ئەمڕۆ نووسەر و ڕۆمانووسى دیاری باشووری کوردستان شێرزاد حەسەن، تووشى ڕووداوى هاتوچۆ بووە و ڕەوانەى نەخۆشخانە کرا، بەرپرسانی نەخۆشخانەى شاریش دەڵێن: مێشکی دووچاری شڵەقانێک بووە، بەو هۆیەوە خوێن بەربوونێکی کەم لە مێشکی ڕوویداوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی ئۆتۆمبێلێک خۆی دەکێشێت بە شێرزاد حەسەن نووسەر و ڕۆمانووسى دیاری باشووری کوردستان شێرزاد حەسەن و دەم و دەست ڕەوانەى نەخۆشانە دەکرێت.
بەرپرسێکی نەخۆشخانەی شار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نووسەر و ڕووناکبیر، شێرزاد حەسەن بەهۆی پێیاکێشانی توند و فڕێدانی لەلایەن ئۆتۆمبێلەوە، مێشکی دووچاری شڵەقانێک بووە، بەو هۆیەوە خوێن بەربوونێکی کەم لە مێشکی ڕوویداوە.
وتیشی: ئێستا مامۆستا شێرزاد توانای قسەکردنی هەیە، بەڵام بەهۆی بارودۆخەکەی ئێمە لە دۆخی هۆشداری تەواوداین، لەچەند کاتژمێری داهاتوو دووبارە تیشکی مێشکی بۆ دەگرینەوه، بۆ زانینی دۆخی خوێنبەربوونەکە”.
سەبارەت بەو شۆفێرەکەی کە لە شێرزاد حەسەنی داوە بەرپرسەکەی نەخۆشخانەی شار ڕوونیکردەوە، لەلایەن بەشی پۆلیس لە نەخۆشخانە ڕێکاری پێویستی لەگەڵ گیراوەتەبەر.
شێرزاد حەسەن لە ساڵی ١٩٥١ لە گەڕەکی خانەقای شاری هەولێر لە دایک بووە و خوێندنی سەرەتای و ناوەندی لە ڕەواندوز تەواو کردوە، دواتر لە کۆلێژی زانستی تەواو کردووە و لە ساڵی ١٩٧٥ پلەی زانستی بە کالۆریۆسی لە زمان و وێژەی ئینگلیزی لە بەغدا بەدەستهێناوە.
شێرزاد حەسەن لە ساڵی ١٩٧٧ وە هاتووەتە شاری سلێمانی و لە ئامادەیی پیشەسازی سلێمانى دەمەزراوە، لەو کاتەوە تا ئێستا لە سلێمانی دەژیت و خاوەنی چەندین کتێب و نامیلکە و نووسینە کە لە بوارەکانى ئەدەبی و زمان و پەروەردە و ژن و منداڵاندا خۆی دەبینێتەوە.
قەندیل پرێس