قەندیل پرێس – سلێمانی
هەفتەى رابردوو هێزێکى حەشدى شەعبى هاتوونەتە سلێمانى یەکێک لە دیارترین بازرگانانی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە.
درەنگانێکى شەوى رابردوو دەستەى حەشدى شەعبى ئاشکرایکرد، هێزەکانیان یەکێک لە دیارترین بازرگانانی مادەی هۆشبەری لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردووە.
بە گوێرەى زانیارییەکان، کە حەشدى شەعبى خۆى بڵاویکردووەتەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و چاودێریکردنی ئەو چالاکییە تاوانکارییانەی، کە هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەن، هێزێکی هاوبەش لە بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی کەرکوک، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشى سلێمانى ئۆپەراسیۆنێکی باڵای ئەمنیان ئەنجامداوە.
هەر بە گوێرەى زانیارییەکان، لە ئەنجامدا یەکێک لە دیارترین بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێم لە نزیک سلێمانى دەستگیرکراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “ئۆپەراسیۆنەکە دوای کۆکردنەوەی زانیاری وردی هەواڵگری بووە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، لەو ماوەیەدا چاودێری جموجۆڵەکانی تۆمەتبار کرا و تۆڕی قاچاخچێتی پەیوەندیدارەکەی بەدواداچوونی بۆ کرا، لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانە بۆسەیەکی پلان بۆ داڕێژراو هێزەکە توانی تۆمەتبارەکە دەستگیربکات بەبێ ئەوەی هیچ پێکدادانێک ڕووبدات”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، “لە کاتی پشکنینی شوێنەکەدا، هێزەکە دەستیان بەسەر 3 کیلۆ حەشیشدا گرتووە، کە بە شێوەیەکی پیشەیی لەناو ئامێرێکی فلتەری ئاودا شاردرابووەوە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ خۆدزینەوە و شاردنەوەی ئەو ماددانە لە چاوی دەزگا ئەمنییەکان”.
قەندیل پرێس