قەندیل پرێس
لە جیهانێکدا کە ئازادیی ڕادەربڕین و میدیای ئازاد وەکوو کۆڵەکەی سەرەکیی دیموکراسیی ڕاستەقینە سەیر دەکرێت، هێشتا لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان و بە تایبەت لە هەرێمی کوردستاندا، قەڵەمەکان ڕووبەڕووی هەڕەشەی مەرگ، ڕاوەدوونان و خامۆشکردنی زۆرەملێ دەبنەوە. لە چوارچێوەی یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی بۆ کۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزا لە تاوانەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان، سەنتەری میترۆ ڕاگەیەندراوێکی توندی بڵاو کردەوە و تێیدا دۆخی ڕۆژنامەگەری و بێسزایی بکەرانی تاوانەکانی لە هەرێم خستە ڕوو.
ئامارە جیهانییەکانی یۆنسکۆ: کڵپەسەندنی مەترسییەکان
بە پێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و ڕۆشنبیری یۆنسکۆ، لە نێوان ساڵی 2025 بۆ 2026 ، 166 ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون. ئەوەی جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە، ڕێژەی بێسزاییە؛ بە جۆرێک کە لە کۆی 7 حاڵەت، 6 كەیسیان بێ ئەنجام بووە و بکوژەکان بە تەواوی لە سزا دەربازیان بووە. یۆنسکۆ هۆشداریی لەوە داوە کە دەربازبوون لە سزا دەرئەنجامی ترسناکی لێدەکەوێتەوە و دەبێتە هۆی کوشتنی زیاتر، چونکە کاتێک بکوژ سزا نەدرێت، ژینگەیەک بۆ توندوتیژیی زیاتر دەڕەخسێت. هاوکات ئەم دیاردەیە نیشانەیەکی مەترسییدارە بۆ پەرەسەندنی ململانێکان و تێکچوونی سیستەمی دادوەری و داڕمانی بنەمای سەروەریی یاسا. لە لایەکی ترەوە، بێسزایی زیان بە تەواوی کۆمەڵگەکان دەگەیەنێت لە ڕێگەی شاردنەوەی پێشێلکارییە جدییەکانی مافەکانی مرۆڤ و گەندەڵی و تاوانەوە. لە ڕوانگەی ئەم مەترسییانەوە، یۆنسکۆ داوا لە حکوومەتەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکان دەکات کە بەشدار بن لە هەوڵە جیهانییەکان بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی بێسزایی و دابینکردنی پاراستنی یاسایی بۆ ڕۆژنامەنووسان.
دۆخی هەرێمی کوردستان: دادگای وابەستە و کەیسە داخراوەکان
لە هەرێمی کوردستاندا، کێشەی بێسزایی قەبارەیەکی گەورەتر و ئاڵۆزتر بەخۆیەوە دەبینێت. بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی سەنتەری میترۆ، بە هۆی وابەستەیی دەسەڵاتی دادوەری بە پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانەوە، دەزگا فەرمییەکان نەیانتوانیوە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، بێلایەن و جدی لەسەر کەیسەکانی تیرۆر و کوشتنی ڕۆژنامەنووسان ئەنجام بدەن. لەبری بەدیهێنانی دادپەروەری، کەیسە هەرە دیار و خوێناویەکانی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی داخران، بەبێ ئەوەی بکوژ یان پلان بۆ داڕێژەری تاوانەکان بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا. لە دیارترین ئەو کەیسانە کە تا ئێستاش برینێکی ساڕێژبوونەوان لە جەستەی میدیای کوریدا بریتین لە سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، وەدات حسێن و عەبدولستار تاهیر شەریف. ئەم دۆخە بۆتە هۆی ئەوەی کە متمانە بە دەزگا دادوەرییەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدا بێت و کولتووری بێسزایی ببێتە دیاردەیەکی باو لە ناوچەکەدا.
داواکارییە فەرمییەکانی سەنتەری میترۆ
لەو ڕۆژە جیهانییەدا، سەنتەری میترۆ و دەنگە ئازادەکان داوایەکی ڕوون و بێپەردە ئاراستەی کۆمەڵگە و دەسەڵات دەکەن کە بریتییە لە سەرلەنوێ لێکۆڵینەوەکردنەوە و کردنەوەی دۆسیە داخراوەکان لە سەرجەم کەیسەکانی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستاندا. بۆ ئەوەی ڕێزداری بۆ مافی مرۆڤ و کەرامەتی قوربانییان بگەڕێتەوە، دەبێت دادپەروەری باڵادەست بێت و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن و ڕێوشوێنی یاسایی توند بگرترێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخەی کە تێیدا بکوژان بە ئازادی دەسووڕێنەوە و عەدالەت دەستی کورتە. پاراستنی ژیانی ڕۆژنامەنووسان مەرجی سەرەکییە بۆ بوونی کۆمەڵگەیەکی کراوە و دیموکرات، و بەردەوامبوونی ئەم دۆخە نالەبارەش تەنها خزمەت بە سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد دەکات.
سەنتەری میترۆ جەخت دەکاتەوە کە لە هەرێمی کوردستان بکوژی ڕۆژنامەنووسان ئازادن و پێویستە هەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە نەخوازراوە.
قەندیل پرێس