سەڵاحەدین دەمیرتاش، پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتیی دووپاتدەکاتەوە و دەشڵێت، ئازادیی کۆمەڵگە و خەڵک، لە ئازادیی ئەو گرنگترە.
عومەر گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی دەم سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووترى هەدەپەی کرد، کە زیاتر لە نۆ ساڵە لە زیندانی ئەدیرنەیە و پاش سەردانەکەشی پەیامێکی دەستنووسی دەمیرتاش و وردەکاریی گفتوگۆکەی بڵاوکردەوە.
دەمیرتاش لە پەیامە نووسراوەکەیدا دەڵێت، لە تورکیا لاپەڕەیەکی نوێ دەکرێتەوە و زەمینەیەکی بەهێزتر بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی روون دروستدەکرێت.
گەرگەرلیئۆغڵو راشیگەیاند، دەمیرتاش جەختیلەوەکردووەتەوە، دڵنیایە رۆژیک ئازاد دەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە بەدیهێنانی ئازادییە بۆ هەمووان.
دەمیرتاش گوتوویەتی، “ئەوەی گرنگە ئازادبوونی من نییە، بەڵکو ئازادی و دادپەروەرییە بۆ هەموو کەس. بۆ ئەوەش پێویستە هەنگاوی جددیی و ریشەیی بنرێت و دەرگا بەڕووی ئاشتیدا بکرێتەوە.”
عومەر گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی دەم باسی ئەوەشیکردووە، “دەمیرتاش گوتی، من ئومێدێکی زۆرم هەیە، تەنیا رێگەش وازهێنانى گشتییە لە چەک و چارەی دیکە نییە. دەبێت هەنگاوی ریشەیی بنرێت و دەرگا بەڕووی ئاشتیدا بکرێتەوە.”
گەرگەرلیئۆغڵو، دەشڵێت، دەمیرتاش هیوا و ئومێدێکی گەورەی بە ئاشتی هەیە و متمانەی بە گەلەکەی هەیە.
قەندیل پرێس