بەگوێرەی نوێترین راپرسی لە باکووری کوردستان و تورکیا، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، جەهەپە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت و پێش ئاکپارتی دەکەوێت.
راپرسییەکە لەلایەن ناوەندی (ئۆ ئار سی) لە 28 شاری باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجامدراوە و 30.4٪ی ئەو کەسانەی بەشدارییان تیادا کردووە گوتوویانە، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، دەنگ بە جەهەپە دەدەن.
هاوکات 28٪ی بەشداربووانی راپرسییەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، دەنگ بە ئاکپارتی دەدەن.
بەو جۆرەش جەهەپە دوو خاڵ لەپێش ئاکپارتییەوەیە و بەگوێرەی ئەم راپرسییە لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن، جەهەپە دوای 23 ساڵ، کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاکپارتی دەهێنێت و دەبێتە یەکەم پارتی تورکیا.
هاوکات بەگوێرەی راپرسییەکە مەهەپە 7.6٪ و پارتی دەم 7.3٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.
بەگوێرەی زۆرینەی ئەو راپرسییانەی لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە باکووری کوردستان و تورکیا ئەنجامدراون، جەهەپە زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت و بەربژێرەکانی جەهەپەش دەتوانن لە رەجەب تەیب ئەردۆغان ببەنەوە.
ئەوەش یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکییانەی وای لە جەهەپە کردووە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات.
قەندیل پرێس