به‌په‌له

شنگال لەنێوان دوو ناسنامەدا: کوردی یان عێراقی؟

قەندیل پرێس: راپۆرتی بەدواداچوون

قەزای شنگال، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا لە باکووری عێراق، بە یەکێک لە ناوچە هەرە هەستیار، جوگرافی و ستراتیژییەکانی عێراق و ناوچەکە دادەنرێت و لە هەمان کاتدا وەک لانکەی سەرەکی و مێژوویی کۆمەڵگەی ئێزیدی لە جیهاندا دەناسرێت. لە پاش ساڵی 2014 و کارەساتی دڵتەزێنی هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و ئەو جینۆساید و کۆمەڵکوژییەی بەسەر ئەم پێکهاتە ڕەسەنەدا هات، شنگال لە تەنها ناوچەیەکی جوگرافییەوە گۆڕا بۆ سیمبولێکی قووڵی تراژیدیا، بەرگری و برینێکی مێژوویی کە هێشتا ساڕێژ نەبووە.

لە ئێستادا، شنگال کەوتووەتە ناو کێشە، ململانێ و ئاراستەیەکی سیاسی و ناسنامەیی زۆر ئاڵۆزەوە لە نێوان دوو ڕێچکەی سەرەکیدا؛ ئاراستەی یەکەم کەسایەتییەکی وەکو حەیدەر شەشۆ و زۆرینەی مێژوویی سەرکردایەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی ئێزیدی نوێنەرایەتی دەکەن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە شنگال بەشێکی دانابڕاوە لە خاکی کوردستان و بە هەموو پێکهاتە و سرووتە ئایینییەکانییەوە پەیوەندی بە نەتەوەی کوردەوە هەیە، لە کاتێکدا ئاراستەی دووەم کەسایەتییەکی وەک موراد ئیسماعيل نوێنەرایەتی دەکات، داوای ناسنامەیەکی سەربەخۆ یان زیاتر عێراقی یان تایبەت بە ئێزیدییەکان دەکات کە دوور بێت لە هەژموون و باڵادەستی ڕاستەوخۆی لایەنە سیاسییەکانی هەردوولا، ئەمەش بۆچوون و ڕوانگەی جیاوازی لە ناوخۆی پێکهاتەکەدا دروست کردووە.

کۆمەڵگەی ئێزیدی پەیڕەوی یەکێک لە کۆنترین و ڕەسەنترین ئایینەکان دەکەن لە ناوچەی مەزۆپۆتامیا، کە زمانی زگماکی و ئایینییان کورمانجییە و مەلبەندی سەرەکی و پەرستگەی پیرۆزیان پەرستگەی لالشە لە دەڤەری شێخان، و هەرچەندە هەندێک لە ڕۆشنبیران، گەنجان و نەوەی نوێ لەم ساڵانەی دواییدا تەنها ناسنامەی ئایینی (ئێزیدی) وەک ناسنامەی سەربخۆ جێگیر دەکەن، بەڵام زۆرینەی مێژوویی و نەریتی کۆمەڵگەکە خۆیان بە نەتەوەی کورد ناساندووە و تێکڕای ڕێوڕەسم، سرووت، و ئەدەبیاتی ئایینی و فۆلکلۆریان بە زمانی کوردییە. پێش کارەساتی ساڵی 2014، ژمارەی ئێزیدییەکان لە عێراقدا بە نزیکەی700 هەزار بۆ 800هەزار کەس مەزندە دەکرا کە زۆرینەیان لە قەزای شنگال، ناواحییەکانی وەک سنونی و هەروەها لە قەزای شێخان و ناحیەکانی بەعشیقە و بەحزانی لە نزیک مووسڵ نیشتەجێ بوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی سەقامگیری ئەمنی، سیاسەتی فەرامۆشکردن، و کارەساتی جینۆسایدەکەوە، ئێستا سەدان هەزار ئێزیدی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا لە دۆخێکی سەختدا دەژین یان ڕوویان لە هەندەران و وڵاتانی ئەوروپا کردووە و کۆچێکی بەکۆمەڵیان ئەنجام داوە، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر دیمۆگرافیا و داهاتووی ئەم پێکهاتەیە دروست کردووە.

هۆکارەکانی قووڵبوونەوەی ئەم ناکۆکییە سیاسی و ناسنامەییە دەگەڕێنەوە بۆ چەندین فاکتەری مێژوویی و هەنووکەیی، لەوانە لاوازی متمانە بە دامەزراوە ئەمنییەکان پاش ئەوەی لە ساڵی 2014دا هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ناتوانن شنگال لە هێرشی داعش بپارێزن و بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی و سیاسی دروستبوو، هەروەها گرنگیی جیۆپۆلیتیکی و جوگرافیی شنگال وەک خاڵێکی ستراتیژی لەسەر سنوری نێوان عێراق و سوریا، و ململانێی بەردەوامی هێزە ناوخۆیی و هەرێمییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئیدارەی خۆجێی، کە سەرئەنجام بووە هۆی مانەوەی شنگال لە دۆخێکی ناسەقامگیر و فەرامۆشکراودا.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە ئاڵۆزە و کۆتاییهێنان بەو کێشە ناسنامەییەی کە بژێوی و چارەنووسی خەڵکەکەی تێکشکاندووە، ڕێگەیەکی زۆر لۆژیکی و سادە هەیە کە بریتییە لەوەی حکومەتی فیدراڵی عێراق بە هەماهەنگی و هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، و بە چاودێری و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپرسییەکی ئازاد و شەفاف ئەنجام بدەن بە مەرجێک هەموو پێکهاتە و خەڵکی ڕەسەنی شنگال بە بێ جیاوازی بگرێتەوە، چ ئەوانەی لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ژیاندا دەژین و چ ئەوانەی لە وڵاتانی دەرەوە و هەندەران پەنابەرن.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ قەندیل پرێس، پیر تاریق کە کەسایەتییەکی دیار و ڕوحانی و ئایینی ئێزیدییە، سەبارەت بەم دۆخە پڕ لە گیروگرفتە دەڵێت کە شنگال تەنها تاشەبەردێک، خاکێکی وشک یان نەخشەیەکی جوگرافی نییە کە لەسەری دەجەنگین، بەڵکو ڕۆح و قەفەسی سینەی ئێزیدایەتییە و ئێمە لەسەر ئەم خاکە سەختە چەندین نەهامەتی، فەرمان و کارەساتی مێژووییمان بینیوە، و ئەوەی ئەمڕۆش لەژێر ناوی ململانێی ناسنامەدا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت زیاتر دەستکردی سیاسەت و بەرژەوەندی حزبی و ناوچەییە نەک خواستی ڕەسەنی کۆمەڵگەی ئێزیدی، چونکە باوەڕ، مێژوو، زمان و سرووتە ئایینییەکانمان بە ڕوونی دەریدەخەن کە ئێمە بەشێکی دانابڕاوین لەم خاکە و پرسی شنگال بە چەک، بە زۆرینەی بڕیاری سیاسی یان بە فەرمانپێکراوی چارەسەر ناکرێت، بەڵکو تەنها و تەنها گەڕانەوەیە بۆ دەنگی خەڵکەکە خۆیان لە ڕێگەی راپرسییەکی دیموکراسی، ئازاد و نێودەوڵەتییەوە کە تێیدا هەموو شنگالییەک لە ناوخۆ و دەرەوە بەشداری بکات، تاکە زەمینەسازییە بۆ ئەوەی دەنگی ڕەسەن چارەنووسی خۆی بە شێوازێک یەکلایی بکاتەوە کە خزمەتی ئارامی، پێکەوەژیان و گەشەپێدان بکات نەک ئاژاوە و دابەشبوونی زیاتر. دۆسیەی شنگال لە ئێستادا پێویستی بە دیدگا، بڕیار و ویستێکی سیاسی و نیشتمانی بوێرانە هەیە، و پشتگوێخستنی بەردەوامی داواکارییە ڕەواکانی خەڵکی شنگال و بەکارهێنانیان وەک کارتێکی فشاری سیاسی تەنها قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە، بۆیە ئەنجامدانی ڕاپرسییەکی دیموکراسی و شەفاف تاکە کلیلی ڕاستەقینەیە بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ، ئارامی و ناسنامەی ڕەسەن بۆ ئەم دەڤەرە برینداره.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

مەسرور بارزانی: ڕێگری لە هەر هەوڵێک دەکەین بۆ دابەشکردن و لاوازکردنی قەوارەی هەرێم

قەندیل پرێس – هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *