لەمەسقەت ویتکۆفو عراقچی ڕاستەوخۆ گفتۆگۆیان کردوە، بڕیاریشە گەڕی دووەمی دانوستانەکانی شاندی باڵای ئەمریکاو کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەڕۆمای ئیتاڵیا بەڕێوەبچیتو بەرنامەی ئەتۆمی تاران خاڵی سەرەکی گفتوگۆکان دەبێت.
ئاژانسی ئەکسیۆس، لەزاری دوو سەرچاوەی نزیکو ئاگادار لەدانوستانەکان ئاشکرایکردوە، بڕیارە ڕۆژی شەممە 19ی ئەم مانگە، گەڕی دوەمی دانوستانەکانی نێوان ئێرانو ئەمریکا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی لەڕۆما بەڕێوەبچێت.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسە ئەمریکییەکە، لەگەڕی یەکەمی دانوستان کە شەممە 12ی ئەم مانگە لەسەڵتەنەی عوممان بەڕێوەچوو، ئیدارەی ترەمپ ئامانجی خۆی پێکاوەو توانیویهتى شێوازی دانوستان لەناڕاستەوخۆوه بۆ ڕاستەوخۆو ڕوبەڕوو بگۆڕێت.
بەوتەی ئەو دوو سەرچاوەی بۆ ئەکسیۆس قسەیانکردوە، پێچەوانەی لێدوانو هەڵوێستەکانی پێشوو، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لەمەسقەت بۆ ماوەی 45 خولەک لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ ڕاستەوخۆو ڕوبەڕوو گفتوگۆیان کردوە.
ئهوهش ئاشكراكراوه، ئەو دانوستانە ڕاستەوخۆیە لەنێوان وهفدى باڵای ئەمریکاو ئێران لەهەشت ساڵی ڕابردودا، بەبەرزترین ئاستی پەیوەندیی دیبلۆماتی نێوان تارانو واشنتۆن دادەنرێت، ئەمەش فاکتەرێکی کاریگەرە بۆ ئەوەی دانوستانەکانی ڕێچکەی جددیو ئەرێنی بگرنەبەر.
میدیاى ئهمریكى باس لهوهدهكات، دوێنێ یەکشەممە، ویتکۆف ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی لەگەڵ وهفدى ئێران بۆ دۆناڵد ترەمپ باسکردوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەکسیۆس، گۆڕینی شوێنی دانوستان لەعوممانەوە بۆ ئیتاڵیا لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ بوەو بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی دیکە، چاوەڕواندەکرێت گەڕی دوەمی دانوستان لەڕۆما بەشێوەی ڕاستەخۆو ڕوبەڕوو بەڕێوەبچێت.
قەندیل پرێس