وتووێژیی تایبهتی “قهندیل پرێس” لهگهڵ بهڕێز “د. کهمال سولهیمانی” سهبارهت به سیاسهتی کوردی له چوارپارچهی کوردستان/ بهشی دووهم.
قهندیل پرێس: پڕۆسەی ئەنتێگراسیۆن لە باکوور دەستی پێکردووە، لە ڕۆژئاوا لە قۆناغی کۆتاییدایە، لە ڕۆژهەڵات لە لایەن پژاکەوە لە کۆنگرەی ئازادی ئێران نوێنەرایەتی دەکرێت، حیزبەکانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیش لەو کۆنگرە بەشدارن، لە دیداری مێری لە هەولێریش، بافڵ تاڵەبانی باسی لە دەستپێکردنی پڕۆژەی هاوشێوەی باکوور لەگەڵ ئێران کرد، شرۆڤەی بەڕێزتان لەبارەی ئەم شەپۆلەی ئەنتێگراسیۆن لە چوار پارچەی کوردستان چییە؟
د. کهمال سولهیمانی: بەبێ چاوخشاندنێک بە ڕەچەڵەکناسیی مێژوویی بیرۆکەی ئینتێگراسیۆنخوازیی ئۆجەلان لە ١٩٩٩بەملاوە و لەژێر چاوەدێریی دەوڵەتی تورکدا، ناتوانین لە قووڵایی مەترسیی چەمکی «ئینتێگراسیۆنی دێموکراتیک» بۆ سەر سیاسەتی کوردی و نەتەوەبوونی کورد تێبگەین. خاڵی جەوهەری لێرەدا ئەوەیە کە ڕاگەیاندنەکەی ئۆجەلان لە ٢٧ی فێبریوێریی ٢٠٢٥دا —وەکوو نێوەڕۆکێکی تیۆریک— دەستپێکی پڕۆسە و پڕۆژەیەکی سیاسیی نوێ نەبوو؛ بەڵکوو داڕشتنێکی ئاشکراتر و لەڕادەبەدەر ڕاشکاوانەی پڕۆژەیەک بوو کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەر لە کاتی دەستگیرکرانییەوە لە فێبریوێریی ١٩٩٩دا، لەژێر چاوەدێریی دەوڵەتی تورکدا، خەریکی داڕشتنی بناغەکانی بووە.
ئۆجەلان لە ڕاگەیاندنی ٢٧ی مانگی دووی ٢٠٢٥دا چەند شتێک دەڵێت کە هەموویان هەڵگری گوتاری سیاسی و مێژوویی دەوڵەتانی دژە-کوردن: ١) کورد مافی هیچ ستاتۆسێکی وەکوو فیدراڵیزم یان ئۆتۆنۆمیی ئیداری و تەنانەت مافێکی کولتور-تەوەریشی نییە. ٢) هەر ستاتۆسێکی کوردی ڕووی لە ناسیۆنالیزمی زیادەڕۆیە (یانی فاشیزم و شۆڤێنیزمە). ئەم بەشە شتێکە کە تەنانەت سەڵتەنەتخوازەکانی ئێرانیش هەر ئاوا باسی سیاسەتی کوردی دەکەن و پێی دەڵێن «قەومپەرستی». ٣) ئەو جۆرە ماف و ستاتۆسانە، و تەنانەت داخوازیی مافی کولتوریش، لەگەڵ کۆمەڵناسیی مێژوویی کۆمەڵگە (یانی کۆمەڵگەی کوردی) نەگونجاوە؛ بەو مانایەی کە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی نەتەوەیی نییە، و لە بواری مێژوویی و کۆمەڵناسییەوە کورد ناتوانێت وەکوو نەتەوەیەکی شایەنی ماف چاوی لێ بکرێت. ئەمە ڕێک هەمان ئەو شتەیە کە دەوڵەتانی ناوچەکە —بەتایبەت تورک و فارس— ماوەی یەک سەدەیە پرسی کوردی پێ پێناسە دەکەن و وەکوو شەقاوەت، شەرارەت و چەتەگەریی عەشایر و خێڵە ئێرانی یان تورکییەکان دەیخەنە بەرباس. ئۆجەلانیش زیاتر لە دە ساڵ پێش ئێستا لە کتێبی «کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک»دا دەڵێت، ئەوەی کە کورد نەتەوە بێت جێگەی پرسیارە؛ بەڵکوو کورد دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە [وەکوو بڵێین ژن بە ژنە / یان: نەریت و خزمایەتی]، دیاردەیەکی کۆمەڵناسانەیە [وەکوو چینایەتی و پەراوێزخستن / یان: دامەزراوەی هاوسەرگیری]، و دیاردەیەکی مێژووییە [وەکوو بڵێین خێڵ و دەرەبەگایەتی] (بڕوانە کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک، ٢٠١٥: ٣٩).
لە درێژەی ئەم نووسینەدا دەبینین کە ئەم تێگەیشتن و ئیدیعایانەی لە ڕاگەیاندراوی ٢٧ی مانگی دووی ٢٠٢٥دا دەربڕاون، شتێکی نوێ نین. ئەو شتەی کە پێشتر ئۆجەلان و پەکەکە لە ڕێی سەڵاتەی کۆمەڵە چەمکێکی سیاسیی چنراو، ئاڵۆز و بەردەوام دژبەیەکی وەکوو کۆماری دێموکراتیک، خۆسەریی دێموکراتیک، کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک، نەتەوەی دێموکراتیک و دژە-دەوڵەتگەرایییەوە پڕۆپاگەندەیان بۆ دەکرد، لەم ڕاگەیاندراوەدا بە ڕاستەوخۆییەکی سەرنجڕاکێش خرایە ڕوو: ڕەتکردنەوەی فێدراڵیزم، خۆبەڕێوەبەریی ئیداری و چارەسەرە کولتوورگەراکان بۆ پرسی کورد، هاوکات دەگەڵ پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و ئینتێگرەکردنی (تێکهەڵکێشکردنی) لەنێو دەوڵەت و کۆمەڵگەی تورکیادا. دیارە، هەر لە ٢٠٠٩دا و لە کاتی پێواژۆی ئۆسلۆدا، ئۆجەلان لە کتێبێکیدا بە نێوی «کێشەکانی دێموکراتیزاسیۆن لە تورکیادا» (چاپی ٢٠١١، لاپەڕەی ٧٨) بە ڕاشکاوی هەموو ئەو ستاتۆسانە و تەنانەت کۆنفێدرالیزمیش ڕەت دەکاتەوە. خۆشییەکەی لەوەدایە، هەر لەو سەروبەندەدا کە پەکەکە بە پڕوپاگەندەی بەڕواڵەت دژایەتیکردنی دەوڵەت گوێی جیهانی کەڕ کردبوو، ئۆجەلان لە کتێبی «کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک»دا —کە گوایە هەم چارەسەری نەمانی پرسی دەوڵەت-نەتەوە و هەم پێشنیاری کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک بوو وەکوو چارەسەرێکی ئەبەدی بۆ پرسی کورد— هەر لە لاپەڕەی سێیەمی چاپی تورکییەکەیدا (٢٠١٥: ٣) دەنووسێ: «بە هەڵە لەوە تێمەگەن، من ناڵێم تورکیا ببێتە [وڵاتێکی] کۆنفێدراڵ. دەڵێم با تورکیا پێکهاتەی یونیتەر (یەکپارچە و ناوەندگەرا)ی خۆی بپارێزێ، بەڵام ببێتە کۆمارێکی دێموکراتیک» (Yanlış anlaşılmasın, Türkiye konfederalizm olsun demiyorum. Üniter yapısını koruyarak, ama demokratik bir cumhuriyet olsun diyorum).
لەژێر ڕۆشنایی ئەم دانپێدانانەدا، دەبینین کە چۆن پەکەکە بۆ ماوەی پتر لە دوو دەیە، کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیکی —وەک ئەڵتەرناتیڤێکی ڕادیکاڵ بۆ دەوڵەت-نەتەوە— دەرخواردی خەڵک دەدا؛ کە گوایە لە ڕێگەی دێموکراسیی کۆموناڵ، خۆڕێکخستن و دامەزراوە کۆنفێدراڵییەکانەوە توانای تێپەڕاندنی سەروەریی ناوەندگەرا و دیاردەی دەوڵەتی هەیە. ئەم گوتارە لایەنگرێکی زۆری بەدوای خۆیدا ڕاکێشا، لەوانە بەتایبەتی چالاکوانانی کورد، خوێندکاران، ڕووناکبیران، ئەکادیمیسیەنەکان و هەوادارانی پەکەکە، کە وەک جێگرەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ نیزامی سیاسیی باو لێی تێگەیشتبوون و داکۆکییان لێ دەکرد. کەچی ئەو ناتەباییە زەقەی لەنێوان بانگەشە بەڕواڵەت دژە-دەوڵەتییەکانی ئەم تیۆرییە و خۆگونجاندنی لەگەڵ سەروەریی تورکیادا هەیە، پرسیاری جیدی دەخاتە سەر بەرپرسیارێتیی فکری و ئەخلاقیی نوخبەی سیاسی و ئەکادیمیی کورد؛ ئەوانەی کە بەبێ هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەیەکی پێویست لە دژبەیەکییە نێوخۆییەکانی، ئەم گوتارەیان بەرهەم هێنایەوە و شەرعییەتیان پێ بەخشی (بۆ خوێندنەوەی ورد بڕوانە: Kurdish Paradox of Statelessness: Öcalan’s Confederalism and Turkeyification Strategies, Kamal Soleimani and Behrooz Shojai).
بەم پێیە، بناغە تیۆرییەکانی پڕۆژەی ئینتێگراسیۆنی ئەمڕۆی ئۆجەلان و پەکەکە و پژاک، لە نووسین و وتارەکانی پێشووتری ئۆجەلاندا هەرگیز غایب نەبوون، بەڵکوو هەر لە سەرەتاوە ئەساسی پڕۆژەی ئەوان بێنەتەوەکردن و سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی کورد بووە. لەژێر پەردەی ڕواڵەتی زمانی دژە-دەوڵەتگەراییدا —کە لە لێکەوتە کردەییەکانیدا، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەردەکەوت ڕووی لە دژایەتیکردنی ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی یان هەر ستاتۆسێک بۆ کورد بووە، نەک دەوڵەتی هەبووی تورکیا— چوارچێوەیەکی سیاسی خۆی مەڵاس دابوو کە سەروەریی یەکپارچەی (یونیتەری) تورکیای دەپاراست و شەرعییەتی پێ دەدا، لە کاتێکدا هەنگاو بە هەنگاو نەتەوەبوونی کوردی وەک بناغەیەک بۆ مافە سیاسییە بەکۆمەڵەکان بنکۆڵ دەکرد. دیسان هەر ئەو ڕاستییە لە کتێبی کۆنفێدرالیزمی ئۆجەلاندا دەردەکەوێت کە دەڵێت: پڕۆژەی ئەو داوای بەفەرمیکردنی زمانی کوردی ناکات، چونکە مەترسیی فیدراڵیزم بەدوای خۆیدا دەهێنێت (کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک، لاپەڕە ٣٩).
بۆیە، شۆکی ڕاگەیەندراوەکەی فێبریوێریی ٢٠٢٥ بەشێکی لەوەدا بوو کە زۆربەی ئەو تەمومژە چەمکییەی ڕەواندەوە کە دەوری چوارچێوەی ئەو بەناو فۆرمولەی کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیکی دابوو. ئەم ڕاگەیەندراوە بەئاشکرا پەردەی لەسەر ئەو ڕاستییە هەڵماڵی کە من وەک لووتکەی لێکنزیکبوونەوەیەکی سیاسیی درێژخایەن لەنێوان پڕۆژەکەی ئۆجەلان و ڕەتکردنەوەی ئەبەدی و بنەڕەتیی دەوڵەتی تورکیا بۆ هەر جۆرە بنەمایەکی داننان بە نەتەوەبوونی کورد، خوێندنەوەی بۆ دەکەم. ئەو ستراتیژییەی کە پێشتر لەژێر ڕێتۆریکی دێموکراسیی ڕادیکاڵ، دێموکراسیی گەل و کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیکدا شاردرابووەوە، ئێستا بە زمانێکی تا ڕادەیەک ڕوون و بێپێچوپەنای «ئینتێگراسیۆن لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە»دا بەیان کرا.
ڕیشەکانی ئەم ئینتێگراسیۆنەش دەتوانین لە یەکەمین لێدوانەکانی ئۆجەلاندا هەر دوای دەستگیرکرانی لە فێبریوێریی ١٩٩٩دا بدۆزینەوە. هەر دەستبەجێ دوای قۆڵبەستکرانی، ڕایگەیاند کە ئامادەیە خزمەتی دەوڵەتی تورکیا بکات. ئەم قسەیە گرنگییەکی تایبەتی پەیدا کرد، چونکە لە زاری ڕێبەری ڕێکخراوێکەوە دەهاتە دەرێ کە پێشتر خۆی وەک هێما و تەنیا نوێنەری مەشرووعی خەباتی ڕزگاریی نەتەوەیی کورد دەناساند. بۆ سەرکردەیەکی سیاسیی کورد لە بەرامبەر دەوڵەتێکدا کە لە ڕووی مێژووییەوە پابەند بووە بە حاشاکردن لە بوونی نەتەوەیی کورد، پێشنیاری خزمەتکردن بەو دەوڵەتە دەبێت بۆ سوڵتانی کەڕیش ڕوون بێت کە لە ڕووی سیاسییەوە بە چ مانایەکە؛ چونکە ئەوە خزمەتپێکراوە کە دیاریی دەکات مانای ئەو خزمەتە چییە، نەک خزمەتکارەکە.
بەپێی بەڵگەکانی زیندان لە یەکەم ڕۆژەکانی زیندانیکرانیدا، گوتەکانی ئۆجەلان لە کاتی لێپێچانەوەدا (بازجویی: فارسی، تحقیق: عەرەبی) ئەم هەڵوێستە زیاتر ڕوون دەکەنەوە. لە بەشێکدا ئۆجەلان دەڵێ کە گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی پێناسەی دەستووریی تورکیا بۆ هاووڵاتیبوون بەسە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی کورد لەخۆ بگرێت، و دەڵێ کە ئەو پێشتر بەهەڵە لەو دەرفەت و ئیمکاناتانە تێگەیشتبوو کە لەنێو ئەو هاووڵاتیبوونە و لە یاساکانیدا هەن. ئەم تێگەیشتنە لەنەکاوەی ئۆجەلان دەرەنجامی زۆر قورسی هەبوو، چونکە ئەو چوارچێوە دەستوورییەی قسەی لەسەر دەکرا، ڕێککەوتنێکی دێموکراتیک یان فرەنەتەوە نەبوو؛ بەڵکوو نیزامێکی دەستووریی ڕەگەزپەرستانە و ئاسیمیلاسیۆنخواز (تواندنەوەخواز) بوو کە لەژێر سایەی ڕێژیمی سەربازیی کەنعان ئێڤرەندا چەسپێندرابوو. بە ڕاشکاویش دەڵێت: «خزمەتکارم [لە خزمەتدام] و هەوڵ دەدەم گەلەکەم و حیزبەکەم بۆ خزمەت بە دەوڵەتی دێموکراتیک و وڵاتەکەمان [تورکیا] ئامادە و ڕام بکەم» (بڕوانە بەڵگەی هاوپێچ).
کاتێک خۆپێناسەکردنی ئۆجەلان بە تورکبوونەوە بەتەواوی دەخرێتە بەر لێکۆڵینەوە، مانای ئەم ڕاگەیاندنانە سەرنجڕاکێشتر دەبێت. ئەو تەنیا بانگەشەی ئەوەی ناکات کە بە کردەوە تورکە، بەڵکوو لەو گوتانەی کاتی لێپێچانەوەدا کە لێرەدا هێنراونەتەوە، ڕایگەیاند: «Ben halis muhlis bir Kürd değilim… Herhangi bir milliyetçi Türk benden daha Türk olduğunu sanmasın… Ben pratikte Türk’üm» (من کوردێکی خاڵس و بێگەرد نیم… هیچ نەتەوەپەرستێکی تورک، خۆی لە من بە تورکتر نەزانێ… من بە کردەوە تورکم) (بڕوانە: https://www.youtube.com/watch?v=JUJB__BiRWk). ئەمە تەنیا قەبووڵکردنی هاووڵاتیبوونی تورکیا نەبوو؛ بەڵکوو بانگەشەیەک بوو بۆ کێبڕکێکردن لەگەڵ خودی ناسیۆنالیستە تورکەکان لەسەر تورکبوونیان.
بەم شێوەیە، ئۆجەلان لە یەکەم ساتەکانی گیرانیدا، تەنیا خەریکی خۆگونجاندن لەگەڵ ناسنامەی سەپێندراوی دەستووریی دەوڵەتی تورکیادا نەبوو؛ بەڵکوو ئیدیعای پلەیەک لە خۆپێناسەکردنی لەگەڵ تورکبووندا دەکرد کە تەنیا داکۆکیکارە ئایدیۆلۆژییە ڕاسیستەکانی سەروەریی نەتەوەیی تورک (ئەوانەی بڕوایان بە سڕینەوەی بوونی کورد هەبوو) ئەو جۆرە بەرگرییەیان دەکرد. لە بەستێنی سیاسیی کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٩٠دا، ئەم جەختکردنەوەیە بەتایبەتی پڕمانا بوو. ئەو نەتەوەپەرستە ڕاسیست و توندڕەوانەی تورک (ئولترا-ناسیۆنالیستەکان) —کە ئۆجەلان دەڵێت «نابێت وابزانن کە لە من تورکترن»— لە ڕووی مێژووییەوە بە ئاڵپئەرسلان تورکەشەوە گرێ درابوون و لە گۆڕەپانی سیاسیشدا لەلایەن کەسایەتیی وەک دەوڵەت باخچەلییەوە نوێنەرایەتی دەکران؛ ئەوان داکۆکییان لە دابەشنەبوونی دەوڵەت-نەتەوەی تورک —هاومانا لەگەڵ نەبوونی نەتەوەیی، زمانی، کولتوری و سیاسیی کورد وەک سەرچاوەیەکی جیاوازی هەر جۆرە شەرعییەتێکی سیاسی— دەکرد. تێگەیشتنی تواندنەوەخوازانەی ئەوان بەتایبەت بۆ یەکێتیی نەتەوەیی تورکیا، شتێکی لاوەکی نەبوو لە سیاسەتیاندا؛ بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاو بوو لە تێگەیشتنیان بۆ کۆماری تورکیا، و لە کردەوەشدا لەگەڵ سولەیمان دەمیرەل و تانسۆ چیللەردا دەستیان لە کوشتنی هەزاران کورددا هەبوو و قوربانییەکانیان لە چوارچێوەی تاوانە بکەرنادیارەکاندا (بە تورکی: Faili meçhul cinayetler / فاعیلی مەجهوول جینایەتلەر) ئەنجام دا.
دامەزراوەی سیاسی و حکوومیی بەربڵاوتری تورکیا لەو کاتەدا، کەسایەتیی وەک تانسۆ چیللەر و مەراڵ ئاکشەنەریشی لەخۆ گرتبوو؛ ئەوانەی کە کارنامەی سیاسییان بە ناسیۆنالیزمی ئەمنییەت-تەوەری دەیەی نەوەدەکانەوە گرێ درابوو و گەورەترین پشتیوانی ژیتەم (JİTEM)، عەبدوڵڵا چاتلی و مافیای جۆراوجۆری دەر و ژووری دەوڵەتی تورک بوون. ئەمانە هەموو شەرعییەتی بوونیان لە دوژمنایەتی، کوشتاری بێسنوور، کەمپینەکانی کوردسڕینەوە، وێرانکردنی کوردستان و دەرکردنی بە میلیۆنان کورد وەردەگرت. هەرچەندە هەموویان نوێنەرایەتیی یەک نەریتی ئایدیۆلۆژیی هاوشێوەیان نەدەکرد، بەڵام ژینگەی سیاسییان بەپێی ڕووبەڕووبوونەوەی میلیتاریزەکراوی دەوڵەت دژی داخوازییە نەتەوەییەکانی کورد شکڵی گرتبوو؛ کەچی ئۆجەلان دەیگوت ئەوانە هیچیان نابێ خۆیان لەو بە تورکتر بزانن.
دەبێت لەبەر تیشکی ئەم پاشخانە مێژووییەدا لە قسەکەی ئۆجەلان تێبگەین. بەو بانگەشەیەی کە هیچ ناسیۆنالیستێکی تورک ناتوانێت خۆی لە ئەو بە تورکتر بزانێت، ئۆجەلان لەگەڵ چوارچێوە و ژێرخانە دەستوورییە کوردتوێنەرەوەکەی دەوڵەتی تورکیادا تەواو گونجاو بوو؛ هەر وەک چۆن ڕاگەیاندنەکەی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ی ئۆجەلانیش، بێ ئەملا و ئەولا، پڕ بە پێستی دەق و ڕۆحی یاسای بنەڕەتیی تورکیایە. بۆیە ئەو دەرکەوتنەی ٢٧ی شوباتی ئۆجەلان لەگەڵ چوارچێوەی هەمان ئەو ناسنامە نەتەوەییە و کێبڕکێیەیدا بۆ بەتورکناسران —هاوشێوەی لایەنگرانی ئاڵپئەرسلان تورکەش— یەک دەگرێتەوە. لە ڕووی مێژوویی و ڕەچەڵەکناسیشەوە، ئەم پڕۆژەی «ئینتێگراسیۆن»ـەی ئێستای، درێژکراوەی هەمان ئەو هەوڵەی پێشوویەتی بۆ خۆناساندن وەک ڕەقیبی تورکێکی ئولترا-ناسیۆنالیست لە تورکبووندا؛ کە هەردووکیان هەر یەک شتن و وەک بناغەیەکی ئایدیۆلۆژی و دامەزراوەیی بۆ حاشاکردن لە بوونی سیاسیی کورد بەکار دەهێنرێن.
ئارگومێنتی من ئەوەیە کە نووسینەکانی دوای ١٩٩٩ی ئۆجەلان، زەمینەیەکی پتەو دەخەنە ڕوو بۆ ئەوەی لە مانای چەمکی «ئینتێگراسیۆن»ـەکەی ئەم دواییەی تێبگەین؛ هەروەها تێبگەین کە ڕاگەیاندنەکەی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ و باسی ئیندماج و ئینتێگراسیۆن، و دواتر لکاندنی پاشگری «دێموکراتیک» بەو پڕۆژە ئینتێگراسیۆنەوە، هیچی لەنەکاو نەبووە. خوێنەر دەبێ لەبیری بێت کە پێش باسکردن و لکاندنی چەمکی دێموکراتیک بە کلکی ئینتێگراسیۆنەکەیەوە، ئۆجەلان بۆ هاندانی کوردی ڕۆژئاوا (یان باشووری بچووک)، باسی «ئیسلامی دێموکراتیک»ی دەکرد. بۆیە، بایەخی گوتەکانی کاتی لێپێچینەوەی زیندانی ئۆجەلان و هەروەها نووسینەکانی دواتری دەری دەخەن کە هەموویان دەرکەوتەی یەک ستراتیژیی تایبەت بوون، نەک بەرهەمی ڕووداوێکی دواتری وەک «پرۆسەی دواییهاتنی تیرۆر» لەم دوو ساڵەی دواییدا. وردبوونەوە لە ڕەچەڵەکی ئەو بیرۆکەیە، دەرکەوتە چەمکی و زمانییەکانی و بەڵگە پەیوەندیدارەکان بە ڕوونی دەیسەلمێنێ کە ئەمانە لە بەردەوامیدان لەگەڵ بەرنامەیەکی سیاسیدا کە ساڵانێکە، زیاتر و زیاتر و بێ هیچ پێشمەرجێک، تەواوی دامەزراوەکانی سەروەریی تورکیا —بەتایبەت دامەزراوەی یاسای بنەڕەتی و دەستوورەکەی— وەکوو شتێکی مەشرووع و کێشەهەڵنەگر لەلایەن ئۆجەلانەوە قەبووڵ دەکرێن (٢٠١١: ٧٨). هاوکات، ئەو ستراتیژییە هاوبەشەی دەوڵەتی تورک و ئۆجەلان لە هەر مەجال و هەلێکدا لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە کوردبوون لە باری سیاسییەوە بخەسێنێت و لە سیاسیبوونی بخات، و دایبەزێنێت بۆ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵناسانە، کولتووری، یان مێژوویی؛ و پێناسەی بکاتەوە نەک وەک نەتەوەیەک کە شایستەی ناسینی سیاسیی بەکۆمەڵ بێت (٢٠١٥: ٣٩).
ئەم خوێندنەوەیە پێویستی بەوە نییە بسەلمێنین کە ئاخۆ ئۆجەلان شەخسەن هیچ باوەڕێکی بەو دۆکترینانە هەبووە کە لەلایەن ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی تورک و دەوڵەتی فاشیست و ڕاسیستی ئەو وڵاتەوە خراونەتە ڕوو یان نا. بەڵکوو، باسەکە پەیوەندیی بەو لێکەوتە ستراتیژیک، سیاسی و دامەزراوەییانەوە هەیە کە ئۆجەلان قەبووڵی کردوون؛ و بۆ قەبووڵاندن و ئاساییکردنەوەی ئەو قەبووڵکردنەش، ڕواڵەتێکی «سیاسەتی کوردی و چارەسەری بۆ پرسی کورد»ی پێ داون. سیستەمێکی دەستووریی ڕەگەزپەرستانە بەوە لە سروشتی تواندنەوەخوازیی خۆی ناکەوێ، چونکوو سەرکردەیەکی پێشووی سیاسیی کورد ئێستا بۆ ڕزگاری و بەرژەوەندیی شەخسیی خۆی پشتگیریی لێ دەکا، یان دوای مەشرووعناساندنی هەموو ژێرخانە توێنەرەوەکەی، پێشنیاری بەدێموکراتیککردنی بەڕێوەبەرییەکەی دەکا؛ بەبێ هیچ ڕەخنەیەکی بنەڕەتی لە ناوەڕۆک و شێوەی کارکردنی ئێستای ئەو ژێرخانە. هەروەک چۆن بەباشنەزانینی قاچاغکردنی (قەدەغەکردنی) بێبنەمای یاسایی «کوردبوون» لە ڕێگەی بەکارهێنانی توندوتیژیی ئاشکرای پۆلیسیشەوە لەلایەن ئۆجەلانەوە، هەرگیز بە مانای ڕەتکردنەوەی ئەو زنجیرەپلەبەندییە (هیرارشییە) نەتەوەییە نییە کە ئەو توندوتیژییە لە ڕووی مێژووییەوە چەسپاندوویەتی. تازە لەمەشدا کە باس لە باشنەبوونی تواندنەوەی بەزۆر دەکات، وەک نەسیحەتێک بۆ دەوڵەتی تورک دەیڵێت، بەو پێیەی کە تواندنەوەی بەزۆر دەبێتە هۆی درێژەکێشانی سیاسەتی کوردی، ناسنامەی سیاسی و مقاوەمەتی کورد (٢٠١٥: ٣٩).
بۆیە، تێگەیشتن لە بەستێنی دەستووریی تورکیا —کە ئۆجەلان ساڵی ٢٠١١ دەڵێ هیچ کێشەیەکی لەگەڵیدا نییە و مەشرووعە— لێرەدا حەیاتی و پێویستە. ئۆجەلان باس لە دەستوورێکی دێموکراتیکی فرەنەتەوە یان تەنانەت فرەزمان و فرەکولتووریش ناکات کە دان بە هیچ مافێکی بوونی فیزیکیی کوردیشدا لە تورکیادا بنێ. ئەو ئاماژە بە یاسای بنەڕەتیی ساڵی ١٩٨٢ دەکا کە لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی سەربازیی گرێدراو بە کەنعان ئێڤرەنەوە دامەزرابوو، یانی زۆر پێش ئەو بەنێو چاکسازییە دەستوورییانەی لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکەپەدا کران. ماددەی ٦٦ی ئەو یاسایە (هەر ئێستاش) هەر کەسێک کە لە ڕێگەی هاووڵاتیبوونەوە بە دەوڵەتی تورکیاوە گرێ درابێ، بە «تورک» پێناسە دەکات. هەروەها ئێستاش ماددەی ٤٢ دەڵێ هیچ زمانێکی غەیرەتورکی —وەک زمانی دایک— بۆ هاووڵاتییانی تورکیا ئیزنی پێ نادرێت (فێربوونی قەدەغەیە)؛ بەکورتی و بەکوردی دەڵێ تەنیا زمانی تورکی لە تورکیادا زمانی دایکە، یانی هیچ خەڵکێکی ڕەسەنی غەیرەتورک —مەگەر موهاجیر— لەو وڵاتەدا بوونی نییە. ماددەی ٣ زمانی تورکیی وەک زمانی فەرمی جێگیر کردووە و جەخت لەسەر سەروەریی موتڵەق و تاقانە بۆ نەتەوەی تورک دەکاتەوە، هەروەها جەخت لەسەر یەکبوونی دەوڵەت، بەها، خاک و نەتەوەکەی دەکاتەوە کە هەمووی تورکییە. ئەم ماددانە پێکەوە، نیزامێکی نەژادی و ڕاسیستییان بەدامەزراوەیی کردووە کە تێیدا تەنیا «تورکبوون» خاوەنی پێگەی دەستوورییە، و جگە لەوە هەر بانگەشەیەکی تر بە هەڕەشەی سیاسی بۆ سەر یەکێتی و ئینتێگرەمانەوەی (یەکپارچەیی) تورکیا دادەنرێت.
نووسینەکانی دوای ١٩٩٩ی ئۆجەلان نیشانی دەدەن کە قەبووڵکردنی ئەم چوارچێوەیە لەلایەن ئەوەوە، تەنیا لە ژووری لێپێچینەوەکاندا قەتیس نەمابووەوە. لە کتێبی Türkiye’de Demokratikleşme Sorunları (کێشەکانی بەدێموکراتیکبوون لە تورکیادا)، ئەو بەڕاشکاوی دامەزراوەکان و سنوورەکانی ئێستای کۆماری تورکیای وەک شەرعی قەبووڵ کرد و تەنانەت باسکردن لە دووبارە داڕشتنەوەی فێدراڵی یان کۆنفێدراڵیشی لەو چارەسەرە دێموکراتیکەی خۆی پێشنیاری کردبوو، وەلا نا:
«Demokratik çözümü ad düzeyinde de somutlaştırmak mümkündür. Türkiye Cumhuriyeti’nin kurumları ve mevcut sınırları meşru kabul edilmektedir. Üniterliği, federal veya konfederal olması gibi biçimlenme sorunları tartışılmamakta, gündeme getirilmesi bile önerilmemektedir.»
[وەرگێڕانی دەقە تورکییەکە: دەکرێ چارەسەری دێموکراتیک لە ئاستی ناوهێنانیشدا بەرجەستە بکرێ. دامەزراوەکان و سنوورەکانی هەبووی کۆماری تورکیا بە شەرعی قەبووڵ دەکرێن. مژارەکانی پەیوەست بە شێوازی داڕشتنەوە، وەک یەکپارچەیی (یونیتەربوون)، فێدراڵ یان کۆنفێدراڵبوونی، ناخرێنە بەر باس و تەنانەت پێشنیاری هێنانەبەرباسیشیان ناکرێ.] (ئۆجەلان، Türkiye’de Demokratikleşme Sorunları، ٢٠١١، ل. ٧٨.)
ئەم هەڵوێستە لە قۆناغی گرێدراو بە دانوستانەکانی ئۆسلۆوە (ئەیلوولی ٢٠٠٨ – حوزەیرانی ٢٠١١) خرایە ڕوو، کاتێک کە پرسی کورد لە ڕواڵەتدا لە ڕێگەی دیالۆگ و سازانی سیاسییەوە قسەی لەسەر دەکرا. بەڵام هەروەک دەبینین، ئەمە پێشوەختە هەر دانوستانێکی بە قازانجی کورد بێمانا دەکات، چونکە ژێرخانی یاسایی کوردتوێنەرەوە و ناوەندگەرا بێ هیچ مەرجێک بە مەشرووع و بێکێشە دەناسێنێت و تەنانەت —وەک لە سەرەوە بینیمان— پێشنیاری هێنانەبەرباسی پرسی فێدراڵیزم یان کۆنفێدراڵیزم و دەستکاریکردنی یەکپارچەیی تورکیا هەر ڕەت دەکاتەوە.
ئینجا لێرەدا پرسیاری ئەوە دێتە گۆڕێ: جگە لە مەرجەکانی تەسلیمبوون چیتان هەیە کە دانوستانی لەسەر بکەن؟ لە حاڵێکدا لە فەزای گشتیی کوردستاندا لە ٢٠٠٤-٢٠٠٥ـەوە لەگەڵ دامەزراندنی پژاک و کەجەکەدا باس لە «کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک» کراوە. ئەو بەنێو سیستەمەش وەکوو چارەسەری دێموکراتیک بە کورد ناسێندراوە، کەچی هەر لە سەرەتاوە بەوە دەستی پێ کرد کە خودی ئەو ئەڵتەرناتیڤە دامەزراوەییانەی لە بازنەی بیرلێکردنەوە دەرهاویشت کە داخوازییە نەتەوەییەکانی کورد دەیانتوانی لە ڕێگەیانەوە ناسینێکی سیاسیی فەرمی بەدەست بێنن. بەڵام، هەر لە لاپەڕە ٦ی پەیماننامەی ئەو سیستەمە (کەجەکە)دا لە ٢٠٠٥ـەوە دەڵێ: لەمڕۆ بەدواوە یاسای یەکێتیی ئەورووپا و یاسای دەوڵەتە یونیتەرەکانی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا لە کوردستاندا پەیڕەو دەکرێن. خودی ئۆجەلان لە کتێبی Demokratik Kurtuluş (ڕزگاریی دێموکراتیک)دا دەڵێ ئەو سیستەمەی بە مەرجی بەدێموکراتیکبوونی تورکیا لە زەمانی ئەمرە تانەردا (سەرۆکی ئەوکاتی میت) دامەزراندووە (٢٠١٥: ٣٢١)، و لە لاپەڕە ٤٣٢ی هەمان کتێبیشدا دەڵێت کە ئەو هێزەی وەکوو حیزبێکی ئازاد دامەزراندووە. هەروەها لە لاپەڕەکانی ٨٠-١١٢ی کتێبی «کێشەکانی دێموکراتیزاسیۆن لە تورکیادا» دەڵێ کە ئەو ڕێکخراوە —بە پژاک و یەپەگەوە— ئامرازی زیندووکردنەوەی میساقی میللیی تورکیا و گەڕاندنەوەی ڕۆژئاوا و باشوورە بۆ ژێر دەسەڵاتی تورکیا.
ئێستا شارەداری ئیستەنبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کە تورکی جەهەپەیە، بە تۆمەتی ناڕەوای دامەزراندنی ڕێکخراوێکی نایاسایی لە زینداندایە؛ کەچی ئۆجەلان کە بە تۆمەتی «تیرۆریستبوون» گیراوە و بۆ ماوەیەک حوکمی ئیعدامیشی هەبووە، لەگەڵ موستەشاری ئەوکاتی میتدا، ڕێکخراوێک دادەمەزرێنێت کە چوار لقی (شاخەی) چەکداری بۆ چوار وڵات لێ دەبێتەوە! دەوڵەتی تورک ئیزن دەدات کە ئەساسنامەی ئەو ڕێکخراوە —کە گوایە بۆ لەنێوبردنی چوار دەوڵەت-نەتەوە و سەقامگیرکردنی کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک دامەزراوە— بنووسێت و بیداتە دەرەوە. ئەو ڕێکخراوە لە هەمان کاتدا کە گوایە دەوڵەت-نەتەوە ناهێڵێ، میساقی میللیی تورکیش زیندوو دەکاتەوە! لە هەمان کاتیشدا ئۆجەلان پێشنیار دەکات کە ئامادەیە لەبارەی ئەو هەوڵانەی خۆی لە چوارچێوەی کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک و کەجەکەدا، گوێڕایەڵی پێشنیاری هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بێت و پێشوازی لە پێشنیارەکانیان بۆ گۆڕینی بەرنامە بەپێی بەرژەوەندیی دەوڵەتی تورک بکات (کێشەکانی دێموکراتیزاسیۆن لە تورکیادا، ل. ٨٠-١١٢). جا ئیدی کوردە وەرە لەمە حاڵی بە!
مەغزای ئەم وەرچەرخانەی یەکەم ساتەکانی گیرانی لەوەدا نەبوو کە ئۆجەلان لە دیلی و لە ناچاریدا هاووڵاتیبوونی هاوبەشی تورکیای قەبووڵ کردبێت. کارەساتەکە لەوەدا بوو کە ئەو پشتگیریی لە هاووڵاتیبوونێک دەکرد لەژێر سایەی پێکهاتەیەکی دەستووریدا کە لە ڕێگەی تواندنەوەی هەر ناسنامەیەکی غەیرەتورکەوە، تەنیا یەک ناسنامەی نەتەوەیی وەک بناغە و تاقانە بژاردەی سەروەری دەناساند و وەکوو سیستەمێکی خاوەن مەشرووعییەتی کێشەهەڵنەگر پەسەندی دەکرد. لەوەش مەترسیدارتر، ئۆجەلان لە هەمان کات و لە هەمان چوارچێوەدا، فۆرمولەی لەناوبردنی سیاسەتی کوردیی —بە نێوی دژایەتیکردنی دیاردەی دەوڵەت— وەکوو چارەسەرێکی جیهانی و تەنیا ڕێگای سەقامگیریی دێموکراسی و ئیمکانی ئازادیی مرۆڤ، بۆ لایەنگرانی خۆی و بۆ کورد بەگشتی تەبلیغ دەکرد.
بەراوردکردنی ئەم دۆخە لەگەڵ مێژووی جیاکاریی ڕەگەزی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، یارمەتیدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی قووڵایی ئەم پارادۆکسە سیاسییە. لە سەردەمی یاساکانی «جیم کرۆو» (Jim Crow)دا، ڕەشپێستەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی فەرمی خاوەنی هاووڵاتیبوونی ئەمریکی بوون، کەچی ئەم هاووڵاتیبوونە هاوتەریب بوو لەگەڵ سیستەمێک لە پەراوێزخستنی ڕەگەزی، جیاکاری و پێگەی سیاسیی نایەکسان. ئێستا با وێنای ئەوە بکەین کە بەنێو ڕێبەرێکی ڕەشپێست، لەژێر دروشمی دژایەتیکردنی ڕەگەزپەرستی و یەکسانیی نەژادیدا، بێت و هەمان یاسای «جیم کرۆو» —تەنیا بە گۆڕینی ناوەکەی بۆ «جیم کرۆوی دێموکراتیک»— وەکوو چارەسەرێکی جیهانی و پێشکەوتنخواز دووبارە بە ڕەشپێستان بفرۆشێتەوە! بێگومان، ئەگەر سەرکردەیەکی سیاسیی ڕەشپێست پشتگیریی لەو نیزامە نایەکسانە بکردایە و وەک چوارچێوەیەکی گونجاو بۆ ڕزگاری بیفرۆشتایەتەوە، ئەو پشتگیرییە نیزامەکەی نەدەگۆڕی بۆ سیستەمێکی یەکسانیخواز؛ بەڵکوو خودی گوتاری «ڕزگاری»ی دەکردە ئامرازێک بۆ شەرعییەتدان بەو ژێردەستەییە دامەزراوەییەی کە لەئارادا بوو.
هەڵبەتە، کێشەی بنەڕەتی لە هەردوو نموونەکەدا —سەرەڕای جیاوازیی میکانیزمە مێژووییەکانی نێوان جیاکاریی ڕەگەزی لە ئەمریکا و سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەیی لە تورکیادا— لەسەر وەزیفەی سیاسیی «هاووڵاتیبوون» و «ڕۆڵی سەرکردە» لەنێو نیزامێکی داگیرکەر و نایەکساندا چڕ دەبێتەوە. ئەندامێتیی فەرمی لە دەوڵەتێکدا هەرگیز یەکسانیی جەوهەری و ڕاستەقینە دابین ناکات کاتێک دامەزراوەکانی ئەو دەوڵەتە لەسەر بنەمای سڕینەوەی ئەویتر دامەزرابن. بەڵام کارەساتە سیاسییەکە ئەو کاتە دەگاتە لووتکە کە نوێنەری گرووپە ژێردەستەکە، لە جیاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێکهاتە ستەمکارە، دێت و بێمافیی میللەتەکەی خۆی لە بەرگێکی تیۆری و فەلسەفیی باقوبریقداردا دادەڕێژێتەوە و داوا لە قوربانییەکان دەکات جەللادەکەیان وەک شەریکی دێموکراسی قەبووڵ بکەن.
لە دۆزی کورددا، ئەم چەواشەکارییە سەرباری هەموو ئەمانە، ڕەهەندێکی وجودی و نەتەوەییشی هەیە کە لە نموونەی جیم کرۆوش تێدەپەڕێت. پرسەکە لێرەدا تەنیا ئەوە نییە کە ئاخۆ تاکەکانی کورد وەک هاووڵاتی مافی یەکسانیان هەیە یان نا، بەڵکوو ئەوەیە کە ئایا «نەتەوەبوونی کورد» لەسەر خاکی خۆی وەک سەرچاوەیەکی شەرعیی مافە سیاسییە بەکۆمەڵەکان و سەروەری دەناسرێ یان نا. نیشاندانی هاووڵاتیبوونی دەستووریی ئێستای کۆماری تورکیا وەک شتێکی بەس و تەواو بۆ کورد، هاوکات لەگەڵ قەبووڵکردنی بێبەشکردنی دامەزراوەیی کورد لە ناسینی نەتەوەیی و بانگەشەکردن بۆ نەفرەتکردن لە دەوڵەت، بە مانای گۆڕینی خەباتی ڕزگاریی نەتەوەییە بۆ پڕۆژەی تەسلیمبوون بە هەمان ئەو چوارچێوە دەستوورییەی کە لە ڕێگەیەوە بوونی کورد لە ڕووی مێژووییەوە زەوت و حاشا لێ کراوە.
ئەمە ئەو بناغە سیاسییەیە کە دەبێ لەسەر بنەمای ئەو، داڕشتەکانی دواتری ئۆجەلان سەبارەت بە کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک، نەتەوەی دێموکراتیک، و ئینتێگراسیۆنی دێموکراتیک بخرێنە ژێر وردبینی و لێکۆڵینەوەوە. ڕاگەیاندراوەکەی ٢٧ی فێبریوێریی ٢٠٢٥ ئەم بناغەیەی دانەمەزراند؛ بەڵکوو تەنیا لێکەوتە و دەرەنجامەکانی بەئاشکرا بۆ ڕای گشتی خستە ڕوو. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئەم ئینتێگراسیۆنیزمە چەندە کاریگەریی لەسەر حیزبەکانی دیکە هەیە؟ بەداخەوە، بە هۆکاری جۆراوجۆر و لەبەر بەربڵاویی سایکۆلۆژیی تەسلیمبوون و ئیفلاسی سیاسی، هاوکات لەگەڵ زاڵبوون و دەرکەوتنی ستراتیژیی دەوڵەتی داگیرکەر و خۆجێگیرکردنەوەی لەنێو سیاسەتی کوردیدا لە ئاستی حیزبیدا، دوو هێڵی ئینتێگراسیۆنیزم بەسەر سیاسەتی حیزبیدا لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەزەقی دەردەکەون.
لە سی ساڵی ڕابردوودا هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا —یەکەمیان لە ڕێگەی «ئیسڵاحتەڵەبی» و دووەمیشیان لە ڕێگەی «ئاپۆییزم»ەوە— توانیویانە لە درێژەی ستراتیژیی خۆیاندا بەشێک لە فەزای کوردی، سیاسەتی کوردی و سیاسەتی حیزبیی کوردی دیزاین بکەن و دایڕێژنەوە. ئەم پێشهاتە جێگەی ئامرازە جێگیرەکانی پێشووی سەرکوتکردن و هەژموونی کۆلۆنیالیزمی (داگیرکاری) نەگرتووەتەوە، بەڵکوو هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی هەموو ئەوانەدا، درێژکراوەیەکی ئاڵۆزتر و پێشکەوتووتری هەمان پڕۆژەی مێژوویییە. لە کاتێکدا دەوڵەتانی دژەکورد (ئێرانی، تورکی و عەرەبی) لە ڕابردوودا بە شێوەیەکی تەقلیدی هەوڵیان دەدا بوونی کورد لە ڕێگەی کوشتاری ڕۆژانە، زەبروزەنگی سەربازی، ناچارکردنی ئیداری و پڕۆسەی سیستماتیکی تەفریس (بەفارسکردن)، تەتریک (بەتورککردن) و تەعریب (بەعەرەبکردن)ی کۆمەڵگەی کوردییەوە سەرکوت بکەن؛ ئێستا ئەم پڕۆسەیە پێی ناوەتە قۆناغی سیاسەتکردن و وەکوو شتێکی ئاسایی بە نێوی «سیاسەتی کوردی»یەوە دەردەکەوێت. ئەوان زیاتر توانای ئەوەیان بەدەست هێناوە کە کاریگەری لەسەر خودی ئەو ستراتیژی، گوتار و تەنانەت چەمک و دەستەواژانە دابنێن کە سیاسەتی کوردیی پێ بەیان دەکرێت. ئامانجەکە چیدیکە سنووردار نییە بە سەرکوتکردنی بزووتنەوە سیاسییەکانی کورد لە دەرەوەڕا، بەڵکوو سڕینەوەی جەوهەری کوردییانەی سیاسەت و داڕشتنەوەی تەخەییولی سیاسیی کورد لە ناوەوەڕا بووە بە ئامانجیان؛ تا ئەو جێگەیەی سنوورەکانی خواستی سیاسیی ڕەوای کورد لەو سنوورانە بەئاسانی جیا ناکرێنەوە کە لەلایەن دەوڵەتی باڵادەستەوە دیاری دەکرێن.
ئەم وەرچەرخانە قۆناغێکی هەستیار لە بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی دژەکورد نیشان دەدات. دەوڵەتانی داگیرکەر چیدیکە پێویستیان بەوە نییە تەنیا وەک دوژمنێکی دەرەکی بۆ سەر بوونی سیاسیی کورد دەربکەون. ئەولەوییەتە ستراتیژییەکانی ئەو دەوڵەتانە دەکرێت وەربگێڕدرێنە سەر زمان و بێنە نێو گوتاری کوردایەتیی حیزبی، گوتاری دێموکراسیخوازی، پراگماتیزم، واقیعگەرایی سیاسی (ئەمری واقیع) و زەروورەت و هەلومەرجی جیۆپۆلەتیکی. هەڵبەتە هیچ کام لەم چەمک و باسانە لە زاتی خۆیاندا توێنەرەوە (ئاسیمیلاسیۆنیست) نین و زەروورەتەن بە مانای گونجان لەگەڵ ستراتیژیی دەوڵەتی داگیرکەر نایەن. بەڵام، ڕۆڵ و کاریگەرییە کۆلۆنیالییەکەیان کاتێک دەردەکەوێت کە لە چوارچێوەی گوتارێکدا دەخرێنە گەڕ وەک بەهانە بۆ دابەزاندنی دۆزی کورد لە ئاستی پرسی نەتەوەیی، و بۆ پێناسەکردنەوەی سنووری سیاسەتی کورد و نیشاندانی داواکارییە نەتەوەییەکانی وەک داواکاریی زیادەڕۆ، ناواقیعی، لە ڕووی مێژووییەوە بەسەرچوو، یان لە ڕووی سیاسییەوە مەترسیدار. لە هەمان کاتیشدا، خۆگونجاندن لەگەڵ سیستەمی سەروەریی باودا وەک تاکە شێوازی بەرپرسیارانەی سیاسەتی کوردی دەخرێتە ڕوو؛ کە ئەمەش ڕێک لەگەڵ ستراتیژیی «ئینتێگراسیۆن»ی ئاگایانە (وەک نموونە ئۆجەلانییەکەی) و نائاگایانەدا دەگونجێت.
دەرەنجامەکە تەنیا بە ڕێکخستنەوە و گۆڕینی زمان و سروشتی داواکاری و سیاسەتەکان سنووردار نییە، بەڵکوو داڕشتنەوەی هەنگاوبەهەنگاوی خودی بکەری (سووژەی) سیاسییە؛ بە جۆرێک هیچ جیاوازییەکی جیدی لەنێوان ئاسۆی سیاسی و ستراتیژیی ئەکتەری کوردی و ئەکتەری نەتەوەی داگیرکەردا سەبارەت بە داڕشتنەوەی سیاسیی ئەو دەوڵەتانەی زاڵن بەسەر کوردستاندا، نابینرێت. بەمەش، سیاسەتی کوردی چیتر لە دەوری پرسی نەتەوەبوونی کورد و ئەو مافە دەستەجەمعییانەی لێیەوە سەرچاوە دەگرن ناخولێتەوە؛ بەڵکوو زیاتر سەرقاڵی دانوستاندن و تێکەڵبوون دەبێت لەگەڵ ئەکتەرەکانی نەتەوەی باڵادەستدا، ئەویش لەسەر شێوازە ڕێگەپێدراوەکانی بەشداریی کورد لە چوارچێوەی سەروەرییەکدا کە پێشتر شەرعییەتەکەی پەسەند کراوە. لێرەدا پرسیارە بنەڕەتییەکە —کە ئایا دەوڵەت و ئەکتەرانی نەتەوەی باڵادەست مافێکی ڕەهایان هەیە لە دیاریکردنی پێگەی سیاسیی نەتەوەی کورددا؟— پاشەکشە دەکات بۆ پرسیارێکی لاوەکی: کورد چۆن دەتوانێت دانپێدانانێکی سنووردار و بەشدارییەکی ئیداری بەدەست بهێنێت، بێ ئەوەی ئەو مافە بخاتە ژێر پرسیارەوە؟
ڕێک لێرەدایە کە هەژموونی کۆلۆنیالیزمی فارس و تورک و عەرەب کاریگەرترین شێوەی ئایدیۆلۆژیی خۆی وەردەگرێت. سەرکەوتنی دەوڵەتی کۆلۆنیالیست تەنیا لە کاتێکدا نییە کە سنوورە سیاسییەکانی خۆی بەسەر نەتەوەیەکی ژێردەستەدا دەسەپێنێت، بەڵکوو کاتێک سەردەکەوێت کە نوێنەرانی ئەو نەتەوەیە دەست دەکەن بە بەرهەمهێنانەوەی ئەو سنوورانە وەکوو قەناعەتی ڕەسەنی سیاسیی خۆیان. ئەوەی لە بنەڕەتدا وەک بەرژەوەندیی ستراتیژیی دەوڵەتی باڵادەست داڕێژرابوو، دواتر لە ڕێگەی ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردەوە و بە زمانی بەرژەوەندیی کوردی، وەک مەرجی پێویست بۆ مانەوەی کورد، بەدیموکراتیزەکردن، یان پێگەیشتووییی سیاسی دەخرێتە ڕوو.
ئەم پرۆسەیە مەرج نییە هەمیشە پشت بە هاوکاریی بەئاگایانە (خیانەت یان بەکرێگیراوی) ببەستێت. کاریگەرییەکەی بەشێکی لەوەدایە کە ڕەنگە ئەکتەرە سیاسییەکانی کورد پێیان وابێ کە بە دڵسۆزییەوە بەرگری لە بەرژەوەندی کۆمەڵگەی کوردی دەکەن، لە کاتێکدا لەناو چوارچێوەیەکی فیکری و دامەزراوەییدا کار دەکەن کە پێشتر بەپێی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی باڵادەست داڕێژراوە. دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم، بەم مانایە، تەنیا کردەی سیاسی کۆت و بەند ناکات؛ بەڵکوو ئەو پۆلێنبەندییانەش ڕێک دەخاتەوە کە لە ڕێگەیانەوە ئەگەرە سیاسییەکان وێنا دەکرێن، هەڵدەسەنگێنرێن و پاساویان بۆ دەهێنرێتەوە.
گوتاری تێکەڵخوازیی ئەمرۆی ئاکتەری کورد (یانی ئینتێگراسیۆنیزم و ڕیفۆرمخوازی —لە دەرەوەی ڤێرژنە ئۆجەلانییەکەی کە بەئاگایانە درێژەی ستراتیژیی دەوڵەتی تورکیایە)، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ڕوونییەکی تایبەتەوە ئەم وەرچەرخانە دەردەخات. گریمانە بنەڕەتییەکەی ئەوەیە کە کورد دەتوانێت لە ڕێگەی تێکەڵبوون و ئینتێگرەبوون لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە لە ڕووی مێژووییەوە نکۆڵییان لە نەتەوەبوونی کورد وەک سەرچاوەی شەرعییەتی مافە سیاسییە بەکۆمەڵەکانی کورد کردووە، مانەوەی سیاسیی خۆی گەرەنتی بکات. بەڵام ئەم گریمانەیە چاوپۆشی لە ژێرخانی سیاسی، ئابووری، ئیداری، کولتووری و فێرکردنی توێنەرەوە، و ناهاوسەنگیی بنەڕەتیی ڕژێمەکانی هاووڵاتیبوون لە ئێراندا دەکات: کورد وەک تاکێک کە ملکەچی دەسەڵاتی سەروەریی فارسە خراوەتە ناو ئەو دەوڵەتەوە، نەک وەک ئەندامی نەتەوەیەک کە مافی یەکسانی بەکۆمەڵی هەبێت لە پێکهێنانی ئەو دەسەڵاتەدا.
بۆیە جیاکردنەوەی نێوان هاووڵاتیبوون و یەکسانیی نەتەوەیی شتێکی حەتمییە و دەستبەرداربوونی بە مانای خۆکوژیی (ئینتحاری) سیاسیی کوردە. هاووڵاتیبوون تەنیا لە هەبوونی ناسنامە، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، یان ئەندامێتیی فەرمی لە دەوڵەتێکدا کورت نابێتەوە. لە سیستمێکی سیاسیی فرەنەتەوەدا، یەکسانیی ڕاستەقینە پێویستی بە تاوتوێکردنی ئەوە هەیە کە کێ دەسەڵاتی پێناسەکردنی دەوڵەت و نەتەوە، دیاریکردنی تاک-نەتەوەیی یان فرەنەتەوەییبوونی وڵات، داڕشتنی ناسێنەی دەستووری، چەسپاندنی زمانی فەرمی، ڕێکخستنی دامەزراوەکانی، و بڕیاردان لەسەر ڕەواییی داواکارییە سیاسییە بەکۆمەڵەکانی هەیە.
تاکێکی کورد ڕەنگە هەمان هاووڵاتیبوونی فەرمیی وەک تاکێکی تورک، سووری یان ئێرانی هەبێت، لە کاتێکدا سەر بە نەتەوەیەکە کە بوونە سیاسییەکەی لە ڕووی دەستوورییەوە نکۆڵیی لێ کراوە کە ئەوە ڕێک ئیستعمار و کۆڵۆنینالیزمە. لە دۆخێکی وەهادا، یەکسانیی فەرمی لەنێوان تاکەکاندا شانبەشانی نایەکسانییەکی قووڵی بونیادی لە ژێرخانی سیاسی، ئابووری و مێژوویی لەنێوان پێکهاتە نەتەوەییەکاندا دەردەکەوێت، کە لە ڕادەی حزووریان لە ماهییەت و ناسنامە و ناسێنەی دەسەڵاتدا ڕەنگ دەداتەوە. نەتەوەیەک خاوەنی ئامرازە دامەزراوەییەکانە بۆ بەرهەمهێنانەوەی زمان، ناسنامەی مێژوویی و سەروەریی خۆی لە ڕێگەی دەوڵەتەوە؛ لە نەتەوەکەی دیکەش چاوەڕێ دەکرێت بەشداری لەو دامەزراوانەدا قبووڵ بکات بەبێ ئەوەی مافێکی هاوتای هەبێت لە دیاریکردنی مۆرکی نەتەوەییی ئەواندا؛ یانی ئامادە ئینتگرە و توانەوە و ئیستعمار کردن بێت.
کەواتە کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە کورد لە کۆمەڵێک مافی دیاریکراو بێبەش دەکرێت، بەڵکوو ئەوەیە کە نەتەوەی باڵادەست هەر لە سەرەتاوە دەسەڵاتی دیاریکردنی چوارچێوە، شەرعییەت، مەرجەکانی بوونی کورد و ئەگەری دەنگهەڵبڕین و خاوەن-دەنگبوونی کوردی بۆ خۆی قۆرخ کردووە. لێرەدا هاووڵاتیبوون دەبێتە ئامرازێک بۆ توانەوە و تێکەڵکردن لەناو قووچەکێکی (هیرارشییەکی) نەتەوەیی پێشوەختە دامەزراو و پاساودانەوەی بە ناوی گوتاری دیموکراسییەوە؛ نەک چوارچێوەیەک کە لە ڕێگەیەوە ئەو قووچەکە سەرلەنوێ و بە شێوەیەکی دیموکراتییانە دانوستانی لەسەر بکرێتەوە.
ئەم جیاکارییە بۆ تێگەیشتن لە ئەرکی ئایدیۆلۆژی و کولتووریی لایەنگرانی تێکەڵبوونخوازی (ئینتێگراسیۆن) جەوهەرییە. کاتێک تێکەڵبوون وەک چارەسەری پرسی کورد دەخرێتە ڕوو بەبێ ئەوەی سەرەتا یەکسانیی نەتەوەیی کورد بچەسپێنرێت، ژێردەستەیی سیاسیی کوردبوون دەگۆڕدرێت بۆ پرسێکی ڕواڵەتیی خەسێنراوی وەک هاووڵاتیبوون و بەشداریی سیاسی. چیدیکە نەتەوەی کورد وەک بکەرێکی سیاسیی بەکۆمەڵ مانای نامێنێت کە مافی دانوستاندنی لەسەر بنەماکانی سیستمێکی دەستووریی هاوبەش هەبێت. لەبری ئەوە، لە ناچاریدا و بە شێوەیەکی کاتی —تا ئەو کاتەی بەتەواوی دەتوێتەوە— تەنیا وەک تاکێکی گونجاو لەگەڵ ژێرخانی توێنەرەوەی «ئەوی دیکە»دا مامەڵە لەگەڵ کورد دەکرێت؛ تاکێک کە دەبێت جێگەیەکی پەسەندکراو بۆ خۆی لەناو سیستمێکدا بدۆزێتەوە کە شەرعییەتی سەروەرییەکەی وەک شتێکی مسۆگەر و بێچەندوچوون وەرگیراوە، نەک جێگەی مشتومڕ. بەم پێیەش، تێگەیشتنێکی وەها بۆ هاووڵاتیبوون پەیوەندییە کۆلۆنیالییەکان تێناپەڕێنێت، بەڵکوو لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی داواکارییەکانی کورد بەپێی پێوەرەکانی دەوڵەتی باو، ئەو پەیوەندییانە ئاسایی دەکاتەوە.
پێکهاتنی مێژوویی دەوڵەتی ئێران نموونەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرا بۆ ئەم ڕاستییە پێشکەش دەکات. هەوڵی فارس بۆ گواستنەوە لە سیستمی ئیمپراتۆریی قاجارەوە بۆ دەوڵەت-نەتەوەیەکی ناوەندگەرای فارس/ئێرانی، نابێت تەنیا وەک پتەوکردنێکی ئیداری یان ڕێکخستنەوەیەکی جوگرافی ببینرێت. ئەم پرۆسەیە بریتی بوو لە بەخشینی پێگەی بکەری خاوەن ئیمتیازی کۆلۆنیالی و دامەزراوەیی بە فارس و زمانی فارسی، دروستکردنی مێژوویەکی نەتەوەیی ڕاسیستیی فەرمی، و بەرزکردنەوەی ناسێنەی فارسی وەکوو ناسێنەی وڵات لە ڕێگەی چوارچێوەیەکی خۆپێوانەگرەوە؛ چوارچێوەیەک کە تەنیا لە ڕێگەی داننان بە ئێرانییەت/فارسبوونی هەمووانەوە ڕێگە بە تەفسیرکردنی فرەچەشنیی سیاسی و کولتووریی دەوڵەتەکە دەدات. لەم چوارچێوەیەشدا، لە باشترین حاڵەتدا، کورد تەنیا وەکوو شێوەزارێک لە کولتووری ناوچەیی، زمانێکی لۆکاڵی، فۆلکلۆرێک یان پێکهاتەیەکی ئیتنیکیی سوودمەند (زینەفع) دەتوانێت بە شێوەیەکی کاتی بوونی هەبێت. ڕەزامەندیی بکەری کوردیش بەم جۆرە پێناسەکردنەی کورد، هێمای ئینتێگراسیۆنخوازیی سیاسییە.
لە ڕێگەی پەروەردەی ناوەندی، پلەبەندیی زمانەوانی، یەکخستنی ستانداردی ئیداری و پەراوێزخستنی مێژووی نەتەوە نافارسەکانەوە، دەوڵەتی ئێرانی/فارس پڕۆژەیەکی بۆ یەکڕەنگکردنی «نەتەوەیی» گرتەبەر کە ناسێنەی کوردی و نافارسەکانی دیکەی خستە ژێر ڕکێفی دروستکردنی یەک نەتەوەی تاقانەی فارس/ئێرانییەوە. ئەو سیستمەی لەمەوە بەرهەم هات، هەوڵی داوە کۆمەڵگە بەپێی گریمانە کولتووری و سیاسییەکانی ناسێنەی نەتەوەی باڵادەست بگۆڕێت؛ ئەویش بە نرخی زمانکوژی، نەتەوەکوژی و کولتوورکوژیی نەتەوە نافارسەکان. ئێمە دەبینین حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە واژۆکردنی بەیاننامەی پاریس، لە کۆبوونەوەی جۆرجتاون، لە شوورای گوزار و لە کۆنگرەی ئازادیی ئێراندا، ئەو گێڕانەوە مێژووییەی فاشیزمی فارسییان بە سروشتی وەرگرتووە؛ چونکە بەهۆی ڕۆح و کولتووری ئینتێگراسیۆنخوازیی خۆیانەوە، ناتوانن خۆیان لە دەرەوەی ئەو گێڕانەوە کۆلۆنیالییە ئێرانییەدا ببینن و پێناسە بکەن.
لەم چوارچێوە مێژووییەدا، ئەو ئەکتەرە کوردەی باوەڕی بە نەتەوەبوونی کورد هەیە، نابێت پرسی دیموکراتیزەکردن تەنیا لە ڕێگەی فراوانکردنی بەشداری لە هەڵبژاردن، ئازادییە مەدەنییەکان، یان لێپرسینەوەی ڕێکارییەوە هەڵبسەنگێنێت. ڕەنگە ئەمانە دەستکەوتی دیموکراتیکی گرنگ بۆ تاک دابین بکەن، بەڵام بنەما نەتەوەییە نایەکسانەکانی دەوڵەت ناگۆڕن. سیستمێکی سیاسی دەشێت لە ڕووی هەڵبژاردنەوە زیاتر کێبڕکێی تێدا بێت، لە کاتێکدا بەردەوام بێت لە نکۆڵیکردن لە بوونی سیاسیی بەکۆمەڵی ئەو نەتەوانەی خراونەتە ژێر قەڵەمڕەوییەکەیەوە، هەروەک نموونەکەی تورکیا.
لەبەر ئەوە، پڕۆژەیەکی دیموکراتیزەکردنی ئێران کە سەروەریی نەتەوەیی فارس-تەوەر بخاتە دەرەوەی بازنەی پرسیارەوە، تەنیا ئیدارەی سیستمی قووچەکیی نەتەوەیی باو دیموکراتیزە دەکات، نەک ئەوەی خودی سروشتی قووچەکەکە بگۆڕێت. پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە ڕەنگە هەندێک لە دەرفەتەکانی بەشداری —لە ئاستی تاکدا— دابەش بکاتەوە، بەبێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر دابەشکردنەوەی دەسەڵاتی پێناسەکردنی دەوڵەت هەبێت؛ ڕەنگە مافە تاکەکەسییەکان فراوان بکات، حیجاب نەهێڵێت و خەڵک بتوانێت گۆرانی بڵێت، لە کاتێکدا پەراوێزخستنی دەستووری و دامەزراوەیی نەتەوە نافارسەکان بەتەواوی دەپارێزێت و دەشبێتە خاوەنی شەرعییەتێکی نێودەوڵەتیی زیاتر بۆ سەرکوتکردن لەپێناو پاراستنی ئەو سیستمەدا.
لە ڕاستیدا، کاریگەرترین شێوەی توانەوەی ئایدیۆلۆژی بۆ کورد کاتێک ڕوودەدات کە خۆگونجاندن لەگەڵ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی دەوڵەتی باڵادەستدا چیدیکە وەک سازش هەستی پێ نەکرێت، بەڵکوو لە ناخەوە ببێتە عەقڵی سەلیم، تێگەیشتنی باوی سیاسی و پراگماتیزم؛ ڕێک وەکوو ئەوەی کە ئێستا لە عێراقدا حەشدی شەعبی دەڵێت پێش پێشمەرگە چەک دانانێم، و نێچیرڤان بارزانیش دەڵێت چەک بە شێوەیەکی شەرعی تەنیا دەبێ لە دەستی دەوڵەتدا بێت! لێرەدا چیدیکە دەوڵەت وەک سەرچاوەی ئەو سنوورانە دەرناکەوێت کە بەسەر سیاسەتی کوردیدا سەپێنراون؛ لەبری ئەوە، ئەو سنوورانە وەک دەرەنجامی حەتمیی مێژوو، جوگرافیا، واقیعگەرایی، یان سەرکردایەتیی بەرپرسیارانە وێنا دەکرێن.
ئەم وەرچەرخانە یارمەتیدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی دژبەرییەکی زەق لەناو سیاسەتی حیزبیی هاوچەرخی کوردیدا. ئەو ڕێکخراوانەی کە زیاتر دەستبەرداری ڕەگەزە سەرەکییەکانی داواکارییە سیاسییە بەکۆمەڵەکانی کورد دەبن، سەرەڕای ئەوەش بەردەوام جەخت لەسەر مافی پاوانخوازیی خۆیان بۆ نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگەی کوردی دەکەنەوە. ئەوان دەسەڵاتی دەوڵەتی باڵادەست بۆ دیاریکردنی چوارچێوەی ڕێگەپێدراوی داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد قبووڵ دەکەن، هاوکات بانگەشەی ئەو دەسەڵاتەش دەکەن کە هەر خۆیان دیاریی بکەن کێ دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕەوا بە ناوی کوردەوە قسە بکات (بەم شێوەیەش، هەتا زیاتر ناوەڕۆکی مافە سیاسییەکانی کورد بەرتەسک بکەنەوە، پێداگرانەتر بەرگری لە قۆرخکاریی ڕێکخراوەیی خۆیان بەسەر نوێنەرایەتیی کورددا دەکەن).
پاساوهێنانەوە بۆ ئەم قۆرخکارییە زۆر جار پشت بە زمانی زەروورەت و مەترسیی کارەساتی چاوەڕوانکراو دەبەستێت. هۆشداری دەدرێتە کۆمەڵگەی کوردی کە بەبێ ڕێنمایی حیزبێک یان سەرکردایەتییەکی دیاریکراو، ڕووبەڕووی کارەساتی سیاسی دەبێتەوە. ئەگەری سەرکوتکردن یان ناسەقامگیری دەگۆڕدرێت بۆ پاساوێک دژی جێگرەوە (ئەلتەرناتیڤە) سیاسییەکان، لە کاتێکدا پاشەکشەی ستراتیژیی خودی سەرکردایەتییەکە وەک تاکە ئامرازی بەرپرسیارانەی مانەوەی بەکۆمەڵ دەخرێتە ڕوو.
لە ئەنجامدا، ترس دەبێتە ئامرازێک بۆ دیسپلینکردنی سیاسی؛ واقیعگەرایی دەبێتە پاساو بۆ دەستبەرداربوون لە مافەکان، و خۆلادان لە کارەساتیش دەبێتە بنەمایەک بۆ داواکردنی گوێڕایەڵی. ئەو ڕێکخراوە سیاسییانەی کە سنووردارکردنەکانی دەوڵەتی باڵادەستیان لەسەر سەروەریی کورد قبووڵ کردووە، هەوڵ دەدەن هەمان ئەو سنوورانە بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا بسەپێنن، و زۆر جاریش داواکارییە نەتەوەییە جیاوازەکانی دیکەی کورد وەک مەترسیدار، نابەرپرسیارانە، یان لە ڕووی مێژووییەوە بەسەرچوو وێنا دەکەن.
بەم شێوەیە، پەیوەندییە کۆلۆنیالییەکە لەناو خودی سیاسەتی کوردیدا بەرهەم دەهێنرێتەوە؛ دەسەڵاتی دەوڵەتی باڵادەست لە ڕێگەی ئەکتەرە سیاسییەکانی کوردەوە دەبێتە دیاردەیەکی ناوەکی لە سیاسەتی کوردیدا و دواتریش، بە شێوازێکی دەستکاریکراو، بەسەر خودی جەماوەری کورددا دەسەپێنرێتەوە.
قەندیل پرێس