وتووێژیی تایبهتی “قهندیل پرێس” لهگهڵ “د. کهمال سولهیمانی” سهبارهت به دوایین دۆخی سیاسهتی کوردی له ههر چوارپارچهی کوردستان به تایبهت ڕۆژههڵاتی کوردستان.
ئهم وتووێژه له چهند بهش پێکهاتووه که ئهمڕۆ بهشی یهکهمی بڵاو دهکرێتهوه.
قهندیل پرێس: هەروا کە ئاگادارن یەکێک لەو پرسانەی کە بەردەوام لە مەیدانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخرێتە بەرباس، بابەتی پێوەندیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییە. لەیەکساڵی ڕابردوودا بەشێک لە حیزبەکان لە کۆنگرەی ئازادی ئێران بەشدار بوون و هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا بەڵگەی مافی مرۆڤی ئۆسلۆیان واژۆ کرد. حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە بەڵگەنامەکانی خۆیاندا لە ئاست ڕۆژهەڵات باس لە نەتەوەبوونی کورد، مافی چارەی خۆنووسین و فیدرالیسم و… دەکەن بەڵام کاتێک لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کۆدەبنەوە یان بەڵگەیەک واژۆ دەکەن، زۆرینەی ئەم شتانە نامێنن یانی بەئاسانی ئاستی خۆیان دێننە خوارەوە، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟
ههروهها حیزبەکانی ڕۆژهەڵات مەشرووعیەتی مێژوویی و جەماوەرییان لەسەر ئەوەیە کە کورد نەتەوەیەو دەبێت وەکوو هەموو نەتەوەکانیتر مافی هەبێت و بژیت، ئایا کاتێک حیزبەکان ئەم خاڵە بنەڕەتی و گرنگە لەبەر چاو نەگرن و ئامادە بن هەمان پێناسەی نەتەوەی سەردەست یانی فارسەکان قەبووڵ بکەن، هەبوونی خۆیان ناچێتە ژێر پرسیار؟
د. کهمال سولهیمانی: لە ڕاستیدا، ئەم هەڵسوکەوتەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دیاردەیەکی نوێ نییە. دەبێ لە بیرتان بێت کە چەند ساڵێک لەمەوپێش و لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەی پێی دەگوترا «بەیاننامەی پاریس»، شایەتی شێوازێکی هاوشێوە بووین لە هەڵسوکەوتی چوار حیزبی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوخۆیاندا. هەرچەندە لە سەرەتای ئەو بەیاننامەیەدا باس لە فیدراڵیزم کرابوو، بەڵام لە کۆتایی بەڵگەنامەکە و لە ناوەڕۆکە گشتییەکەیدا، تەنانەت نەدەگەیشتە ئاستی خودموختاریش. لە کردەوەدا، تەواوی پرسی کورد بچووک کرابووەوە بۆ مەسەلەیەکی کارگێڕی (ئیداری) کە دەبێ لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بەڕێوە ببرێت. هەروەک ئاگادارن، ئەو حیزبانە ئەو کارەیان بەدزییەوە کردبوو کە ئەو کات من لێم لەقاو دان؛ بەڵام دیسانیش، نە ئەو سەداقەت و نە ئەو ڕێزەیان بۆ کۆمەڵگەی کوردی هەبوو کە ڕوونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە بدەن.
لەو بەڵگەنامەیەدا هیچ دانپێدانانێکی واتادار بە نەتەوەبوونی کورد وەک بوونێکی نەتەوەیی جیاواز لە ئارادا نەبوو، چ بگات بە ناساندنی کورد وەک نەتەوەیەک کە مافی یەکسانیی سیاسی و مافی چارەی خۆنووسینی هەیە. لە کاتێکدا ئەو ناوەڕۆکە بەئاشکرا پێشێلکەری خودی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبانە بوو، بەڵام نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات بە کردەوە دابەزێندرابوو بۆ ئاستی کەمینەیەکی ڕەگەزی و عەشایر و هۆزەکانی «غەربی وڵاتی ئێران»؛ کە بەپێی ئەو بەیاننامەیە و لە هەندێک ڕووەوە دەکرێ بەراورد بکرێت بە چارەنووسی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا و شێوازی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵیان بەپێی یاساکانی «جیم کرۆ»، یان لەگەڵ خەڵکی خۆجێیی (بوومی) کە لە نێو سیستمە سیاسییە کۆلۆنیالییەکاندا وەک دانیشتووانێکی عەشیرەتیی بندەست مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. (جیم کرۆ ئاماژەیە بە سیستمی جیاکاریی ڕەگەزی و بێبەشکردنی سیاسی کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە تا سەردەمی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان بەسەر زۆربەی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا، بەتایبەت لە باشووری ئەو وڵاتەدا سەپێنرابوو؛ بۆ نموونە منداڵی ڕەشپێست نەیدەتوانی لەگەڵ منداڵی سپیپێست لە یەک قوتابخانەدا بێت. هەر ئەو نموونەیە، واتە داوای چوونی منداڵی کورد بۆ قوتابخانەی فارسەکان، لە بەیاننامەی پاریسیشدا دووبارە کراوەتەوە).
لەو کاتەوە دەبینین لە داڕشتنە سیاسییەکانی حیزبی کوردی لەگەڵ هەر کۆڕ و کۆمەڵێکی فارسدا، کوردایەتی لەو خەسڵەت و تایبەتمەندییانە داماڵراوە کە پێکهێنەری نەتەوەیەکە و خاوەنی بانگەشەیەکی مێژووییە بۆ سەروەریی سیاسی. ئەمە بەتایبەتی سەیر و سەرنجڕاکێشە، چونکە بۆ نموونە بەرنامەی خودی «حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» خەباتی مێژوویی نەتەوەی کورد وەک خەباتێک بۆ «سەروەری» پێناسە دەکات.
پێم وایە بەردەوامیی ئەم شێوازە، پێش هەموو شتێک کێشە بنەڕەتییەکان لە ئاراستەی سیاسیی ئەم حیزبانەدا دەردەخات:
یەکەم کێشە، هەژارییەکی بێوێنەی تێڕوانینی (ڤیژنی) سیاسییە لە نێو ئەم حیزبە کوردییانەدا؛ بەتایبەتی بێتواناییان لە تێگەیشتن لە چەمکی نەتەوەبوون، دەرهاوێشتە سیاسییەکانی و ئەگەری خۆجیاوازبینیی نەتەوەی کورد لە «نەتەوەی ئێران».
ئێستاش کە بە شێوەی فەرمی لە بەرنامەکانیاندا دان بە نەتەوەبوونی کورددا دەنێن، وادیارە توانای تێگەیشتنیان لە ناوەڕۆکی ئەم دانپێدانانە نییە کە بە ناچاری (زەروورەتەن) هەڵگری داوای یەکسانیی نەتەوەی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە، داوای سەروەریی سیاسی و مافی بەکۆمەڵە بۆ کورد. هەر بۆیەش هەم ئەندامانی سەرکردایەتیی حیزبێک —کە بەپێی یاسای ئێران، حیزبەکەیان ٥٠ ساڵە بە هەڵوەشاوە (مونحەل) ڕاگەیاندراوە— دەتوانن بڵێن ئێمە بە یاسا ئێرانین (دیارە لەوە تێناگەن کە بەپێی یاسای ئێرانی، کورد هەر نەتەوە نییە)، هەم فارسیش بەردەوام لێیان بەگومانە و سەرەڕای هەموو ئیمتیازدانێک، ناتوانن متمانەی ئەوانیش بەدەست بهێنن.
کێشەی دووەم لەوانەیە زیاتر نیگەرانکەر بێت. وادیارە لەبری ئەوەی ناسێنەی نەتەوەیی کورد و مافەکانی وەک بنەمای نەگۆڕ و مامەڵەپێنەکراو چاو لێ بکەن، ئەم حیزبانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر، ئەو ناسێنەیە وەک ئامرازێک بۆ مۆبیلیزەکردن (وەڕێخستن)ی سیاسیی مرۆڤی کورد بەکار دەهێنن. کاتێک ڕووی دەمیان دەکەنە کۆمەڵگەی کوردی، بە شێوەیەکی پارادۆکساڵ (دژبەیەک)یش بێت، ناچارن باس لە نەتەوەبوونی کورد، مافی چارەی خۆنووسین، فیدراڵیزم و مافە نەتەوەییەکان بکەن؛ بەڵام کاتێک لەگەڵ تاک و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دادەنیشن، پێشوەختە مل بۆ هەموو نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکی بازنە سیاسییەکانی هەژموونی کۆلۆنیالیزمی فارس دادەنوێنن. ئەوان تەنیا مامەڵەی سیاسی لەسەر داواکارییەکانی کورد ناکەن، بەڵکوو بەڕاشکاوی دەستبەرداری ئەو بنەمایانەش دەبن کە لە ڕاستیدا تەنیا پاساون بۆ بوونیان وەک ڕێکخراوی سیاسیی کوردی. زۆر بەئاسانی هەمان ئەو مامەڵەیە لەگەڵ کورد دەکەن کە یاسای کۆماری ئیسلامی یان پەکەکە لەگەڵیدا دەیکات؛ لە باری چەمکییەوە نەتەوەی کورد دادەبەزێنن و لە ڕێگەی پارچەپارچەکردنی پۆلێنییەوە (Categorical Fragmentation)، کورد لە نەتەوەبوون دەخەن (دیناسیۆنالیزەی دەکەن). بەئاسانی و بێ هیچ بەرگرییەک، کورد دادەبەزێنن بۆ ئاستی زمان و کولتوور، ناوچە و خاوەن بەرژەوەندیی ئیتنیکی و هتد.
ئەم دژیەکییە، پرسیارێکی بنەڕەتی لەسەر ناسێنەی سیاسیی ئەو حیزبانە دروست دەکات: بەڕاستی تا چ ئاستێک دەکرێ ئەم ڕێکخراوانە هێشتا لە باری سیاسییەوە (نەک ئیتنیکی) وەک حیزبی کوردی پێناسە بکرێن؟ واتە ئایا وەک کۆمەڵە حیزبێک دەردەکەون کە بەبێ هیچ گومان و دوودڵییەک بەرگری لە سیاسەتی نەتەوەیی کورد دەکەن، یان دەبێ وەک حیزبی ناوچەیی ئێرانی سەیر بکرێن کە تەنیا بەهۆی بەئیتنیک کوردبوونیان و قبووڵنەکردنیان لەلایەن ناکوردەوە، لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا تێکۆشان دەکەن؟
لە ڕاستیدا، وادیارە ئەوان زیاتر وەک ڕێکخراوی سیاسیی ناوچەیی ئێرانی کار دەکەن کە لە ناچاریدا پەنا دەبەنە بەر کۆمەڵگەی کوردی بۆ کۆکردنەوەی ئەندام و لایەنگر، ڕاگرتنی بنکەی کۆمەڵایەتی، و درێژەدان بە شەرعییەتی (ڕەوایی) سیاسییان کە سەرچاوەکەی بەتەواوی لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدایە. ئەو حیزبانە بە کردەوە هیچ پێگەیەکیان لە نێو ناکورددا نییە؛ بەشێکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی ڕاسیستی و چەقبەستوویی کولتووری سیاسیی فارس/ئێرانی کە بە کەمتر لە قەدەغەکردنی هەر جۆرە سیاسەتێکی نافارس و نکۆڵیکردن لە ڕەوایی هەر سیاسەتێکی پەیوەست بە کورد ڕازی نییە. لە ئەنجامدا، بۆ مۆبیلیزەکردنی کۆمەڵگەی کوردی و پاراستنی پێگەی سیاسییان، ئەو حیزبانە کەڵک لە چەمک و دەستەواژەی نەتەوەیی کوردی، مافی نەتەوەیی و مافی چارەی خۆنووسین وەردەگرن؛ چونکە ئەو دروشمانە لەگەڵ چاوەڕوانی، ئەزموونی مێژوویی و ویستە سیاسییەکانی نەتەوەی کورددا دەگونجێن.
پارادۆکسێکی سەیر ئەوەیە، ڕێک هەر ئەم ڕەواییە نەتەوەییەی کوردە وا لەو حیزبانە دەکات وەک ئەکتەری سیاسی بناسرێن و دانوستاندنیان لەگەڵ گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا مومکین بێت. ئەوان قورسایی سیاسیی خۆیان لەو تێگەیشتنە گشتییەوە وەردەگرن کە پێی وایە ئەو حیزبانە هەڵگری خواستی نەتەوەیی کوردن؛ بەڵام ئەم پێگە و تێگەیشتنە گشتییە تەنیا بۆ دانوستاندن و سازش لەگەڵ نوێنەران یان بانگەشەکارانی (موددەعیانی) نوێنەرایەتیی «ئەوی دیکە»ی ناکورد بەکار دەهێنن، بەبێ ئەوەی ڕوون بێت چ داخوازییەکیان هەیە. بەبێ ئەو بنکە جەماوەرییە کوردییەی کە لە ڕێگەی زمانی نەتەوەخوازانەوە دەیجووڵێنن، پێگە و گرنگیی سیاسیی ئەو حیزبانە لە بنەڕەتەوە لەناو دەچێت.
بە بڕوای من، ئێستا کۆمەڵگەی سیاسیی کورد لەو هاودەنگییە نزیک دەبێتەوە کە هیچ ڕێکخراوێکی سیاسیی کوردی ناتوانێت بە واتایەکی ڕاستەقینە بانگەشەی ئەوە بکات کە حیزبێکی نەتەوەیی کوردە؛ واتە هەڵسوکەوتی لەگەڵ کورد وەکوو نەتەوەیەکی خاوەن ماف بێت. بۆیە سیاسەتی کوردی لە ئاستی حیزبیدا لە هەر چوار بەشی کوردستان لە قەیراندایە.
دیارە لە ڕۆژئاوا و لە باکووریشدا هێڵی پەکەکە بەتەواوی لە بەرەی سیاسەتی کوردی چووەتە دەرەوە و ئێستا بەڕاشکاوی کەوتووەتە سەنگەری ئەوبەر و گوتاری سیاسی و مێژوویی دەوڵەتی دژەکوردی کردووە بە گوتاری خۆی. ئەو هێڵە پرسی کورد دەگەڕێنێتەوە بۆ تێکەڵنەبوون (ئینتێگرەنەبوون) و نەتوانەوەی کورد لە کولتووری سیاسی و سیستمی زاڵدا؛ دەیگەڕێنێتەوە بۆ بەرهەڵستکاریی مێژوویی کورد دژ بە تێکەڵبوون لەگەڵ دەسەڵاتی «ئەوی دیکە»ی ناکورد. ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا بە شێوەیەکی نەریتی، ئەم لێکدانەوەیە تەنیا هەڵوێست و ڕوونکردنەوەی دەوڵەتی تورک و ئێرانی بووە بۆ پرسی کورد. بە درێژایی مێژوو، سیاسەتی کوردی لەلایەن دەوڵەتانی دژەکوردەوە وەک «ئەشقیا، ئەشرار، یاخیبووان و بەرهەڵستکارانی شەرعییەتی یاسای دەوڵەت» ناسێندراوە. ئەم دەوڵەتانە پرسی کوردیان وەک کێشەی یاخیگەریی کۆمەڵگەی کوردی و نەگونجانی لەگەڵ ئەو شارستانییەتەدا ناساندووە کە دەوڵەتی ناکورد نوێنەرایەتیی دەکات. بۆیە گوتاری ئینتێگراسیۆن، پرسی کورد دادەبەزێنێت بۆ کێشەی کولتوور، گوتاری بەشارستانیکردن (Civilizing Discourse) و پرسی گونجان لەگەڵ شارستانییەتی زاڵدا؛ نەک وەک پرسێک کە خاوەنی ناوەڕۆکی سیاسی و هەڵگری شەرعییەتی نەتەوەیی بێت.
سیاسەتی کوردی، بە مانا دروستەکەی وشەکە، تەنیا لەژێر دوو مەرجی بنەڕەتیدا دەکرێ باس لە بوونی بکرێت:
یەکەم، دەبێ نەتەوەبوونی کورد وەک ڕاستییەکی سیاسیی حاشاهەڵنەگر بناسێت. سیاسەتی کوردی یانی بەهەندوەرگرتن و بەڕەوادیتنی ئەو بانگەشە مێژووییەی کورد کە دەڵێت: کورد نەتەوەیەکی جیاوازە و پێش لەبەرچاوگرتنی هەر جۆرە چارەسەرێکی سیاسی، دەبێ وەک نەتەوەیەک مافێکی زاتیی بۆ یەکسانیی نەتەوەیی و مافی چارەی خۆنووسین هەبێت. شێوازی دامەزراوەیی تایبەت بۆ بەدیهێنانی ئەو یەکسانییە —چ جۆرێک لە کۆنفیدراڵیزم بێت (بەو مانایەی یەکێتییەکی ئارەزوومەندانە بێت لە نێوان چەند نەتەوەیەکی یەکسان لە یەک جوگرافیادا)، چ سەربەخۆیی بێت، یان هەر چوارچێوەیەکی سیاسیی دیکە کە توانای دانپێدانانی بە ڕاستیی فرەنەتەوەیی و دەستەبەرکردنی یەکسانیی سیاسی-نەتەوەیی لە جوگرافیای ئێستای ئێراندا هەبێت— هەروەک ئاماژەی پێ کرا، بابەتێکی لاوەکییە بەراورد بە خودی بنەماکە. ئەوەی کە جێگەی سازش و مامەڵەکردن نییە، ئەو بنەمایەیە کە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات مافی یەکسانی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە و بەتایبەت لەگەڵ نەتەوەی فارسدا هەیە؛ نەک ئەوەی بە هەندێک ئیمتیازی کارگێڕی و ناساندنی فۆلکلۆری و کولتووری لە نێو دەوڵەتێکی باودا چاوپۆشی لە قووڵایی پرسەکە بکرێت، و دۆزە سیاسی-نەتەوەییەکە بکرێتە قوربانیی هەر جۆرە ڕێککەوتنێک کە نکۆڵی لە کاراکتەرە نەتەوەییەکەی کورد دەکات، یان مافی سەروەریی یەکسان و هاوبەش و مافی خۆبەڕێوەبەری لە کورد زەوت دەکات.
دووەم، سیاسەتی کوردی تەنیا بە لێپرسینەوە و ڕەخنەگرتنی بنەڕەتی و هەڵوەشێنەرەوە (Deconstructive) لە خودی سیستمی سیاسیی ئێران، دەتوانێت کاراکتەر و خەسڵەتی سیاسەتی کوردی وەربگرێت. چونکە ئەگەر پێناسەی یەک-نەتەوەیی و دەوڵەتی مێژوویی و داسەپاوی ئێران، تێگەیشتن لە ئێران وەک نەتەوە نەک جوگرافیا، پێکهاتەکانی سەروەری، و نەریتەکانی ڕەوایی سیاسیی ئەم پێکهاتەیەی ئێستای ئێران نەخرێنە ژێر پرسیارەوە، سیاسەتی کوردی ناتوانێت وەک پڕۆژەیەکی نەتەوەیی سەربەخۆ بوونی هەبێت. پرسی کورد کێشەیەک نییە لە چوارچێوەی سیستمی ئیدارەی ئێرانیدا، بەڵکوو خۆی ئەڵتەرناتیڤە بۆ پێکهاتەی مێژوویی و بنەما ئایدیۆلۆژییەکانی سیاسەت و سیستمی ئێرانی؛ سیستمێک کە وەک دیاردە و پێکهاتەیەکی سیاسیی مۆدێرن لە ساڵی ١٩٢٥ـەوە بەسەر ئەو جوگرافیایەدا سەپێنراوە و لەسەر بنەمای نەتەوەکوژی، زمانکوژی و کولتوورکوژیی نەتەوە نافارسەکان بنیات نراوە.
جۆرێک لەوەی پێی دەگوترێت «مەتێرناڵ کۆلۆنیالیزم» (کۆلۆنیالیزمی دایکانە) یان «پەتێرناڵ کۆلۆنیالیزم» (کۆلۆنیالیزمی باوکانە) ڕۆحی سیاسەتی حیزبی کوردیی داگیر کردووە، و لە باری سایکۆلۆژییەوە کاراکتەری ڕێبەرایەتیی حیزبی کوردی توانای دابڕانی لە باوەشی باوک یان دایکی کۆلۆنیال نییە. بۆیە دوای سەد ساڵ لە خەبات، ئێستاش حیزبی کوردی ناتوانێت ناشەرعیبوونی (نامەشرووعبوونی) سیستمی سیاسیی ئێران بخاتە ژێر پرسیارەوە. یان کاتێک لێی دەپرسن «بۆچی چەکت پێیە؟»، پەنا بۆ دەیان جۆر پاساو دەبات کە هیچیان تۆزقاڵێک ئاماژە بە ناڕەوابوونی چەک لە دەستی سیستمی ئێرانی —بەتایبەت دژ بە نەتەوەی کورد و نافارسەکان بەگشتی— و بەکارهێنانی ئەو چەکە بۆ کۆمەڵکوژی لە ئێراندا ناکەن. چونکە حیزبی کوردی چ لە باری سۆزداری و سایکۆلۆژییەوە و چ لە باری مەعریفی و سیاسییەوە، باوەڕ و توانای بەرگریکردنی لە مافی سیاسەتی سەربەخۆی کورد نییە؛ تەنانەت توانای بەرگریکردنی لەو بنەمایەش نییە کە ئەگەر قەرار بێت ئێرانێک هەبێت، دەبێ کورد دامەزرێنەر و خاوەنی هاوبەشی بێت.
لە هەموو ئەو ڕەهەندانەوە، سیاسەتی حیزبی کوردی لە ناخیدا ئەوەی جێگیر کردووە کە بوونی کورد بە شێوەیەکی سروشتی بوونێکی پەراوێزییە لەناو «ئێرانییەت»دا و نابێ کورد پێی خۆی لە سنووری پەراوێزخراوی بترازێنێت.
لە کۆتاییدا، پرسیاری یەکلاکەرەوە ئەوە نییە کە ئایا حیزبە کوردییەکان بەشداری لە کۆنفرانسەکاندا لەگەڵ گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەکەن یان بەیاننامەی هاوبەش واژۆ دەکەن؛ پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا ئەوان وەک نوێنەری نەتەوەیەکی جیاواز کە داوای یەکسانیی سیاسی دەکات دەچنە نێو ئەو پەیوەندییە سیاسییانەوە، یان وەک ئەکتەرێکی ناوچەیی پاشکۆی ئێرانی کە لەپێناو دانپێدانان بە حیزبەکەیان لە چوارچێوەی ئێرانێکی پێشتر دامەزراودا هەوڵ دەدەن؟ ئایا ئەو کارانە بۆ چەسپاندنی چ ئامانجێکی نەتەوەیی دەکەن؟ ئایا ئەوە لە بەرژەوەندیی کورددا دەبینن، یان وەک بەشێک لە سروشتی ئۆپۆزیسیۆنی ناوچەیی و پەیوەست بە ئەرکی ئێرانیبوونیان؟ یەکەمیان سیاسەتی کوردییە، دووەمیان سیاسەتی فارسێنراوی ئێرانییە. بە هەمان شێوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە نەتوانینی ئەو حیزبانەیە تەنانەت لە بەرگریکردن لە سیستمێکی سیاسیی فرەنەتەوەیی لە نێو خودی ئێرانیشدا. نەبوونی ئەو متمانەبەخۆبوونە سیاسی، دەروونی و مەعریفییە کە بۆ هەر جۆرە بەرەنگاربوونەوەیەکی کولتووری ڕاسیستیی زاڵ پێویستە، وای کردووە تەنانەت کاتێک ڕووبەڕووی تاکێکی ناسیۆنالیستی فارسیش دەبنەوە، ئەو بێمتمانەیی و لاوازییەیان پێوە دیار بێت. لە کردەوەی حیزبی کوردییەوە دەردەکەوێت کە ڕاسیزمی زاڵی ئێرانی/فارسی وەک زەروورەتی سیاسەت لە ئێراندا بە سروشتی و بێگرفت دەزانێت.
ڕێک ئەم جیاوازییەیە کە دیاریی دەکات ئایا سیاسەتی ئەو حیزبانە دەتوانرێت بەڕاستی پێی بگوترێت سیاسەتی نەتەوەیی کورد یان نا. حیزبێکی کوردی کە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانیدا لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نەتوانێت بەرگری لە نەتەوەبوونی کورد، سەروەریی و یەکسانی کورد و ڕەوایی خۆبەڕێوەبەریی کورد بکات، نەک هەر سازش لەسەر تەواوی داواکارییە سیاسییەکان دەکات، بەڵکوو خودی بناغەکانی بانگەشەکەی خۆیشی وەک نوێنەری سیاسەتی نەتەوەیی کورد، پێشوەختە دەخاتە ژێر پرسیار و ئاڵنگارییەوە.
قەندیل پرێس