دۆخی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری مەترسیداری بەخۆیەوە بینی و بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار هارەی کرد، ئەمەش شەپۆلێکی ناڕەزایەتی جەماوەری توندی لێکەوتەوە و خۆپیشاندانی هاووڵاتیان لە بەردەم بانکی ناوەندی لە بەغدا سەریهەڵدا دژی گرانبوونی بەردەوامی دۆلار و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر ژیان.
وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، نرخی فرۆشتنی دۆلاریان بەم شێوەیە دیاریکرد: فرۆشتن بە هاووڵاتیان بە 150,000 دینار، بەخشینی بە بانکە حکومییەکان بە 151,000 دینار، و دابینکردنی بۆ بازرگانان و بانکە ئەهلییەکان بە 152,000 دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک. لە دواى ئەم بڕیارە و لە کاتی ڕاگەیاندنی نرخە نوێیەکاندا، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی توند شەقامی عێراقی گرتەوە و وەک کاردانەوەیەک لە چەند شارێکی عێراق خاوەن دووکان و بازرگانان دووکانەکانیان داخست، بە شێوەیەک جووڵەی کڕین و فرۆشتن لە ناو ژمارەیەک بازاڕدا وەستا و دڵەڕاوکێیەکی گەورە لە دیاریکردنی نرخی کەلوپەل و کاڵاکاندا دروست بوو، بە جۆرێک کە نرخی ١٠٠ دۆلار لە بازاڕی ئازاددا بۆ سەرووی ١٨٥ هەزار دینار بەرز بووەوە.
توێژەران و ئابووریناسان شیکارییەکی وردی بۆ زیانەکانی دابەزینی دینار لەسەر کۆی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە بریتییە لە (951 ملیار و 666 ملیۆن) دینار خستووەتەڕوو و دەردەکەوێت کە لە ئاستی فەرمیدا (1,520 دینار)، زیانی مانگانە دەگاتە 94 ملیۆن و 863 هەزار دۆلار و 13.16%ی هێزی کڕین کەمدەکاتەوە (بڕی 123 ملیار و 716 ملیۆن دینار زیان)، لە کاتێکدا لە نرخی ڕاستەقینەی بازاڕی ئازاددا (1,700 دینار)، زیانی مانگانە دەگاتە 161 ملیۆن و 155 هەزار دۆلار و داڕمانی 22.35%ی هێزی کڕین بەخۆوە دەبینێت (کە دەکاتە 209 ملیار و 366 ملیۆن دینار زیان لەسەر ئاستی گشتی.)
لە سەرئاستی تاکە مووچەخۆرێکیشەوە کە مووچەکەی 1 ملیۆن دینار بێت، لە ئاستی فەرمیدا 100 دۆلار لە هێزی کڕینی دەفەوتێت و 130 هەزار دینار زیانی پێدەگات، بەڵام لە بازاڕی ئازاددا زیانی ڕاستەقینەی مانگانەی دەگاتە 169 دۆلار و داڕمانی 22.35%ی توانای کڕین، کە بە تێکڕا دەگاتە 220 هەزار دینار کەمبوونەوەی ڕاستەقینە لە گیرفانی فەرمانبەردا.
ئابووریناسان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەشێکی گەورەی هێزی کڕینی هاووڵاتیان، بەتایبەت لە سایەی جێگیربوونی مووچە و پشتئەستووریی زۆری وڵات بە هاوردەکردن، و جیاوازی نێوان نرخی فەرمی و بازاڕی ئازاد فشارێکی دارایی کوشندە لەسەر شانی مووچەخۆران و کارمەندانی کەرتی تایبەت دروستکردووە کە پێویستی بە هەنگاوی بەپەلە و هەماهەنگی جددی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم هەیە.
قەندیل پرێس