە ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر خاڵێکی وەرچەرخان بوون و ئیتر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای ئەو ڕووداوانە قەت ناگەڕێتەوە دۆخی پێش حەوتی ئۆکتۆبر.
پێش حەوتی ئۆکتۆبەر، پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا بەهێز بوو؛ بەڵام دوای ئەو ڕووداوانە، پێگە و پەیوەندییەکانی ئێران لە هەندێک وڵاتی ناوچەکەدا ڕووبەڕووی کزی لەڕادەبەدەر و گۆڕانکاری گەورە
بوونەوە؛ لە هەمان کاتدا، خودی ئێرانیش کەوتە بەر هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.
لە هەڵسەنگاندنی ئێمەدا، کورتبوونەوەی دەست و پێوەندییەکانی ئێران لە ناوچەکە و هێرشەکان بۆ سەر بنکە و دامەزراوە سەربازی و ستراتیژییەکانی و کووژرانی خامنەیی و سەرە دیارەکانی ئەو نیزامە، نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورە لە دۆخی ناوچەکەیە. ئێمە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەسەڵاتێکی سەرەرۆ و مەترسیدار دەزانین و پێمان وایە کۆتاییهاتنی ئەو سیستەمە دەتوانێت کاریگەرییەکی بنەڕەتی لەسەر داهاتووی ناوچەکە هەبێت.
بەڵام لە ڕوانگەی ئێمەوە، کۆتاییهاتنی کۆماری ئیسلامی بە تەنها بە مانای چارەسەرکردنی پرسی کورد نییە. ئەگەر دەسەڵاتێکی نوێ جێگەی ئەو دەسەڵاتە بگرێتەوە، بەبێ داننان بە مافە نەتەوەییەکانی کورد، کەوابوو لە راستیدا هیچ شتێک بە قازانجی کورد نەگۆڕاو. بۆیە لێرەدایە کە دەڵێین پێویستە کورد لە ئێستاوە بزماری خۆی دابکوتێ.
ئێمە ئەم قۆناغە بە دەرفەتێکی مێژوویی دەزانین بۆ کوردی رۆژهەڵات. ئەم دەرفەتە تەنها پەیوەندی بە گۆڕانکارییەکانی داهاتووەوە نییە؛ بەڵکو لە هەڵسەنگاندنی ئێمەدا، هەر ئێستاش هەلومەرجێک دروست بووە کە کورد دەتوانێت بە هۆشیاری و ئامادەیی سیاسی کەڵکی لێ وەربگرێت.
پارتی ئازادیی کوردستان یەکڕیزیی کورد بە فاکتەرێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە دەزانێت؛ جا ئەوە نەک تەنیا لە ڕۆژهەڵات، بەڵکو لە هەموو کوردستانی گەورەدا. لەم دۆخەشدا، هەوڵ و خەباتی ئێمە بۆ پاراستنی یەکڕیزیی کورد بەردەوام دەبێت.
قەندیل پرێس:ماوەیەک پێش ئێستا بە بۆنەی ساڵوەگەریی کوژرانی ژینا ئەمینی بەدەست هێزەکانی ڕژێمی کۆماریی ئیسلامی ئێران، زۆرینەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر داوای حیزبەکان مانگرتنێکی گشتیی بەڕێوەبرد، بە ڕای بەڕێزتان دوای ئەم هەمووە سەرکوتی خەڵک و بۆردوومانی حیزبەکان لە باشوور، پەیامی ئەم مانگرتنە بۆ ڕژێمی کۆماریی ئیسلامی چییە؟
شەماڵ پیران: لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتیی ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بۆنەی چوارەمین ساڵی ڕاپەڕینی ژینا، پێویستە چەند خاڵێک بخەمەڕوو.
بە پێچەوانەی ئەو پێناسەیەی کە زۆر کەس و لایەن بۆ ڕاپەڕینی ژینا دەیکەن، پارتی ئازادیی کوردستان ئەم ڕاپەڕینە بە حەڵقەیەکی دیکە لە تێکۆشان و ڕاپەڕین و ململانێی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕاماڵینی داگیرکەر لە کوردستان دەزانێت. بە بۆچوونی ئێمە، هەر شیکردنەوە و لێکدانەوەیەک کە ڕەهەندی نەتەوەیی و دژە کۆلۆنیالیستی ئەو ڕووداوە گرنگە مێژووییە پشتگوێ بخات، بێگومان بەلارێدابردنی ئەو خەباتە و بە فیڕۆ دانی خوێنی ڕۆڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
درووشمەکانی ئەو ڕاپەڕینە لە سەرەتاوە ڕەهەندی دژە داگیرکەرانەیان هەبوو؛ لەوانەش درووشمی «داگیرکەری ئێرانی، تۆ قاتڵی ژینامانی»، «کوردستان، کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان» و «هەتا دەوڵەتمان نەبێت، هەر ئەوە بەشمان دەبێت».
بۆیە پێم خۆشە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکەتانەوە جارێکی تر جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە بکەمەوە کە لە ڕوانگەی PAKەوە، ناوەڕۆک و ئامانجی ڕاپەڕینی ژینا هەموارکردنەوەی یاسای حیجاب لە ئێراندا نەبوو. چونکە کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دیدی ئێمەدا، حیجاب و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان نییە؛ بەڵکو کێشەیەکی نەتەوەیی و سیاسییە کە پەیوەندی بە داگیرکراوی نیشتیمان و مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکەمانەوە هەیە.
ئێمە وەک پارتی ئازادیی کوردستان هیچ دژایەتییەکمان لەگەڵ درووشمی «ژن، ژیان، ئازادی» نییە؛ بەڵام حەول دان بۆ داپۆشینی ڕەهەندی ڕزگارخوازانەی ئەو ڕاپەڕینە بەو درووشمە و داماڵینی لە پرسی نەتەوەیی، بە غەدر بەرامبەر خوێن و خەباتی ڕۆڵەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانین.
کورد و خەباتی کورد، تەنانەت کۆمەڵگەی کوردستانیش، لە مێژوودا پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری زۆرێک لە پرس و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان بووە. ژن لە کۆمەڵگەی کوردستاندا ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە و خەبات و تێکۆشانی ژن تازە نییە، بەڵکو ڕیشەیەکی مێژوویی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەیە.
بۆیە، لە ڕوانگەی ئێمەوە، لە بەرژەوەندیی کورددایە زیاتر جەخت لەسەر پرسی نیشتیمانی و داگیرکراوی و بێدەوڵەتی بکرێتەوە؛ چونکە کێشەی سەرەکی و بنەڕەتیی ئێمە پرسی نەتەوایەتییە.
سەبارەت بە خودی مانگرتنەکە، لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەم مانگرتنە دوو خاڵی بنەڕەتیی سەلماند.
یەکەم، مانگرتنەکە بە داوای هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو و نیشانی دا کە ئەم حیزبانە تا چەندە پێگە و ئیعتباریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە نێو خەڵکدا هەیە.
دووەم، نیشانی دا کە خەڵک تا چەندە پێشوازی لە هاوپەیمانی و تەبایی حیزبەکان دەکەن و دڵخۆشن بە هەوڵەکانی یەکڕیزی و هاوئاهەنگیی سیاسی.
لە لایەکی ترەوە، مانگرتنەکە سەلماندی کە خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوە و شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە.
لەگەڵ ئەوەی ڕاپەڕینی ژینا یەکێکە لە گرنگترین ڕاپەڕینەکانی مێژووی نوێی کورد، بەڵام دروست نییە هەموو مێژووی خەباتی کورد لەو ڕاپەڕینەدا کورت بکرێتەوە. ڕاپەڕینی ژینا یەکێکە لە دەسکەوتە گرنگەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام تەنها بەشێکە لە مێژووی لانیکەم سەدساڵەی خەباتی نەتەوەکەمان بۆ رزگاریی لە دۆخی داگیرکراویی.
قەندیل پرێس:وەک بەرپرسی پارتی ئازادیی کوردستان لە ئەورووپا، پێگەی پرسی ڕۆژهەڵات لە ناوەندە سیاسی و بڕیاربەدەستەکانی ئەورووپادا چۆن دەبینن؟ بۆچی وڵاتانی ڕۆژئاوا هێشتا زیاتر وەک دۆسیەیەکی مافی مرۆڤ لە پرسی کورد دەڕوانن نەک وەک کێشەیەکی نەتەوەیی و سیاسیی یەکلاکەرەوە، و ئێوە چۆن کار لەسەر گۆڕینی ئەم هاوکێشەیە دەکەن؟
شەماڵ پیران: لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، بە داخەوە ڕاستییەک هەیە کە ناتوانم ئاماژەی پێ نەکەم. لە ڕاستیدا، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان، یان بە تایبەتی ژمارەیەک لە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە پێنج ساڵە لە دەرەوەی وڵات پرسی کوردیان لە وەک پرسێکی ناوخۆیی ئێران باس کردووە. واتە پرسی کورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بە شێوەیەکی پێویست وەک پرسی نەتەوەیەکی جیاواز و خاوەن ناسنامەی کوردستانی نەخراوەتەڕوو؛ بەڵکو بەبەردەوامی باس لە ئێرانیبوونی کورد و پابەندیی کورد و حیزبەکانی بە ناسنامەی ئێرانییەوە کراوە.
بە بۆچوونی ئێمە، ئەم دۆخە لە چەند ئاستێکدا زیانی گەورەی بە پرسی کورد گەیاندووە.
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرگیز وەک پرسی نەتەوەیەکی خاوەن خاک و نیشتیمانی داگیرکراو چاوی لێنەکراوە؛ بەڵکو لە چوارچێوەی گرفتە مرۆییەکانی ئێران و وەک بابەتێکی ئینسانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ و کێشە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە سەیر کراوە.
لەبەر ئەوە قەت هەلومەرجێکی گونجاو بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ پرسی کورد بە تەواوەتی دروست نەبووە. لە ڕوانگەی ئێمەوە، زۆرێک لە بۆچوون و هەڵسەنگاندنەکانی وڵاتانی دەرەوە لەسەر پرسی کورد، کاریگەرییان لەو شێوە باسکردن و پێناسەکردنەوە وەرگرتووە کە خودی هێزە سیاسییەکانی کورد پێشکەشیان کردووە. بۆ نموونە، کاتێک باس لە دەوڵەتی کوردی دەکرێت، هەندێک لە لایەنە ئەورووپاییەکان هەمان نیگەرانی و مەترسییەکان دووبارە دەکەنەوە کە لە بەشێک لە هێزەکانی رۆژهەڵات و فارسەکانەوە بیستوویانە.
لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆن فارسیشدا، ئەم دۆخە دەرفەتێکی باشی بۆ ئەوان دروست کرد. ئەوان بە پشتبەستن بە هەمان ڕێباز و سیاسەتی حیزبەکانی خۆمان، حەولیان داوە پرسی کورد زیاتر پەراوێز بخەن و لە چوارچێوەی گرفت و کێشەکانی کۆمەڵگەی فارس و پرس و بابەتەکانی پێوەندیدار بە دێموکراسی قەتیسی بکەن.
ئێمە وەک پارتی ئازادیی کوردستان، چەند ساڵێکە لە دەرەوەی وڵات هەوڵ دەدەین ئەم دۆخە تا ڕادەیەک ڕاست بکەینەوە. لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپاییدا هەوڵمان داوە پرسی کورد وەک پرسی نەتەوەیەکی جیاواز، وەک پرسی نەتەوەکی خاک داگیرکراو و بێبەریی لە مافی دیاریکردنی چارەنووس پێناسە بکەین.
ئەوەی بۆ ئێمە گرنگ بووە، جەختکردنەوە لەسەر ناسنامەی کوردستانی و کوردبوونی نەتەوەی کورد بووە. هەوڵمان داوە ئەو ڕاستییە ڕوون بکەینەوە کە کورد نەتەوەیەکی جیاوازە و خاک و نیشتیمانەکەی بەبێ ڕەزامەندیی خۆی دابەش کراوە و بە زەبری ئاگر و ئاسن بە دەوڵەتانی داگیرکەری فارس، تورک و عەرەبەوە لکێندراوە.
بە بۆچوونی ئێمە، پێویستە دیپلۆماسیی کوردی لە دەرەوەی وڵات لەسەر بنەمای ناساندنی ئەم ڕاستییە نەتەوەییە بەردەوام بێت. پرسی کورد نابێت تەنها بە لە چوارچێوەی پرسی مافی مرۆڤدا لە ئێران سنووردار بکرێت؛ بەڵکو دەبێت وەک پرسی نەتەوەیەکی جیاواز، دابەشکراو و خاوەن مافی دیاریکردنی چارەنووس بخرێتە بەرباس.
قەندیل پرێس