دەستەی مافی مرۆڤی لەسەر رووداوەکانی لالەزار پەیامێکی توند ئاراستەی سەرۆکایەتیەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

قەندیل پرێس- هەولێر

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەبارەى کەیسەکانى لالەزار و دەستگیرکردنى ئارام قادرەوە پەیامێک ئاڕاستەى سەرۆکایەتییەکانى هەرێمى کوردستان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسوڵخانە و نوێنەرانی وڵاتان دەکات.

دەستەکە لە پەیامەکەیدا ئاماژەى بەوەکردووە، ڕێگا نەدان و زانیاری پێ نەدان بە کەس و کاری بێسەروشوێنبووانى رووداوەکەى لالەزار “گومان هەڵدەگرێت و ئەوەمان پێ دەڵێت ئەو کەسانە ئەشکەنجە درابن و توندوتیژی لەگەڵ یان بەکار هاتبێت لە کاتی دان پێدانان بۆیە نایانەوێت کەس بیانبینێت”.

دەشڵێت، هەروەها بەپێی بەدواداچوون و زانیارییەکانی دەستە کەسانێک لە ڕووداوی لالەزار کوژراون، “بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ئامادە نین زانیاری بدەن و بڵاو بکەنەوە ئەوەش دیسان گومان دەخاتە سەر شێوازی کوشتنیان.”

باسى لەوەشکردووە، “هێزە ئەمنییەکان تا ئێستا بەردەوامن لەدەست بەسەر داگرتنی موڵک و ماڵی لاهور شێخ جەنگی و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ناوبراو، تەنانەت بە کەناڵی تەلەڤزیۆنی زوومی شەوە، هەمووی بە هەڕەمەکی کراوە و ئێستاش دەکرێت و لێرەوە داوا دەکەین ئەو کارە ڕابگیرێت و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ڕۆڵی خۆی بگێڕیت لەو بابەتە”.

دەستەکە داوا لە دژەتیرۆر و هێزی کۆماندۆ /سلێمانی دەکات هەرچی زووە ڕێگە بە دەستەی مافی مرۆڤ بدەن بەدواداچوون بۆ تەواوی ئەو کەیسانە بکەن و ڕێگەش بە کەس و کاری ئەوانە بدەن کە تا ئێستا سەردانیان نەکردوون و پێویستە زانیاریش لەسەر ئەوانە ڕابگەیەنرێت کە تا ئێستا هەواڵیان نییە.

دەستەى مافى مرۆڤ دەشڵێت، هەروەها داوای بینینی ئارام قادر سەرۆکی پێشووی حیزبی هاوپەیمانی کردبوو دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگەیان نەداوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکیش لەسەر ژیان و تەندروستی ناوبراو و شوێن و جێگەی بە ئێمە و کەسوکاریان نەداوە.

جەختیشدەکاتەوە، دەستەی مافی مرۆڤ لەگەڵ چەسپاندنی یاسای یە بەپێی ڕێکارە ڕێگە پێدراوەکان پشتگیری سەروەری یاسا دەکات و دژی هەر جۆرە پێشێلکاری و کارێکی هەڕەمەکین، پێویستە هەرچی زووە کار ئاسانی بۆ سەرۆک و تیمەکانمان بکرێت بۆ بەدواداچوون بۆ هەر کەیسێک لە هەر کوێ و لای هەر دەزگایەک بێت ئەوەش لە چوارچێوەی کار و ئەرک و دەسەڵاتی دەستەیە کە پەرلەمانی کوردستان بۆی دیاری کردووە وەک دەزگایەکی نیشتمانی سەربەخۆ.

ئەوەشى خستووەتەڕوو، ڕاپۆرتێکی وردیان نووسیوە لەسەر ئەو کەیسە لە ماوەیەکی نزیکدا بۆ چوار سەرۆکایەتی لە هەرێمی کوردستان/ سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان دەنێرن.

دەستەکە هەروەها داوا دەکات کە لیژنەیەکی باڵا پێک بهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون و ڕاستی و دروستی ئەم کەیسە، خەڵکی کوردستان لە دەرەنجامەکانی ئاگادار بکرێنەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

یەکێتی وەڵامی “دانپێدانان”ـی نێچیروان هەرکی دایەوە

قەندیل پرێس مەڵبەندی ٣ی رێکخستنی هەولێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەڵامی “دانپێدانان”ی نێچیروان هەرکی دایەوە و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *