به‌په‌له

دیداری نێوان هەیئەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوری ١٤٠٤ هەتاوی )١٩ نۆڤامبری ٢٠٢٥ی زایینی) هەیئەتیكی کۆمەڵە پێکهاتوو لە هاوڕێیان کاکۆ عەلیار، ئەندامی دەفتەری سیاسی و عەلی ڕەنجبەری، ئەندامی کومیتەی ناوەندی سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن هەیئەتی حیزبی دێموکرات پێکهاتوو لە هاوڕێیان محەمەدنەزیف قادری و عومەر باڵەکی، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و عەلی بداغی، ئەندامی کومیتەی ناوەندییەوە پێشوازییان لێکرا.

مەبەست لەو دیدارە، وێڕای لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەگەرەکانی بەردەم بزووتنەوەی کوردستان، هەروەها پتەوتر کردنەوەی پەیوەندیی دوو لایەنەی هەردوو حیزب و ڕەواندنەوەی نیگەرانی و ڕەخنەیەک بوو کە بۆ حیزبی دێموکرات هاتبووە ئاراوە.

پرسی هاوکاری و هاوئاهەنگیی حیزبەکان لە ناوەندی دیالۆگ، گیروگرفتەکان و هاوئاهەنگی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و هەروەها پەیوەندی و هاوکاریی دوولایەنەی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران تەوەرێکی گرینگی ئەو کۆبوونەوەیە بوو کە تا ڕادەیەکی زۆر بۆچوونەکان لە یەک نزیک بوون.

بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە قسەکردن و ڕوونکردنەوە لەسەر فایلێکی دەنگی بوو کە پێشتر لە پەیوەندییەکی دووکەسیدا هاتبووە ئارا. هەیئەتی کۆمەڵە هەڵگری سڵاو و پەیامی بەڕێز کاک عەبدوڵڵای موهتەدی بۆ بەرێز کاک مستەفای هیجری سەبارەت بە پێداگری و سووربوون لەسەر دۆستایەتی و هاوکاریی نێوان ئەو دوو حیزبە بوو  و  هەروەها ڕوونکردنەوەی پێویستی سەبارەت بەو بابەتەش دا کە ببووە هۆکاری نیگەرانی لای بەڕێزانی حیزبی دێموکرات. هەیئەتی کۆمەڵە ئەوەی ڕوون کردەوە کە ئەو فایلە پەیوەندیی بە قسە و باسی ئەم دواییانەی ناوەندی دیالۆگەوە نیە، بەڵکوو هی پتر لە دوو ساڵ لەوە پێشە. لە هەمان حاڵدا هەیئەتی کۆمەڵە هەندێک گلە و تێبینیی خۆشی لەسەر بەعزێک لێدوانی لایەنی بەرامبەر باس کرد. بەخۆشییەوە شێوازی ڕەخنە و وەڵام لە هەر دوو لاوە دۆستانە و دڵسۆزانە بوو و لە هەردووک لاشەوە لە سەر شێوازی گونجاوی لێدوان لە دەربڕینی ڕا و بۆچوونەکان پێداگری کرایەوە و بەمجۆرە ئەو بابەتە بە دیالۆگی خۆماڵی و لێک‌تێگەیشتنی دۆستانە چارەسەر کرا.

هەر لەو پەیوەندییەدا هەر دوو لا لەسەر گرینگیی ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێر لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و گرینگیی پەیوەندی و هاوئاهەنگیی نێوان ئەو دوو لایەنە بە تایبەت لە هەلومەرجی مێژوویی و هەستیاری ئێستادا کە لە هەموو کات پێویستترە، پێداگرییان کرد.

هەیئەتی هەردوولا هاودەنگ بوون کە بزووتنەوەی هەقخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پێویستیی بە هاوئاهەنگی و دیالۆگ و لێک‌تێگەیشتنی بەردەوامی هەموو لایەنەکان هەیە، بە تایبەت ئەو دوو حیزبە خاوەن ئەزموونە کە لە ساڵانی پێشووترەوە بە شێوەگەلی جۆراوجۆر لە پەیوەندی و هاوئاهەنگیدا بوون و ئەزموونی کاری هاوبەش و کاریگەریان زۆرە، لەو پەیوەندەدا ئەرکێکی مێژوویی گرینگیان لە ئەستۆیە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (٢٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٥ی زایینی)

 

دووبارە هەوڵبدەرەوە

لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب شەڕ بەردەوامە؛ هاوەنبارانە

لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید شەڕێکی سەخت روویدا و هێشتا دۆخەکە ناجێگیرە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *