دادگای تاوانەکانی سلێمانی بڕیاری لە سەر دۆسییەی لالەزاردا و هەریەکە لە لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێیەکانی سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراو دووان لە گیراوەکانیش بڕیاری ئازادبوونیان بۆ دەرکرا.
ئەمڕۆ دادگای تاوانەکانی سلێمانی دانیشتنی کۆتایی لەسەر دۆسییەی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێیەکانی بەڕێوە برد و بڕیاری زیندانیکردنی بەسەر گیراواندا سەپاند.
بەپێی بریارەکە لاهوور شێخ جەنگی بە ٥ ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن،، پۆڵات شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ، رێبوار حامی حاجی غالی بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزا دراون.
هەروەها دادگای سزای ساڵێک و شەش مانگ زیندانی بەسەر هەریەکە لە دەستگیرکراوان (ئاراس، كاروان، رەمەزان) سەپاند و(عومەر شێخەو كەیوان محەمەد) ئازادكران.
لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێیەکانی ماوەی ١٤ مانگە لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی زیندانی کراون و دوای چەندین دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو دۆسییەیە دواجار بریاری کۆتاییدا.
لەدوای ئەم بڕیارەوە، لاهور شێخ جەنگی دۆسییەکی تری هەیە بڕیارە لە داهاتوودا لەسەر ئەو دۆسییەش کە بە مادەی ٤٠٦ دیاریکراوە دادگایی بکرێت.
پارێزەرەکانی لاهور شێخ جەنگی جەخت لەوە دەکەنەوە ئەو بریارە نادادپەروەرانەیە و لە ئەنجومەنى شورا تانەی لێدەدەن بەمەبەستى تەمیزکردنەوەی، هاوکات هەریەک لە لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاتی برای لەناو هۆڵی دادگا و لە دوای خوێندنەوەی بڕیارەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی و بڕیارەکەیان بۆ شەرمەزارکەر بۆ دادگای و دەسەڵاتی دادوەری پێناسە کرد.
لە شەوی ٢٢ـی ئابی ساڵی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکان چوونە سەر هۆتێل لالەزار و ماڵی لاهور شێخ جەنگی سەرەکی بەرەی گەل لە شاری سلێمانی، بەوتەی هێزە ئەمنییەکان بە بڕیاری دادگا چوونەتە سەر ئەو دوو شوێنە و داوای خۆڕادەستکردنی لاهور شێخ جەنگی هاوڕێیەکانی کرد، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە، تا لە کاتژمێر ٣ـی بەرەبەیان شەڕ لە نێوانیاندا ڕوویدا و لە کاتژمێر ٥ـی بەیانی شەڕ لەنێوانیان وەستا، دواتر لاهور شێخى جەنگی و هاوڕێیەکانی خۆیان ڕادەستکرد و زیندانیکران.
قەندیل پرێس