قەندیل پرێس- ڕاپۆرتی شیكاری
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراو و لە هەستیارترین قۆناغی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکەدا، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و به بریاری مهسعود بارزانی سهرۆكی ئهو حزبه بڕیاریدا بە دەستنیشانکردنی محما خەلیل وەک بەرپرسی لقی ١٧ی شنگال و زومار، لە شوێنی نازم هەركی کە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو سال ئەو پۆستەی بەڕێوەبردووە. ئەم بڕیارە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی حزبیی پارتیدا دەبینرێت، چونکە بۆ یەکەمجارە کە کەسایەتییەکی کوردی ئێزدی بەرپرسیاریەتی لقی شنگال وەردەگرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پرسی شنگال و داهاتووی پێگەی ئێزدییەکان لە ناوەندە سیاسی و حزبییەکاندا گەیشتووەتە بنبەستێکی قووڵ و پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی هەبووە.
ئایا بڕیاری پارتی لەم کاتەدا ترسی لەدەستدانی جەماوەری ئێزدی بوو؟
لە دوای کارەساتی شنگال و ڕووداوەکانی هاوینی ٢٠١٤، پەیوەندیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بهشێكی زۆری کۆمەڵگەی ئێزدی تووشی درزێکی قووڵ و بێمتمانییەکی لەبننەهاتووی مێژوویی بوو. زۆرینەی خەڵکی شنگال و ناوچە ئێزدیەکان تا ئێستاش پارتی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لەو کاتە هەستیارەدا پشتی تێکردوون و پارێزگاریی لێ نەکردوون، ئەمەش وای کرد کە پارتی لە ڕووی جەماوەری، سیاسی و ئیدارییەوە لەو دەڤەرە ستراتیژییەدا تووشی پاشەکشەیەکی بێوێنە ببێت و مەیدانی بۆ هێزە رکابەرەکان چۆڵ بکات.
ئێستا و لەم قۆناغە هەستیارەدا، پارتی ئەم بڕیارە دەدات چونکە بەتهواوی هەستی بە مەترسیی لەدەستدانی یەکجاری و هەمیشەیی پێگەی خۆی لە شنگال کردووە. لە کاتێکدا کە هێزەکانی نزیک لە پەکەکە، وەک یەبەشە و ئەنجوومەنە خۆسەرەکان، شانبەشانی گوشار و جووڵەکانی حکومەتی عێراق، توانیویانە بۆشاییەکان پڕ بکەنەوە و بەشێکی زۆری شەقام و کۆمەڵگەی ئێزدی بۆ لای خۆیان ڕابکێشەن، پارتی دەیویست بە ناچار دەست بۆ کارتێکی دیکە بەرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە داڕمانی تەواوەتیی پێگەی خۆی بگرێت لەم دەڤەرە پڕ لە کێبڕکێیەدا.
چالاکوانانی ئێزدی؛ ئهمه دوا فیشەکی پارتیه
چاودێرانی سیاسی و بەتایبەت چالاکوانانی کۆمەڵگەی ئێزدی، ئەم گۆڕانکارییە و دەستنیشانکردنی محما خەلیل بە “دوا فیشەک” و کۆتا کارتی پارتی ناودەبرێن بۆ گەڕانەوە و خۆڕێکخستنەوە لە شنگالدا. بە باوەڕی ئەم چاودێرانە، پارتی هەموو کارتەکانی تری تاقی کردووەتەوە و شکستی هێناوە، بۆیە پەنای بردووەتە بەر دانانی کەسایەتییەکی ئێزدی لە پۆستی حزبیی باڵادا تاوەکو لە ڕێگەیەوە پەیامێکی دەروونی بنێرێت. بەڵام ئەگەر ئەم هەنگاوە نەتوانێت لەسەر زەمینەی واقع گۆڕانکاریی ڕیشەیی دروست بکات و کێشە بنەڕەتییەکانی خەڵکی شنگال چارەسەر بکات، ئەوا پارتی بۆ هەمیشە دەبێت ماڵئاوایی لە نفوزی جەماوەریی خۆی لە شنگال بکات، بەتایبەت کە پەکەکە و بەغدا ئێستا ڕەگ و ڕیشەی خۆیان لە ناوچەکەدا قایمتر کردووە.
بۆچی چالاکوانانی ئێزدی ڕەخنە لە سیاسەتەکانی پارتی دهگرن؟
لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەی پارتیدا، دەنگی ناڕەزایەتی و رەخنەی توند لەناو شەقامی ئێزدیدا بەرز دەبێتەوە.
ئیبراهیم بەرەکات، چالاکوانی ئێزدی، لە لێدوانێکدا بۆ “قەندیل پریس” ڕەخنەی توند لە سیاسەتەکانی پارتی دەگرێت بەڕابردوو و ئێستاوە و دەڵێت: “ئەو بڕیارانەی پارتی زۆر درەنگ کەوتوون و تەنها بۆ چاوبەستنەوە و هەوڵێکی شکستخواردوون بۆ ڕکابەرایەتیکردن. ڕاستە محما خلیل کەسایەتییەکی ئێزدییە، بەڵام کێشەکە قەت لە کەسەکەدا نەبووە، بەڵکو کێشەکە لەو سیستمە حزبییەدایە کە لە ٢٠١٤ـدا شنگال و خەڵکەکەی بە تەنها بەجێهێشت. ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ئێزدی بە قووڵی و لە بنەڕەتەوە متمانەی بە پارتی نەماوە و هیچ هیوایەکی لەسەر هەڵناچن.
ئیبراهیم بەرەکات زیاتر لە لێدوانەکەیدا بۆ قەندیل پریس دەخاتە ڕوو و دەڵێت: ئێستا لە هەموو شنگال و ناوچەکانی ئێزدیخاندا، پارتی هیچ بنکەیەکی جەماوەریی بەهێزی نەماوە و تەنها میری ئێزدییەکان و ئەنجومەنی روحانی لە دەستدا ماوە و پێیانەوە گرێدراوە، کە ئەوانیش بەداخەوە لە ئێستادا لەناو بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێزدیدا هیچ جۆرە جێگە و پێگەیەکی ئیعتیبار و باوەڕپێکراوییان نەماوە و لەلای خەڵک وەک دامەزراوەیەکی فەرمی یان حزبیی بێکاریگەیر سەیریان دەکرێت. بۆیە دانانی هیچ بەرپرسێکی حزبی، تەنانەت ئەگەر کەسێکی ئێزدییش بێت، هەرگیز ناتوانێت ئەو هەڵوەشاوەییە بنەڕەتییەی نێوان پارتی و ئێزدییەکان پینە و پەرۆ بکاتەوە، چونکە برینی ٢٠١٤ زۆر لەوە قووڵتر و فراوانترە کە بە گۆڕینی بەرپرسی لق و بڕیاری لەو شێوەیە چارەسەر بێت.
قەندیل پرێس