دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (MHP) ڕایگەیاند، لە پرۆسەی چەکداناندا، ئەرکی ڕێکخەریی بەسیاسیکردن مافی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکەشە.
دەوڵەت باخچەلی لەدوای بەرێوەچوونی بۆنەی کردنەوەی قوتابخانەی «سیاسەت و سەرکردایەتی»ی پارتەکەی لە ئەنقەرە، لە وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووساندا، سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە وتی “هەوڵەکانی بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر بەشێوەیەکی زۆر تەندروست بەڕێوەدەچن. تورکیا قۆناغێکی گرنگی بڕیوە و ئەنقەرە خاوەنی ئەم پرسەیە”.
وتیشی “تورکیای بێ تیرۆر ئێستا بووەتە سیاسەتێکی دەوڵەت. بوارەکانی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە بریتین لە یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری.
پێویستە خۆمان لەو هەڵسوکەوتانە بپارێزین کە دەکرێت بەهۆی لێکدانەوەی جیاوازەوە تورکیا جارێکی دیکە بکەنەوە بە دابەشبوون و ململانێی و شەڕ”.
بەوتەی باخچەلی “یاساکە بەڕێژەیەکی زۆر بەرز لە پەرلەمان پەسەندکراوە و خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێستا نۆرەی ئەوەیە کە بەپێی ئەو یاسایە، هەندێک دەستە و دامەزراوە پێکبهێنرێن و دەست بە کار بکەن”.
ئەوەشی وت “لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا گەڕانەوە بۆ دواوە نییە. قبوڵکردنی گەڕانەوە بۆ دواوەش مومکین نییە. بۆیە هەر کەسێک ئەم وڵاتەی خۆش دەوێت، دەبێت بە ڕۆحی برایەتییەوە هەڵسوکەوت بکات”.
دەربارەی ئۆجەلانیش، سەرۆکی گشتیی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا ئاماژە بەوەش دەکات کە دەبێت ئەو دامەزراوانەی یاساکە پێشبینیی کردوون پێکبهێنرێن و ئەگەر کەسانێک لەو ڕووەوە داوای بەرپرسیارێتی بکەن، پێویستە بەرپرسیارێتییان پێ بدرێت. “یەکێک لەم بەرپرسیارییانەش، لە پرۆسەی ئاشتی و بەسیاسیکردندا، ڕێکخەریی بەسیاسیکردنە کە مافی ئەو کەسەشە کە لە ئیمراڵییە”.
دەشڵێت “پێویستە ئەو پێگەیەی پێ بدرێت، تاوەکو بتوانین بە تەواوی پرۆسەکە بگەیەنینە کۆتایی، چەکەکان دابنرێن، بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانە دژی دەوڵەت و بەکارهێنانی توندوتیژی لە سیاسەتدا کۆتایی پێ بێت”.
ناوبراو زیاتری رونکردەوە “دەبێت ڕاگەیاندنە بەردەوام و بەهادارەکانی ئەو(ئۆجەلان)، کە لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ و ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٦ کردوونی، قبوڵ بکەین و وەک کۆمەڵگا بە تەواوی پشتگیری لەوە بکەین کە کۆماری تورکیا بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە”.
وتیشی “ئێمە وەک پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی، بەڵێنمان بەڵێنە؛ پشت لە هیچ شتێک ناکەین کە وتوومانە. گەڕانەوەشمان نییە. هەمووان دەبێت ئەمە بزانن”.
قەندیل پرێس