به‌په‌له

سەڵاح عەباسی: ئەوەی مانەوەی کورد گەرەنتی دەکات ئێستا، زیاتر لە هێزی چەک، هێزی هەڵبژاردن، شارەوانییەکان، پەرلەمان و خەباتی مەدەنییە

قەندیل پرێس: وتووێژ

کاتێک دۆخی ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورە و هاوکێشەی نوێدا دەلەرزێت، ئاڵنگارییەکانی بەردەم بزووتنەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەچنە قۆناغێکی چارەنووسسازەوە. فشاری ئەمنی، قەیرانی هاوپەیمانێتییە سەرتاسەرییەکان، و داهاتووی نادیاری تاران، پرسیارگەلی جیدی لەسەر ستراتیژیی هێزە کوردییەکان دەوروژێنن. لەم گفتوگۆیە تایبەتەدا، شرۆڤەکاری سیاسی سەڵاح عەباسی، بێپەردە و بە دیدێکی واقعبینانە، کەموکوڕییەکانی ماڵی کورد و سیناریۆکانی بەردەم داهاتووی سیاسیی ناوچەکە هەڵدەسەنگێنێت.

قەندیل پرێس: لە هاوکێشەی مەیدانیدا هێزە کوردستانییەکان خاوەن ڕێکخستن و توانای جووڵاندنی شەقامن، لە کاتێکدا زۆربەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سەرتاسەری بێبەشن لەو بنکە جەماوەرییە. سەرەڕای ئەم سەنگە قورسە مەیدانییە، کاتێک دەچنە ناو هاوپەیمانێتی یان دەستپێشخەرییە سەرتاسەرییەکان (وەک کۆنگرەی ئازادی ئێران یان ڕاگەیاندنی ئۆسلۆ)، گوتاری نەتەوەیی، فیدراڵیزم و مافی چارەی خۆنووسین کز دەبێت و لە ئاست «مافی هاووڵاتیبوونی حەداقەلی»دا کورت دەکرێتەوە. بە بۆچوونی ئێوە، ئەم پاشەکشەیە پەیوەندی بە چ قەیرانێکی ستراتیژی یان سایکۆلۆژی لە بیری سیاسیی کوردییەوە هەیە؟ بۆچی حیزبەکان توانای سەپاندنی پێناسەی خۆیان وەک «نەتەوەیەکی خاوەن جوگرافیا و ماف» بەسەر ناوەنددا ناکەن بە مەرجی پێشوەختە؟

سەڵاح عەباسی: پەیوەندیی ناوەند و لایەنی کوردی هەمیشە قەیراناوی بووە، بەڵام پێموایە ئەمجارە لایەنی کورد ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە دارشتن و گەڵاڵەکردنی بەرنامەی ناوخۆی کۆنگرەی ئازادیی ئێراندا. ئەگەر چاوێک بەسەر شێوەی دامەزرانی کۆنگرە و بنیاتنان و دابەشکردنی ئەرک، ڕۆڵ و بەرپرسیارێتییەکاندا بخشێنین، دەبینین لەخوارەوە بۆ سەرەوەیە و لە هەڵبژاردنەکاندا بەرپرسانی پێشوو جێگەی خۆیان بە بەرپرسانی تازە و هەندێک جار بە پێی ئەو دەنگانەی کە دراوە، ساڵ بە ساڵ گۆڕانکاری لە بەرنامەی کۆنگرەدا پێکهاتووە و لەگەڵ ئەوەشدا کە تەنیا چەند مانگێک لە تەمەنی کۆنگرە تێدەپەڕێت، توانیویەتی نموونەیەکی پێشکەوتوو پێشکەش بکات و کوردەکان، بلووچەکان و کەمایەتییەکانی تر لە ئاستی ڕێبەریی کۆنگرەدا بەشدارن.
هەڵبەت کەمایەتییەکان ناتوانن بە داواکاریی سەربەخۆیی بۆ کوردستان بچنە ناو کۆنگرە، بەڵام کۆنگرە دژی فیدراڵیزم نییە؛ لە ڕاستیدا کۆنگرە هیچ مافێکی کورد ڕەت ناکاتەوە، بەڵام سەربەخۆیی بۆ کورد هێڵی سوورە و کورد ناتوانێت بەم داواکارییەوە بەشداریی کۆنگرە بکات.
لایەنێکی تر ئەوەیە کە کۆنگرە حزبی سیاسی نییە، بەڵکو بەرەیەکە پێکهاتوو لە چەندین حزب، نوێنەرەکانیان و دەیان کەسایەتی؛ سنوور بۆ بۆچوون دانەنراوە، بۆیە لە چوارچێوەی تەواویەتی خاکی ئێراندا هەموو بۆچوونەکان دەتوانن بەشدار بن، وەکو کۆماریخواز، مشڕووتیەخواز، چەپ، سۆسیال دیموکرات، لێبڕاڵ، ملی، ملی مەزهەبی و…
هەروەها سیستەمی هەڵبژاردن هەموو کورسییەکان ناداتە دەست زۆرینە و بەشی کەمینە لەبەرچاو دەگیرێت. ئەم کۆنگرەیە لە ڕووی فۆرمی سیاسییەوە فۆرمێکی نوێ و تاقینەکراوەیە لە سیاسەتی ئێراندا.
ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ناو ماڵی کورد، ئەوەیە کە هیچ هێزێک یان حزبێک بە پێچەوانەی بەرنامەی خۆی نەجووڵاوەتەوە؛ واتە ئەو حزبانەی کە داوای سەربەخۆیی دەکەن نەچوونە ناو کۆنگرە، وەکو بەڕێز یەزدانپەنا (نازانم ئایا حزبی دیکەمان هەیە کە داوای سەربەخۆیی بکات؟).
لایەنێکی تر ئەوەیە کە حزبە کوردییەکان ئەگەر ناوەندی هاوکاری یان بەرەیەکی یەکگرتووی واقیعییان پێکهێنابا، دەیانتوانی لەناو کۆنگرەدا هاوکاری و کارئاسانی بۆ یەکتر بکەن، بەڵام لەسەر ئەرزەی واقیع هاوپەیمانییەکی بەهێزیان دانەمەزراندووە و پێکنەهێناوە تا شاهیدی ڕەنگدانەوەکەی لە ناو کۆنگرەدا بین. ئەگەر قۆڵ هەڵماڵن و ناوەندی هاوکاری یان هاوپەیمانی لەناوخۆیاندا پتەو و بەهێز بکەن، دەتوانن وەکو فراکسیۆنێکی یەکگرتوو بزوونەوە. جا بۆیە چاوەڕوانێکی رێژەیی و گەورەیە و زۆریش خەیاڵی و ناریئالیستییە کە وەک نوێنەری نەتەوەیەکی خاوەن جوگرافیایەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێنە مەیدان. پێش هەموو شتێک بۆ حزبە کوردەکان سەربەخۆیی داوای فەرمی و حزبی نییە و ئەگەر وایانکردبا یاخود وا بکەن، دەرگای ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییان بەسەردا دادەخرێت. ئێمە لە هەلومەرجێکی تایبەتی جیوپۆلیتیکداین.
نوێنەرایەتیی کورد تەنانەت لە عێراقیش ناتوانێت بە گوتاری سەربەخۆییەوە بەشداریی سیاسەتی سەرانسەری لە بەغدا و عێراقدا ببێت؛ لە سووریا، تورکیا و ئێرانیش هەروەها.
دیارە لە باشوور تا ڕادەی هەرێمی فیدراڵ چووە پێش، بەڵام دەبینین پرۆسەیەکی قەیراناوییە و بە چەندین هۆکاری جۆراوجۆر ئەزموونەکە هەڕەشەی لەسەرە. لە سووریا ناچاربوون بە مافێکی سەرەتایی ڕازی ببن، چونکە هاوسەنگیی هێز و دەوری ئەمریکای ترامپ و تورکیا لە سووریا لەوە زیاتری نەدەڕەخساند. لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامیشدا جیوپۆلیتیک ڕێگا نادات کورد یەک هەنگاو لە سەربەخۆیی نزیک ببێتەوە، مەگەر هەلومەرجی هەرێمی و نێودەوڵەتی تووشی ئاڵوگۆڕی گەورە ببێت.

قەندیل پرێس: ئێستا ململانێی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە قۆناغێکی پڕ لە ناڕوونی و شەڕی نادیاردایە؛ هەندێک ئەم دۆخە وەک دەرفەتی تاران بۆ پەردەپۆشکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان و سەرکوتی زیاتر دەبینن، لە هەمان کاتدا هەندێک هێزی کوردی (وەک پژاک) دژایەتیی خۆیان بۆ هێرشی دەرەکی دەربڕیوە بەڵام ئاراستەی تریش هەن گرەو لەسەر لاوازبوونی تاران دەکەن. خوێندنەوەی بەڕێزتان بۆ ئەم کێبڕکێ و سیناریۆ سەربازییانە چییە؟ ئایا دۆخی شەڕ و ئاڵۆزیی دەرەکی زیاتر خزمەت بە مانەوە و پەردەپۆشکردنی سەرکوتی تاران دەکات، یان بزووتنەوەی کوردی دەتوانێت وەک خاڵی وەرچەرخان لە بەرژەوەندیی خۆی کەڵکی لێ وەرگرێت؟

سەڵاح عەباسی: جگە لە سەلتەنەت‌خوازەکان و چەند هێزێکی بچووک، زۆربەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دژایەتیی خۆیان دەربڕیوە؛ تەنانەت ئەوانەش کە لە دڵی خۆیاندا خۆشحاڵن بەم هێرشانە و وەکو فریادرەس چاوی لێدەکەن، لە ترسی ناسیۆنالیزمی سەربەخۆخواز و دژ بە کۆلۆنیالیزمی ئیرانی کە بەتایبەت لە موسەدیقەوە سەرچاوە دەگرێت، ناویرن هەڵوێست بگرن. ئەوە تەنیا سەلتەنەت‌خوازەکانن کە دەوێرن ئەم کارە بکەن، چونکە خۆیان بە خاوەنی ناسیۆنالیزمی ئیرانی دەزانن و لە مێژە لەگەڵ موسەدیقییەکان لە دووبەرەی دژبەردان، هەر لە کودیتای ڕەزا شاوە تا کودیتای بیست و هەشتی موردادەوە؛ سەلتەنەت‌خوازەکان لایەنگری سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئینگلیز بوون لە ناوچەکەدا، هەڵبەت ڕەزا شا دوای ماوەیەک بەرەو ئاڵمانیای هیتلەر وەرچەرخانێکی کرد کە بوو بە هۆی دوورخستنەوەی لە ئێران و هێنانی سەرکاری کوڕەکەی.
ئیستاش دەبێت دان بەوەدا دابنێین کە هێزە کوردییەکان دەبێت لە نێوان ئەم دووبەرەیەدا (دژبەرانی کۆلۆنیالیزم) هەڵبژێرن و هاوکارییان بکەن، چونکە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە هەموو باڵەکانیەوە وەکو چۆن موجاهیدینی خەڵکیان تەریک کردەوە، لەگەڵ ئەمانیش هەر ئەوە دەکەن ئەگەر وەکو لایەنگری ئیسرائیل و ئەمریکا پۆلێن بکرین.
لە تورکیاش ئەمجۆرە بوو کە کەمالیستەکان وەکو سەلتەنەت‌خوازەکان لایەنگری هەژموونی ئەمریکا بوون و زۆر توندتربوون لە سەرکوتکردنی کوردەکاندا.
کەوابوو ئەگەر کورد دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی دژی سەلتەنەت و کۆماریخواز بپارێزێت، دەبێت لە دوو شت دوورکەوێتەوە: سەربەخۆیی‌خوازی و ئیسرائیل و سیاسەتەکانی ترامپ.

قەندیل پرێس: چەمکی «ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک» یان «کۆماری دیموکراتیکی ئێران» کە لە لایەن پژاک و ڕەوتی ئاپۆچییەوە پێشنیار دەکرێت، لە لایەن بەشێک لە چاودێرانەوە وەک هەوڵێک بۆ تێکەڵبوونەوە لە دەوڵەت و دوورکەوتنەوە لە جەوهەری مافی چارەی خۆنووسین لێکدەدرێتەوە (بە تایبەت بەراورد بە ئەزموونی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان). بە دیدی ئێوە، ئایا ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک لەگەڵ ساختاری سیاسی و فەلسەفەی دەسەڵات لە ئێراندا دەتوانێت زامنی مافە نەتەوەییەکانی کورد بکات، یان مەترسیی ئەوەی هەیە داخوازییە بنەڕەتییەکانی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەیەکی ناڕوونی سەرتاسەریدا بتوێنێتەوە؟

سەڵاح عەباسی: ئەگەر بەدوای مانای وشەدا بین، ئینتیگراسیۆن پێچەوانەی ئاسیمیلاسیۆنە. بەڵام ئایا دەوڵەتی تورکیا کە زیاتر لە نۆوەد ساڵ پرۆژەی ئاسیمیلاسیۆنی پەیڕەو کردووە، ئامادەگیی ئینتیگراسیونی هەیە؟
ئەی کورد دەبێت درێژە بە شەڕ بدات یان ئینتیگراسیۆن بە بنەما بگرێت؟ ئەم گومانە کە دەوڵەتی تورکیا توانای جێبەجێکردنی پرۆژەی ئینتیگراسیونی نییە، ڕەوا و مەشروعە. بێگومان کەس ئەوەندە سادە و خۆشباوەڕ نییە کە دەوڵەتی تورکیا بە هەمان شێوەی ئیسپانیای دوای فرانکو ئینتیگراسیۆن بەڕێوە بەبات و سەروەریی یاسایی، زمانی، کلتوری و سیاسیی کورد و تورک بباتە ئاستێکی یەکسان یان نزیک لە یەکسان، وەکو ئەو بەشدارییە سیاسی و کلتورییەی کە باسکەکان لە ئیسپانیای دوای دەسەڵاتی فرانکو بەخۆیانەوە بینی.
کەوابیت بەربەستێکی گەورە لەلایەن دەوڵەتەوە لەئارادایە و من ئەوە بە کەم ناگرم. نزیک سەد ساڵ یەک زمان و یەک نەتەوە بە ئاسانی لە سەروەریی خۆی پاشەکشە ناکات و نەسڕدرێتەوە.
ئینتیگراسیونی ڕاستەقینە بە مانای پەیمانێکی کۆمەڵایەتی و گرێبەستێکی نوێیە لە ڕووی سیاسییەوە؛ واتە یاسای بنچینەیی دەبێت دان بە دوو زمان، دوو کلتور، دوو ڕەگەز و دوو مێژوودا دابنێت و مێژووی کورد بە فەرمی بە هەموو تایبەتمەندییەکانیەوە بناسێت.
ئەمە بەو واتایەیە کە یاسای بنچینەیی تەنیا لە بەرژەوەندی و خزمەتی سەروەری و هێژموونی تورکدا نەبێت و بگۆڕێت، وەکو هەموو ئەو وڵاتانەی ئینتیگراسیۆن تیایدا جێبەجێکراوە. ناکرێت چاوەڕوان بین تورکیا کوتوپڕ ببێت بە وڵاتی دوو نەتەوە، وەکو لە ئینگلیز، کەنەدا و تا ڕادەیەکی زۆر ئیسپانیا دەبینین. پرۆسەی ئاسیمیلاسیون لە نۆوەدەکانەوە بە هۆی شەڕی چەکداری زۆر زیاتر بەرەو پێشچوو، هەزاران گوند وێرانکران و چەندین ملیۆن کورد ئاوارەی شارە تورکەکان بوون. لە لایەکی دیکە دەڵێن شەڕی چەکداری ڕێگای نەداوە ناسنامەی کورد بسڕێتەوە.
لێرەدا دەمەوێت بڵێم شەڕی چەکداری دەوڵەتی تورک زیاتر دوور دەخاتەوە لە پرۆژەی ئینتیگراسیۆن.
ئەم پرۆژەیە پێویستی بە لاوازبوونی گوتاری ئەمنی و دەزگای میت هەیە، پێویستی بە گەشەکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و پەرلەمان هەیە، و پێموایە بەڕێز ئۆجالان باشتر لە هرکەس ئەمەی خوێندۆتەوە.
بۆیە کاتێک دەوڵەت ڕەگەزپەرستە و دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ و ڕێبەرێکی هەمیشەیی لەسەر حوکمە کە تەنانەت ڕەحم بە تورکەکانیش ناکات، کورد دەبێت دەستپێشخەر بێت بۆ ڕەواندنەوەی باری ئەمنی و گەڕاندنەوەی باری ئاسایی.
ئەوەی مانەوەی کورد گەرەنتی دەکات ئێستا زیاتر لە هێزی چەک، هێزی هەڵبژاردن، شارەوانییەکان، پەرلەمان و خەباتی مەدەنییە.
قۆناغەکە لە مێژە گۆڕاوە، بەڵام هەندێک کەس هێشتا خوێندنەوەی کۆن بۆ قۆناغی نوێ دەکەن. هێزە ئەمنییەکان لە تورکیا بۆ سەرکوتکردنی هێزە مەدەنییەکان بیانوو دەگەڕێن و لە لایەکی تریشەوە لە مەیدانی چەکداریدا دەوڵەت بەهێزە و لاواز نییە، بەڵام گۆڕەپانی خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی ئەو شوێنەیە کە دەتوانێت قورسایی سیاسیی کورد بباتە ئاستێکی باشتر.
کەوابوو ئێمە لەگەڵ دەوڵەتێکدا تەرەفین کە ئێستا هەم ئیمام ئۆغڵو و هەم سەلاحەدین دەمیرتاشی ئازاد نەکردووە، بەڵام کورد ناچارە بۆ دەستکەوتی گەورەتر هەنگاو بنێت؛ واتە شێوازی سەرەکیی بەرخودان بگوازێتەوە بۆ مەدەنی و وەکو هێزێکی مەدەنی لەناو دامودەزگاکاندا خۆی ڕێکبخات.
لێرەدا دەمەوێت ئەمە بڵێم کە ئامادەنەبوونی دەوڵەتی تورکیا خەتای تێرم یاخود دەستەواژەی ئینتیگراسیۆن نییە، بەڵکو گەشەکردنی ئینتیگراسیۆن تورکیا بە هەمان ئاقاری ئیرلەند و ئیسپانیادا دەبات. هەڵبەت ئەمە پرۆسەیەکی درێژخایەنە و لانیکەم پانزە بۆ بیست ساڵ و لەوانەیە زیاتریش بخایەنێت، بەڵام ناگەڕێتەوە دواوە.
کەوابوو لە کورتخایەندا ئەم پرسه لەگەڵ دوو مەترسیی گەورە ڕووبەڕووە: یەکەم، ئەو کوردانەی کە ناسنامەی چەکداری وەکو تاقە ناسنامەی کورد چاوی لێدەکەن؛ دووهەم، هێزە ئەمنی، سەربازییەکان و فاشیستەکان کە ناخوازن گرێبەستی کۆمەڵایەتی و هاوسەنگیی نێوان کورد و تورک بە قازانجی کورد بگۆڕێت و بە قەولی ئاتاتۆرک تەنیا تورک بوون جێگای شانازی بێت و کورد بوون پەراوێز بخرێت.
ئینتیگراسیۆن پرۆژەیەکی دیموکراتیکە لە وڵاتێکدا دەچێتە پێش یاخود شانسی سەرکەوتنی هەیە کە ڕادەیەک لە ئازادیی کار و چالاکی حزبی و ڕادەیەک لە شەرعییەتی پەرلەمان و دادگا دەستەبەر کرابێت. بێگومان لە کۆماری ئیسلامیدا بەم فۆرم و ناوەڕۆکەوە ئینتیگراسیۆن ناکرێت؛ هەروەک پێشتر باسمکرد تورکیاش کەموكوڕی گەورەی هەیە و پرۆسەکە لە تورکیا ئاستەنگی گەورەی لەبەردەمە.
ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی تاقە ئەو ڕێگەچارەیەی هەیە کە لە ڕێگەی ئاشتەواییەوە کێشەکان چارەسەر بکات، بۆیە لە وڵاتێکدا کە تەواو دژی دیموکراسییە ناکرێت ئینتیگراسیۆن ڕووبدات، تەنانەت ئەگەر ناوی بنێن ئینتیگراسیونی دیموکراتیک.
ئەمە زۆر سەیرە کە هەندێک کەس پێیانواوە هەموو شتێک دوو چەشنی هەیە (دیموکراتیک و نادیموکراتیک)؛ لە ڕاستیدا ئینتیگراسیۆن یەک چەمکی دیاریکراوی سیاسییە، بەڵام ئەوە دەوڵەتەکانن کە دیموکراتیک یان نادیموکراتیکن و نەک ئینتیگراسیۆن.

قەندیل پرێس: لە دوای ڕێککەوتنی ئەمنیی تاران و بەغدا، سنووردارکردن و گواستنەوەی کەمپەکان، مانۆڕی سەربازی و ئامادەیی مەیدانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە سنوورەکان کەوتە ژێر فشارێکی توند. ئەم واقیعە جیۆپۆلەتیکییە نوێیە چۆن ڕێڕەوی خەباتی ڕۆژهەڵات دیاری دەکات؟ ئایا بەستنی دەستی حیزبەکان لە باشوور دەیانبات بەرەو چەقبەستوویی، یان ناچاریان دەکات کێشی سەرەکیی خەبات بگوێزنەوە بۆ نێوخۆی شارەکان، خەباتی مەدەنی و تۆڕە ژێرزەمینییەکان؟

سەڵاح عەباسی: ڕەوشی سیاسیی ناوچە بەرەو گۆڕانکاری دەچێت و حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور گوشاریان لەسەرە، بەڵام پێموانییە ئێران دەستوەردانی سەربازی بکات لە باشوور، بە هۆکاری ئەوەی نیگەرانیی دۆخی دوای دەستوەردانە و نازانێت کاردانەوەی زلهێزەکان چۆن دەبێت.
لە لایەکی ترەوە، دەوڵەتی عێراق یاخود بەغدا ناکرێت وەکو شەریک و هاوپەیمانی ڕاستەقینەی ئێران چاوی لێبکرێت؛ ڕاستە عێراق دەخوازێت ئێران ڕازی ڕاگرێت، بەڵام دە ئەوەندەش دەخوازێت ئەمریکا لە خۆی ڕازی ڕاگرێت.

قەندیل پرێس: وەڵامدانەوەی خێرای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بانگەوازی مانگرتنە گشتییەکان لە ساڵیادەکانی بزووتنەوەی ژینا—تەنانەت لە کاتێکدا کە حیزبەکان لە دەرەوە بۆردومان دەکران و لە ناوخۆش سەرکوت لە لووتکەدا بوو—نیشانیدا هێشتا بەستەری نێوان کۆمەڵگە و ئۆپۆزیسیۆن لەم بەشەی نیشتمان بەهێزترینە بەراورد بە سەرانسەری ئێران. پەیامی ئەم یەکدەنگی و پتەوییەی شەقامی کوردی بۆ تاران چییە، بە تایبەت لە قۆناغێکدا کە دەسەڵات بەردەوام ترسی لە جووڵەی کوردی هەیە کاتێک ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە دەبێتەوە؟ چۆن دەکرێت ئەم سەرمایە گەورەیە بۆ پرۆژەیەکی ڕزگاریخوازیی یەکلاکەرەوە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت؟

سەڵاح عەباسی: ئەوە ڕاستە سەرمایەی شەقام و ناڕەزایەتی لە کوردستان زۆر بەهێزە و هەروەها پەیوەندیی حزبە سیاسییەکان بە شەقام، بازاڕ و بۆچوونی گشتی لە کوردستان زۆر بەهێزترە تا لە تاران.
ئەمە یەک پەیامی گەورەی پێیە بۆ تاران، شرۆڤەکاران و چاودێرانی جیهانی و ناوچەیی.
پەیامەکە ئەوەیە لە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی یان کز و لاوازبوونیدا ڕاپەڕین ڕوودەدات و کورد دیسانەوە دەست بەسەر هەموو ناوەند و بنکە و پێگە دەوڵەتییەکاندا دەگرێت.
بێگومان لە کاتێکی وەهادا دەبێت دەرس لە ڕاپەڕینی باشوور و هەروەها ڕاپەڕینی شۆڕشی ١٩٧٩ وەرگیرێت و هەڵەکانیان دووپات نەکرێتەوە.
شێوەی پەیوەندیکردنی کوردی سووریا بە دەوڵەتی سووریاوە دوای ئەوەی ئەسەد بەشێکی گەورەی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر سووریادا لەدەست دا، ئەزموونێکی دەوڵەمەندە و دەبێت دەرسی پێویستی لێ وەربگیرێت.
ئێمە نازانین دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی چی ڕوودەدات، بەڵام کورد دەبێت تا ئەو جێگەیەی مومکین بێت پێش لە شەڕی ناوخۆیی بگرێت و ئاگربەست و ئاشتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە سەقامگیر بکات.
لەوانەیە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کورد بانگهێشتنی تاران بکرێت بۆ بەشداریکردن لە دەوڵەتدا و لەوانەیە لایەنگرانی سەربەخۆیی و جیاخوازی دژی ئەمە بوەستن. گرنگە کورد چاوەڕوانی ئەوە نەبێت ناوەند پۆست و پلەی پێ ببەخشێت، بەڵکو چالاکانە بەشداری بکات لە دەوڵەتی نوێدا و نەک خۆی وەکو حاکمی کوردستان پێناسە بکات، بەڵکو وەکو لایەنێکی بەهێز لە تاران خۆی پێناسە بکات. ئەمە دەتوانێت دەستپێکی سیاسەتی ئینتیگراسیۆن بێت لە ئێران.
بەهەرحال گرنگە ناوەندێکی سیاسی هەبێت و توانای بڕیاری سیاسیی یەکپارچەی هەبێت؛ واتە دیاردەی پاشاگەردانی و دەسەڵاتی ناوچەیی نابێت سیاسەتی کوردی ئێفلیج بکات.
لایەنێکی تر ئەوەیە کە هەر ئێستا بەشێکی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی خوازیاری هاوکاری و بەستنی بەرە و هاوپەیمانین لەگەڵ کورد، چونکە پەیوەندیی نێوان خەڵکی کورد و هێزە کوردییەکان پتەوترە لە هی خۆیان و ئێستا خۆیان بە موحتاجی هاوکاری و هاوپەیمانی دەبینن، بەڵام سبەی لە تاران کاتێک کۆماری ئیسلامی نەمابێت و دەوڵەت بکەوێتە دەستیان، چیتر پێویستیان بە کورد نامینێت و لە پۆزیسیۆنی دەسەڵاتەوە مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن.
بۆیە دەسەڵاتێکی فکری، کرداری و چەکداریی یەکپارچە پێویستە بنیات بنرێت.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. ناسر باباخانی بۆ قەندیل پرێس: هاوپەیمانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنێک کە دان بە مافی نەتەوەیی کورددا نەنێت، هیچ دەردێک لە ئێمە دەرمان ناکات

قەندیل پرێس – د. ناسر باباخانی، شرۆڤەکاری سیاسی، لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی «قەندیل …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *