به‌په‌له

د. ناسر باباخانی بۆ قەندیل پرێس: هاوپەیمانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنێک کە دان بە مافی نەتەوەیی کورددا نەنێت، هیچ دەردێک لە ئێمە دەرمان ناکات

قەندیل پرێس – د. ناسر باباخانی، شرۆڤەکاری سیاسی، لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی «قەندیل پرێس» تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ململانێکانی نێوان تاران و واشنتن، پەیامی مانگرتنە گشتییەکانی خەڵکی کوردستان و مەرجەکانی هاوپەیمانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی.

​گرنگترین تەوەرەکانی ئەم چاوپێکەوتنە بەم شێوەیەی خوارەوەن:

​١. سەرلێشێواوی لە سیاسەتی ئەمریکا و ئیفلیجبوونی ئابووریی ئێران
د. ناسر باباخانی ئاماژەی بە لێدوانە جیاواز و دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ئەمریکا کرد کە بوونەتە هۆی سەرلێشێواوی بۆ چاودێران و جەختی کردەوە کە ئەمریکا وەک زلهێزێک تا ئێستا دەستکەوتێکی بەرهەستی لەم ململانێیەدا نەبووە و کۆماری ئیسلامی هێشتا لەسەر جێی خۆیەتی. ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە تاران کارتە براوەکانی لەدەستداوە؛ بۆ نموونە گەرووی هورمز کە ئێران وەک کارتی فشار بەکاری دەهێنا، ئێستا بەپێی ئامارەکان ڕۆژانە ٢٤ بۆ ٢٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێدەپەڕێت. لە بەرامبەردا، بەهۆی گەمارۆ دەریایی، ئاسمانی و زەمینییەکانەوە، ئێران تووشی ئیفلیجبوونی ئابووری بووە، بژێویی خەڵک بە تەواوی دابەزیوە و دۆخی ناوخۆ زۆر شڵەژاوە و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ڕاپەڕینی خەڵک لەئارادایە. بە بڕوای باباخانی، مانەوەی کۆماری ئیسلامی نە لە بەرژەوەندیی ئەمریکایە و نە ئیسرائیل، و دوو فاکتەری «ئیسرائیل» و «کۆدەنگی جیهانی» دەکرێت هاندەر بن بۆ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ پەنا بۆ هێرشی سەربازیی دیکە ببات.

​٢. مانگرتنی گشتی؛ بەڵگەی زیندووی هاوگوتاریی خەڵک و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات
سەبارەت بە مانگرتنی گشتیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینیدا، د. ناسر باباخانی ڕایگەیاند کە ئەم شێوازە لە خەبات و نافەرمانیی مەدەنی مێژوویەکی درێژی هەیە؛ لە دوای لەسێدارەدانی ٥٩ لاوی مەهابادەوە دەستی پێکردووە و لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی د. قاسملوودا بووەتە نەریتێکی سیستماتیک و سەرتاسەری. ناوبراو جەختی کردەوە، پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی دەڵێن حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەسەرچوون، بەدەمەوەهاتنی خەڵک بۆ بانگەوازی حیزبەکان سەلمێنەری ئەوەیە کە سەرەڕای هەبوونی تێبینی و ڕەخنە لە کۆمەڵگەیەکی فرەحیزبیدا، خەڵک لە حیزبەکان دانەبڕاون و گوتاری نەتەوەیی ناو کۆمەڵگە و حیزبەکان تەواو هاوتەریبن.

​٣. مەرجی هاوپەیمانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ڕەتکردنەوەی پەراوێزخستن
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە جەختی لەوە کردەوە کە وێڕای جیاوازیی بۆچوونی سیاسی، کاکڵەی گوتاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات یەک گوتاری هاوبەشی نەتەوەییە، بۆیە دەبێت لە بەرامبەر لایەنەکانی دیکەدا ڕاشکاوانە و بێ شەرم لەسەر مافەکانی کورد بدوێن. باباخانی ڕەخنەی لە دانیشتن و هاوپەیمانی لەگەڵ هەندێک کەس و لایەنی بێ قورسایی ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێران گرت کە تەنانەت ئامادە نین لە بەیاننامەکانیاندا ناوی کورد وەک «نەتەوە» بهێنن و چەمکی «هاووڵاتیبوون» پێش مافی نەتەوەیی دەخەن. ناوبراو وتی: «هەر لایەنێک بڕوای بە ئازادی، دیموکراسی، پلۆرالیزم و داننان بە مافی نەتەوەیی کورد لە چوارچێوەی جوگرافیای فرەنەتەوەیی ئێراندا نەبێت، دانیشتن لەگەڵی هیچ دەردێک لە ئێمە دەرمان ناکات».

​٤. ڕەخنە لە چەمکی «ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک» لە ژێر سایەی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکاندا
لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەدا سەبارەت بە پێشنیاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ «ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک» (تێکەڵبوونی دیموکراتیک) وەک ڕێگەچارەی پرسی کورد، د. ناسر باباخانی پێی وابوو ئەم چەمکە چ لە ڕووی تیۆری و چ لە ڕووی کردەییەوە بۆ کورد وەڵامدەرەوە نەبووە. ناوبراو ڕوونی کردەوە کە مەرجی ئینتیگراسیۆن بوونی کۆمەڵگە و دەسەڵاتێکی دیموکراتیکە، لە کاتێکدا لە باکوور، ڕۆژئاوا، باشوور و ڕۆژهەڵات، کورد بەرەوڕووی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و ناوەندگەرا بووەتەوە. وەک نموونە ئاماژەی بە ڕەتکردنەوەی ناونانی شەقامێک بە ناوی «شێخ سەعید» لە شاری ئامەد لەلایەن دادگای تورکیا و قەدەغەکردنی ناوی کوردی کرد و وتی: «کاتێک دەسەڵاتی بەرامبەر بچووکترین هێمای فەرهەنگی و سیاسیی تۆ قبووڵ ناکات و باس لە ‘تورکیای بێ تیرۆر’ دەکات لە کاتێکدا خۆی تیرۆریزمی دەوڵەتیی پەیڕەو کردووە، ئینتیگراسیۆن جێناگرێت و زیان بە بزووتنەوەی کورد دەگەیەنێت».

​٥. پێویستیی یەکدەنگیی حیزبەکان لە کۆنگرە و کۆبوونەوەکانی داهاتوودا
لە کۆتاییدا و سەبارەت بە «کۆنگرەی ئازادیی ئێران» و پڕۆژەی حیزبی دیموکرات و لایەنەکانی دیکە، د. ناسر باباخانی ئاماژەی بەوە دا کە تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆ لەو کۆنگرانە سەوز نەبووە. ناوبراو وێڕای وەبیرهێنانەوەی مێژووی خەباتی حیزبی دیموکرات و وتارەکەی د.

قاسملوو لە مەهاباد سەبارەت بە هاوخەباتیی نەتەوەکانی ئێران (تورک، عەرەب، بەلووچ، تورکمان و کورد)، جەختی کردەوە کە بەشداریی پەرتەوازە و تاکلایەنەی حیزبەکان لە کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیۆندا هیچ کاریگەرییەکی نابێت. بە بڕوای ناوبراو، تەنیا ڕێگە بۆ ئەوەی کورد قورسایی ڕاستەقینەی خۆی بسەپێنێت ئەوەیە کە لە ڕێگەی ناوەندی هاوکاری یان هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە، بە یەک گوتاری هاوبەش، یەک هەڵوێست و یەک نوێنەرایەتیی متمانەپێکراو بەشداری لە دانوستان و کۆنگرەکاندا بکات، ئەگینا دیسان خولانەوە دەبێت لە بازنەیەکی بەتاڵدا.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. که‌مال سوله‌یمانی: لە ڕۆژئاوا و باکوور هێڵی پەکەکە بەتەواوی لە بەرەی سیاسەتی کوردی چووەتە دەرەوە

وتووێژیی تایبه‌تی “قه‌ندیل پرێس” له‌گه‌ڵ “د. که‌مال سوله‌یمانی” سه‌باره‌ت به دوایین دۆخی سیاسه‌تی کوردی له …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *