نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بە دانانی مەرجی نوێ و ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی کورد، گومانێکی گەورەی خستە سەر داهاتووی پرۆسەی ئاشتی. ئایا ئەمە سەرەتای پاشەکشەیە لە بەڵێنەکان، یان تەنها مانۆڕێکی سیاسییە پێش دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانان لە پەرلەمان؟
لە کاتێکدا تەواوی چاوەکان لەسەر یەکی تشرینی یەکەمی 2025ن بۆ دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی تورکیا، کورتوڵموش بە ڕۆژنامەی حورییەتی تورکی ڕاگەیاند: دەبێت سەرەتا پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت، دوای ئەوەی هەسەدەش پابەند دەبێت بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە ، دواتر هەموارکردنەوەی ژمارەیەک لە یاساکان وەک ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ پرۆسەکە دەبێتە پێویستی.
لەبارەی داواکاری بەردەوامی دەم پارتی و لایەنی کوردی بۆ ئەوەی لیژنە پەرلەمانییەکە سەردانی ئۆجەلان بکات و گوێ لە سەرنج و پێشنیازەکانی بگرێت، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت: “خۆی ئەو (ئۆجەلان) سەرنج و پێشنیازەکانی بە شاندی ئیمراڵی و پارێزەرەکانی وتووە، بۆچی دەبێت لیژنەکە سەردانی بکات؟ ئەگەر سێ لەسەر پێنجی ئەندامانی لیژنەکە ڕازی بوون، دەکرێت شاندێک ڕەوانەی ئیمراڵی بکرێت”.
سەرۆکی پەرلەمان جەخت لەوە دەکاتەوە بە هیچ جۆرێک جگە لە تورکی، هیچ زمانێکی دیکە لە تورکیا نابێت بە زمانی فەرمی و ئەمە تەنانەت هیی ئەوە نییە گفتوگۆشی لەسەر بکرێت و دەڵێت: “بەڵام قسەکردن بە زمانی دایک وەک شیری دایک حەڵاڵە بۆ هەموو کەسێک”.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژە بەوە دەدات کە لیژنەی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لیژنەی یاسادانان نییە، بەڵکوو تەنها دەتوانێت پڕۆژەیاسا پێشکەشی پەرلەمان بکات و دەڵێت: “چاودێریکردنی ئەوەی لە گۆڕەپانەکە چی دەگوزەرێت، ئایا بە ڕاستی (گەریلاکان) چەک دادەنێن یان نا، پێشهاتەکانی سوریا نابنە هەڕەشە لەسەر تورکیا، کاری دامەزراوە ئەمنییەکانی تورکیایە، نەک لیژنە پەرلەمانییەکە”.
ئەو قسانەی نومان کورتوڵموش لە کاتێکدان، تاکوو ئێستا ئەو لیژنە پەرلەمانییە 12 کۆبوونەوەی ئەنجام داوە و تەنها گوێی لە چین و توێژە جیاوازەکان گرتووە، بە هۆی پشووی پەرلەمانەوە تەنها بووەتە گوێگرێکی باشی بێ کردار، چاوەڕێ دەکرا لەگەڵ کردنەوەی وەزی نوێی یاسادان، دەست بە پێشنیازەکانی بکات بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان.
ئەمەش لە کاتێکدایە داواکارییە بەردەوامەکانی کورد بریتین لەوەی لە ڕێگای هەموارکردنەوەی یاساکانەوە وەک ئەوەی باخچەلی بەڵێنی دابوو مافی هیوا بە ئۆجەلان بدرێت بۆ ئەوەی بە مەرج ئازاد بکرێت، خوێندن بۆ کورد بکرێت بە کوردی، سەڵاحەدین دەمیرتاش و زیندانییە سیاسی و زیندانییە نەخۆشەکان ئازاد بکرێن و کۆتایی بە دانانی قەییوم بهێندرێت بۆ شارەوانییەکان.
قەندیل پرێس