جەبار یاوەر: ئەمریکا کەلوپەلەکانی خۆی لە هەولێر تەقاندەوە و جگە لە پێشمەرگە دەبێت سەرجەم هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و دامودەزگا ئەمنییەکان یەک بخڕێن

قەندیل پرێس – وتووێژ

لە کاتێکدا دیمەنی سیاسیی ناوچەکە بە گشتی و پێگەی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵنگاری و هەستیاردا تێپەڕ دەبن، مەترسییە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی گرووپە چەکدارەکان، و پرسی پاشەکشێی چاوەڕوانکراوی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، داهاتوویەکی نادیاریان خستووەتە بەردەم قەوارەی هەرێم. لە سایەی ئەم فەزا پڕ لە مەترسی و ناسەقامگیرییە ئەمنییەدا، کە نەبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و دژەمووشەکی کێشەیەکی جیددی بۆ هەرێم دروستکردووە، پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و کۆنتڕۆڵکردنی باڵە حزبییەکان بووەتە ئەرکێکی نیشتمانیی. بۆ قسەکردن لەسەر ئەم ڕەهەندانه‌و، خستنەڕووی زانیاریی ورد سەبارەت بە ڕێککەوتنە سەربازییەکان، و هەڵسەنگاندنی ڕیشەیی بۆ دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، “قەندیل پرێس” وتووێژێکی قووڵ و فراوانی لەگەڵ ، به‌ڕیز فه‌ریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەنجام داوە کە تێیدا تیشک ده‌خاته‌ سەر کۆمەڵێک تەوەرەی هەستیار و چارەنووسساز.

قەندیل پرێس: به‌ڕێز یاوەر، کاتێک ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کشایەوە، زۆرێک لە بنکە سەربازی و تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانی خۆی تەقاندەوە و لەناوبرد نەک ڕادەستی هێزە کوردییەکانی بکات، ئێستاش دەنگۆی هاوشێوە لەبارەی بنکەکانی هەرێم لە ئارادایە. وەک ئەندازیارێکی سەربازیی هەماهەنگییەکانی پێشوو لەگەڵ هاوپەیمانان، ئایا هەرێمی کوردستان هیچ ڕێککەوتن یان گەرەنتییەکی نووسراو و کۆنکرێتی لە واشنتۆن وەرگرتووە کە ژێرخانی سەربازی، چەک و کەرەستە بەرگرییەکان بۆ پێشمەرگە بەجێبهێڵدرێن، یان ئەگەری هەیە هەرێمیش لە ساتەوەختێکی دراماتیکیدا ڕووبەڕووی هەمان چارەنووسی ڕۆژئاوا و بەجێهێشتن لە بۆشاییدا ببێتەوە؟

جەبار یاوەر: هیچ ڕێککەوتنێک نییە لەنێوان ئەمریکا یان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لەبارەی ئەم بابەتەوە. بەڵام ئەو هاوکارییانەی کە دراون بە هێزەکانی پێشمەرگە وەک ئۆتۆمبیل، ئامێری سەربازی، چەک، و تەقەمەنی، ئەوانەی کە پێویستن بە هیچ شێوەیەک هیچ داواکارییەک نەکراوە کە بدرێنەوە یان ڕابگیرێنەوە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتییەوە. بەڵام ئەوەی دیارە و ڕوونە ئەوەیە کە سیستەمی دژەئاسمانییەکانی خۆی هەمووی دابەزاندەوە لەگەڵ خۆی. لەگەڵ ئەوەشدا، بەر لە چەند ڕۆژێک هەندێک لە کەلوپەلەکانی خۆیان تەقاندەوە لە سنوورەکانی چوار دەوری مەڵبەندی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. ئەوەی کە دەکرێت بڵێین به‌شێك له‌ کەلوپەلەکان كه‌ نازانرێت چی بوون تەقێنرانەوە، ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌یاننامه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ . بەڵام وەکو باسم کرد هیچ ڕێککەوتنێک نییە بۆ بردنی هیچ جۆرە چەک و تەقەمەنی و ئامێرێکی سەربازی کە پێشتر پێشکەش بە هێزی پێشمەرگە کرابوو.

قەندیل پرێس: بەدیاریکراوی لە ئەگەری نەمانی چەتری پارێزبەندی و سیستمی دژەمووشەکیی ئەمریکا، هەرێمی کوردستان بە چ ئامرازێکی سەربازی و زەمینی دەتوانێت ڕووبەڕووی دەستوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران و هێرشە بەردەوامەکانی درۆن و مووشەکی گرووپە چەکدارە عێراقییەکان ببێتەوە؟ لە کاتێکدا پێشمەرگە هێشتا بێبەشە لە سیستمی مووشەکیی پێشکەوتوو و چەکی قورس لە لایەن بەغداوە، ئایا وەزارەتی پێشمەرگە هیچ نەخشەڕێگەیەکی بەدیلی هەبووە بۆ خۆپڕچەککردن، یان هەرێم بە دەستی بەتاڵەوە دەچێتە ناو هاوکێشە نوێیە ئیقلیمییەکان؟

جەبار یاوەر: سیستەمی دژەئاسمانی لە هەرێمی کوردستان نییە، بێگومان ئەو سیستەمە وەک ئێوە دەزانن دوو جۆرە: سیستەمێکی چاودێریی ئاسمانی کە ڕادارە، و سیستەمی دژەئاسمانی کە هەردووکیان بە یەکەوە ئیش پێ دەکرێن. وەکو ئەوانەی کە پێشکەوتوون و لەلایەن ئەمریکا یان وڵاتانی هاوپەیمانەوە بەکار دەهێنرێن، لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیش بە شێوەیەکی گشتی هیچ جۆرە سیستەمێکی لەو شێوەیە بوونی نییە. تازە ئەوەیە کە عێراق بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوکرابووەوە لەگەڵ فەرەنسا لە ماوەیەکدا کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەردانی فەرەنسای کرد و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی بەرگریی عێراقی لەگەڵ دابوو، لەوێ کۆمەڵێک یاداشتی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنیان واژۆکرد کە یەکێک لەوانە کڕینی سیستەمی چاودێریی و بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو بوو. بێگومان عێراقیش بەخۆی کاتێک ئەو سیستەمە بێنێت، هەموو پانتایی عێراق ڕووپێوەدەکات و بەپێی توانای ئەو سیستەمە و ئەو بەرنامەیەی کە دیاری کراوە، لە سەرتاوەسەری عێراق و ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش بڵاوەی پێدەکرێت.

بێگومان هەرێمی کوردستانیش داوایان کردووە بە شێوەیەکی فەرمی کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و چاودێریی ئاسمانی لە عێراقدا هەبێت، و ئەگەر عێراق بکڕێت، بەشی هەرێمی کوردستانیش تێیدا هەبێت. بێگومان چونکە هەرێمی کوردستان هەم خاکەکەی و هەم ئاسمانەکەی بەشێکە لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق، عێراقییش ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی کە سیستەمەکە لە هەموو عێراقدا بڵاوبکرێتەوە و هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

قەندیل پرێس: لەم قۆناغە هەستیارەدا باس لەوە دەکرێت ئەمریکا کار لەسەر دابەزاندنی ئاستی نوێنەرایەتیی خۆی و تەنانەت گواستنەوەی کاروباری دیپلۆماسی لە گەورەترین کونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر دەکات. کاتێک پاشەکشێی سەربازی و ساردبوونەوەی دیپلۆماسی لە یەک کاتدا ڕوودەدەن، پەیامی واشنتۆن بۆ داهاتووی قەوارەی هەرێمی کوردستان چییە؟ ئایا ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەرێم لە پێگەی هاوبەشی ستراتیژییەوە دادەبەزێت بۆ دۆسیەیەکی لاوەکی لەناو عێراقدا، و چ مەترسییەکی سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟

جەبار یاوەر: هیچ بڕیارێکی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە دەربارەی کەمکردنەوەی نێردەی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی. بەڵام بە بەردەوامی ئەمریکا بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی و بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانی ئەمریکی یان نێردە دیپلۆماتکارەکان لەو کاتانەی کە گرژییەکی گەورە لە ناوچەکاندا دروست دەبێت، بەتایبەتی لە کاتی شەڕدا لەگەڵ ئێران، ئیسرائیل، یان لە کاتی ئەوەی کە دۆخی ئاسمانی تێکچوونی تێدا دروست دەبێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە دەکەونە بەر مەترسیی شەڕ وەک عێراق، ئوردن، وڵاتانی كەنداو، سعوودیە، سووریا و ئەوانی تر، ڕێوشوێن دەگرێتە بەر. لەو کاتەدا ئەمریکا هەم کارمەندەکانی خۆی سنووردار دەکات، هەم دیپلۆماتکارەکانی خۆی و ڕاوێژکارە سەربازییەکانی، هەمیش هاووڵاتیانی خۆی ئاگادار دەکاتەوە کە ناوچەکە جێبهێڵن. بەڵام وەکو بڕیارێکی فەرمی و گشتگیر بۆ کەمکردنەوەی هەمیشەیی نێردەی دیپلۆماسی، تا ئێستا من ئاگام لە هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە نییە.

قەندیل پرێس: با ڕاستەوخۆ لە کڕۆکی بابەتەکەوە دەستپێبکەین: یەکگرتنەوەی پێشمەرگە؛ ڕاستەقینەیە، ڕووکەشییە، یان هەنگاوێکی ناچارییە لەژێر گوشاری نێودەوڵەتیدا؟ لە کاتێکدا دەسەڵات ئەم هەنگاوە بە دروستکردنی سوپای نیشتمانی لە قەڵەم دەدات، بەڵام لە واقیعدا دەبینین تەواوی هێزەکە بەسەر دوو جوگرافیای سیاسی و سەربازیدا دابەشکراوەتەوە: دەڤەری یەک لە هەولێر و دهۆک لەژێر فەرمانی هەمان فەرماندەی پێشووی هەشتا، و دەڤەری دوو لە سلێمانی و هەڵەبجە لەژێر فەرمانی هەمان فەرماندەی پێشووی حەفتا. پرسیاری جدی ئەوەیە: ئایا گۆڕینی ناوی یەکە حزبییەکان بۆ دەڤەر و یەکخستنی جلوبەرگ و بەبانکیکردنی مووچەکان، ناوەرۆکی حزبی و بنەماڵەیی هێزەکەی گۆڕیوە؟ ئەگەر سبەی ڕۆژ گرژییەکی سیاسی لە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتیدا سەرهەڵبدات، وەزیری پێشمەرگە فەرماندەی دەڤەرەکان دەجووڵێنێت یان مەکتەبی سیاسیی حیزبەکان؟ ئایا ئەم هەنگاوە تەنیا شانۆگەرییەکی کارگێڕیی ناچاری نەبوو بۆ ڕازیکردنی کاتیی پێنتاگۆن و ڕاگرتنی بڕینی هاوکارییە داراییەکان؟

جەبار یاوەر: دیارە بڕیاردان لەسەر یاسای نوێ (واتە کۆتاییپێهێنانی پرۆسەی یاسای نوێی هێزەکانی پێشمەرگە) بەو فەرمانەی کە هەردوو فەرماندەیی حەفتاو هەشتای گۆڕی بۆ فەرماندەیی دەڤەری یەک و فەرماندەیی دەڤەری دوو، هاوتاییەکی هەیە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠٢٢دا، کە بڕیاربوو هەتا کۆتایی مانگی نۆی ساڵی ٢٠٢٦، کە وادەی کۆتاییهاتنی ئەركی هەموو هێزەکانی هاوپەیمانانە بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەم پرۆسەیە تەواو ببێت. دیارە لەبەر ئەوەی ئێمەش ئێستا لە مانگی نۆ نزیک دەبینەوە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦، بۆ ئەوەی کە ئەم گۆڕانکاری و سازشکردنە گونجاو بێت لەگەڵ ئەو یاداشتنامەیە و لەگەڵ ڕێککەوتنی بەروارکراوی ئەو کاتە – لەبەر ئەوەی لە عێراقیش پرۆسەیەکی هاوشێوە هەیه‌ بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، بەپێی ئەو بەرنامەیەی کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و فەرمانده‌ی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە دانراوە، ئەوانیش کۆتایی مانگی نۆییان وەک وادە دیاریکردبوو – بۆ ئەوەی تانە لە هەرێم نەدرێت بەتایبەتی لەو ماوەیەدا کە دەنگۆی زۆر لەلایەن هەندێک پەرلەمانتار یان لایەنی سیاسی و گرووپی چەکدارەوە بڵاو دەکرایەوە کە دەبوو هێزەکانی تریش بگرێتەوە، ئەوا ئەم وادەیەی بۆ کۆکردنەوە و یەکخستنی چەک و هێزەکان دیاری کراوە، لەگەڵ سیاسەتی گشتیی عێراقیشدا گونجاوە.

دیارە وەکو لە گوتارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا باس کرا، لە ڕووی پێکهاتە و ته‌شکیلاتی هێزەکانی پێشمەرگەوە، ئێستا سەرتاوەسەری هێزەکان یەک شێوە ته‌شکیلاتیان هەیە و جیاوازییەک لەنێوان هێزەکانی حەفتا و هەشتادا نەماوە. ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە پێکهاتووە لە وەزیر، بریکار، سەرۆک ئەرکان، ئەمیندار، و بەڕێوبه‌رایه‌تیه‌كانی ناو وەزارەت؛ پاشان دوو فەرماندەیی دەڤەر (فەرماندەیی یەک و دوو)، و لە خوار ئەوانیشەوە چەند فرقەیەکی سەربازی هەن کە هەر فرقەیەک لە ٣ بۆ ٥ لیوا پێکدێت. لە ڕووی کارگێڕی، دارایی، یاسایی و ته‌شکیلاتەوە هەموو مەلەفەکان یەکخراون و ڕەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە کراون، تەنانەت دادگاکانی سەربازیش یەکخراونەتەوە.
جگە لەوەش، بودجەی هێزەکان کە پێشتر بە جیا لە سلێمانی (بۆ فەرماندەیی ٧٠) و هەولێر (بۆ فەرماندەیی ٨٠) وەرگیراون، ئێستا هەموویان لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکخراون. بەڵام وەک چۆن ئاماژەم پێ کرد، لە گوتارەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتیشدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە کارێکی زۆرمان لە پێشە، چونکە یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە هێزەکانی پێشمەرگە بە تەواوی لە ژێر هەژموونی دەسەڵاتی حزبی (بەتایبەتی دوو حزبی سەرەکیی یەکێتی و پارتی) دەربهێنرێن. چیتر هێزی پێشمەرگە فەرمان لە حزب وەرناگرێت، بەڵکو فەرمان لە وەزارەت، سەرۆکی هەرێم و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان وەردەگرێت، و بە هیچ شێوەیەک بەشداریی ململانێی سیاسی ناکات بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی نیشتمانیی سەربەخۆ.
بێگومان ئەمانە زۆر گرنگن؛ ئەگەر ئەم ڕەشنووسانە بە تەواوی جێگیر بکرێن، بێگومان ئێمە دەبینە خاوەن هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو. ئەگەر نەکرێت خوا نەخواستا، ئەوە وەک جاران تەنیا بە شێوازێکی ڕووکەشی دەمێنێتەوە. بۆیە دەبێت ئەو بنەمایانەی باسکراون بچنە بواری جێبەجێکردنەوە و پێشمەرگە خاوەن یەک باوەڕ و عقیدەیەکی نیشتمانیی بێت، نەک سەر بە هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی.

قەندیل پرێس: بڕیارەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت هەر هێزێک لە دەرەوەی ئەم دوو دەڤەرە بمێنێتەوە وەک میلیشیا دەناسرێت، لە کاتێکدا هێزە کاریگەر و تایبەتەکانی وەک دژەتیرۆر، کۆماندۆ و هێزەکانی پاراستنی بارەگا و کەسایەتییەکان هێشتا بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی بنەماڵە و باڵە حزبییەکاندان. لە لایەکی ترەوە، ئامادەنەبوونی نوێنەرانی هاوپەیمانان لە مەراسیمی ڕاگەیاندنەکەدا نیشانەی گەیشتنی نامەی بێئومێدی بوو لە چاکسازییەکان. پرسیارەکە ئەوەیە: لە دۆخێکدا کە متمانەی هاوپەیمانان لەدەستچووە و هێزە تۆکمە مەیدانییەکان لە دەرەوەی وەزارەتن، ئایا مەترسی ئەوە نییە لە قۆناغی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوەندە جیهانییەکان چیتر وەک هێزێکی شەرعی و نیشتمانی سەیری پێشمەرگە نەکەن، بەڵکو وەکو چەند هێزێکی میلیشیایی ناوچەیی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن؟ ئەم دابەزینەی پێگەی سەربازی چ کارەساتێکی ئەمنی بەسەر داهاتووی هەرێمدا دەهێنێت؟

جەبار یاوەر: لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا دەبێت هەنگاو بنرێت بۆ یه‌كخستنی سەرجەم هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش، دژەتیرۆر، بەرگریی فریاکەوتن، زێرەڤانی، و دامودەزگا ئەمنی و ئیستخباراتییەکانی تریش؛ بێگومان دەبێت ئەمانەش هەموویان لە کوردستاندا یەک بخرێن بۆ ئەوەی ئێمە ببینە خاوەن دەوڵەتدارێکی حەقیقی و ڕەشید. بۆ تەواوکردنی ئەم باسەش، دەبێت ئەم هێزانە هەموویان بە گشتی یەک بخڕێن بۆ ئەوەی لەلایەن عێراقیشەوە تانەمان لێ نەدرێت و ئەم یەکخستنە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان، کە ئەگەر پرۆسەی یەکخستن هەبێت، دەبێت لە ناو ئەنجوومەنی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆشدا ڕەنگدانەوەی هەبێت و یەک بخرێن.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

فەرزین کەرباسی: کاتی ڕووخانی دیواری نێوان حیزب و کۆمەڵگە هاتووە

فەرزین کەرباسی: 40 ساڵە سکرتێر لە پۆستەکەیدا دەست هەڵناگرێت؛ نەوەی نوێ دەبێت چارەنووسی خەبات لە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *