به‌په‌له

دەم پارتی بۆ قەندیل پرێس: چارەسەرکردنی پرسی کورد کلیلی ئاشتی تورکیایە، پێویستە کورد خۆبەڕێوەبەری هەبێت

قەندیل پرێس- وتووێژی تایبەت

وتووێژی تایبەتی قەندیل پرێس لەگەڵ نەورۆز یویسەڵ، پەرلەمانتاری دەم پارتی، دەربارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ڕاپۆرتی کۆمسیۆن، دۆخی ئێستا و ئاسۆکانی داهاتوو.

تەوەرەی یەکەم: پرۆسەی ئاشتی و ڕاپۆرتی کۆمسیۆن

قەندیل پرێس: وەک پەرلەمانتارێکی دەم پارتی، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەو ڕاپۆرتە کۆتاییەی کۆمسیۆنی پەرلەمان چییە کە سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری ئامادە کرا؟ ئایا ڕاسپاردەکانی ئەو ڕاپۆرتە تا چەند ڕەنگدانەوەی داخوازییەکانی گەلی کورد بوون؟

نەورۆز یویسەڵ: سەبارەت بە یەکەم پرسیارتان، ئێمە ئەو ڕاپۆرتەی کۆمسیۆنی پەرلەمان کە بڵاوکرایەوە، بە زۆر گرنگ دەبینین. ئەو کۆمسیۆنە بە بەرپرسیارێتییەکی سیاسی دامەزرا و لەناو پەرلەمانی تورکیادا کار لەسەر پرسی کورد دەکات. چاودێریکردنی نزیکایەتییەکانی ناو پرۆسەکە، گوێگرتن لەو کەسانەی بانگهێشت کرابوون و هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی ئەو گفتوگۆیانە بۆ ئێمە بایەخێکی زۆریان هەبوو. ئەم ڕاپۆرتە هەنگاوێکی پێویست بوو بۆ قۆناغێکی دیاریکراو کە ئێمە چاوەڕوانمان دەکرد و وەک ڕاپۆرتێکی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان دەرچوو. پێش بڵاوبوونەوەی ئەمەش، ئێمە وەک “دەم پارتی” ڕاپۆرتی تایبەتی خۆمان و هەڵسەنگاندنەکانمان سەبارەت بە تێگەیشتن لە پرۆسەکە، مێژووەکەی، ناونانی پرۆسەکە و ئەو هەنگاوانەی دەبێت بنرێن، لەگەڵ پێویستییە یاسایی و سیاسییەکان بڵاوکردبووەوە.
هەرچەندە ئەمە وەک ڕاپۆرتێکی هاوبەش دەرکەوت، بەڵام لە ناوەڕۆکەکەیدا، بەتایبەت لە پێنج بەشە سەرەکییەکەیدا، زۆر خاڵی جێی ڕەخنە و ناڕەزایی هەبوون. زۆرێک لە نزیکایەتییە مێژوویی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە هەڵە داڕێژرابوون. بۆ نموونە؛ پرسی کورد تەنها وەک پرسێکی “ئەمنی” و لەژێر ناوی “تیرۆر”دا پێناسە کرابوو. داواکارییەکانی ئێمە بۆ دیموکراسیبوون و چارەسەری، لە ناو چوارچێوەیەکی گشتی و بێ ناوەڕۆکدا مابوونەوە و ئێمە بە دەستکەوتێکی تێرکەرمان نەدەبینی.

قەندیل پرێس: بۆچی دوای ئەو هەموو کارەی کۆمسیۆن و لێکتێگەیشتنەکانی “دۆڵمەباخچە”، پڕۆسەکە بەو خێراییە پەکیکەوت؟ ئایا کێشەکە لە دەقی ڕاپۆرتەکاندا بوو یان لە نەبوونی ئیرادەی سیاسی؟

نەورۆز یویسەڵ: کێشەکە ئەوە بوو کە داواکارییە بنەڕەتییەکانی وەک: مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان، هاوڵاتی ئازاد، مافی زمانی دایک بۆ پاراستنی زمانی کوردی، پەروەردە، و پرسی بەڕێوەبەرییە خۆجێییەکان پشتگوێ خرابوون. ئێمە تەنها داوای لابردنی قەیومەکانمان نەدەکرد، بەڵکو داوای فراوانکردنی ئیرادە و ستاتۆ و ڕێبازەکانی بەڕێوەبردنی خۆجێیمان دەکرد. کێشەی کورد کلیلی دیموکراسیبوونی تورکیایە، بەڵام کاتێک ناو لە پرۆسەکە دەنرێت “تیرۆر”، قبوڵکردنی بۆ ئێمە مەحاڵە. ئێمە لەسەر ئەم تێڕوانینە کورتخایەنە “شەرح” (تێبینی ناڕەزایی) مان نووسی و مەتنێکی تری وەک دەم پارتی پێشکەش کرد. دەمانەوێت بیریان بخەینەوە کە بەبێ ئیرادەیەکی سیاسی ڕاستەقینە و بەبێ گۆڕینی پارادایمی “ئەمنی و سەربازی”، هیچ ڕاپۆرتێک نابێتە بنەمای گۆڕانکاری یاسایی. دواکەوتنی ئەم هەنگاوانە کاریگەری خراپی لەسەر کۆمەڵگە هەبووە.

قەندیل پرێس: دەم پارتی چۆن دەتوانێت سوود لەو ئەزموونە مێژووییانە و کارەکانی کۆمسیۆنی پێشوو وەربگرێت بۆ دووبارە دەسپێکردنەوەی گفتوگۆیەکی جدی لە پەرلەماندا؟

نەورۆز یویسەڵ: دەم پارتی لەم پرۆسەیەدا موخاتەبێکی سیاسی ڕاستەوخۆیە و لەناو گۆڕانکاری و چارەسەری دیموکراسیدا ڕۆڵێکی ناوەندی دەگێڕێت. ئێمە خاوەنی میرات و ئەزموونی پارتە سیاسییەکانی پێشووی خۆمانین کە لە پرۆسەکانی پێشوودا بوون. لە پەرلەمان کار دەکەین بۆ ئەوەی بنەمایەکی سیاسی و یاسایی ڕوون دروست بێت تاوەکو کۆمەڵگە بە شێوەیەکی شەفاف بەشداری تێدا بکات. ئەم ڕاپۆرتەی ئێستا، بەرپرسیارێتی دەخاتە سەر شانی هەموو ئەو پارتانەی ئیمزایان کردووە. ئێمە دەمانەوێت ئەمە ببێتە سەرەتای قۆناغی دووەم کە پێی دەڵێین “ئینتەگراسیۆنی دیموکراتیک”. لەم قۆناغەدا دەبێت یاسا و بنەما مافییەکان بگۆڕدرێن. ئەزموونی ئێمە بۆ موزاکەرە و هەنگاوی یاسایی لە پەرلەماندا زۆر گرنگە و ئێستا لە ڕێگەی ئەم کۆمسیۆنەوە ئەو بەرپرسیارێتییە بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی چارەسەرییەکە هەمیشەیی بێت.

تەوەرەی دووەم: کاریگەری دۆخی ڕۆژئاوا لەسەر ئاشتی ناوخۆ

قەندیل پرێس: پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان کێشەی کورد لە تورکیا و پێگەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە؛ بە بڕوای ئێوە، تا چەند دەستکەوتەکانی کورد لە سووریا بوونە ڕێگر یان هاندەر بۆ دەوڵەتی تورکیا لە پرۆسەی ئاشتییدا؟

نەورۆز یویسەڵ: گومان لەوەدا نییە کە ڕەوشی سووریا و ستاتۆی ڕۆژئاوا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر نزیکایەتی دەوڵەت هەبووە.
دەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دواکەوتنی هەنگاوەکانی ئاکەپە و دەوڵەت یان ئەو گۆڕانکارییانەی لە وتاری باخچەلیدا دەبینرێن، ڕەوشی ڕۆژئاوا و دەستکەوتەکانی گەلی کوردە لەوێ.
تورکیا لەلایەکەوە دەبینێت شەڕ و ململانێ هەرێمییەکان چۆن کاریگەرییان لەسەر کورد هەیە، لەلایەکی تریشەوە دەیەوێت کات بۆ خۆی بباتەوە تا بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو کاریگەرییانە بکات کە دەگەنە ناوخۆی تورکیا. ڕاستی ئەوەیە کە نەبوونی ئیرادەی چارەسەری دیموکراتیک و یاسایی، وای کردووە “پرسی ئەمنی” و “پرسی هەرێمی” زاڵ بن بەسەر پرسی مافەکاندا، ئەمەش زیانی زۆری گەیاندووە.

قەندیل پرێس: ئایا پێتان وایە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ لایەنە هەرێمییەکان و پرسی ڕۆژئاوا، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەنقەرە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی ناوخۆ؟

نەورۆز یویسەڵ: گۆڕانکارییەک لە ئارادایە، ئەوە ڕاستە. بەڵام هەمان کات جۆرێک لە “کڕینی کات”یش دەبینرێت. تورکیا لەژێر گوشاری گۆڕانکارییە هەرێمییەکان و ئاسایشی خۆیدایە. ئەگەر ئیرادەیەکی ڕاستەقینە هەبێت بۆ چارەسەری، پەرلەمان دەتوانێت ببێتە ناوەندی ئەم گۆڕانکارییە. بەڵام هەتا ئێستا دەبینین تێگەیشتنی دەوڵەت بۆ پرسی کورد هێشتا لە چوارچێوەی “ئەمنی”دایە. بۆ ئەوەی ئاساییکردنەوەی هەرێمی ببێتە هۆی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لە ناوخۆ، پێویستە تورکیا لەو پارادایمە کۆنە بێتە دەرەوە کە کورد وەک مەترسی دەبینێت.

قەندیل پرێس: تورکیا هەمیشە دەڵێت “پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان” هۆکاری ئۆپەراسیۆنەکانە؛ ئێوە وەک نوێنەری گەل چۆن وەڵامی ئەو پاساوە دەدەنەوە و چۆن ئاشتی ناوخۆ دەبەستنەوە بە سەقامگیری لە ڕۆژئاوا؟

🔻 نەورۆز یویسەڵ: ئێمە هەمیشە گوتوومانە کە چارەسەری بە ڕێگە سەربازی و ئەمنییەکان پێکنایەت. ئاسایشی ڕاستەقینە لە ڕێگەی دیموکراسی و ناسینی مافەکانی گەلی کوردەوە بەدەست دێت. سەقامگیری لە ڕۆژئاوا و سەقامگیری لە تورکیا تێکەڵ بە یەکترن. کاتێک تۆ لە ناوخۆدا کێشەی کورد بە شێوەیەکی دیموکراتیک چارەسەر نەکەیت، هەمیشە سنوورەکانت وەک ناوچەی شەڕ دەمێننەوە. ئاشتی ناوخۆ کلیلی ئاشتی هەرێمییە. ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسی هەبێت کە مافی زمان و ناسنامە و ستاتۆی کورد بە فەرمی بناسێت، ئەو کاتە پاساوی “ئاسایشی سنوور” نامێنێت، چونکە کورد نابێتە مەترسی بۆ سەر هیچ کەسێک.

تەوەرەی سێیەم: دۆخی ئێستا و ئاسۆکانی داهاتوو

قەندیل پرێس: لە ئێستادا کە باس لە ئەگەرێکی سەرنەکەوتۆنی “پڕۆسەی ئاشتی” دەکرێت، مەرجە سەرەکییەکانی دەم پارتی بۆ ئەوەی ئەمجارە پڕۆسەکە وەک جارەکانی پێشوو شکست نەهێنێت چییە؟

نەورۆز یویسەڵ: مەرجی سەرەکی ئێمە هەبوونی “گارانتی یاسایی و دەستووری”یە. ناکرێت پرۆسەکە تەنها لەسەر دەمی چەند بەرپرسێک بێت و هەر کاتێک ویستیان کۆتایی پێ بهێنن. دەبێت هەنگاوەکان پراکتیکی بن. ناسینی ناسنامەی کورد، پاراستنی زمانی کوردی بە یاسا، سیستەمی بەڕێوەبەری خۆجێی و کۆتایی هێنان بە سیاسەتی قەیوم، ئەمانە بنەمان. ئێمە دەمانەوێت پەرلەمان ببێتە ناوەندی بڕیار نەک تەنها شوێنێک بۆ قسەکردن. ئیرادەی ئێمە بەهێزە و بۆ ئاشتییەکی سەربەرزانە و دادپەروەرانە تێدەکۆشین.

قەندیل پرێس: ڕۆڵی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە هەر دەسپێشخەرییەکی نوێدا چۆن دەبینن، بە تایبەت کە لە ڕاپۆرتەکانی پێشووشدا وەک کارەکتەری سەرەکی ئاماژەی پێکرابوو؟

نەورۆز یویسەڵ: رێبەری گەلی کورد، بەڕێز ئۆجەلان، دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ برازاکەی لە ئیمرالی، پەیامێکی حەوت خاڵی نارد و وەک پارادایمێکی نوێ ناوی برد. هەموو کەس دەزانێت کە کلیلی چارەسەری و ئاشتی لە ئیمرالییە. بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە ڕێگەی گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان بکرێتەوە. ئەو هەمیشە ئیرادەی خۆی بۆ ئاشتی نیشان داوە و هەنگاوەکانی تەڤگەری کوردیش لەو چوارچێوەیەدا بوون. بەبێ ڕۆڵی ئەو، زەحمەتە پرۆسەیەکی مێژوویی و ئاوا ئاڵۆز بگاتە ئەنجامێکی جێگیر.

قەندیل پرێس: ئایا کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تری تورکیا (وەک جەهەپە) تا چەند ئامادەن پشتگیری لە پڕۆژەیەکی نوێی ئاشتی بکەن کە مافە نەتەوەییەکانی کوردی تێدا پارێزراو بێت؟

نەورۆز یویسەڵ: ئەرکی هەموو پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنییە کە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن. تێکۆشانی ئێمە تەنها لەناو پەرلەماندا نییە، بەڵکو دایکانی ئاشتی، گەنجان و هەموو لایەنە دیموکراتەکان پشکیان لەم پرۆسەیەدا هەیە. بێ هەبوونی ئیرادەی کۆمەڵایەتی، هیچ هەنگاوێکی سیاسی سەرکەوتوو نابێت. ئێمە هەوڵ دەدەین دەنگی کۆمەڵگە بگەیەنینە پەرلەمان. هیوادارین لایەنەکانی تریش بەرژەوەندی کورتخایەن وەلابنێن و بۆ پاشەڕۆژێکی یەکسان و ئازاد کار بکەن.

قەندیل پرێس: پەیامی ئێوە بۆ ئەو لایەنانە چییە کە پێیان وایە چارەسەری کێشەی کورد تەنها لە ڕێگەی سەربازی و ئەمنیەوە دەبێت؟

نەورۆز یویسەڵ: پەیامی ئێمە ڕوونە: ناسنامە و مافەکانی گەلی کورد بە فشار و چەک ناشاردرێنەوە و لەبیر ناکرێن. مێژوو سەلماندوویەتی کە ڕێگەی سەربازی تەنها زیان و ماڵوێرانی لێ دەکەوێتەوە. ئێمە لەسەر خەتی ئاشتی و دادپەروەری بەردەوام دەبین. هیچ گوشارێک ناتوانێت ئیرادەی ئێمە بۆ گەیشتن بە ئازادی بشکێنێت. داوا لە هەمووان دەکەین وەک دەرفەتێک سەیری ئەم قۆناغە بکەن بۆ ئەوەی هەموو زمان و ناسنامەکان بە یاسایی بناسرێن. سپاس بۆ ئێوە و بۆ هەموو ئەو میدیاکارانەی دەنگی ئێمە دەگەیەنن. هەر بژین و سەرفراز بن.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

وتووێژی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ شڕۆڤەکاری سیاسی “هیوا خۆشناو” لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانوتووێژی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ شڕۆڤەکاری سیاسی “هیوا خۆشناو” لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان

بۆ ئەوەی بزانیت لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان چی ڕوویداوە، تماشای زانیاریە تازەکان و شرۆڤە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *