قەندیل پرێس – وتووێژ
لە کاتێکدا دیمەنی سیاسیی ناوچەکە و هاوکێشە جیوپۆلەتیکییەکان گۆڕانکاریی خێرا بەخۆیانەوە دەبینن، دۆخی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی تر لەبەردەم ئاڵنگارییە گەورەکاندا دەوەستن. لە لایەکەوە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و گۆڕانی پێگەی بەغدا، لە لایەکی ترەوە پرۆسەی نوێی ئاشتی و ئاڵنگارییەکانی باکوور، گۆڕانکارییەکانی ڕۆژاوا لە سایەی دۆخی نوێی سووریا، و هەروەها گوشارە بەردەوامە ئەمنی و سیاسییەکان لەسەر هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سایەی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، دیمەنێکی ئاڵۆز و هەستیاریان هێناوەتە ئاراوە. بۆ تیشکخستنە سەر ئەم تەوەرە فراوان و چارەنووسسازانە، “قەندیل پرێس” وتووێژێکی ورد، گشتگیر و تەواوی لەگەڵ سیاسەتمەدار و هاوسەرۆکی پێشووی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان، دکتۆر فایەق گوڵپی، ئەنجام داوە کە تێیدا بە وردی باس لە کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیار دەکات.
قەندیل پرێس: بەڕێز دکتۆر، لە سایەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و واشنتۆن بۆ گۆڕینی ئەرکی هاوپەیمانان بۆ هاوبەشیی دووقۆڵی، چۆن دەڕواننە گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە عێراق؟ لایەنێک جەخت لە کەمبوونەوەی مەترسییەکان دەکاتەوە و لە بەرامبەردا سەرکردایەتیی هەرێم ئاماژە بە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و بۆشایی ئەمنی دەکات؛ هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەم جیاوازییە لە دیدگادا چییە؟ هاوکات پڕۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنی فیرقەکانی هێزی پێشمەرگە لەم قۆناغەدا لە چ ئاستێکی جێبەجێکردندایە و چۆن کاریگەری لەسەر پێگەی دەستووری و پاراستنی هەرێم دادەنێت؟
دکتۆر فایەق گوڵپی: بەشی یەکەمیان باسی ئەو ڕێککەوتنانە دەكات لە نێوان عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان کە به کۆتایی هاتنی هێزی هاوپەیمانان لە ٣٠ی ئەیلوولدا هات كه عێراقی چۆڵ کرد. کاریگەریی ئەو هەڵوێستە یان ئەو جۆرە سیاسەتەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەسەر عێراق بە شێوەی جیاوازە؛ لە لایەکەوە عێراقییەکان بە تایبەتی ئەوانەی نزیکن لە ئێران و حەشدی شەعبییان هەیە بە سەرکەوتنی بۆ خۆیان دەزانن، و قەناعەتیان وایە کە یەکێک لە هۆکاری کێشەکانی عێراق بوونی هێزی بیگانە بووە لە عێراقدا. ئهگهرچی دەربارەی هەرێمی کوردستان، ڕایان وایە کە هاتنی ئەمریکا ئەمجارە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ دۆستەکانیان بۆ عێراق لەبەر ئەوە بووە کە داعش دروست بوو، و داعیشیش هێرشی کردۆته سەر عێراق و سەر هەرێمی کوردستان. و ئەگەر ئەمریکا بگەڕێتەوە، هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق نەمێنن، ئەگەری هەیە داعش جارێکی تریش گهشه بكاتهوه، ئەمەش بۆ خۆی دوو دیدگای جیاواز هەيە، دوو بەرژەوەندیی جیاوازیش هەيە. هەرچی عێراقییەکان قەناعەتیان وایە ئەگەر داعشیش دروست ببێتەوە جارێكی دیكه پێویستیان بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نییە، بەڵام هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە بیر ناکاتەوە، و هەرێمی کوردستان وەک دەسەڵات و خەڵکی کوردستانیش بە شێوەیەکی گشتی دژی مانەوەی هاوپەیمانان نەبوون. و هاوپەیمانیان خۆشدهویست لەبەر ئەوەی بە چەکێکیان ئەزانیین، بە هێزێکيان ئەزانیین بۆ بەرگری کردنی کورد و پاراستنی کورد لە هەر هەڕەشەیەک، چ ئەو هەڕەشەیە لە درەوەی هەرێمی کوردستان بێ، لە لایەن داعشەوە بێ، لە لایەن حەشدی شەعبیەوە بێ، لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە بێ تا کۆتایی. بۆیە گەلی کورد بە دەسەڵات و بەئەوانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتن و بە خەڵکەوە زۆر مرتاح نەبوون، دلخۆش نەبوون بە بەجێهێشتنی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، مەسەلەی ڕێكخستنهكانی پێشمهڕگە خۆی ئەگەر ئەم ڕێكخستنە جدی بێ، ڕێكخستنێکی راستەقينە بێ، ئهوه زۆر زۆر باشە، بەڵام من قەناعەتم وايە ئەگەر بێت و باروودۆخی سياسی و سيستەمی حوکمرانی هەرێمی کوردستان وەکو ئهوهی ئێستا بێت. سيستەميکی حيزبی بێ، سيستەميکی ئايدۆلۆجی بێ، لە ژێر سێبەری دەستوور و ياسا هێزەکان ڕێک نەخرێنەوە، دەمارگيری حيزبی کهم نەکريەتەوە. حيزب لەو هەموو شوێنانەی کە دەستی خستۆته بینهقاقهی، بواره جياجياکاني ژيان دەستی لەو شوێنانه. ئازادی نەداته پەرلەمان و بە حکومەت و بە دەسەڵاتی دادوەری، ئێمه ناتوانين هێزی پێشمهڕگەشمان يەک بخەين و ناتوانين سياسيەتيکی ڕاست لە هەرێمی کوردستانيش پەيرەو بکەين و لە عێراقیشا، و ناتوانين دۆستايەتيەکی باشی ئەو وڵاتانەش بکەين کە دۆستی ئێمهن.
قەندیل پرێس: هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەرەوڕووی زنجیرەیەک گۆڕانکاریی یاسایی، ئابووری و سەربازی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دەوروبەری هەرێمی بووەتەوە. بە سەرنجدان لە تێڕوانینی جیاوازی هێزە سیاسییە سەرەکییەکان بۆ چۆنیەتیی ئیدارەدانی قەیرانەکان، بە پێویستی دەزانن چ جۆرە میکانیزمێکی گفتوگۆ یان دامەزراوەیی پەیڕەو بکرێت بۆ داڕشتنی گوتارێکی یەکگرتووی نیشتمانی بەرامبەر بەغدا و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان؟ ڕێگرییە سەرەکییەکانی بەردەم ئەو هەنگاوە چین؟
دکتۆر فایەق گوڵپی: هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا دوچاری کۆمەڵێك گير و گرفتێکی ياسايی و ئابووری و سياسی بوو لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ.بۆ ئهوهش هۆكاری سياسی هەيە بۆ ئەم مەسەلەيە و هۆکاری ئەتوانم بلێم ياساييش هەيە يا دەستوريش هەيە لە لايەکەوە ئەو هێزە دەسەڵاتدارانەي هەرێمی کوردستان ئەتوانم بلێم لە ئاستی ناوچەيی و جيهانيدا دوو مهيلی جياوازيان هەيە، یان دوو جۆر دۆستی جياوازيان هەيە. هەرچی پارتی ديموکراتی کوردستانە دۆستی سوننەکان و تورکيا و زياتر دۆستی ئەمريکايە، هەڕچي يەکێتی نيشتمانیی کوردستانە بە حوکمی جێۆپۆليتيکی شوێنەکەی دۆستی عێراقه، له عێراقیش دۆستی شيعەکانە و دۆستی ئێرانە. ئەمه وايی کردووە کێشهی جۆراوجۆرمان بۆ دروست بێ، کێشەی يەکەم ئەوەيە کێشەی سياسی مان بۆ دروست بێ لەگەڵ عێراقدا، کێشەی دووەم ئەوەيە کێشەی ناوخۆيی کوردستانمان بۆ دروست بێ. ئێستا ئەو دوو هێزە بۆچۆنی جياوازيان هەيە لەسەر بارودوخە سياسيە جياوازەکان. گرنگترين شت بۆ ئێمە ئەوەيە کە خۆمان بە داخەوە بە داخەوە دەستوورمان نيە، ئەگەر دەستوورمان هەبووايە ياسامان لەسەر بنەمای دەستوورەکەی دەرکردبا، ئهو کاتە ئەم حيزبانەش نەياندهتوانی لە دەرهوهی دەستوور بڕیار بدەن و هەڵوێست وهرگرن. باشترين شت بۆ کورد ئەوەيە پەلە بكرێت لە دارشتنی ڕەشنووسيکی دەستوور، پەرلەمان دەنگی لەسەر با و ڕاپرسی بكرێت لەسەر ئەو دەستوورە. وە ئیتر کارێ بكەین ئێمه حوکمرانی خۆمان لە ڕێگەی حيزبەوە نەبێ، حوکمرانی خۆمان لە ڕێگەی دەستوور و ياسا و دامودەزگاکانی دەوڵەتەوە بێ، وەکو پەرلەمان و وەکو حکومەت و وەکو دەسەڵاتی دادوەری تا کۆتایی. ئەمه بەشێك لە کێشەکانمان چارەسەر ئەکا، ئهو کاتە ئێمەش بە هەموو لايەکەوە، چ ئەوانەی نزیکن لە ئێرانەوە، چ ئەوانەی نزیکن لە سوننە و لە تورکياوە، بە يهک گوتار لەگەڵ عێراقدا مامهڵه دهكهن كه ئەمه زۆر گرنگە، دووەم ئەوەيە کە ئێمه لەگەڵ عێراق پەيوەندييەكمان هەيە کۆمەڵێ مافمان دەستنیشان کردووە لە بەرگەکانی دەستووری عێراقدا. ئەبي ئەوه پەيرەو بکەين، واته ئێمه لە سەر ئەساسی دەستوور تەعامول لەگەڵ عێراق بکەين. عێراق بزانيت هەرکاتێك ئهو بەندانەی دەستووری پێشێل کرد بەرانبەر بە کورد، لێی بپرسينەوە، ڕەخنەی لێ بگرين لە ڕێگەی پەرلەمانەوە دەنگ هەڵبڕين. وە ئەگەر ئێمەش برگەکانی دەستوورمان پێشێل کرد و لەو دەڕچوين کە دهسهڵاتی خۆمان چيە، لەو زياتر بکەين ئهو کاتە ئەبي بە خۆمان دا بچينەوە، ڕەخنە لە خۆمان بگرين. ئهو کاتە ئەتوانين بڵێین ئێمه ئەتوانين کێشەکانمان چارەسەر بکەين. خاڵێکی تر کە زۆر گرنگە لە لای منەوە ئەوەيە ئێمه ئەبي له سياسهتی زەڵهێزەکان بەرانبەر بە مەسەلەی کورد تێبگەين. من واي دهبینم، و تا ئێستاش لەسەر دەمی هنري کیسينجەرەوە کە لە کۆتايیەکانی سەدەی بيستی ڕابردووە ڕهئی هەبوو وەزیری دەرەوە بوو. ڕهئی ئەمريکەکان لەسەر کورد بەم شێوەيە ئاماده نین دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ كورد دروست بكهن، و هەندێ ڕێگريش ئەکەن لە سەرکوتکردن و توانينوەی گەلی کورددا. بەڵام پێيان باشە گەلی کورد لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانە کە کوردستانی بەسەردا دابەش کراوه، هەندێ مافی سياسی هەبێت و پاريزراویش بێ. لەمه زياتر ئەمريکا شتيکی دیكه بۆ ئێمه ناكات، لەبەر ئەوە ئێمه ئەبێ لە سياسهتی ئەمریکاش کە ئێستا باڵادهستترین هێزه له جیهاندا باش تێبگەين و بەو ئاراستەيەش كار بکەين وبزانين پێوانەکانی یان بنەماکانی سياسهتی ئەمریکا بۆ رۆژههڵاتی ناوەڕاست و بۆ عێراق و بۆ کورد چيە بەو شێوەيە هەنگاو بنەين. نەك ههندێك كار بکەين کە لەگەڵ سياسەتەکەی ئەوان نەگونجێت. ئەمانه بە لاي منەوە گرنگە.
قەندیل پرێس: لەم دواییانەدا لە ناوەندە سیاسییەکانی ئەنقەرە و ئۆپۆزیسیۆندا باس لە گرنگیی بەگەڕخستنەوەی گفتوگۆ یان قۆناغێکی نوێی دانوستان بۆ پرسی کورد دەکرێت، لە پاڵ داواکارییەکان بۆ هەنگاونانی پەکەکە بەرەو داماڵینی چەک و زەمینەسازی بۆ پڕۆسەی سیاسی. لە ڕوانگەی ئێوەوە، هۆکار و ئامانجە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی پشت ورووژاندنی ئەم دەستپێشخەرییە لەم کاتەدا چین؟ پەکەکە و بزووتنەوەی سیاسیی باکوور چ مەرج و هەنگاوێکی کۆنکرێتی بە پێویست دەزانن تا پرۆسەکە متمانەپێکراو و بەرهەمدار بێت؟
دکتۆر فایەق گوڵپی: سەبارەت بە بارودۆخی باکوور چەند بابەتێکی گرنگ هاتونەتە پێشەوە، ئەویش ئەوەیە کە بۆ یەکەم جار، دەوڵەتی تورکیا لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، ئیعترافی بە بوونی کورد کردووە، ئەو کوردانەی که جاران پێیان وترا تورکی شاخ، ئێستا وەک نەتهوەیەک، وەک پێکهاتەیەکی نەتهوەیی لە تورکیا ئیعترافی پێکراوە. و پارتی کرێکانی کوردستان و عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش وەک نوینەری گەلی کورد ناسێنراوە. ئەمە هەنگاوێکی سەرەتاییە، ئەمە گۆڕانکارییە، ئەمە تا چ ڕادەیەک لە لایەن تورکیاوە، ستراتیژییە یان تەکتیكیه، دەبێت لێکدانەوەی بۆ بکرێت و چاودێری بکرێت. بە قەناعەتی من، دەوڵەتی تورکیا چڵ ساڵ زياتر شەڕی لەگەڵ پەکەکە کرد، قەناعەتی بەوە هێناوە کە ناتوانێ به هێزی ئەمنی و سەربازیی پارتی کرێكارانی کوردستان لاواز بكات و کێشەی کوردیش لە ناو ببات كه پێكهاتهیهك له توركیا بونی نییه بهناوی كورد. لەبەر ئەوە هات ئەمەی کرد، لە هەمان کاتدا پەکەکەش چڵ ساڵە شەڕ دهكات ناتوانێ تورکیا برۆخێنێ، لەبەر ئەوە هەردوولا ناچار بوون گفتوگۆ بکەن. خاڵێکی تر ئەوە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، واته گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە زۆرن، یەکێک لەو شتانەی کە هەیە سەیر دەکەین ئەوەیە کە جاران تورکیا یەکێک لە ولاتە گرنگەکانی ناتۆ و دۆستی ئەمریکا بوو، ئیشی زۆر زۆریان پێ کرد، ئەتوانین بڵێین وەک پۆلیس، پۆلیسێکی یەکێتیی سۆڤیەت بوو، و دوای ئەوەش ماوەیەک وەک ئەوە بینرا تورکیا ڕۆڵێکی هەبێ لە ئیحتواکردنی ئیسلامی سیاسیی توندڕەوا. ئەوه بینیمان سۆڤیەت بەو شێوەیە بەو واقیعهدا ڕۆیشت وبۆ ئیسلامی سیاسیی توندڕەویش، تورکیاش ڕۆڵێکی خراپی ههبوو، لەبەر ئەوە دۆستەکانی سیستەمی باڵادەستی جیهانی لە ئیسرائیل و تورکیاوە لە ناوچەکە جێگۆڕكێیان كرد، بوونە ئیسرائیل و سعوودیه، ئەگەر تۆ سەیری ئەوە بکەی بزانین سعوودیه چ ڕۆڵێکی زۆری هەیە لە سوریا لە ولاتەکانی تر و لەم ماوەیش هاوپهیمانیهك دروست بوو، لە مەککە دروست بوو، چوونە سعوودیه، پاکستان و تورکیا چوونە سعوودیه، رێککەوتنێکیان کرد بۆ ئەوەی سعوودیه بپاریزن لە هەر شەڕێک و لە هەر دهستدرێژیهك. لەبەر ئەوە ئەم گۆڕانکاریانەش تورکیا بۆ خۆی تیگەیشتووە، و ئەگەر بەو شێوەیە نەجووڵێتەوە، لەوانەیە هێڕشی بکرێتەسەر، و یەکێک لەو خهلهلانهی کە هەیەتی کێشەی کورده، لە ڕێگەی کوردەوە پەلاماری تورکیا بدرێت. بۆیە ئەم مەسەلەی گفتوگۆ هاتە پێشەوە، کە گفتوگۆ هاتە پێشەوە، من پێشتر ئاماژەم بۆ ئەوە کرد سیاسەتی ئەمریکا چۆنە بەرانبەر بە کورد، پێ باشە کورد لە چوارچێوەی ولاتانە کە دابەش کراوە بەسەریا، هەندێ مافی هەبێ. لەو چوارچێوەیەدا پهكهكه و عەبدوڵڵا ئۆجهلان هاتوەتە پێشەوە، و تورکەکانیش بە باغچەلی سەرتا و دوای ئەوە ئەردۆغان و حیزبە سیاسییەکانی تر هاتونەتە پێشەوە، و ئێستا خەڵکی تورکیا و خەڵکی باکووری کوردستان هەموو ئەو گفتوگۆوانەی پێخۆشە، بەڵام مەسەلەکە چی لێدەت، ئەبێت ببینین کۆتاییەکەی بە چی دەگا. پارتی کرێکارانی کورستان یان تەڤگەری ئاپۆیی ئێستا، دوو مهرجی سهرهكیان ههیه لەو گفتوگۆیە، یەکێکیان ئازادکردنی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجهلانه، دووەم ئیعترافکردنە بە کورد لە ڕووی یاساییەوە. بێگومان دستوری تورکیا ڕێگە نادات تا ئێستا لە یاساکانیشان ناوی کورد بێنرێت، ئەبێ گۆڕانکاری بکرێت لە دستوریشدا. دستورهكه واته بە شێوەیەک دارێژرێتەوە کە خۆیان ئێستا سیاسییەکان باسی فرەپێكهاتهیی له تورکیا دهكهن، جاران دهیان وت یەک نەتهوه و یهک ئاڵا و یهک زمان، ئێستا ئەردۆغان ئەلی هەموو پێكهاتهكانی تورکیا نابێت مافیان پیشێل بکرێت. ئەمە پێویستی بە گۆڕانکاری دستورێ هەیه، ئەگەر گۆڕانکاری له دستور كران ئەو کاتە بابڵێین سیاسەتی ئاشتیخوازانەی تورکیا ئەکەوتە سەر سکەی خۆی، و گەلی کورد و پێكهاتەکانی دیکەش لە تورکیا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی تورکیای دیموکراتی بێت یان فێدرالی بێت یان ههر شتێكی دیكهی ناو بنێی ئەتوانێ مافی خۆی وەرگرێ. خاڵێکی تر بە لای منەوە گرنگە ئاماژەی پێبەم لەسەر مەسەلەی چەکدانانی قەسەدە و یا بابڵێن پەکەکە و ئەوانە. ئەگەر تێبینی بکەین یەکێک لەو سیاسەتانهی ئەمجارە ئەتوانم بڵێم كه لهماوهی ئەم دوو ساڵە ئەمریکا و ئیسرائیل و دۆستەکانیان گرتوویانەتەبەر ئەوەیە کە ڕێگە نەیەن لە دەرهوهی سوپای وڵاتەکە هیچ هێزێکی تری سەربازی هەبێ. ئهو هێزە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە بێ یا هاوشانی سوپاکە دۆستی وڵاتەکە بێ، ئەو سیاسەتەی کە کردیان بەرانبەر بە حەماس، بەرانبەر بە حیزبوڵڵا و ئێستا لەم ڕۆژانە بەرانبەر بە حووسیەکان ئەنجامی ئەدەن، وماوەییکی زۆرە ئهیانهوێ بەرانبەر بە حەشدی شەعبی لە عێراق بیکەن، ئهوه لە چوارچێوەیەدایه، لەبەر ئەوە ئەو یەکێک لەو گۆڕانکاریانە کە هاتوەتە پێشەوە و پەیڕەو دەکرێ لە ئایندهدا ئەوەیە کە ئەبێ هێزی سەربازی لە دەرهوهی سوپای فەرمی وڵاتهکان کۆتایی پێبێت.
لە ڕێگەی ئەوەوە زۆربە قەناعەتیان وایە ئەمریکا و دۆستەکانی و ئیسرائیل لە ڕێگەی ئەو گۆڕانکاریانەوە زۆربەی كێشهكان چارەسەر ئەکرێ و چی تر ناتوانن ناكرێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاستەوە تههدیدی ئهمن و ئاسایشى ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانان بکەن.
قەندیل پرێس: ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ ئەزموونی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە قۆناغی تێکشکاندنی داعشەوە تا گفتوگۆکانی تایبەت بە شێوازی پەیوەندی و ئینتیگراسیۆن لەگەڵ دەوڵەتی سوریا بکەین؛ هەسەدە تا چەند توانیویەتی هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و مانەوەی قەوارە کارگێڕییەکەی ڕابگرێت؟ چۆن دەڕواننە دەستکەوت و کۆسپەکانی بەردەم هەوڵەکانی ئینتیگراسیۆن لە ژێر سایەی گۆڕانی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن، ئەنقەرە و دیمەشق؟
دکتۆر فایەق گوڵپی: من لە سەرەتاوە لە کاتی ڕوخانی حکومەت یان دەوڵەتی سووریا، لە کاتی ڕوخانی ئەسەد و هاتنی ئەحمەد شەرع، هەندێ گەشبین بووم بەرانبەر بە ئایندەی سووریا؛ یەکێک لەو کەسە عەلمانییە نەتەوەییانە بووم کە وا بیرم دەکردەوە دەوڵەتی سووریای نوێ ئامادەیە دان بە بوونی گەلی کورددا بنێت لە سووریا، و دان بە مافی کورددا بنێت لە سووریا، کە تا ئێستا دانی پێدا نەنرابوو لە دامەزراندنی دەوڵەتی سووریاوە تا ئەو ڕۆژەی کە ئەحمەد شەرع هات و دوای ئەوە هەندێک ڕاو بۆچوونم خستەڕوو لە سەر مەسەلەی کورد و جەژنی کورد و زمانی کورد و نەتەوەی کورد و تا کۆتایی. قەسەدە بە دەم ئەمەوە یان بە بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆژاوای کوردستانەوە، هات و بە دەم داواکارییەکانی ئەحمەد شەرع و حکومەتی نوێوە چوو، بەڵام زۆر بە گومانەوە نزیک بوونەوە؛ ئەمە لە لایەک، لە لایەکی تریشەوە تورکیا کاریگەریی زۆری هەبوو لە سەر سیاسەتی دەوڵەتی نوێی سووریا و لە سەر سیاسەتی ئەحمەد شەرع، و لە هەمان کاتدا زۆر دژایەتیی قەسەدەی کرد، و دەبینین کە لە دەمە جیاجیاکاندا چۆن پەلاماری عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی و شوێنەکانی تری دا و داگیری کرد لە ڕێگەی ئەو هێزانەی سووریاوە کە سەر بە تورکیا بوون تا کۆتایی، و زۆر هەوڵی دا بە شێوەیەک لە شێوەکان قەسەدە نەهێڵێت.
قەسەدە چی کرد لەگەڵ ئەمریکییەکان؟ بێگومان تا ڕوخانی ئەسەد دۆستی سەرەکیی ئەمریکییەکان لە سووریا قەسەدە بوو یان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژاوای کوردستان بوو. بەڵام کە ئەسەد ڕوخا و ئەحمەد شەرع بوو بە دۆستێکی ئەمریکا، ئەو کات ئەمریکا هات ویستی سیاسەتێک پەیڕەو بکا کە ئەحمەد شەرع و کورد لە ڕۆژاوای کوردستان ڕێک بکەون بەو مەرجەی کە هەیە، واتە قەسەدە بێتە ناو سوپای سووریاوە، و هەندێ دەستکەوت بۆ کورد هەبێت لە ڕۆژاوای کوردستان، و ئێستا دەبینین لە ڕووی سەربازییەوە، لە ڕووی ئیدارییەوە و لە ڕووی سیاسیشەوە هەندێ پێشکەوتن هەیە.
بێگومان قسەیەک هەبوو، یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە ناودارەکان ئەوە بوو کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەر کورەکە تەڕچییەتی بە خۆیدا کردووە، واتە مەبەستی ئەوە بوو ڕێککەوتنێک بکا لەگەڵ تورکیا یان ماملەیەک بکات لەگەڵ تورکیا لە پێناوی پاراستنی ڕۆژاوای کوردستان. لەبەر ئەوە ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و یان ئەو گفتوگۆیە کە دەستی پێکردووە لە نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان، یەکێک لە شتە باشەکانی ئەوەیە کە تورکیا ئێتر بەو چاوی جاران دژایەتیی ڕۆژاوای کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و قەسەدە نەکات، و لەو بارەیەوە هەندێ هەنگاو هەن بەڵام هێشتا کەمن. ئەوەشی کە چاوەڕێی بارودۆخەکەیە، کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان ئەو ڕێککەوتنەیان پێباشە و هەندێ کەموکوڕی هەیە؛ ئەوان لەگەڵ ئەوەشدا کە بوونەتە بەشێک لە دەوڵەتی سووریا، بەڵام هەوڵ دەدەن مەسەلەی زمان بکەنە بەڵێن کە زمانی کوردی ببێتە زمانی فەرمی، و ماوەیەکی زۆر هەوڵیان دا تا یەکێک لە ژنەکانیان کرد بە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە، و هەندێ شتی تریش هەن کە بەردەوامن. واتە ئەوان ناوەستن؛ ڕاستە ڕێککەوتن لەگەڵ سووریا هەیە، بەڵام هەموو ڕێککەوتنێک ململانێ و یەکگرتنیشی تێدایە، لە هەندێ شتدا لەگەڵ سووریا ڕێککەوتن دەکرێت و لە هەندێ شتیشدا ململانییان لەگەڵا ئەکهن و داوای مافی زیاتر ئەکهن، من واتە گەشبینم بەرانبەر بە ئایندەی ڕۆژاوای کوردستان.
قەندیل پرێس: لە سایەی لێکەوتەکانی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران و دۆخی جیۆپۆلەتیکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جووڵە و پێگەی حزب و لایەنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. خوێندنەوەی ئێوە بۆ دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم بزووتنەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم دۆخە هەستیارەدا چییە؟ ئایا ئەم هێزانە تا چەند توانای دەستپێشخەری و کاری هاوبەشیان ماوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو لە ناوخۆی ئێراندا؟
دکتۆر فایەق گوڵپی: دەربارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بە ڕاستی لەو کاتەوە شەڕەکە دەستی پێکردوە یان پێش شەڕەکەش، ئەوەی کە لە لایەن کوردەوە کراوە نزیکبوونەوەی هێزە کوردییەکانە لە یەکتر، بەڵام نزیکبوونەوەکەش هێشتا زۆر تۆکمە نییە و بەرەیەکی سیاسی و سەربازیی لێ پێک نەهێنراوە.
خاڵی دووەم ئەوەیە، هەڵوێستی ئێران بەرانبەر بە کورد بە ڕاستی هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و تا ئێستا لە ڕێگەی حکوومەتی ئێرانەوە بە شێوەیەکی فەرمی هیچ گۆڕانکارییەک نەکراوە، بە پێچەوانەوە ئەبینین کە تەنانەت لە کاتی شەڕەکەشدا لەگەڵ ئەوەی کە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارییان لە هیچ شەڕێکدا دژی ئێران نەکردوە، کەچی بەردەوام پەلاماری سەنگەرەکانیان دەدەن و لە سەر سنوورەکانیش کەمینیان بۆ دانێن و پەلاماری ئەو پێگانە دەدەن کە لە هەرێمی کوردستانن و زۆربەیان شوێنی سەربازی نین، بەڵکو شوێنی لۆجستیکی و پشوو و ئەوانەن.
ئەمە گرنگە؛ ئەوەی کە ئێمە دەیبینین، یان ئەوەی لە هەندێ کەناڵی ڕاگەیاندندا دەبینرێت، هەڵوێستی قالیباف وەک سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانە (نازانم ئەگەر کورتەیەکی ڤیدیۆیی لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووبێتەوە ئەمە ڕاستە یان نا)، باس لەوە دەکات و دەڵێت با کورد بکەین بە دۆستی خۆمان، با دەوڵەتی کوردی بێت بە مەرجێک دۆستی ئێمە بێت و دژایەتیمان نەکات، با هەڵوێستمان بەرانبەر بە کورد بگۆڕین. ئەمە تا چەند وەرگێڕانی بۆ دەکرێت و تا چەند ڕاستە؟ خۆ ئەگەر ڕاستیش بێت، تا چەند لە کرداردا و بە پڕاکتیکی جێبەجێ دەکرێت و چی دەکەن؟ ئایا لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژهەڵات و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ڕێککەوتوون و گفتوگۆیەکی تا کۆتایی هەیە؟
ئەمە سەرەتا لەسەر ئەوەی کە دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە ئایا حوکمی ئێران چۆن دەبێت، جا با حکومەتی ئێستایە و بەو شێوەیە لەگەڵ کورددا دەجووڵێتەوە یان گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتی خۆیدا دێنێت بەرانبەر بە کورد، یان حکومەتەکەی ئاییندە حکومەتێک دەبێت کە سەر بە وڵاتانی بیانی و ئەمریکا و وڵاتانی تر دەبێت؛ لەو کاتەدا بە دڵنیاییەوە بەرانبەر بە مەسەلەی کورد گۆڕانکاری بەسەر هەڵوێستیدا دێت.
ئەوەی کە بۆ کوردی ڕۆژهەڵات گرنگە، یەکەم ئەوەیە کە یەکگرتوو بن و کێشە ناوخۆییەکانیان نەتەقێنەوە، دووەم ئەوەیە کە بە ڕاستی لەگەڵ هەر لایەنێک هاوپەیمانییان هەبێت، دەبێت مەرجیان مافەکانی کورد بێت، ئایا ئەو هاوپەیمانییە لەگەڵ ئێران بێت یان لەگەڵ دژبەرەکانی ئێران بێت.
قەندیل پرێس