سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە نۆ ساڵە لە زیندانی ئەدیرنەیە، لە نووسینێکدا کە لە پێگەی “قاد-بارش،مەیدانی” بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، “ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین لەپێناو کردنەوەی دەرگا بەرووی بنیادنانی ئاشتی، ئەوەشی گرنگە قۆناغی دوای بێدەنگکردنی چەکەکانە.”
دەمیرتاش لەبارەی بێدەنگکردنی چەک دەڵێت، بێکاریگەرکردن و بێدەنگکردنی چەکەکان، تەنیا یەکەمین قۆناغی بەدیهێنانی ئاشتییە، هەرچەندە ئەوە وەک ئاشتییەکی نەرێنیی ناوی دەبرێت، بەڵام بەبۆچوونی ئەو ئەوە ئاشتییەکی سیاسییە.
دەمیرتاش لەبارەی دوای بێدەنگکردنی چەکەکانیش نووسیویەتی، “دوای ئەو قۆناغە پڕۆسەی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی دەستپێدەکات، کە پێیدەگوترێت ئاشتیی ئەرێنیی و پێویستە لەو قۆناغەدا هەموو تونا و ئامرازەکانی شەڕ بێکاریگەر بکرێن.”
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لەبارەی ئاشتییەوە نووسیویەتی، “ئاشتی ئەو شتەیە کە تەنیا بە داواکردنی بەدینایەت، هەر بۆیە ئێمە وەک ئاشتیمان دەوێت و خواستی ئاشتیمان هەیە، تاوەکو ئەو کاتەی هەناسەمان هەبێت خەباتی بۆ دەکەین.”
دەمیرتاش باسی لە خواستی گەلانی ناوچەکە بۆ ئاشتی کردووە و نووسیویەتی، “هەموو کەسێک بۆ ئەو شتە دەگەڕێت کە پێویستیی پێیەتی، رێک وەک ئێمە کە بەدوای ئاشتییدا دەگەڕێین، چونکە ئاشتی، خەیاڵی هەر گەلێکە ئازاری جەنگی چەشتبێت.”
دەمیرتاش باس لە مەترسی هەڵگیرسانی جەنگ دەکات و دەنووسێت، “کاتێک جەنگ هەڵدەگیرسێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بەرژەوەندییان لە جەنگدایە هێندە زۆر دەبن، جەنگەکە لە دەستی جەنگ هەگیرسێنەرەکان دەردەچێت. هەربۆیە دەستکردن بە جەنگ ئاسانترە لە دەستکردن بە ئاشتی. ”
دەمیرتاش جەخت لە دروستکردنی دەسەڵاتێکی دیموکراسیی لە تورکیا دەکاتەوە و دەنووسێت، “ئەگەر نەتوانین سیستم و دەسەڵاتێک دروستبکەین کە پشتئەستوور بێت بە مافە بنەڕەتییەکان، مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسییەکی بە دامەزراوەییکراو، ئەوا ئاشتی لە شوێنێکدا کۆتایی دێت و بەردەوام نابێت. گەیشتنە دیموکراسییش، تەنیا بە کردنەدەرەوەی چەک لە هاوکێشەکان نابێت، بەڵکو پێویستی بە خەباتیکی قورس و درێژ هەیە.”
قەندیل پرێس