د. خالد خەیاتی: فایلە دەنگییەکەی هاوسەرۆکی پژاک لە ڕاستیدا بیانوویەک یان پڕشکەیەک بوو کە جیاوازە بنچینەیەکانی زیاتر لە جاران خستە ڕوو

قەندیل پرێس: لە ڕۆژانی ڕابردوودا فایلێکی دەنگی بەڕێز ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، شرۆڤەی بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟

د. خالد خەیاتی: تێگەیشتن و خوێندنەوە و تەنانەت هەڵویستی من لە بەرامبەر ئەو فایلە دەنگییە هەم لە گەڵ ئەم ئاڵۆزی و گڕژێیانەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە جیاواز و ناتەبایە و هەم لە گەڵ ئەو لێکدانەوە و شرۆڤانەی کە لێرە ولەوێ بۆ ئەم دیاردەیە دەکرێت.  ئەوەی مێژووی ئەم فایلە چەند ساڵە، کێ لە پتەی دەرچووە و یان چ دەستێکی شاراوە بە مەبەستی تێکدانی یەکڕیزی کورد ئەم دەنگانەی ئاشکرا کردوە، یان ئێمە هەموو کوردین و پێویستە یەکگرتوو بین. بە تێگەیشتتنی من ئەم چەشنە دەربڕینانە زۆر شرۆڤە هەڵناگرن و لە ڕووی ئانالیز و لێکدانەوەش بنەمایەکی بەهێزی بەڵگەمەند و مادییان نییە. ئەوەی لێرەدا گرێنگە ئەوەیە کە ئێمە پێویستە (بە چاک یان خەراپ) دۆخەکە وەکوو خۆی باس بکەین ئەگەر بە ڕاستی بمانەوێت چارەسەری بکەین. لە سەرەتادا ئێمە پێویستە ببینین و قەبووڵی بکەین کە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم فایلە و بگرە سەرهەڵدانی دەیان حاڵەتی ناخۆشی دیکەی هاوشێوە (لە هەر لایەک بێت) دەگەڕێتەوە سەر هەبوونی جیاوازیی گوتاری، ناتەبایی ئیدئۆلۆژیکی و ئوتوپیایی و ناهاوتەریببوونی جیهانبینی لە نێوان دوو ئاراستەی جیاواز کە تەنانەت شێوازی بەکارهێنانی رەمز و سەمبولیک، زمان و ئەدەبیاتی سیاسی و خوێندنەوەیان بۆ مێژووش جیاوازە. کە وایە هۆکار ئەم جیاوازییەییەکە لە ئاستی ئیدیۆلۆژی و ڕێبازی سیاسی لە نێو لایەنەکاندا دەیبینین. ئەوەش تەنیا بریتی نییە لە چەند دەنگی ناشاز و چەند گرژی و ئاڵۆزی لێرەولەوێ، بەڵکوو بگرە پەیوەندی بە نەوعییەت و چۆنییەتی هەبوون یان نەبوونی سەرجەم نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە هەیە.

قەندیل پرێس: هەروا کە ئاگادارن ماوەیەکە حەوت حیزبی‌ ڕۆژهەڵات لە چوارچێوە پلاتفۆرمێک بە ناوی ناوەندی دیالۆگ پێکەوە گفتۆگۆیان هەیە، پێشتریش ناوەندی هاوکاری هەبوو بەڵام شکستی خوارد، ئەمجارەیش وادیارە ناکۆکی هەیەو داهاتووی ئەم هەوڵەیشە ڕوون نییە، بە گشتیی هۆکاری ئەوەیکە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ناتوانن پێکەوە هاوکاری بەردەوامیان هەبێت چییە؟

د. خالد خەیاتی: هۆکاری سەرەکی هەرەسهێنان و شکستی کار و پڕۆژەکانی ناوەندی هاوکاری -هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد- دەگەڕێتەوە سەر هەبوونی ئەم جیاوازی و ناکۆکییانەی کە لە نێوان ئەحزاب و ڕێکخراوەکانی گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە کە ئەویش لە ڕاستیدا دەگەرێتەوە سەر هەبوونی دوو ڕەهەند و ئاراستەی ئیدئۆلۆژیک و فکری و هزریان جیاواز و ناتەبا لە یەکتر. ئەم فایلە دەنگییە لە ڕاستیدا بیانوویەک یان پڕشکەیەک بوو کە ئەم جیاوازە بنچینەیانەی زیاتر لە جاران خستە ڕوو. لە دۆخێکی ئاوادا، نیزیکبوونەوە، کاری هاوبەش و یان یەکگرتوویی ستڕاتێژیک لە نێوان ئەم دوو ئاراستە ناکۆکەدا زیاتر تراویلکەیە هەتا واقیع.
تەماشا کەن، لە لایەک ژمارەیەک حیزب و رێکخراوەی کوردیمان هەیە (وەکوو حیزبی دیمۆکڕات، دوو لە کۆمەڵەکان، خەبات، پاک، ..بە لە بەرچاوگرتنی جیاوازییەکانیان)  کە لە ڕاستیدا هەموو سەرمایەی مەعنەوەی و جەستەیی ڕابردوو و ئێستای خۆیان لە سەر شێوازێک لە ئامانجی سیاسیی داناوە کە لە پەیوەندی لە گەڵ کوردی ڕۆژهەڵاتدا هەم نەتەوە و هەم دەوڵەت و یان فۆڕمگەلی دیکە لە دەستەڵاتی سیاسی، وەکوو فیدیڕالیسم بە بنەما دەگرێت. لەم لاشەوە ڕیکخراوەی وەکوو کۆمەڵەی کۆمۆنیست و پەژاک هەن کە ئامانجی سیاسی، تێروانینی هزری و ئیدئۆلۆژیکیان بە تەواوی جیاوازە. بۆ نموونە پەژاک کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوەیی ک ج ک دا جێدەگرێت و  هەبوونی خۆی بە ئیدئۆلۆژی ئاپۆییسم  پێناسە دەکات، بە دەیان جار بە فەرمی یان نافەرمی ڕاگەیاندووە کە ئەوان قۆناغی دەوڵەت/نەتەوەیان تێپەڕاندووە و بەم پێیەش سەروەری سیاسی و فیدیڕالی و یان هەر فۆڕمێکی دیکە لە دەستەڵاتدارێتی نەرێتی ڕەت دەکەنەوە. ئەوان بە پێچەوانە باسی ئێنتیگراسیۆن و دیمۆکڕاتیزاسیۆنی هەموو کۆمەڵگەی ئێران دەکەن. هەر بۆیەش ئەم دوو ئاراستە ناکۆک و جیاوازە تەنانەت نەوعی خەبات و چالاکانیشیان لە یەک ناچیت. کە واتە ئەم فایلە دەنگییە و ئەم گرژییانەی کە لە پەیوەندی لە گەڵ ئەم فایلەدا هاتوونەتە ئاراوە، لە خۆیاندا دەرهاویشتەی ئەم جیاوازی و ناکۆکییە بنچینەیەن کە ڕەهەندی سیاسی، ئیدئۆلۆژیک و هزریان هەیە. بەم هۆکارانە و هەر وەک باسم کرد، پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی واقیعی کە بۆ نموونە دروستکردنی کۆمەڵێک دامەزراوەیی نەتەوەیی هاوبەش، یەک لەوانە ئەڕتەشێکی هاوبەشی میللی بە ئامانج بگرێت، لە نێوان ئەم دوو ئاراستە ناکۆکەدا زەحمەتە.

کە وابوو، با چاوەڕوانی لە ڕادەبەدەرمان لە یەکتر نەبێت. بەڵام پێویست بە گڕژی ناکات و دەکرێت دۆخەکە ئارام بکەینەوە. با هەر لایەک خەریکی ئیش و کاری خۆی بێت. من ‌حەزم دەکرد کە ئەندامان و لایانگرانی ئاراستەی یەکەم، لە جیاتی ئەو هەموو هاوار و گرژییە، داوایان لە حیزب و ڕێکخراوەکانی ئەم بەشە دەکرد کە ڕوو بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵێک پڕۆژەی واقیعی پیشکێش بکەن. ئەگەر حیزبەکانیش نایکەن بۆخۆیان بیکەن. لە نەبوونی بەرنامە و پڕۆژە دا، بێگومان مەجال و دەرفەتی زیاتر بۆ قسەکردن و دووپاتکردنەوەی بابەتەکان لە بەردەستدا دەبێت کە ئەویش لە کۆتاییدا گڕژی و ئاڵۆزی و کات بە فێڕۆدانی لێدەکەوێتەوە؛ شتێک کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم دۆخەی ئێستا دا کەمترین پێویستی پێی نییە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوەڕیی کردەوەیە.
لە لایەکی دیکەشەوە با سەرکردایەتی و مەجلیسی پەژاک داوا لە کادر و لایانگرانی خۆیان بکەن، کە تۆزێک بە سینگفراوانییەوە هەڵسوکەوت بکەن. پێویست ناکات بەشێک لەو بەڕێزانە هەر کە دیتیان کە کەسێک شتێکی لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیوە  و بە دڵیان نێت، هێڕشی بکەنە سەری و بیڕۆخێنن.  دەبێ لە بیرمان بێت گۆڕەپانی ئێستای رۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی کولتووری سیاسی و ئەزموونی ناسیۆنالیستییەوە -بە بەراودکردن لە گەڵ هەموو جواگڕافیای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست-  یەک لە پاکترین، فرەڕەهەندترین، فرەڕەنگترین و پلورالترینە نەتەوەیە. لە کولتوورێکی سیاسیی ئاوادا پاوانکردن و مۆنۆپۆلیزەکردنی سیاسەت کارێکی ئەستەمە. کەوابوو با هاوڕێیانی سەرکردایەتی ئەم ڕێکخراوەیە دەست لە دێمۆنیزەکردن یان بەشەیتانیکردنی ڕەوتی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبگرن. ئەرکی هەموو ئێمەیە کە ئەم کەشە تەندروستە بپارێزین.

قەندیل پرێس: ڕاوبۆچوونێک هەیە کە ئێستا کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە ڕێبەریی دەکرێت و حیزبەکان ڕۆڵی پێشەنگایەتی جارانیان نەماوە، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟

د. خالد خەیاتی: من لەم ڕۆژانەدا لە گەڵ کابرایەکی ڕۆژنامەنووس لە بریتانیا کە خۆی بە ڕەچەڵەک یۆنانییە و لە سەر کێشەکانی قەفقاز کار دەکات، چاوپێکەوتنێکم هەبوو لە سەر گرژی و ئاڵۆزی نێوان کوردەکان و ئازەرەییەکان و بە تایبەت لە سەر پرسی ئاو. لەوێ باس کرا کە گرفتی سەرەکی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری لە نێوان ئەو دوو نەتەوەیە ئەوەیە کە لە لایەک ئاستی کولتووری سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرزە، مەجال بۆ دیمۆکڕاسی و پلورالیسم هەیە و لە هەموو شت گرینگتر لەم بەشەی کوردستاندا بزووتنەوە جەماوەرییە، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و بەم پێیەش کۆمەڵگەیەکی مەدەنی فرەڕەهەند لە ساڵانی ڕابردوودا گەشەی بەرچاویان بەخۆیانەو دیتووە. لە حاڵێکدا لە ئازەربایجان بە پێچەوانە ئەم دیاردانە یان بوونیان نییە یان زۆر لاوازن، یان بگرە ئەوانەی کە ئاراستەی جووڵانەوەی ئازەرەییەکان دەستنیشاندەکەن، یان خۆیان بەشێکن لە دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی یان پانتورکیستن یان هەردوو.
لێرەدا مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دینامیک و زیندوو هەیە. بەڵام لە هیچ جێگایەکی ئەم دونیایە، کۆمەڵگەی مەدەنی بە تەنیا ناتوانێت مانەوە و گەشەی نەتەوەیەک گاڕانتی بکات. مەترسی زۆرن. بۆ نموونە، بەرنامەی تواندنەوەی کولتووری و زمانی لە بەرامبەر کوردان لە لایەن دەوڵەتانی باڵادەستەوە لەوپەڕی خۆیدایە. ئەگەر ئەو وڵاتانە جاران بە مەبەستی لاوازکردن و لەناوبردنی کورد، تەنیا لە کەرەستەی ڕەق کەڵکیان وەردەگرت ئێستا بە پێچەوانە، سەدان پڕۆژەی و بەرنامەی شاراوە و ئاشکرایان لە دژی کورد هەیە کە دەکەوێتە چوارچێوەی ئەوەی پێێ دەڵێن هێزی نەرم. تەماشا کەن دەوڵەتی ئێران تەنانەت ڕێگا بە ژینگەپارێزانی کۆمەڵگەی مەدەنی نادات کە بچن بە دەستی بەتاڵ ئاگری دارستانەکانی کوردستانیش بکوژێننەوە. هەروەها پرسیار ئەوەیە، چۆن دەکرێت بە ڕۆژی ڕووناک ئاو و سامانی سروشتی ئێمە بە تاڵان ببەن و هیچمان لە دەست نەیەت. کەوابوو کوردستان بۆ زیندوومانەوە و گەشەکردن تەنیا ناتوانێت پشت بە کۆمەڵگەی مەدەنی خۆی ببەستێت. ڕاستە کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێ وەک چاوی خۆمان بپارێزین. بەڵام بۆ هەبوون و مانەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستی بە کیان، سەروەری، دامەزراوە و دەستەڵاتی سیاسیی خۆی هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کە حیزب و ڕێکخراوەکان هەر ئێستا بە ڕێگای دەیان پڕۆژە و بەرنامە زیاتر لە هەمیشە لە سەر خەت بن. بەڵام بە داخەوە هیچ دیار نییە.

قەندیل پرێس: زۆرێک لە شرۆڤەکاران لەسەر ئەو باوڕەن کە خۆلێکی دیکەی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕوودەدات، بە ڕای بەڕێزتان ئەم شەڕە ڕوودەدات؟ لە ئەگەری ڕوودانیدا ئایا دەرفەتێک بۆ هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات دەرخسێت کە بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن؟

د. خالد خەیاتی: سپاس بۆ ئەم پرسیارەش! من ئەوە ماوەیەکی دوورودرێژە کە لە سەر پڵاتفۆرمی ئیکس (تویتری جاران) دەنووسم و هاوار دەکەم کە ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییانەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هاتوونەتە ئاراوە، بریتییە لە ڕەوتێکی بێگەڕانەوە. هەر بۆیەش حیزب و ڕیکخراوەکانی ئێمە – هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد- ئەرکی سەر شانیانە کە هەم بۆ ئێستا و هەم بۆ داهاتوو بەرنامە و پڕۆژەی جیدیان هەبێت و هەم ئەوەی لە پەیوەندی لە گەڵ ڕەوتی ڕووداوەکاندا بەردەوام لە سەر خەت بن. بە هەرحاڵ گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبن و بە ئەم مەبەستەش زیاتر لە هیزی ڕەق کەڵک وەردەگرن. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە سێ فاکتەری گرینگ بکەین.
فاکتەری یەکەم دەوڵەتی ئێران بۆخۆیەتی. ئەوەی کە ئەم دەوڵەتە سەرەڕای شکستەکانی لە شەڕی دوازدەڕۆژەدا و هەروەها داڕمانی بەشێکی زۆر لە پرۆکسییەکانی ئێستاشی لە گەڵ بێت دەرسی وەرنەگرتووە و دەست هەڵناگرێت. لە لایەک خەرێکە لە نێوخۆی ئێراندا حەشارگە بۆ خەڵک دروست دەکات، پەرەی زیاتر بە بەرنامە مووشەکییەکانی دەدات و بگرە وەک ئەو جوورەی باس دەکەن خەریکە لە هێندێک شوێنی ئەستەمی چیایی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەست پێدەکاتەوە. لە هەمان کاتدا، ئەو دەوڵەتە لە دەروەی سنوورەکانی خۆی، یانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا خەریکە دیسان بەشێک لە پرۆکسییەکانی بە ڕێگای یارمەتی مادی و لۆجیستیکی ( بۆ نموونە حیزبوڵلای لوبنان) تەیار دەکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش خۆی گەیاندۆتە سوودان، وڵاتێک کە ئێستا بە هۆکاری شەڕی ناوخۆیی داڕماوە.
فاکتەری دووهەم ئیسڕائیلە. سیاسەتی ئاسایشیی ئەم وڵاتە ئەگەر جاران بریتی بوو لە خۆپاراستن لە چوارچیوەی سنوورەکانی خۆێدا، ئێستا بە پێچەوانە و بە تایبەت لە دوای حەوتی ئوکتوبر سیاسەتی ئاسایش و خۆپاراستن بۆتە ستڕاتێژییەک بۆ دەرەوەی سنوور. یۆناتان کۆنڕیکۆس کە لە سەردەمی ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتوبردا قسەکەری ئەڕتەشی ئیسڕائیل بوو، هەر ئەو کاتە بە ڕوونی باسی ئەم ستڕاتێژییە نۆییەی کرد و کوتی ‘لە هەر جێگایەکی ئەم دونیایە ئێمە هەست بکەین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئیسڕائیل دروست دەبێت، لێی دەدەین”. هەر ئێستاش هەم ئەم مەترسییە تا ڕادەیەکی زۆر وەک خۆی ماوەتەوە و هەم ئیسڕائیلیش ئێستا بە هۆکاری ئاگربەستی غەزە و بە تایبەت هێوەربوونەوەی دۆخی نێوخۆیی و بێدەنگی ئوپۆزیسیۆن دەستی لە هەمیشە ئاواڵاترە.
فاکتەری سێهەم ئەمریکایە. ئەم فاکتەرە کە لە هەموویان گرینگترە پەیوەندی بە گەڕانەوەی هێژمۆنی ئەمریکای ژێر دەستەڵاتداری تڕامپەوە هەیە. “با دیسان ئەمریکا مەزن کەینەوە”. ئاسەواری ئەو دروشمە خەریکە هێدی هێدی لە ئاستی پڕاتیکی دا دەردەکەوێت. بۆ نموونە ناچارکردنی ژمارەیەک وڵات بۆ ئەوەی ملکەچی سیاسەتەکانی گومرکی ئەمریکا بن، بەرنامەی ئاشتی نێوان ئەرمەنستان وئازەربایجان، کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان پاکستان و هیندوستان، بەڵێنی وەرگرتن لە چین کە هێرش نەکاتە سەر تایوان، ڕؤلی جیاوازتر لە جاران لە شەڕی نێوان رووسیا و ئەمریکا و هەر ئێستاش گەمارۆدانی وڵاتی وێنزۆئیلا بە ڕێگای کەشتی تەیارەهەڵگری جیڕالد فۆرد، هەموو ئەوانە نیشانەکانی گەڕانەوەی ئەم هێژمونییەن. لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا، ئەمریکای تڕامپ ئەو وڵات و هێزە “ئانۆمالییە” و ناتەبایانە کە دژایەتی ئەمریکا و ئیسڕائیل دەکەن، ناچار دەکات – یان بە خۆشی یان بە ناخۆشی- واز لە دژایەتی بێنن و خۆیان لە گەڵ هێژمونی ئەمریکا بگونجێنن. ئەحمەد شەرعی جیهادیستی جاران لەوە حاڵی بووە بەڵام ئێران نا. پرسیار ئەوەیە، ئێران بە چ ڕێگایەک، بە چ هێزێک دەتوانێت بەربەرەکانی لە گەڵ ئەم هێژمونییە بکات؟  گەلۆ لە کۆتاییدا تەسلیمی هێژمونی ئەمریکا دەبێت؟ شەڕ یان گەمارۆ، فەرق ناکات. گەلۆ حیزبەکانی ئێمە خۆیان بە ئەگەر ودەرهاویشتەکانی ئەم دۆخە ئامادە کردووە؟

دووبارە هەوڵبدەرەوە

وتووێژی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز “فەرزین کەرباسی” شرۆڤەکاری سیاسی لە بارەی دوایین دۆخ و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

پرسیاری یەکەم: لە ڕۆژانی ڕابردوودا فایلێکی دەنگی بەڕێز ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *