به‌په‌له

دوای 14 ساڵ سووریا بۆ یەکەمجار 600 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەى دەرەوە کرد

دوای نزیکەی 14 ساڵ لە راگرتنی هەناردەی نەوت، بۆ یەکەمجار وەزارەتی نەوتی سووریا، 600 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لە بەندەری تەڕتووسەوە هەناردەکرد.

ریاز جوباسی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و گاز لە وەزارەتی وزەی سووریا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، هەناردەکردنی ئەو نەوتە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی حکومەتی سووریادا هاتووە لەگەڵ کۆمپانیای “پی سێرڤس ئینێرجی”، کە کۆمپانیایەکی جیهانیی بازرگانیی نەوتە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو نەوتە بە کەشتیی گوێزەرەوەی نیسۆس کریستیانا هەناردە کراوە و لە چەند کێڵگەیەکی نەوتی سووریا دەرهێنراوە، بەبێ ئەوەی ناوی کێڵگەکان ئاشکرابکات، ئەمەش بە یەکەم هەناردەی فەرمیی نەوتی سووریا دادەنرێت لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا.

سووریا ساڵی 2010، 380 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەناردەکرد، بەڵام ساڵێک دوای ئەوە شەڕ لە ناوخۆی وڵاتەکەدا هەڵگیرسا و بۆ ماوەی 14 ساڵ ئابووری و ژێرخانی ئەو وڵاتەی وێرانکرد، لەوکاتەشەوە هەناردەکردنی نەوتی خاو بە شێوازێکی فەرمیی راوەستاوە.

دیارترین کێڵگە نەوتییەکانی سووریا:
کێڵگەی نەوتییەکانی دێرەزۆر
پارێزگاری دێرەزۆر گەورەترین کێڵگەی نەوتی سووریای تیادایە، کە کێڵگەی “عومەر”ـە و نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە شارۆچکەی بوسەیرەوە دوورە و لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزۆردا هەڵکەوتووە، ئەم کێڵگەیە لە دوای ساڵی 2017 لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدایە.
لە پارێزگای دێرەزۆر، کێڵگەیەکی دیکەی نەوت هەیە بە ناوی “تەنەک”، ئەمەش دوای کێڵگەی عومەر، دووەم گەورەترین کێڵگەی نەوتە لە سووریا، لە بیابانی “شوعەیتات” لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزۆردا هەڵکەوتووە.
جگە لەو دوو کێڵگە گەورەیەش، لە گوندەواری دێرەزۆر چەندین کێڵگەی نەوتی و گازى دیکەش هەن لەوانە، کێڵگەکانی ئەلوەرد، تەیم، جەفرە، کۆنیکۆ و “تی2” کە دەکەوێتە سەر هێڵی بۆریی نەوتی عێراق- سووریا، ئێستا بەشێک لەم کێڵگانە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە و بەشێکی دیکەیان لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی راگوزەری سووریادان.

کێڵگەی نەوتییەکانی حەسەکە
زۆربەی کێڵگە نەوتییە باش و بەرهەمدارەکان لە شاری حەسەکە و لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان، کە گرنگترینیان کێڵگەکانی نەوتی رمێلان و پاڵاوگە بەناوبانگەکەی رمێلانە.
کێڵگەکانی نەوتی رمێلان بە نزیکەی هەزار و 322 بیرە نەوت دەخەمڵێندرێن، ئەمە جگە لە 25 بیری گازی سروشتی، لە کێڵگەکانی سوەیدییە لە نزیک رمێلان.
هەروەها چەند کێڵگەیەکی دیکەش لە ناوچەکانی شەدادی، جەبسە، هۆل، مەرکەدە و تشرین کەبیبە لە گوندەواری باشووری حەسەکە هەن.

کێڵگەی نەوتییەکانی حومس
ناوچەکانی گوندەواری رۆژهەڵاتی حومس کێڵگەی نەوتی “شاعر”ـی تیادایە، کە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی راگوزەری سووریا.
جگە لەوەش لە شاری تەدمور، لە ناوەڕاستی سووریا، کە سەر بە پارێزگای حومسە، چەند کێڵگەیەکی نەوت هەن، لەوانە جەحار، ئەلمەهر، جزال، کە سەرجەمیان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی راگوزەری سووریادان.

کێڵگە نەوتییەکانی رەققە
لە پارێزگای رەققە چەند کێڵگەیەکی بچووکی نەوت هەن، کە زۆربەیان لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دەم پارتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەرمەزار کرد

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بەیاننامەیەکدا، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی لە ئێران و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *