قهندیل پرێس: ڕاپۆرتی شیكاری
لە کاتێکدا شەقامی سیاسیی بەغدا و هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار لە ئێستادا ئامادەکاری بۆ ئاهەنگگێڕانی فەرمیی دەستپێکی قۆناغی نوێی پاش ماڵئاوایی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن و ڕۆژانی کشانەوەی هێزەکان لە عێراق دەکرێتە پشووی فەرمی لەژێر ناوی ڕۆژی سەروەری و سەرکردەکانی بەغدا ئەمە وەک دەستکەوتێکی مەزن و سەروەرییەکی تەواوەتی وەسف دەکەن، لە هەولێر و لە ناوەندەکانی بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستاندا دۆخەکە بە تەواوی ئاوەژووە و بێدەنگییەکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی باڵی بەسەر پایتەختدا کێشاوە، بە چەشنێک کە ترسی ڕاستەقینەی لەدەستچوونی چەتری پارێزەری ڕۆژئاوا بە ڕوونی لە هەڵوێست و لێدوانەکانی سەرکردایەتیی پارتیدا دەخوێندرێتەوە چونکە مەسعود بارزانی بە ئاشکرا و بێ دوودڵی هۆشداری لەوە دەدات کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا مەترسیی گەڕانەوە و سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی داعشی لێدەکەوێتەوە و بۆ بنەماڵەی بارزانی و سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێم، ڕۆیشتنی ئەمریکا گۆڕانکارییەکی سادەی تەکنیکی و لۆجستی نییە لە گۆڕەپانی سەربازیدا، بەڵکو تێکچوونی ئەو هاوسەنگییە ستراتیژییە مێژووییەیە کە لە ساڵی 2003 وه وەک قەڵغانێکی پۆڵایین پێگەی دەسەڵاتی ئەوانی لە بەرامبەر زریان و گێژاوە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەدا پاراستووە و بە چۆڵبوونی پێگەکانی واشنتۆن و بنکە سەربازییەکان، هەولێر خۆی لە بەردەم کەلێنێکی قووڵی ئەمنی، سەربازی و سیاسیدا دەبینێتەوە کە مهترسیهكانی بارزانی باوك و كوڕ ئهوهی لێ دهخوێندرێتهوه كه دەکرێت تەواوی دەسکەوت و قەوارەی فیدراڵیی هەرێم ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار و مەترسیدار بکاتەوە و ئەم دڵەڕاوکێ و هۆشدارییانە لەسەر زاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەنگی دایەوە کاتێک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فینانشیاڵ تایمز تیشکی خستە سەر دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و لێکەوتەکانی کشانەوەی پێشبینیکراوی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوبراو ئەو هەنگاوەی بە جێهێشتنی هاوپەیمانەکانی واشنتۆن لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێراندا وەسف کرد و بە بڕیارێکی شەرمەزارکەر ناوی برد و سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە دا کە ئەم بڕیارەی ئەمریکا لە کاتێکی زۆر هەستیار و پڕ لە پشێوی و دڵەڕاوکێی ئەمنیدا دێت و هۆشداریشی دا لەوەی کە دۆخی ناجێگیری ئێستا و ڕەتکردنەوەی چەکدانان لەلایەن ئەو میلیشیا شیعانەی نزیکن لە ئێرانەوە، مەترسییەکی گەورە لەسەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و تەنانەت سیستەمی فیدراڵیی عێراقیش دروست دەکات، هەرچەندە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەت هەوڵی دا ڕوونکردنەوە لەسەر بڵاوکراوە نێودەوڵەتییەکان بدات و کەمێک دۆخەکە هێور بکاتەوە، بەڵام بەیاننامە فەرمییەکەی هەولێر نەیتوانی قووڵایی مەترسییەکە بشارێتەوە چونکە مەسرور بارزانی هۆشداری دا کە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە کاتێکی زۆر هەستیاردا ڕوودەدات، بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا بەرکەوتەی سەدان هێرشی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە و پەیامی بارزانیی کوڕ بریتی بوو لە هۆشداریدان لەوەی کە جێهێشتنی هەرێمی کوردستان بە ڕووتی و بێ دابینکردنی سیستمێکی بەرگری بۆ پاراستنی، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیری و بنەماکانی سیستمی فیدراڵی، چونکە نەمانی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەستی هەموو نەیارەکان واڵاتر دەکات بۆ لێدانی ئەو پێگە ئارامەی کە هەولێر ساڵانێک بوو پێی دەناسرایەوە.
لە ڕوانگەی ستراتیژیی مەسعود بارزانییەوە، هۆشداریی گەڕانەوەی تیرۆر تەنیا مانۆڕێکی میدیایی و سیاسی نییە، بەڵکو خوێندنەوەیەکی وردی مەیدانییە بۆ ئەو واقیعەی کە هێشتا ڕێکخراوی داعش بە تەواوەتی لەناو نەچووە و تەنیا خۆی شاردووەتەوە چونکە بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە شانە نووستووەکانی تیرۆریستان لە ناوچە هەرە هەستیارەکانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان، لە کەرکووک و دیالە و مەخموور و ئەنبار تاوەکو مووسڵ بوونیان هەیە و بەردەوام چاودێریی درزە ئەمنییەکان دەکەن بۆ ئەوەی لە کاتی گونجاودا پەلامار بدەن و ئەو کردە چەکدارییانەی ناوە ناوە لە سنوورەکان و بەتایبەت لە ناوچەی پردێ و ناوچە جێناکۆکەکان ڕوودەدەن، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە هێڵی جیاکەرەوەی پێشمەرگە و هێزە فیدراڵییەکان دەبێتە پەناگەیەکی لەبار بۆ گەشەکردنی گرووپە توندڕەوەکان و لەدەستدانی فڕۆکە سیخوڕییەکانی ئەمریکا، چاودێریی مانگە دەستکردەکان و زانیارییە هەواڵگرییە وردەکان وا دەکات کە سوپای عێراق و پێشمەرگەش لە دیاریکردنی جموجۆڵە کتوپڕەکانی تیرۆریستاندا لاواز بن و داعش دەرفەتی هێرشی فراوانتری بۆ بڕەخسێت و ئەم لاوازییە هەواڵگرییە کاتێک مەترسیدارتر دەبێت کە دەسەڵاتدارانی هەولێر دەڕواننە کەموکوڕییەکانی سیستمی
سەربازیی ئێستای عێراق چونکە وەک توێژەر و ڕاوێژکارانی نزیک لە بارزانی ئاماژەی پێ دەکەن، سوپای عێراق تا ئێستاش نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بتوانێت بە تەنیا ئاسمانی وڵات بپارێزێت و خاوەنی سیستمێکی تۆکمەی بەرگریی ئاسمانی و ڕوانینێکی یەکگرتووی سەربازی نییە و بوونی دەیان گرووپی چەکداریی خاوەن بڕیاری جیاواز و پەرتەوازەیی لە فەرماندەییدا دەریدەخات کە ناتوانرێت پشت بە سوپای عێراق ببەسترێت بۆ ڕێگریکردن لە پەلامارەکان و بۆیە بارزانی نیگەرانە لەوەی کە هەڵکشانی داعش هاوکات بێت لەگەڵ پەلاماری گرووپە چەکدارە نافەرمییەکان بۆ سەر ئەو ناوچانەی پێشمەرگەی لێ جێگیرە، تا پاشەکشەی زیاتریان پێ بکرێت و لە لایەکی ترەوە، لە دەستدانی فاکتەری ئەمریکی هاوسەنگیی هێز لە نێوان هەولێر و بەغدادا بە تەواوی دەشێوێنێت چونکە بارزانیی باوک بە بەردەوامی باسی لەوە کردووە کە پرەنسیپەکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان لە بەغدا خراونەتە ژێر پێ و حوکمڕانیی ئێستا کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی تاقانەی چوارچێوەی هەماهەنگی و بارزانی پێیوایە کە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی زۆر دراوە بۆ پەراوێزخستنی پارتی و داماڵینی لە پێگەی بڕیاردان لە دەوڵەتی عێراقدا، بەڵام هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکان وەک بەربەست بووە و بە نەمانی ئەمریکا لە گۆڕەپانەکەدا، پارتی ترسی هەیە کە بەغدا تەواوی ڕێککەوتنە سیاسی و دەستوورییەکان پێشێل بکات، دۆسیەی ناوچە جێناکۆکەکان بە زیانی کورد یەکلا بکاتەوە، و بە دەرکردنی بڕیاری یەک لە دوای یەک لە ڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە کۆتایی بە قەوارەی فیدراڵیی هەرێم بهێنێت و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بە توندی ئەو ڕاستییە دەوروژێنێت کە ئەم سیناریۆیە دووبارەبوونەوەیەکی ڕاستەقینەی مێژووە، چونکە کاتێک لە ساڵی 2011دا لە سەردەمی ئیدارەی باراک ئۆبامادا هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کشاونەوە، مەسعود بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێم چەندین جار بە فەرمی هۆشدارییان دا لەوەی کە پاشەکشەی سەربازیی واشنتۆن بۆشاییەکی ئەمنیی کوشندە دروست دەکات و دەبێتە زەمینەسازی بۆ سەرهەڵدانەوەی پاشماوەکانی قاعیدە و گەشەکردنی گرووپە توندڕەوەکان، بەڵام لەو کاتیشدا لایەنە سیاسییەکانی بەغدا و ئیدارەی ئەوکاتی ئەمریکا گوێیان بەو هۆشدارییانە نەدا و کێشەکانیان بە کەم زانی، کە دەرئەنجامەکەی لە ساڵی2014 دا داڕمانی بەشێکی زۆری عێراق و هێرشی فراوانی داعشی لێکەوتەوە و ڕوخانی مووسڵ و ناوچەکانی تری لێکەوتەوە کە تێیدا داعش بووە هەڕەشەیەکی جیهانی، و ئێستاش هەمان هەڕەشە بە شێوازێکی مەترسیدارتر لەئارادایە چونکە مەترسییەکان لەسەر ئاستی ئابووریش کەمتر نین لە لایەنە ئەمنییەکە چونکە هەولێر لە سایەی چەتری پاراستنی واشنتۆندا توانیبووی بڕوای کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غاز و ئاوەدانکردنەوەدا بەدەستبهێنێت و بە کشانەوەی هێزەکان و بەردەوامیی هەڕەشەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و گەڕانەوەی تیرۆر، کۆمپانیا بیانییەکان لە ترسی ئاسایشی خۆیان دەست بە کشانەوە دەکەن، کە ئەمەش گورزێکی قورس لە داهاتی سەربەخۆی هەرێم دەوەشێنێت و وا دەکات پارتی بۆ دابینکردنی مووچە و بودجە بکەوێتە ژێر بەزەیی بڕیارە توندەکانی بەغدا و گەمارۆی ئابوورییەوە و لەسەر ئاستی هەرێمایەتیش، لەدەستدانی قەڵغانی ئەمریکی هەولێر ڕووبەڕووی گوشارە بێپێشینەکانی تاران و دۆستەکانی دەکاتەوە چونکە تاران کە دەیان جار ناوچە جیاوازەکانی هەولێری بۆردومان کردووە بە بیانووی بوونی بنکەی بیانی و بارەگای ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران و بە تایبەت هێرشە مووشەکی و درۆنییە بەردەوامەکانی سەر شاری کۆیە و قەڵای دیموکرات و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە لەڕابردوودا چەندین جار بوونە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ئەندامان و هاووڵاتییانی سڤیل و وایکردووە کە ناوچەکە هەمیشە لەژێر هەڕەشەی توند و بۆردومانی بێدابڕاندا بێت، دوای ڕۆیشتنی ئەمریکا هیچ کۆسپێکی دیپلۆماسی و سەربازی لە بەردەمدا نابینێت تا بە تەواوی مەرجە ئەمنییەکانی بەسەر پارتیدا بسەپێنێت و مەسرور بارزانی لە بەیاننامەکانیدا جەختی لەوە کردبووەوە کە هەرێم نایەوێت ببێتە بەشێک لە هیچ جەنگ و ململانێیەک و دەیەوێت پەیوەندییەکی هاوسەنگ هەبێت، بەڵام لە غیابی هاوسەنگکەرێکی نێودەوڵەتیدا، هەولێر ڕووبەڕووی دۆخێک دەبێتەوە کە یان دەبێت بە تەواوی ملکەچی داواکارییەکانی تاران و بەغدا بێت، یانیش بەرگەی تێکچوونی تەواوی دۆخی ئەمنی و داڕمانی ئابووری بگرێت.
هۆشدارییەکانی مەسعود بارزانی لەسەر گەڕانەوەی مەترسیی داعش و دووبارەبوونەوەی سیناریۆکانی ساڵی 2011 به بڕوای ڕاوێژكارانی بارزانی، تەنیا ئاگادارکردنەوەیەک نییە لە سەرهەڵدانەوەی چەند چەکدارێکی تیرۆریست، بەڵکو دەربڕینی ئەو ترسە قووڵەیە کە چۆڵکردنی سەنگەرەکان لەلایەن ئەمریکاوە دەبێتە هۆی دروستبوونی گێژاوێکی ئەمنی و سیاسیی گەورە و لەم هاوکێشە نوێیەدا، هەولێر بەبێ سیستمی بەرگریی ئاسمانی، بە سوپایەکی ناتەواوی دەوڵەت،
لەژێر سێبەری باڵادەستیی میلیشیا نەیارەکان و بەبێ پشتیوانییە هەواڵگرییە پێشکەوتووەکان دەمێنێتەوە چونکە ئەم بۆشاییە نەک هەر ڕێگا بۆ چالاکبوونەوەی داعش خۆش دەکات، بەڵکو زەوینەی داڕمانی ئەو هاوسەنگییە سیاسی و جیۆپۆلەتیکییە دەڕەخسێنێت کە بارزانیی باوک و کوڕ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە بوو حوکمڕانیی خۆیانیان لەسەر بینا کردبوو.
قەندیل پرێس