قەندیل پرێس
هاوکات لەگەڵ هاتنی 30ی ئەیلوولی 2026 ، کە وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانانە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هاوپەیمانان و حکوومەتی فیدڕاڵ، مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە. بارزانی لە پەیامەکەیدا، وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ هاوکاری و قوربانیدانی هاوپەیمانان لە تێکشکاندنی داعشدا، ڕوونی کردەوە کە لەمەودوا پرسی ڕێککەوتنی دووقۆڵی دەمێنێتەوە بۆ حکوومەتی عێراق و هەرێم تا بەپێی هەلومەرجەکان بڕیاری لێ بدەن. هەروەها پەیامێکی دڵنیاییکەرەوەی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد و بە توندی وەڵامی ئەو لێکدانەوانەی دایەوە کە کشانەوەی هاوپەیمانان وەک هەڕەشە بۆ سەر مانەوەی هەرێم دەبینن؛ جەختیشی کردەوە کە بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ بەغدا و بە پشتبەستن بە قارەمانێتی و ئامادەیی هێزی پێشمەرگە، بەرگری لە خاک دەکرێت و هەموو جۆرە دەستدرێژی و هەڕەشەیەک پووچەڵ دەکرێتەوە.
دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، ئەمڕۆ 30ی ئەیلوولی 2026 دوایین ڕۆژە بۆ کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. هاوپەیمانان لە شەڕی دژی تیرۆر و هەروەها لە گەڕاندنەوە و بەهێزکردنی سەقامگیری لە عێراقدا پشتیوانی هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بوون.
هێزەکانی هاوپەیمانان لە ماوەی مانەوەیاندا یارمەتییەكی زۆری هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەیان دا و تەنانەت قوربانیی زۆریشیان دا. ئێستاش دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیان، ئەوە لە داهاتوودا بۆ حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەجێدەمێنێت کە بەپێی هەلومەرجەکان و لەپێناو پاراستنی سەقامگیریدا، ڕێککەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیماندا بکەن.
لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بکەین، ڕۆڵیان لە تێکشکاندنی داعش و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ عێراق جێگەی پێزانین و ڕێزگرتنێکی زۆرە. هەروەها سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان دەنێرین و یادیان هەمیشە بە بەرزی دەمێنێتەوە.
لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە زۆر کەس لەڕووی پەرۆشی و هەندێکیش لەڕووی ڕق و لێکدانەوەی نادروستەوە وای بۆ دەچن کە بە نەمانی هێزەکانی هاوپەیمانان ئیدی هەرێمیش دەکەوێتە ژێر هەڕەشە و کۆتایی پێدێت. دەمەوێ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان لەوە دڵنیا بکەمەوە کە هەماهەنگییەکی زۆر باش لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵدا هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک، جا ئەو هەڕەشەیە لەژێر ناوی داعشدا بێت یان هەر ناوێکی تر.
هەر کەسێک و لایەنێکیش خەیالی ئەوەی هەبێت ببێتە هەڕەشە و زیان بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت، با بزانێت لە کوردستاندا بەقەد پێویست پێشمەرگە و قارەمان و گیانفیدای وڵات هەن کە بەرگری لە خەڵک و خاکی کوردستان بکەن و هەموو هەڕەشە و دەستدرێژییەک تێکبشکێنن. هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش کە ڕەگی لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستاندا هەیە و زادەی خوێنی شەهیدان و فرمێسکی دایکە شەهیدانە، هەر دەمێنێتەوە. هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هێزەکانی عێراقی فیدڕاڵدا، ئامادەن بۆ بەرگری، پاراستنی سەقامگیریی وڵات و نەهێشتنی هەموو جۆرە هەڕەشە و مەترسییەک.
مسعود بارزانی
30ی ئەیلوولی 2026
ئەم پەیامەی بارزانی لە کاتێکدا دێت کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ناوبراو لە چەندین بۆنە و دیداردا هۆشداریی دابوو لەوەی کە مەترسیی داعش بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە و ئەگەری سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوە و خۆڕێکخستنەوەی چەکدارەکانیان هێشتا وەک تەحەدایەکی ئەمنی ماوەتەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە.
قەندیل پرێس