به‌په‌له

سه‌عید سه‌نه‌نده‌جی: لە کاتی تۆمارکردنەکەدا ئەمیر کەریمی تەنها ئەندامێکی ئاسایی پژاک بووه و لایەنەکانی دیکەش هەڵوێستی هاوشێوەیان بەرامبەر بە یەکتر هەبوو

سه‌عید سه‌نه‌نده‌جی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ڕێبه‌ریی کۆنگره‌ی نیشتمانی کوردستان (که‌نه‌که)، له وتووێژێکی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ قه‌ندیل پرێس، ده‌ڵێت: ” زۆرجار لەبیریان دەچێتەوە کە یەکەمین ڕێبەری پژاک ئەندامی پێشووی حیزبی دێموکرات بووە و هاوڕێبەری دووەمیشی لە کۆمەڵەوە هاتووە.
ئەگەر سیاسەتی ناوخۆی پژاک، وەک ڕەخنەگران بانگەشەی بۆ دەکەن، دوژمنایەتی پارتەکانی دیکە بوایە، چۆن دەکرێت هەڵبژاردنی سەرکردەکانی خاوەن پاشخانێکی وا ڕەوا بێت؟ ئەم دژایەتییە نیشان دەدات کە توڕەیی سیاسی زیاتر کاردانەوەی سۆزدارییە بەرامبەر بە نیشانەکان نەک شیکارییەکی واقیعی لەسەر بنەمای بەڵگە. ئەو مەسەلەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دەست هەیە چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە، کە نایانەوێت لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوکاری یەکتر بکەن.”

قه‌ندیل پرێس: چەند ڕۆژ پێش ئێستا بەڵگەنامەی ستراتیژی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بڵاو کرایەوە، بەپێی ئەم بەڵگە ئەمریکا چیدیکە نایەوێت ڕۆڵی پۆلیسی نێونەتەوەیی بگێڕێت، یان ئەوەیکە تام باراک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاند ئەمریکا نایەوێت ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بگۆڕێت، پرسیاری ئێمە ئەوەیە بەپێی ئەم دۆخە، ئیستراتیژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات یان بەگشتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت چی بێت؟

سه‌عید سه‌نه‌نده‌جی: مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە: لە دۆخێکدا کە هیچ هێزێکی دەرەکی- بە ئەمریکا و ئیسرائیلیشەوە- ستراتیژی گۆڕینی ڕژێم لە ئێراندا پەیڕەو ناکات، چ ستراتیژێک بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گونجاوترینە؟ پرسیارەکە کاتێک گرنگتر دەبێت کە دوو خاڵ بەیەکەوە دابنێین: زلهێزە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دەوڵەتەکان بڕیار دەدەن نەک مافی گەلانی بێ دەوڵەت. هەر جۆرە پشتبەستنێکی ئاشکرا بە زلهێزە دەرەکییەکان دەتوانێ شەرعیەتی ناوخۆی بزووتنەوەکان تێکبدات و سەرکوتی دەوڵەتی ئێران چڕتر بکاتەوە. لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا یەکەی سەرەکی شیکاری بریتییە لە “دەوڵەتەکان”. دەوڵەتان هاوبەشن لەگەڵ دەوڵەتەکان و کاتێک باس لە بەرژەوەندی هاوبەش، بازرگانی، وزە، ئاسایشی سنوورەکان و بەڕێوەبردنی قەیرانی ناوچەیی دەکرێت، زۆر خێراتر لەوەی مرۆڤ بیری لێدەکاتەوە دەگەنە ڕێککەوتن. لە میکانیزمێکی وادا گەلانی بێ دەوڵەت هەمیشە لە دۆخێکی لاوازدا دەمێننەوە چونکە: بەرژەوەندییەکانیان بەشێک نین لە هاوکێشە سەرەکییەکە؛ پشتگیریکردنیان تێچووی زۆری دەوێت و لە زۆر حاڵەتدا قازانجێکی نییە؛ باو و ئاساییە کە لە دانوستانەکانی حکومەتدا ببنە موزایەدە.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، مێژوو چەندین جار نیشانی داوە کە پشت بەستن بە پشتیوانی دەرەکی بۆ بزووتنەوە ئازادیخوازەکان نەک هەر گەرەنتی دابین ناکات، بەڵکو دەتوانێت بزووتنەوەکە بەرەو ژینگەیەکی مەترسیدار و نادیار ببات.
شیکاری بارودۆخ: ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سنووری پشتبەستن بە دەسەڵاتی دەرەکی. بە پێی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا و ئەزموونەکانی ڕابردوو، ڕوونە کە هیچ هێزێکی دەرەکی ئامادە نییە باجی گۆڕینی ڕێژیم لە ئێران بدات. ئەم دۆخە چەند دەرئەنجامێکی گرنگی هەیە: یەکەم: وابەستەیی دەرەکی ڕێگری لە توانای بنیاتنانی هێزێکی سیاسی بەردەوام و پشتبەستوو بەخۆ دەکات. دووەم: ئەم جۆرە وابەستەییە شەرعیەتی ناوخۆیی بزووتنەوەکە لە چاوی گەلی ئێران- و تەنانەت بەشێک لە کۆمەڵگای کوردیش لاواز دەکات. سێیەم: پشتبەستنی سیاسی یان ئەمنی بە وڵاتێکی بێگانە دەتوانێت بیانوویەک بۆ هەر لایەنێکی کوردی بۆ سەرکوتی توندتر لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دابین بکات.
لە ئەنجامدا زۆر گرنگە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر بنەمای پتەوکردنی ژێرخانی ناوخۆیی: ڕێکخستنی سیاسی، تۆڕە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکان، پەروەردەی سیاسی و فەرهەنگی، و بەرگریکردن لە مافە مەدەنییەکانی خەڵک، ڕێبازی خۆیان بنیات بنێن. شیکارییەک بۆ بارودۆخی ئێستای جیۆپۆلەتیکی ئێران و سیاسەتی فەرمی ئەمریکا دەریدەخات کە هیچ بنەمایەک لە ئارادا نییە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشت بە پشتیوانی دەرەکی ستراتیجی ببەستن. هەروەها ئەزموونی مێژوویی ئەم ڕاستییە پشتڕاست دەکاتەوە. هەر بەم هۆیەشەوە ئایندەی بزووتنەوەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لەو کاتەدا خەیاڵ دەکرێت کە لەسەر بنەمای توانا ناوخۆییەکان، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و ڕێبازێکی پشتبەستن بەخۆبوون لە خەباتی سیاسیدا دامەزرابێت. ڕێبازێکی تێچووی بەڵام بەردەوامە کە هاوشێوەی ئەزموونی باکووری کوردستان تەنیا لە چوارچێوەی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێراندا سەرکەوتوو دەبێت.

درێژەدان بە ڕێگاکە پێویستی بە خۆڕاگری سیاسی و ڕێکخستنی قووڵ و پاراستنی سەربەخۆیی لە بڕیاردان هەیە؛ شتێک کە بتوانێت لە درێژخایەندا شوێنی کورد لە ئایندەی ناوچەکەدا دیاری بکات.

قه‌ندیل پرێس: تام باراک دەڵێت چیرۆکی ئیسرائیل و ئێران هێشتا تەواو نەبووە، ئەم وتەیە بەو مانایە دێت کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران تەواو نەبووە، بە ڕای بەڕێزتان ئیسرائیل دەتوانێت ببێتە وڵاتێکی پاڵپشتیکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی؟

سه‌عید سه‌نه‌نده‌جی: لێدوانەکەی تۆم باراک کە دەڵێت “هێشتا چیرۆکی ئیسرائیل و ئێران کۆتایی نەهاتووە” ئاماژەیە بۆ ئەوەی هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیستاتیک و جێگیر نین، بەڵکو بەردەوام لە گۆڕاندان و پڕن لە گرژییە ئەگەرییەکان. دەتوانرێت لێدوانەکەی باراک وەک ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ بەردەوامبوونی کێبڕکێی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات سەیر بکرێت؛ کێبڕکێیەک کە لە ڕووی مێژووییەوە هەرگیز نەگەیشتووەتە هاوسەنگییەکی جێگیر و پێناچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بگاتە خاڵی کۆتایی ڕێککەوتن. لە ڕوانگەی لێکۆڵینەوە ئەمنییەکانەوە، ئەم جۆرە لێدوانانە دوو مانایان هەیە.
یەکەم: ئیسرائیل هێشتا ئێران بە هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت و هەر بۆیە ڕەنگە لە هەندێک کات و ساتێکی مێژووییدا پەنا بۆ ڕێگەی ناڕاستەوخۆ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئێران ببات. دووەم: سیاسەتی دەرەوەی ئیسرائیل- وەک سیاسەتی دەوڵەتانی دیکە- لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان ڕێکدەخرێت و نەک لەسەر بنەمای پشتیوانیی بنەڕەتی بۆ بزووتنەوە ئازادییەکان یان مافی گەلانی بێ دەوڵەت. لەم چوارچێوەیەدا، ڕاستە کە ئیسرائیل ڕەنگە لە هەندێک بارودۆخی دیاریکراو و کاتیدا، چالاکیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک لیڤەرێک بۆ فشارخستنە سەر ئێران بەکاربهێنێت؛ ئەمەش لە لۆژیکی کێبڕکێی دەوڵەت بە دەوڵەتدا جێگەی بیرکردنەوەیە. بەڵام ئەم بەکارهێنانە ئامرازییە لە سروشتی خۆیدا تاکتیکییە، نەک ستراتیژی و بەردەوام.
تاکتیک بوون واتە خزمەتکردنی ئامانجێکی کاتی و جێگرەوە، نەک خزمەتکردنی پڕۆژەیەکی درێژخایەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو، ئاشکرا و شاراوە نییە، کە ئیسرائیل ئامادەیە پشتیوانی ڕاستەوخۆ و درێژخایەن و بەردەوام پێشکەش بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات. نە پێکهاتەی سیاسەتی ئیسرائیل ڕێبازێکی لەو شێوەیەی نیشانداوە، نە ئەزموونەکانی ڕابردوو، نە لۆژیکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. پشت بەستن بەم جۆرە پشتیوانییە دەرەکیانە- و تەنانەت چەمکی ئەو پشتیوانییە- بۆ بزووتنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر مەترسیدارە. لە ژینگەی ئەمنیەتی ئێراندا هەر گومانێک لە پێوەندی لەگەڵ دوژمنێکی دەرەکیدا دەتوانێت بە خێرایی بگۆڕێت بۆ ناونانی سیاسی و بتوانێت ڕێژیمی ئێران بە بیانووی بەرگری لە ئاسایشی نەتەوەیی سەرکوت توندتر بکاتەوە. جگە لەوەش، وێنەیەکی لەو شێوەیە شەرعیەتی ناوخۆیی بزووتنەوەکە تێکدەدات و وەک “ئامرازێک” لە یارییەکی جیۆپۆلەتیکیدا لە چاوی بەشێک لە خەڵکی جیهان و بە تایبەت ئێراندا دەخاتە ڕوو. لە ڕوانگەی فەلسەفەی بەرخۆدانی نەتەوەییەوە، هەمیشە پشتبەستن بە دەسەڵاتێکی دەرەکی دوو دەرئەنجامی هەیە: یەکەم، سەربەخۆیی بڕیاردان سنووردار دەکات، دووەم: بزووتنەوەکە وابەستەی ناسەقامگیری بەرژەوەندییەکانی حکومەت یان حکومەتەکانی دەرکی دەکات- بەرژەوەندییەکان کە ڕەنگە ڕۆژێک لە بەرژەوەندی بزووتنەوەکەدا بن و ڕۆژی دواتر بە ڕێککەوتنێکی سیاسی بە تەواوی لە بەرامبەریدا بگۆڕدرێن.

قه‌ندیل پرێس: بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە بارەی دوایین کۆبوونەوەی ناوەندی دیالۆگ لە میدیاکان بڵاوکرایەوە، فایلە دەنگییە بڵاوکراوەکان بوونەتە گرێ‌کوێرەی ئەم جارەی هاوکاری حیزبەکان، بە تایبەت ئەوەیکە داوا لە پەژاک کراوە بە فەرمی ئەو فایلە دەنگییانەی کاک ئەمیر کەریمی ڕەد بکاتەوەو پەژاکیش ئەم داواکاریەی ڕەد کردووەو باسی لە فایلە دەنگییەکانی کاک عومەر ئیلخانیزادە و کاک هێمن سەیدی کردووەو ڕایگەیاندووە پەرچەکرداری ئەو چەند حیزبە لەبارەی ئەم دوو فایلە دەنگییە لە بەراوەرد لەگەڵ پەرچەکردارەکان دژ بە فایلە دەنگییەکەی بەڕێز ئەمیر کەریمی لەیەک ئاستدا نین و وادیارە بەستێنەکە زیاتر دژ بە پەژاکە، بە ڕای بەڕێزتان ئەم گرێ کوێرەی ئەمجارە چۆن چارەسەر دەبێت؟

سه‌عید سه‌نه‌نده‌جی: ئەو فایلە دەنگییانەی پژاک کە بە باوەری من هەڵەیکی وتاریە نەک باوریه‌کی قووڵ، کە بڵاوکراونەتەوە و ناکۆکی لەسەری دروست کراوە، لەوانەش ڕەتکردنەوەی داواکارییەکەی بەشیک لە لایه‌نەکان لە لایان پژاکەوە، دەرخەری مێژووی ئاڵۆزی ناکۆکی نێوان لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لە کاتی تۆمارکردنەکەدا ئەمیر کەریمی تەنها ئەندامێکی ئاسایی پژاک بووه و لایەنەکانی دیکەش هەڵوێستی هاوشێوەیان بەرامبەر بە یەکتر هەبوو.

بەڵام مەسەلەکە ئەوە نییە کە پژاک بەیاننامەیەکی دەرکردبێت و قسەکانی ڕەتکردبێتەوە؛ پرسیاری بنەڕەتیتر ئەوەیە: ئەگەر قسەی ئەندامێکی سادە ئاژاوەیەکی لەو شێوەیە دروست بکات، لە داهاتوودا سەرەی کام حیزب و لایه‌نی دیکەیە؟ ئەگەر ئەندامێکی ئاسایی بتوانێت هەستیارییەکی ئەوپەڕی وا دروست بکات، ئەوا ئەگەر فایلی دەنگی یەکێکی دیکە لە سەرکردەکانی حیزب یان لایانەکان کە بە دەڵنیاییەوە هەیە چی ڕوودەدات؟ یان ئەگەر سەرکردەیەکی تر بابەتی هەستیارتر بوروژێنێت، چی روودەدات؟ ئەمە ئەوە دەردەخات کە پێکهاتەی پەیوەندییەکان بە جۆرێکە کە هەر ڕستەیەک دەتوانێت نەزمی ناسکی نێوان لایەنەکان بڕووخێنێت هەر بویە من پێم وایە دەستی دەرەکی لە نێو ئەم بابەتەدا هەیە، و بەشیک لە چالاکوانان و سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازێک لە نێو ئەم بابەتە بە نه‌زانینەوە پەرەی پی ئەدەن و لە رووی لۆژیکەوە لە بابەتەکە ناروانن.
بو نمونە زۆرجار لەبیریان دەچێتەوە کە یەکەمین ڕێبەری پژاک ئەندامی پێشووی حیزبی دێموکرات بووە و هاوڕێبەری دووەمیشی لە کۆمەڵەوە هاتووە.
ئەگەر سیاسەتی ناوخۆی پژاک، وەک ڕەخنەگران بانگەشەی بۆ دەکەن، دوژمنایەتی پارتەکانی دیکە بوایە، چۆن دەکرێت هەڵبژاردنی سەرکردەکانی خاوەن پاشخانێکی وا ڕەوا بێت؟ ئەم دژایەتییە نیشان دەدات کە توڕەیی سیاسی زیاتر کاردانەوەی سۆزدارییە بەرامبەر بە نیشانەکان نەک شیکارییەکی واقیعی لەسەر بنەمای بەڵگە.
ئەو مەسەلەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دەست هەیە چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوە، کە نایانەوێت لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوکاری یەکتر بکەن. حکوومەتی ئێران هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ناتەبایی لە نێوان لایەنەکان ئوپوزسیونی خۆی بە تایبەت لایانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکات. بەڵام مەترسی سەرەکی ئەوەیە کە حزبەکان خۆیان، بە زیادەڕۆییکردن لە بابەتە بچووکەکان و جیاوازییە کەساییەکان، هاوکار بن بۆ بەر‌هەمهێنانەوەی هەمان قەیران. فایلێکی دەنگی کورت توانی کەشی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژەهراوی بکات و کاریگەرییەکانی تا جەندین مانگ بەردەوام بن. درێژەدان بەم جۆرە کاردانەوەیانە دەتوانێت لایەنەکان لە چارەسەرکردنی پرسە بنەڕەتییەکان سەرقاڵ بکات و بیانخاتە تەڵەوە لە سووڕێکی ململانێی بێ ئەنجامدا.
بۆ ئەوەی ئەم ئاڵۆزیانە کۆتایی بێت پێویستە لایەنەکان سەرەتا پێکەوە کاربکەن وە داوای پتەوکردنی یەکگرتوویی ناوخۆیی بکەن، پێویستە ئاڵوگۆڕ و هاوکاری نێوان حزبەکان لە پێشینەی کارەکانیاندا بێت و نەک ئەوەی تەنها سەرنج بخرێتە سەر جیاوازییە بچووکەکان یان ڕکابەرییە تەقلیدیەکان، بەڵکو سەرنج بخرێتە سەر ئامانجە هاوبەشەکان وەک بەرگریکردن لە شوناسی کولتووری، مافە سیاسییەکان مافە مەدەنییەکان و بەر نامە دانان بو گەشەپێدانی ئابووری ناوخۆیی. هەروەها بە یەکریزی نەتەوەیی بە دیپلوماسی مسبەت و هاوبەشیەوە لە لەگەڵ لایه‌نە سیاسیەکان، ده‌وڵەتەکان، زلهێزە دەرەکییەکان، خەڵکی ولاتان پەیوەندی سنووردار و زیرەکانە بکرێت.
چارەسەری بنەڕەتی بریتییە لە دوورکەوتنەوە لە دۆگماتیزمی سیاسی و دروستکردنی کولتووری هاوکاریی بەردەوام و بەهێزکردنی گفتوگۆی نێوان حزبەکان و دامەزراندنی میکانیزمی دامەزراوەیی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و ڕێککەوتن لەسەر بنەما و ئامانجە هاوبەشەکان. حیزبەکان دەبێ جیاوازییە بچووک و مێژووییەکان وەک بابەتی تاکتیکی سەیر بکەن نەک قەیرانی وجودی. تەرکیزکردن لەسەر پڕۆژەی هاوبەشی کردەیی، بەردەوامیدان بە دیالۆگ و بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە دەتوانێت یەکگرتوویی بزووتنەوەی کورد بپارێزێت و چانسی سەرکەوتنی درێژخایەن بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە پێویستی بە عەقڵانییەتی سیاسی و بیری کراوە و بوێری دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی کاردانەوە هەیە.

قه‌ندیل پرێس: یەکێک لەو ڕەخنانەی کە لە حیزبەکانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکانی ناوەندی دیالۆگ دەگیریەت ئەوەیە کە زانیاری ئەو کۆبوونەوانە دزە دەکاتە میدیاکان و پرسەکە ئاڵۆزتر دەبێت، بەشێک لە چاودێران پێیان وایە ئەم کارە بە ئەنقەست دەکرێت و ئامانجی ئەوەیە ناوەندی دیالۆگ شکست بخوات یان ئەوەیکە لایەنێکی دیاریکراو دەرپرێنن، شرۆڤەی بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟

سه‌عید سه‌نه‌نده‌جی: بڵاوکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە دانیشتنەکانی دیالۆگ لە میدیا و تۆڕە گشتییەکاندا دەتوانێت لێکەوتەی قووڵی هەبێت بۆ دینامیکی هاوکاری نێوان لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. پرۆسەی گفتوگۆ تەنیا کاتێک دەتوانێت بەرهەمدار بێت کە لەسەر بنەمای متمانەی یەکتر دامەزرابێت و هەر ئاشکراکردنێکی زانیاری هەستیار، لە بنەڕەتدا، ئەم متمانەیە ده‌کاته ئامانج.

بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە زانیاریانە نەک هەر کەشوهەوای سیاسی هەڵدەگیرسێنێت، بەڵکو دەتوانێت لە مێشکی ئەکتەرە سیاسییەکان ئەو بڕوایە دروست بکات کە “لایەنی بەرامبەر پابەند نییە بە بنەما ڕێککەوتووەکانەوە”؛ کاریگەرییەک کە زیانبەخشە و تەنانەت وێرانکەریش بێت بۆ پڕۆژەیەکی یەکگرتن. لە شیکاری تیۆری پەیوەندییەکانی نێوان گروپەکاندا، ئاشکراکردنی زانیارییە هەستیارەکان بەزۆری وەک کردەوەیەک سەیر دەکرێت کە سێ کاریگەری نەرێنی بەرهەم دەهێنێت: یەکەم: کەمکردنەوەی متمانە و یەکگرتوویی؛ دووەم: دابینکردنی زەمینە بۆ تێنەگەیشتن و لێکدانەوەی دوژمنکارانە؛ سێیەم: دروستکردنی دەرفەت بۆ دەستێوەردانی ئەکتەرە دەرەکییەکان کە هەوڵدەدەن پڕۆژەکانی یەکگرتن شکست بهێنن.
هەمان لۆژیک بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگونجێت، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە حکوومەتی ئێران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە ئیستغلالکردنی دابەشبوونە ناوخۆییەکانی ناو حیزبە کوردییەکان. بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە زیانانە، زۆر گرنگە کە زانیارییە هەستیارەکان بە نهێنی بمێننەوە و میکانیزمی ڕوون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم زانیاریانە دابنرێت.
نهێنی بە مانای نادیموکراسی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ڕێسا پیشەییەکانی هەر دانوستانێکی سیاسی؛ دانوستانێک کە پێویستی بە سەقامگیری و ئاسایش و ژینگەیەکی دوور لە فشاری دەرەکی هەیە. هەر ئاشکراکردنێکی گشتی دەبێت تەنها لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی دەستەجەمعی بێت نەک بڕیاری تاکلایەنە، بۆ پاراستنی بنەمای شەفافیەت شانبەشانی ئاسایش. جگە لەوەش، گرنگیدان بە شەفافیەتی ناوخۆیی- واتە شەفافیەت لە نێوان خودی ئەندامانی حیزب و لە نێوان میحوەرە سەرەکییەکانی بڕیاردان- دەتوانێت ڕێگری بکات لە دروستبوونی دابەشکاریی ناپێویست. بەڕێوەبردنی دروستی زانیاری، دروستکردنی پرۆتۆکۆڵی هاوبەش، و پابەندبوونێکی کردەیی بە ئەخلاقی دانوستان، کۆمەڵێک ئامرازن کە دەتوانن ڕێڕەوی هاوکاری نێوان لایەنەکان بەرەو سەقامگیری و بەردەوامی ڕێنمایی بکەن، لە هەمان کاتدا ڕێگری لە ئەگەری خراپ بەکارهێنانی ئەکتەرە دەرەکییەکان بکەن.
لە کۆتاییدا، ئەزموونی بزووتنەوە سیاسییەکان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و هەروەها لە ناوچەکانی دیکەی جیهان، ئەوە دەردەخات کە متمانە و کۆنترۆڵی زیرەکانەی زانیاری، مەرجی پێویستن بۆ سەرکەوتنی هەر پڕۆژەیەکی هاوکاری بەکۆمەڵ. بەبێ ئەم دوو توخمە، دیالۆگ تەنیا دەبێتە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ڕەمزی؛ بەڵام بە ڕەچاوکردنی ئەوان توانای ئەوە بەدەست دەهێنێت کە ببێتە هێزێکی سیاسی کاریگەر و بەردەوام.

قه‌ندیل پرێس: ئێستا ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر لاواز بووەو لە ژێر فشاری ناوخۆی و دەرەکییە، لە لایەک‌ترەوە ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرای ئێرانی ئامادە نییە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد بە فەرمی بناسێت، لە ئاوا بارودۆخێکدا بە ڕای بەڕێزتان بۆ پرۆژەکانی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە ئاکام ناگەیێت، ناوەندی هاوکاری کە شکستی خوارد و ئێستاش ناوەندی دیالۆگ ئەگەری شکستهێنانی هەیە؟

سه‌عید سه‌نه‌نده‌جی: بە سەرنجدان بە لاوازی ئێستای ڕێژیمی ئێران و بێتوانایی و ئامادەنەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندی بۆ داننان بە مافەکانی کورد، ڕوونە کە ئاسۆیەکی دەستبەجێ بۆ ڕێککەوتنێکی نەتەوەیی دادپەروەرانە لە ئارادا نییە. ئەم ڕاستییە پرۆژەی هاوکاریی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرینگتر دەکاتەوە که تەنیا لەو کاتەدا سەرکەوتویی بە دەست دەهێنیت کە لەسەر بنەمای بناغە ناوخۆییەکانیان بن نەک لەسەر بەڵێن یان پێشهاتە دەرەکییەکان.
لە پرۆسەیەکی وادا، بەهێزکردنی میکانیزمە ناوخۆییەکان- واتە بنیاتنانی دامەزراوەیەکی یەکگرتوو، ڕێسای هاوبەش بۆ بڕیاردان و دروستکردنی پێکهاتەی بەردەوام بۆ هاوکاری- دەبێتە پێویستییەک، نەک بژاردەیەک. هەروەها تۆڕە بەهێزەکانی پشتیوانی ڕۆڵێکی بنەڕەتی لەم کارەدا دەگێڕن. ئەم تۆڕانە چ لە نێو چالاکوانانی کۆمەڵایەتی، چ لە نێو نۆخبەی ڕۆشنبیر، یان هێزە سیاسییەکان، ئامرازێکن کە دەتوانن بارگرانی دەروونی و سیاسی هەلومەرجی سەخت کەم بکەنەوە و توانای بەرخۆدان زیاد بکەن.
ئەزموونی مێژوویی لە حاڵەتە هاوشێوەکاندا، چ لە باکووری کوردستان و چ لە بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی دیکەی جیهاندا، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هەر بزووتنەوەیەکی سەرکەوتوو هەمیشە سەرەتا پایەکانی پشتیوانی ناوخۆیی خۆی چەسپاندووە و دواتر توانیویەتی بچێتە ناو هاوکارییەکی فراوانترەوە.
هەروەها گرنگیدان بە پڕۆژە پراکتیکییەکان کە دەستکەوتی بەرجەستەیان هەیە، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە. ئەو پڕۆژانەی کە دەتوانن ئەنجامی ڕاستەوخۆ و دیار بەرهەم بهێنن- لە چالاکییە کولتووری و پەروەردەییەکانەوە تا دەگاتە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و هەڵمەتە یاساییەکان- متمانە لە نێوان ئەندامانی بزووتنەوەدا زیاد دەکەن و ڕێگا بۆ هاوکارییەکانی داهاتووی فراوانتر خۆش دەکەن.

هەر ئەم دەستکەوتە بچووکانە بەڵام ڕاستەقینەکانن کە دەتوانن فەزای سیاسی لە ئاستی پێکدادانی زارەکی و جیاوازی تاکتیکی تێپەڕێنن و بەرەو جۆرێک لە پراگماتیزمی هاوبەش بگوازنەوە. گرتنەبەری ڕێبازێکی لەم شێوەیە نەک هەر یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی متمانە و یەکگرتوویی ناوخۆیی، بەڵکو ئامادەیی لایەنەکان بۆ چوونە ناو هاوکارییەکی فراوانتر لە داهاتوودا زیاد دەکات؛ هاوکاری کە ڕەنگە لە کاتێکدا کە پێکهاتەی سیاسی ئێران گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا دێت، ببێتە شتێکی چارەنووسساز. ئەم ڕێگایە بە شێوەیەکی واقیعی باشترین ریگای بەدیهێنانی ئامانجە درێژخایەنەکانی ئازادی و دادپەروەری و مافە سیاسی و کولتوورییەکان بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڕەخسێنێت.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. عادڵ ئەلیاسی: پەیوەست بوونی بازاڕیان بە ناڕەزایەتیەکان، تەرازووی هێز بە زەرەری کۆماری ئیسلامی دەشکێنێتەوە

د. عادڵ ئه‌لیاسی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە وتووێژێکی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *