قەندیل پرێس / هەواڵ
جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ڕایگەیاند کە ڕەوتی “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر” بەپێی بەرنامە و بەبێ هیچ گرفتێک بەردەوامە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش بەڵگەی ئەو ڕاستییەن.
ئەفکان ئالا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی، لە لێدوانێکدا بۆ میدیا فەرمییەکانی تورکیا بە بۆنەی ٢٤ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەیەوە، ئاماژەی بە دۆخی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کرد و گوتی: «پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بەپێی ئەو پلانەی دانراوە دەچێتە پێشەوە و تووشی هیچ ئاستەنگ و گیروگرفتێک نەبووە؛ هاوکات پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سوریا و عێراق دەرخەری ڕوونی ئەو ڕاستییەن کە هەموو شتێک بەپێی نەخشەڕێگاکە بەرەو پێش دەڕوات.»
ناوبراو هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە هیچ سستی و وەستانێک لە پرۆسەکەدا نییە و گوتی: «ڕەوتەکە بەو شێوازەی پێشبینیمان کردبوو بەردەوامە. ئەو دانوستان و گفتوگۆیانەی ئەنجاممان داون لەگەڵ دۆخی ئێستای سوریا و عێراق، بە ڕوونی دەیسەلمێنن کە کارەکان بە تەواوی بەپێی بەرنامەی داڕێژراو بەرەوپێش دەچن.»
قەندیل پرێس