خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوی كردەوە، داوا لە دەسەڵاتی كاتی دیمەشق دەكەین ڕێز لە ئیرادەی هاوڵاتیانی سووریا بگرێت، دەشڵێن، دەبێت دەسەڵاتی كاتی دیمەشق دەست لە وتاری نەژادپەرستی و ڕق و کینە هەڵبگرێت، کە هاوڵاتییانی سووریا دەخاتە مەترسی، هەربۆیە جەخت لە پێویستی گفتوگۆ و دانووستاندن لەگەڵ خۆپیشاندەران دەكەینەوە.
سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی کەنار دەریا و پارێزگاکانی حومس و حەما و هێرشی هێزە چەکدارەكانی سەر بە دەسەڵاتی کاتیی دیمەشق و هەتەشە بۆسەر پێکهاتەی عەلەوییەکان لەو پارێزگایانە، خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، نیگەرانی قوڵی خۆمان سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکانی سووریا، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی تەرتوس و لازقیە لە کەناردەریا و لە حومس و حەما و هەندێک ناوچەی دیکە دەربڕین.
دەشڵێن، هۆشداری لە بە ئامانجگرتنی هاوڵاتییانی مەدەنی و خۆپیشاندەران دەدەین و ئەو بێباکییەی چەکدارانی سەر بە دەسەڵاتی کاتیی دیمەشق وڵاتەکە بەرەو خولێکی نوێی سەرهەڵدانی توندوتیژی و پێکدادان دەبات.
باس لەوەشكراوە، دەسەڵاتی کاتیی دیمەشق ئەو خۆپیشاندەرانە دەكاتە ئامانج کە داوای مافە ڕەواکانیان دەکەن، هەروەها بڵاوەپێكردنی هێزە چەكدارییە خێڵەکییەکان هەڕەشە لە ئاشتی و پێکەوەژیانی مەدەنی دەکات و ناکۆکی قوڵ لەنێو هاوڵاتیانی سووریادا درووست دەكات.
ئاماژە بەوەشكراوە، پشتیوانی خۆمان بۆ خواستەکانی گەلانی سووریا و خۆپیشاندانی ئاشتییانە دەردەبڕین، جەخت لەسەر پێویستی گفتوگۆ و دانووستاندن دەكەینەوە، هەروەها بۆ دامەزراندنی سووریایەکی بەهێز پێویستە دەسەڵات ناناوەندی بێت.
جێگای ئاماژەیە، بەشێک لە هاوڵاتییان کە زۆرینەیان سەر بە پێکهاتەی عەلەوین ماوەی دوو ڕۆژە لە پارێزگەکانی حومس، حەما، لازقیە و تەرتوس ڕژاونەتە سەر شەقامەكان و داوای ئازادی بۆ دەستگیرکراوانی سەر بەپێکهاتەی عەلەوی دەكەن، داواشیانکرد سیستمی سووریا بە شێوەی ناناوەندی بەڕێوەببرێت و چەکدارە توندڕەوەکانی سەر بەدەسەڵاتی کاتیی دیمەشق، ڕێز لە ئیرادەی دانیشتووانی ناوچەکە بگرن و دەست لە تاوانەکانی کوشتن و ڕفاندن و دەستدرێژیکردن و تاڵانکردنی ماڵی عەلەویەکان و پێکهاتەکانی دیکە هەڵبگرن.
قەندیل پرێس